د. ئیدریس عەبدول کاکە
سەرنجەر خان ناونیشانی درامایەکە کە بە زمانی فارسی تۆمارکراوە و هیوادارم هەموو کوردێک ئەو درامایە ببینێت و بەووردی بیری لێ بکاتەوە، چونکە لەوانەیە وەڵامی ئەو پرسیارەمان لێ دەست بکەوێت کە لە هزری زۆربەماندا هەیە.
سەنجەرخان کێیە؟
سەنجەرخان کوری میرزا محەمەدە کە یەکێک بووە لە خانەکانی تیرەی وەزیری و خاوەنی گوندی نەڕانی سەربە شاری سنە بووە و دایکیشی ناوی جەیران خان بووە کە لە بنەماڵەیەکی ناودارو خانی ئەردەڵانیەکان بوونە،کە نزیکەی ٣٠٠ ساڵ دەسەڵاتداری کوردستانیان ( سنە) کردووە.
جەیران خان ژنی دووەمی میرزا محەمەد بوو، دوو کوڕی بە ناوەکانی سەنجەر و یەدوڵڵا هەبووە، لە دوای مردنی میرزا محەمەد، سەنجەر خان بە هۆی ناکۆکی لەگەڵ براکانی لەبەر جیاوازی بیرکردنەوەیان لەسەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ وەرزێرەکان و داگیرکەرانی خاکی کوردستاندا، لەم بابەتەشدا خەلیل خانی براگەورەیی و خانە بەرژەوەندخوازەکانی تری وەزیری بەتایبەتی ئاسف خانی ئامۆزایان کەدەستی تێکەڵاو بوو لەگەل فەرمانرەوا ودەسەڵاتدارانی دەوڵەتی قاجاری و بەرپرسەکانی کونسوڵگەریەکانی بەریتانیا و روسیا دژایەتی سەنجەریان کردووەو بە کۆسپی گەورەی کارەکانی خۆیان زانیوە، بۆیە سەنجەر خان ناچار بووە گوندەکەی خۆی جێ بهێڵێت بۆ خەلیل خانی براگەورەی و براکانی تری ( کەلە دایکی یەکەمی بوون) و ڕووی کردە ناوچەی کولیایی لە سنووری کرماشان و بوو بە چەکداری ئەمانووڵڵا خانی فەرهەنگ بەهۆی خاڵیەوە.
بەڵام لەناوچەی کولیاییش پلانیان بۆ دانا و دواجار بەهۆی ئەمیر ئەمجەدخانی کولیایی لەوێش دورخرایەوە و پاشان بەناچاری ڕووی کردە ناوچەی میاوەرانی دێولانی نزیک سنە و هەندێک زەوی و زاری کڕی و بناغەی گوندێکی دانا و دەستی بە کاری جوتیاری و ئاژەڵداری کرد، لە گوندەکەی خانوو و زەوی بە جوتیارانی ناوچەکەدا دەدا و خەڵکی لە دەوری خۆی کۆکردەوە و هاوکات لەگەڵ جوتیاری و ئاژەڵداری دانیشتوانی گوندەکەی فێری ئەسپسواری و مەشقی سەربازیش دەکرد. هەر بۆیە حکومەت بۆ دەستگیرکردنی سەنجەرخان چووە قەڵای میاوروران، بەڵام نەیتوانی دەستگیری بکات و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ناو و ناوبانگی سەنجەرخان لە ناوچەکەدا دەنگدانەوەیەکی زیاتری هەبێت و ببێت بەخاوەنی لەشکرێکی بەهێزو پر لە جەنگاوەری ئازا.
پاش هەڵگیرسانی شۆرشی ئۆکتۆبەری ١٩١٧ سوپای روسیا بەیەکجاری لە رۆژهەڵاتی کوردستان پاشەکشێی کرد.
بۆیە حکومەتی ئێران بۆ چاوترسێن کردنی هۆزە کوردەکان و خانەکانی ناوچەکە و چەک داماڵینیان بە پلانێکی نوێ هەندێک کەسی نوێی وەک حاکم و فەرماندەی سوپا ڕەوانەی کوردستان کرد.
لەوانەش محەمەد خانی شەریفولدەولە کە خەڵکی کاشان بوو کرا بە فەرمانڕەوای سنە، شەریفولدەولە پیاوێکی دڵڕەق و بە فێڵ و تەڵەکە بووە و زۆربەی خانەکانی ناوچەکە و ئەو کەسانەی بەپلان لەناو ئەبرد کە لە شەڕی روسەکان و ئینگلیزەکاندا رۆڵیان هەبوو لەوانەش عەباس خانی ئەردەڵان ( سەردار رەشید)، هەربۆیە ڕقی لە سەنجەر خان هەڵگرت چونکە چەندین پلانی بۆ لەناوبردنی دانا بەڵام بەهۆی زیرەکی و ئازایەتی سەنجەرخان لێی رزگار ئەبوو.
سەنجەرخان چۆن کوژرا؟
شەریفولدەولە لە رێگای ئاسف دیوانەوە فشارێکی گەورەی خستە سەر خەلیل خان و بنەماڵەکانی وەزیری تاوەکو خۆیان رزگار بکەن لەسەنجەر خان و لەبەرامبەردا ماڵ و سامانەکانیان پارێزراوبێت و دەسکەوتی زیاتری مادی و مەعنەوی بەدەست بهێنن، هەربۆیە خەلیل خان رازی بوو بەپلانی لەناوبردنی سەنجەرخان بە مەرجێک کە لە دیوانی شەریفولدەولەدا پۆستی پێبدرێت، بەداخەوە لە ساڵی ١٩١٨ ولەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم خەلیل خان بە پیلانێکی قێزەوەن سەنجەرخانی بانگهێشتی ماڵی خۆی کرد لەژێرناوی ئاشت بوونەوەو دروست کردنەوەی برایەتی کە یەکێک بوو لە ئامانجەکانی سەنجەرخان بەڵام نامەردانە و بە دەستی چەکدارە خۆفرۆشەکان و لەسێبەری میوانداریدا خۆی و
یەدوڵلاخانی برای و ئەحمەدخانی ئامۆزای لەناوبران، هەرچەندە خەلیل خان دواتر لەم کردەوەیەی خۆی پەشیمان بووەوە بەڵام بێسوود بوو و بە براکوژ و خۆفرۆش ناوی دەرکرد.
لەناوبردنی سەنجەرخان چیمان پێ ئەڵێت؟
سەنجەرخان ئەو شۆرە سوارەی کوردبوو کەلەبنەماڵەیەکی خانزادەو دەرەبەگی کوردبوو بەڵام هەمیشە لەگەڵ خەمی وەرزێرەکاندابوو، ژیانی خۆی بەخت کرد بۆ خۆشگوزەرانی وەرزێرەکان و لەهەمان کاتتدا جەنگاوەرێکی مەزن بوو بۆ ئازادکردنی خاکی وڵاتەکەی و خەڵکەکەی لەدەستی داگیرکەران، قەڵاکەشی لە میاوەران بوو بوو بەقەڵای ئازادی خوازان و جەنگاوەرانی کورد..