فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی، یەکێک لەناودارترین نووسەرانی دونیا و ئەدەبی ڕووسی. ئەو بەناوبانگە بە شاکارەکانی چەشنی “برایانی کارامازۆڤ، تاوان و سزا، گەمژە، یادگارییەکانی خانەی مردوان”. بەڵام لەپاڵ ئەم شاکارە قەبارە گەورانەدا، کۆمەڵێک نۆڤلێتی بچووک و کورتەڕۆمانی هەیە، کە لەڕووی بونیادی گێڕانەوە و تێمەوە لە ئاستێکی گەلێک باڵادان و بەشێکیشیان بەردەوام ناوبانگیان لە هەڵکشاندایە لە چەشنی “شەوە ڕۆشنەکان، یادەوەرییەکانی ژێر زەوی، کچە جیران، خەونی مامەگیان، هەژاران” و چەند کتێبێکی دیکە.
لەنێو ئەو ڕۆمان و نۆڤلێتانەی ناومانهێنان یەکێک لە ناودارترین نۆڤلێتەکانی ئەم نووسەرە “شەوە ڕۆشنەکان”ـە. ئەم نۆڤلێتە سەرەتا لە ساڵی 1847 نووسراوە و لە نۆڤەمبەری 1848دا لە گۆڤاری نیشتمان لە ڕووسیا بڵاوکراوەتەوە. دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو سەدە بەسەر نووسین و بڵاوکردنەوەیدا هێشتا یەکێکە لەو کتێبانەی هەم زۆر دەخوێنرێتەوە و هەم چەند جارێک کراوەتە فیلم، کە ئەمەش دەبێتە تایبەتمەندی هەر دەقێکی گرنگ و داهێنەرانە و نەمر. ئەم نۆڤلێتە چەندجارێک بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕدراوە. ئەوەندەی من ئاگادار بم یەکەمجار مامۆستا “جەلال تەقی” لە ساڵی 1984 لە ڕووسییەوە وەری گێڕاوە و چوارساڵ دواتر بە چاپ گەیەنراوە. لە ماوەی دە ساڵی ڕابردووشدا چەندجارێک وەرگێڕانی دیکەی بۆ کراوەتەوە.
یەکەمجار ئەم نۆڤلێتە بە وەرگێڕانی مامۆستا جەلال تەقی خوێندەوە و گەلێک سەرسامی کردم. لەو یەکەم خوێندنەوەیەوە عاشقی ئەم تێکستە بووم و دواجاریش مانگی ڕابردوو بە وەرگێڕانێکی نوێ و بە چاپێکی نوێ جارێکی دیکە خوێندمەوە. ئەم چاپ و وەرگێڕانە نوێیە بە وەرگێڕانی “مەدینە ئەحمەد” و لە زنجیرە چاپکراوەکانی ناوەندی ڕەهەندە، کە لە دوتوێی (85) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە.
شەوە ڕۆشنەکان؛ خۆی لە چوار شەوی خۆشەویستی شاری پترسبۆرگ دەبینێتەوە و چیرۆکی گەنجێکی تەنیا دەگێڕێتەوە، کە لە یەکێک لە شەوەکانی تەنیاییدا بەڕێکەوت چاوی بە کچێک دەکەوێت، کە چاو لەڕێی خۆشەویستەکەیەتی. بەڵام ئەم تاکلایەنانە عاشقی دەبێت و ئیدی بێئاگایە لەوەی عەشقەکەی تاکلایەنەیە. ئەم نۆڤلێتە وەکو یەکێک لە باشترین ئەو چیرۆکانە دەستنیشان کراوە کە خۆشەویستی یەکلایەنە دەگێڕنەوە و بە دیدێکی ورد گوزارشتی لێ دەکات.
