شاعیری گەل؛ هێمن موکریانی

عوسمان ڕانیەیی ١٧/٤/٢٠٢٥

سەرکەوتووترین مرۆڤ، ئەو کەسەیە، مێژوو بە شانازییەوە لە ئامێزی بگرێ و بیگوازێتەوە بۆ بەرەی نوێ و داهاتووی پێ ڕەنگین بکات. هێمنی موکریانی، هێمنی ڕێبواری ڕێی ئیشق و ئازادی، بەحەق سەرمەشقی ئەو کاروانە پڕهەوراز و دژوارەبوو، ئەو وەک شۆڕشگێڕێکی کەم وێنە بەشداری جووڵانەوە و شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستانی کرد، کۆمەڵەی ژێکاف و کۆماری کوردستان و شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی گەلانی ئێران، کە ساڵانێک بە کوێرەوەریی و دوور لە زێد و ماڵ و خێزانی، شانی دایە بەر قوورساییەکانی ژیان، بەڵام چۆن ژیانێک، ژینێکی هەژارانەی تژی لەسەر بەرزی و دڵ پڕ لە هیوا بۆ ئازادی گەل و نەتەوەکەی.هێمن ئەوانەی کرد و منەتی بەسەرکەسیشدا نەکرد ( بۆت نووسیوم بۆت بنووسم ئەمن چیم – دوندی قەندیل گۆڕەپانی هەڵگوردنیم – بەرەو بەرزی دەچم گەرچی وردم – خاکی بەرپێی تێکۆشەرێکی کوردم).

لە دوای کۆچباربوونی مامۆستا هێمن لە ١٩٨٦/٤/١٦ ئەوە ٣٩ساڵە لەسەرهەر بستە زەمینێکی ئەم جیهانە ئەگەر کوردێکی بە ئەمەگی لێبێت، یادی ئەو لە ئامێز دەگرن، باشترین وەفاداریش ئەوەیە لە ڕابردوو، بە ئێستا و داهاتووشەوە، سەدان کۆرپەی کورد بەناوی هێمن کراون و دەکرێن. پەیکەری بەژن زراڤی بۆ دادەنرێت، هۆنراوەکانی دەکرێنە ستران، بەرهەمەکانی چاپ دەکرێنەوە، گۆڕی پیرۆزی بۆتە مەزارگای ئەویندارانی وڵاتەکەی. ئەوانەش هەمووی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە هەرچەندە لە ژیانیدا، دژایەتیی و نا ڕەواییان بەرامبەرکرد، بەڵام ئەو کۆڵی نەدا، باڵای کێوئاسای مامۆستا هێمن هەر بە بەرزی مایەوە و دەشمێنێ، چوونکە هێمن ڕەچەشکێن بوو دژ بەستەم و بێدادی، چرایەک بوو بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕێی ڕزگاری نەتەوەکەی، بۆیە پێویستە ڕێزی بگیرێ و لەبیرنەکرێت ( لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ – لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ – یادم بکەن یادی منی دوور وڵات – یادی منی ڕێبواری ڕێگای خەبات)
خۆشبەختانە، وا ئەمساڵیش لەهەولێری پایتەختی کوردستان، نەوەکانی پێشەوا قازی محەمەد و بارزانی نەمر و ڕۆڵەکانی کوردستان، بەشکۆدارییەوە یادی”شاعیری گەل” هێمنی موکریانی دەکەینەوە، ئامانجیشمان بەرز ڕاگرتنی ناوی هێمن و بەردەوامی پێدانی پەیامە مرۆڤ دۆستیەکەیەتی لە تووند و تۆڵ کردنی پەیوەندی نیشتمانیی و فەرهەنگیی نێوان ڕۆڵەکانی گەلی کورد لەهەرکوێیەکی کوردستان و جیهانبن. هاوکات، بەبیرهێنانەوەی گەنجینەی خەبات و تێکۆشانی ئەو کەڵە مرۆڤانەی کوردە، لەپاڵ ئاشناکردنی لاوان و نەوەی تازەی نیشتمان بە کەسانی دڵسۆزی مێژووی وڵات و کلتوور و فەرهەنگی نەتەوەییمان.
شینی ناوێ هێمن، شایی و شادی دەوێ، زەماوەندی ئازادی و هاودڵی و پێکەوەیی و یەک هەڵوێستی کوردانی دەوێ هێمن.(کیژ و کوڕ بگرن لەدەرەی گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک – من کە شینگێڕی شەهیدانم لە کوێ شینم دەوێ) ئەمە وەسیەتی ئەوە و بەکوردی لەسەر گڵکۆی پیرۆزی نووسراوە.
هیواخوازیم ساڵی ئایندە کاتێک ئەم یادەمان بەڕێوەبرد، بەپیر ئەو داخوازیانەیەوە چووبین و وەک وەفادارییەکی کوردانە ئەو ئەرکانە جێبەجێ کرابن:
یەک: لەهەولێر، جێگایەکی شیاو بەناوی مام هێمنەوە ناونرابێ و پەیکەرێکی شایستەی لەپایتەخت بۆ دابنرێت، چوونکە ڕۆژانێک هەولێروهێمن وهەولێرییەکان دەست لەملان و ئاوێزانی یەکتر بوون.
دوو: بە پێویست دەزانرێت کۆی بەرهەمەکانی هێمنی موکریانی سەرلەنوێ و بە باشترین شێواز چاپ بکرێنەوە.
سێ: ساڵانە و بەشێوەی وەرزیی، کۆڕ و سیمینار و کۆنفرانسی ئەدەبی و زانستی لەسەر بوارە ئەدەبییەکانی ئەو شاعیر و بیرمەندە بلیمەتە ڕێک بخرێت. کە وابزانم کەمی بۆکراوە و وەک پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.
یادی مام هێمن بەخێر، وڵاتمان ئاوەدان، بەرزو شەکاوە. بێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان.