بەهادین جەلال مستەفا
مردنی زمان (لینگویستیک) بریتییە لە کەمیی ژمارەی قسەکەرانی زمانێک بەهۆی مردنی ئاخێوەرەکانی یان ناچارکردنیان بە وازهێنان لە زمانەکەیان و فێربوونی زمانێکی دیكە، یان بەهۆی پرۆسەی پاکتاوکردنی ڕەگەزی و کارەساتە سروشتییەکان یان نەخۆشییەکان تا دەگات بە مردنی دوا قسەکەر بەو زمانە.
مردنی زمان بە شێوەیەکی نموونەیی لە سەردەمی نوێدا (نزیکەی ساڵی ١٥٠٠ی زایینی تا ئێستا دوای سەرکەوتنی کۆلۆنیالیزم) ڕوویداوە، ئەمەش بەهۆی پرۆسەی توانەوەی کلتوورییەوە، کە بووەتە هۆی گۆڕانی زمان و وازهێنانی وردە وردە لە زمانی دایک لە بەرژەوەندیی زمانێکی دیكەی بیانی، بەتایبەتی زمانەکانی تایبەت بە دەوڵەتانی ئەورووپا.
لە سەرەتای دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمەوە، نزیکەی ٧٠٠٠ زمان لە سەرانسەری جیهاندا قسەیان پێدەکرا، زۆربەی ئەم زمانانە لاوەکین و مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠٤ بڵاوکرایەوە، پێشبینی ئەوەی کرد کە نزیکەی ٩٠٪ ی ئەو زمانانەی ئێستا قسەیان پێدەکرێت، تا ساڵی ٢١٠٠ لەناو دەچن.
دەستپێک و پێناسەکردنی بابەتەكە
گرنگییدان بە لێکۆڵینەوەی لەناوچوونی زمانەکان لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی پێکرد، ئەمەش بەهۆی مردنی ژمارەیەکی زۆر لەو زمانانەی کە زمانناسان لێیان کۆڵیوەتەوە، لەو کاتەدا چەندین دەزگا لە ئەمریکا و ژاپۆن دامەزران بۆ پاراستنی زمان.
زانایان لەسەر پێناسەی مردنی زمانەکان جیاواز بوون. هەندێکیان بە چەند پلەیەک دابەشیان کرد:
جێگیر: ئەو زمانانەی کە منداڵان وەک زمانی دایک لەنێو خۆیان و لەگەڵ گەورەکان قسەی پێدەکەن.
ناجێگیر: ئەگەر هەندێک منداڵ قسەی پێبکەن.
داخوراو: ئەگەر تەنها لە هەندێک شوێندا بەکاربهێنرێت.
دابەشکارییەکان زۆرن، بەڵام خاڵی هاوبەش بریتییە لە کەمیی ژمارەی ئەو منداڵانەی کە قسەی پێدەکەن.
ئەنجامی توێژینەوەکان
بەپێی توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠٠١ ئەنجام دراوە، ٩٠٪ ی زمانەکانی جیهان، کە دەکاتە ٦٠٠٠ زمان، تا ساڵی ٢١٠٠ لەناو دەچن، توێژینەوەکان زیاتر سەرنجیان لەسەر زمانەکانی کەمینە و دانیشتووانە ڕەسەنەکانە بەهۆی کەمیی ژمارەی ئاخێوەرەكانیانەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو زمانانەی سەدان ملیۆن قسەکەریان هەیە ڕووبەڕووی مەترسی نابنەوە، چونکە هۆکاری دیكەیش هەن کە دەبنە هۆی مردنی زمان جگە لە کەمیی ژمارەی قسەکەرانیان.
زمان و ژینگە
زمانناسان تێبینیی ئەوەیان کردووە کە زمان بە دەستەواژەی تایبەت بە ژینگە وەسف دەکرێت، وەک ئەوەی بوترێت (زمانی لەناوچوو، داخوراو، لەسەرەمەرگ..هتد)، بۆیە هەندێک کەس دەستیان کرد بە تێڕوانین لە پەیوەندیی نێوانیان، واتە زمان و ژینگە، و لەوێوە زاراوەی “هەمەجۆریی زیندە کولتووری” (biocultural diversity) سەریهەڵدا، کە بە واتای پەیوەندیی نێوان جۆراوجۆری بایۆلۆجی و کولتووری (زمانەوانی) دێت، چونکە هەردووکیان پشت بە یەکتر دەبەستن.
