خوێندنەوە و دژەکانی

ئارام كۆشكی – سلێمانی

هەمیشە ئەو مەراسیم و بۆنە جیاوازانەی بۆ کتێب ساز دەکرێن لای من جێگەی سەرنج و بایەخی گرنگن، چونکە نیشانەی زیندووێتی ئەو شارستانێتییە پیشان دەدات، بەڵام هەمیشە کەوتوومەتە بیری ئەوەی کتێب چیمان پێ دەبەخشێت و ئەکتی خوێندنەوە بەرەو کوێمان دەبات؟ بۆیە لە هەر بۆنەیەکی لەم چەشنەدا من دووبارە و دەبارە بۆ کارکردنی ئەم دوانە دەگەڕێمەوە و زیاتر لێیان ڕادەمێنم.

یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی خوێندنەوە، نوێبوونەوەی بەردەوام و هەمیشەییە. ئەوەی مرۆڤێک نەهێڵێت ڕۆحی بمرێت، دەشێ کۆمەڵێک پەناگەی هەبێت چەشنی موزیک، وێنەکێشان، سەیرکردنی فیلم و خوێندنەوە. بەڵام لەنێو هەموو ئەوانەدا خوێندنەوە ئەو پەناگە گرنگەیە، کە مرۆڤ لە چەقبەستوویی و یەکئاراستەیی و یەکدیدگایی دەپارێزێت. خوێندنەوە هونەرێکە بۆ بینینی دونیا لە هەزاران پەنجەرەوە. بۆ سەیرکردنی وێنەیەک لە سەدان گۆشەوە. بۆ تێڕامان لە ئایدیایەک بە هەزاران کەڵکەڵەوە.
خوێندنەوە هەوڵێکی گرنگی مرۆڤە بۆ شکاندنی ترس. ترس لە دەستگردنی هەمیشەیی بە بڕوا جێگیرەکانەوە. خوێندنەوە یارمەتیدەری تێگەیشتنی زیاتر و گەیشتن بە قووڵایی ئەو ئایدیایانەی بەرنامەی ژیانمانە. خوێندنەوە ئەکتێکی گرنگی مرۆڤە دژ بە ڕووکەشگەرایی. ئەو خوێنەرەی دوای خوێندنەوەی 100 کتێب ڕوانینی هەر لە ڕووکەشدا مایەوە، خوێنەرێکە بەر قووڵایی تێکستەکان نەکەوتووە، یان کتێبگەلێکی خوێندووەتەوە کە وەکو بەختیار عەلی دەڵێت نەک کتێب نین، بەڵکو دژە کتێبن. ئەو خوێنەرەی ترسی شکانی بڕوا جێگیرەکانی هەبوو، خوێنەرێکی دۆگماتیستە. ئەو خوێنەرەی ئامادەی دەستبەرداربوونی کۆن و قەبووڵکردنی نوێ نەبوو، خوێنەرێکی چەقبەستووە.
خوێندنەوە هونەری بەجێهێشتنی سەرزەمینی دۆگما و جیهانی یەکڕەنگی و چەقبەستووییە. خوێندنەوە هونەری فرەڕەنگی و قەبووڵکردنی جیاوازی و ڕێزگرتنی ئەوانی ترە. خوێندنەوە هونەری بەرگریکردنە لە جیاوازی. بەبێ جیاوازی خوێندنەوەیەکی دروست لە ئارادا نییە. خوێندنەوە ئەکتێکی گرنگە بۆ سەرپێخستنی قەبووڵکردنی ئەوی تر وەک ئەوەی هەیە، نەک ئەوەی ئەوەی دەتەوێت.
بەشێکی زۆر لە خوێنەران دوای ساڵانێک هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو پلەیەی کە دەست بە دۆگماکانیانەوە نەگرن و دەستبەرداری بۆچوونە کۆن و سواوەکانیان بن. ئەمەش ئەو پەتا کوشندەیەیە کە مرۆڤ دەبێت لەڕێی خوێندنەوەی کتێبە گرنگەکانەوە تێیپەڕێنێت. تێپەڕکردنی پەتا دۆگماتیستی بە خوێندنەوەی ئەو کتێبانە دەبن کە دەمانخەنە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە و تێڕامان. ئەو کتێبە بیرمان بۆ بکاتەوە کتێبێکی مەترسیدارە و بەرەو فاشیزم ئاراستەمان دەکات. هەر کتێبێک لە هەوڵی ئەوەدا بوو یەک ڕێگامان لەبەردەمدا بکاتەوە کتێبێکی مەترسیدارە. مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیانی بدۆزێتەوە پێویستی بە ڕێگەی خۆیەتی، نەک ئەو ڕێگەیەی کە ئەوانی تر بۆی دیاری دەکەن. کتێبە ڕاستەقینەکان یارمەتیدەرن بۆ دۆزینەوەی ئەو ڕێگەیە تا مرۆڤ لە سەرگەردانی ڕزگار بکات. خوێندنەوەی هونەری ڕزگاربوونی مرۆڤە لە هەموو کۆتبوونەندەکان. هاوکات هونەری ئازادبوونی مرۆڤە لەو دۆگمایانەی کولتوور و ئایین و نەتەوە و خێزان تێیاندا چاندوویانە.
هیچ شتێک هێندەی چەقبەستووی و مانەوە لەنێو دۆگماکاندا دژی هونەری خوێندنەوە نییە. هەر خوێنەرێک دەستی بە بڕوا دۆگماکانییەوە گرت و پەرەی پێدا خوێنەرێکی ڕووکەشگەرایە. خوێندنەوە یارمەتیدەری مرۆڤە بۆ ئەوەی خۆی لە دۆگماکان پاک بکاتەوە و چەقبەستوویی و یەکدیدگایی بەجێبهێڵێت.
لەوەتەی دەخوێنمەوە، هەمیشە لە شەڕێکی ناوەکیدام لەگەڵ خۆمدا بۆ پاکردنەوەی ڕۆحم لەو خەوشانەی بەردەوام دێنە ناومەوە. خوێندنەوە یارمەتیدەرە بۆ پاکڕاگرتنی ڕۆح و هزر ڕێگریی لە هەر بیرکردنەوەیەکی دۆگمایی دەکات بێتە ژوورەوە. هەر خوێنەرێک لە شەڕێکی بەردەوام نەبووە لەگەڵ بیرکردنەوە و کتێبە دۆگماکاندا خوێنەرێکی داگیرکراوە.