نووسەر دەیەوێت لەڕێی چیرۆکی سەرکەوتنی ئەوینێک و داڕمانی خەونی کەسێکی ترمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە تاکلایەنانە عاشق بووە و بێئاگاشە لەوەی خۆشەویستییەکەی یەکلایەن بووە. دۆستۆیڤسکی دەیەوێت بڵێت کە لە سەردەمێکدا تێگەیشتن لە مرۆڤەکان ئاسان نییە و هەڵخەڵەتاندنی مرۆڤ بە ڕووکەشی شتەکان گەلێک ئاسان و ئاساییە. ئەم نۆڤلێتە ئەگەرچی وەکو قەبارەی لاپەڕە گەلێک کورتە، بەڵام گەلێک وانەی گرنگی سەبارەت بە تەنیایی و ئەوینداریی و تێدایە، کە مرۆڤ بەرەو جیهانێک پەلکێش دەکەن، کە وردتر و ژیرانەتر لە ژیان بڕوانێت.
خاڵێکی گرنگ لەم چیرۆکەدا کە لاموایە ئەمە ترۆپکی هێڵە فیکرییەکەی چیرۆکەکەیە ئەوەیە، کە عەشق دەبێتە ئەو هێزی کە مرۆڤ بتوانێت ڕابردووی خۆی لەبیر بکات و بیر لە ئایندەش نەکاتەوە، بەڵکو هەنووکەییانە بژی و بیر بکاتەوە. ئەم خاڵە لە نۆڤلێتەکەدا گەلێک پەنهانە، بەڵام بە وردبوونەوە لەو خاڵەی کە بەیەکگەیشتنی ئەو دوو گەنجە دەبێتە سەرەتایەکی نوێ، کە هەردووکیان لە ڕابردوویەکی پڕ ئازارەوە هاتوون، بەڵام هەرگیزیش قسە لەسەر داهاتوو ناکەن، بۆیە ئەو ساتانەی بەیەکەوە چێژ لەو پێکەوە بوونە دەبینن، ئەگەرچی لە کۆتاییدا کچەکە دەگەڕێتەوە لای خۆشەویستە کۆنەکەی و کوڕەکەش ئەوکات بۆی دەردەکەوێت کە ئەو یەکلایەنانە ئەو کچەی خۆش ویستووە و دووبارە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخە تەنیاییە سەختەکەی پێشووی، بەڵام نووسەر دەیەوێت هێزی عەشق پیشان بدات، کە چۆن مرۆڤ بەتەواوی بوونییەوە لە هەنووکەدا دەژی و بیر دەکاتەوە. دەشێ هەر پەنهانی ئەم هێزە بێت، کە خوێنەر ناتوانێت پاش خوێندنەوەی تێکستەکە هاوسۆزی ڕووداوەکان نەبێت. دەشێ هەر لێرەوە بێت کە شکستی ئەو پەیوەندییە کاتییە دەبێتە هۆی ئازار بۆ خوێنەرەکان ئەم تێکستە.
یەکێک لە سیما گرنگەکانی ئەدەبی دۆستۆیڤسکی ئەوەیە، کە خوێنەر گیرۆدەی تێکستەکان و کاراکتەر و ڕووداوەکان دەکات. بۆیە زۆربەی خوێنەرانی ئەم نووسەرە هەرگیز بە یەکجار خوێندنەوەی تێکستەکانی لێی تێر نابن، بەڵکو هەوڵی دووبارە و سێبارە خوێندنەوەی تێکستەکانی دەدەن. دەشێ ئەوەش یەکێک بێت لە پەنهانەکانی ئەم نووسەرە، کە هێزێک لەنێو ڕستە و وشەکان و حیکایەتەکاندایە کە لای نووسەرانی دیکە نابینرێت.
“شەوە رۆشنەکان” لەو تێکستانەیە کە دەشێ زۆری لەبارەوە بڵێین، چونکە لە چەشنی ئەو تێکستانەیە، کە لە هەر ڕستە و پەرەگرافێکدا پەنهانێک خۆی حەشار داوە و پێویستە کەشف بکرێت. بەڵام ئێمە لێرەدا جگە لە دەستخۆشی بۆ وەرگێڕانە نوێیەی ئەم تێکستە هیچی ئەوتۆمان نەماوە و لێرەوە پێشنیاری دەکەین بۆ هەموو ئەو خوێنەرانەی عاشقی ڕۆمانن، خوێنەری ئەم تێکستە گرنگ و سەنگینە بن.