پەیوەندییەکی ڕاستەوانە هەیە لە نێوان فرەجۆریی زمان و بوونەوەران لە هەمان ژینگەدا، هەروەها لە نێوان مردنی بوونەوەران و مردنی زمانەکاندا، ئەو کۆمەڵگەیانەی کە خاوەن کەمینەن، وەک بۆ نموونە هیندییە سوورەکان، لەم پەیوەندییەدا زیاتر ڕوونە. کاتێک ژمارەی زمانە ڕەسەنەکانیان لە ٢٥ وڵات بە ژمارەی بڕبڕەداران بەراورد کرد، تێبینییان کرد کە ١٦ لە کۆی ٢٥ وڵات پەیوەندییەکی ڕاستەوانەیان نیشان داوە، لە ئیندۆنیسیا ٦٥٥ زمانی ناوخۆیی هەیە و ٦٧٣ بڕبڕەداری تێدایە، بە گوێرەی زانایان نزیکیی ژمارەکان تەنیا ڕێکەوت نییە، زمانە ناوخۆییەکانی هاوایی شانبەشانی ئاژەڵ و ڕووەکەکان لەناو دەچن، چونکە زانیاری لەم زمانانەدا هەڵگیراوە، ئەگەر زمانەکە لەناو بچێت، ئەو زانیارییەش لەناو دەچێت کە یارمەتیمان دەدات ژینگە بپارێزین، بەوەش ژینگە لەناو دەچێت. بۆ نموونە، پزیشکیی میللی لە مەکسیک لەناو دەچێت، چونکە گەنجان ئەمڕۆ بە زمانی ئیسپانیایی نەک بە زمانی ناوخۆیی خۆیان دەیخوێنن، بەو هۆیەوە دەستەواژەی گرنگ لە کاتی وەرگێڕاندا لەدەست دەچن، چونکە زمانی ئیسپانیایی ئەو هاومانای وردانەی نییە بۆ ئەو زمانە ناوخۆییە.
هەروەها لە فینلاندیش، یەکێک لە هۆزەکانی سامی لەوێ گوتی کە سەلەمون بۆ ئەوەی زاوزێ بکات و ئێمە لە ڕووباری (تینو) بیپارێزین، دەبێت بە نێو ڕێڕەوی ئاوی زۆر تەسکدا مەلە بکات و، ئێمە ناوێکی تایبەتمان بۆ ئەم ڕێڕەوانە بە زمانەکەی خۆمان هەیەو، ئێمە لە زۆر کۆنەوە ئەم ڕاستییە دەزانین و، زانایانی بایۆلۆجی تازە بە تازە ئاشنای بوون، زمان تەنیا پاراستنی ڕێسا و تیۆرییەکان نییە، بەڵکو زانیارییەکی زۆر گرنگ و وردە کە بە وەرگێڕان لەدەست دەچێت.
زمان و كۆڵۆنیالیزم
یەکێک لە زانایان دەڵێت: ئەو زمانانەی جیهانیان کۆنترۆڵ کردووە بەهۆی ڕووداوی زۆری مێژووەوە، کە تێیدا دوژمن ئاڕاستەی نەرێنی بەرامبەر بە زمانی دایکی وڵاتانی داگیرکراو دروست کردووە بەوەی کە وەک زمانێکی دواکەوتوو کە لەگەڵ سەردەمدا ناگونجێت وەسفی کردوون و، خاوەنەکانیشیانی بە بەربەر و گێل ناوبردووە، تەنانەت دوای ئەوەی زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا لە كۆڵۆنیالیزم ڕزگاریان بوو، هێشتا زمانی داگیرکەریان بەسەر زمانی خۆیاندا پێشتر داناوە، چونکە وەک بوارێک بۆ پێشکەوتن و بەدەستهێنانی کار دەیبینن، لە کاتێکدا زمانەکەی خۆیان هیچ سوودێکی نییە، لە مەغریبدا زمانی عەرەبی لە بوارە پەراوێزخراوەکاندا قەتیس ماوە، تەنانەت نزیکە ببێتە تەنها زمانی ئایین، لە کاتێکدا زمانی فەرەنسی زمانی ئابووری و ژمێریاری و ئەدەب و خوێندنی باڵا و ڕیکلام و بانگەشەیە. هۆڵەندا بەم دواییانە هەڵمەتی پاراستنی زمانی خۆی دەستپێکرد، ترسەکانیان لەوەوە سەرچاوەیان گرت کە تەنیا لە ماڵەوە قەتیس ماوە، لە کاتێکدا زمانی کار و زانست و تەکنەلۆژیا زمانی ئینگلیزییە. مەترسییەک کە زمانی عەرەبی گەمارۆ داوە، مەترسییەکی دوو بەرابەرە، چونکە لەلایەن زمانە بیانییەکان و زاراوە میللییەکانەوە گەمارۆ دراوە.
توێژینەوەکان لە میسر و لوبنان گرێی بەكەمزانییان سەلماندووە، بەو پێیەی زمانی فەرەنسی و ئینگلیزی وەک زمانێکی شانازی و شارستانییەت تەماشا دەکرێن و، ئەم سەرسامییە وا دیار نییە کە سەرسامی بێت بە خودی زمانەکە، بەڵکو سەرسامییە بە شارستانییەتیی ڕۆژئاوا بە هەموو چەمکەکانیەوە لە ئازادی و دادپەروەری و ژیانێکی خۆشگوزەران.
جۆرەکانی مردنی زمان
زمان دەتوانێت بە یەکێک لە ڕێگەکان لەناو بچێت:
مردنی بەپلەبەپلەی زمان:
مردنی زمان لە خوارەوە بۆ سەرەوە: کاتێک زمانێک لە شوێنێکەوە دەست بە گۆڕان دەکات و، زمان لەنێو قسەکەرانی بەرەو دابەزین دەچێت تا دەگات بە دابەزینی لە حکومەت و دەوڵەتدا.
مردنی زمان لە سەرەوە بۆ خوارەوە: کاتێک زمانێک بەهۆی سیاسەتەکانی حکومەت و یاساکانی دەوڵەتەوە دەست بە دابەزین دەکات. بۆ نموونە، دەرکردنی یاسایەک کە ڕێگری بکات لە بەکارهێنانی زمانەکە لە فەرمانگە حکومییەکانی دەوڵەتدا.
مردنی زمانی ڕادیکاڵانە (ڕیشەیی): بەهۆی جینۆساید و پرۆسەی پاکتاوکردنی ڕەگەزییەوە، هەروەها مردنی زمانی بایۆلۆجی، کە پێی دەوترێت مردنی کتوپڕی زمان.
پرۆسەی باوتر کە دەبێتە هۆی مردنی زمان ئەوەیە کە گەلێک دەست دەکەن بە بەکارهێنانی زمانێکی دیكە لە تەنیشت زمانی دایکیی خۆیان، بەمەش گەلەکە دەبێتە دووزمانی، وردە وردە دەست دەکەن بە گۆڕان بەرەو بایەخدان و دڵسۆزی بۆ زمانەکەی دی و کاریگەربوون بە کلتوورەکەی، تا دەگات بە پلەیەک کە زیاتر لە زمانی ڕەسەنی خۆیان بەکاری دەهێنن.
ڕەنگە گەلێک ناچار بکرێت بە بەکارهێنانی زمانێکی دیكە لە تەنیشت زمانی دایکیی خۆیان، لە کاتی داگیرکاری و دەستپێکردنی دەوڵەتی داگیرکەر بە سەپاندنی زمان و کلتووری خۆی بەسەر گەلی داگیرکراودا، بۆ نموونە، بەهۆی داگیرکاریی ئیسپانیا بۆ وڵاتانی ئەمریکای لاتین، زۆربەی وڵاتانی ئەمریکای لاتین بە زمانی ئیسپانی قسە دەکەن و، زمانە ڕەسەنەکانیان لەسەر ئاستێکی زۆر تەسک بەکاردەهێنرێت، تەنانەت زۆربەی نەوەی نوێ تەنیا زمانە نوێیەکەیان دەزانن، کە زمانی ئیسپانییە. نموونەیەکی دیكە، سەپاندنی زمانی داگیرکاریی پورتوگالییە بەسەر بەرازیلدا و سەپاندنی زمانی پورتوگالی بە جۆرێک کە بەرازیل زیاترین ژمارەی قسەکەرانی زمانی پورتوگالی تێدایە لە خودی پورتوگال زیاتر.
هەروەها ڕەنگە ئامانج لە بەکارهێنانی زمانێکی دیكە لەسەر حسابی زمانی دایک، هۆکاری ئابووری بێت، وەک ئاواتخواستن بۆ کۆچکردن بۆ ئەو وڵاتانەی کە بە زمانە نوێیەکە قسە دەکەن بە ئومێدی دۆخی باشتری ئابووری، ڕەنگە ئامانج لە بەکارهێنانی زمانێکی دی کۆمەڵایەتی بێت، وەک منداڵانی خێزانە دەوڵەمەندەکان زمان دەخوێنن بە ئومێدی شکۆ و پێگەی کۆمەڵایەتی.
مردنی زمان لە ناوچە جوگرافییە دوورەدەستەکان یان ئەو ناوچانەی کە ژمارەی دانیشتووانیان کەمە، هەروەها ڕوودەدات کاتێک قسەکەرانیان کۆمەڵکوژ دەکرێن یان بەهۆی کارەساتە سروشتییەکان و نەخۆشییەکانەوە.
هەندێک جار مردنی زمانێک ڕادەگەیەنرێت تەنانەت پێش مردنی دوا قسەکەر بەو زمانە، ئەگەر تەنیا ژمارەیەکی کەمی قسەکەرانی هەبن، کە ئەوانیش بەتەمەن بن و ئەو زمانە چیتر لە پەیوەندی و ئاخاوتن لەنێوان قسەکەرانیدا بەکار نەهێنرێت.