دانا شوانی
بهڵگهنهویسته ئەو هۆکار و ئاستەنگانەی کە وادەکەن گەیشتن بە ڕەگ و ڕیشه و هۆکارە وردهكانی نەخۆشییە دەروونییەکان قورس و ئهستهم بێت فره و ههمهچهشنن، چونكه ئهو كهسانهى نهخۆشی دەروونییان ههیه لەوانەیە چەندین نیشانەی جۆراوجۆریان ههبێت کە بە هیچ شێوەیەک لە یەکتر نهچن. ڕەفتارهكانی كهسێك كه نەخۆشی دەروونی ههیه، پێشبینی نەکراوە. بە هەمان شێوە نیشانەکانی لە دانیشتنێکی ئاساییدا، لەگەڵ قسە و ڕەفتارەکانیدا، ڕەنگە ڕێکوپێک و قبووڵکراو بن، بەڵام لە چاوپێکەوتنێکی دواتردا، ڕەنگە دژپێكی و دووفاقی جۆراوجۆر لە ڕەفتارەکانیدا بەدی بکرێت.
بەو پێیەی مرۆڤەکان بە یەک شێوە بیر ناکەنەوە و بیروبۆچوون و بیرکردنەوەی جیاوازیان هەیە، ههر بۆیه هەموو کەسێک بە پێی تێڕوانین و تێگهیشتنهكانی خۆی ڕەفتاری نەخۆشێکی دەروونی لێك دهداتهوه. پێش ههر شتێك، پێویستە لە ڕابردووی تاکهكاندا بەدوای هۆکارەکانی نەخۆشی دەروونییدا بگەڕێین، چونکە بۆشایییەکی دوور و درێژ لە نێوان دەرکەوتنی نیشانەکان و دەستپێکردنی نەخۆشیەکەدا هەیە. بەو پێیەی زۆربەی نەخۆشەکان تێگەیشتنێكی تهواوهتیان نییە، بیرەوەرییەکانی منداڵییان کە بە قسەی خۆیان دەربڕدراون، ناتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت.
هەندێک جار ڕەنگە یەک هۆکار ببێتە هۆی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، بۆ نموونە ئازاردانی دایک و باوک لە منداڵیدا وا دەکات کەسێک تووشی خەمۆکی و تێکچوونی کەسایەتی دژە کۆمەڵایەتی لەگەڵ دڵەڕاوکێدا بێت. هەندێک جار لەوانەیە نەخۆشییەکە بەهۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە بێت. بۆ نموونە خەمۆکی لەوانەیە بۆماوەیی بێت یان بەهۆی ڕووداوە بەدبەخت و سترێسییەکانی ژیان یان ئەزموونە نەرێنییەکانی منداڵییەوە بێت. وەک ئاماژەمان پێدا، بەدەستهێنانی زانیاری لەسەر ڕابردووی نەخۆشەکان قورسە، چونکە بیرەوەری و لێدوانەکانی نەخۆشەکە و تەنانەت گفتوگۆی خێزانی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ڕابردوویەکی دوور، ناتوانرێت متمانەیان پێ بکرێت. بەگشتی نەخۆشەکان ڕووداوە نەخوازراوەکانی ڕابردوو ئاشکرا ناکەن یان ڕەتیان ناکەنەوە و هەندێک جار نەخۆشەکە تێگهیشتن یان تێڕوانینێکی پێویستی یان تێگەیشتنێکی پێویستی نییە سەبارەت بە خۆیان یان پرسیارەکانیان و لە هەندێک حاڵەتدا، نەخۆشەکە بە هۆی نەبوونی متمانە یان هۆکاری ترەوە بەرەنگاری دەبێتەوە یان ڕاستگۆیی پێویستی نییە.
تاوتوێكردنی و وردبوونهوه لەسەر ئەم نەخۆشانە پێویستی بە توێژینهوه هەیە لەسەر مرۆڤ و پرسە کەسی یان تایبەتەکانیان، ئەمەش بەهۆی پرسە ئەخلاقییەکانەوە نهكردهیه. لە ناسینەوە و لێکدانەوەی نیشانەکانی نەخۆشییە دەروونییەکان، جیاوازییە کولتووری و دەروونییەکان و، ئەزموونەکانی ڕابردووی چارهسهركار لەوانەیە کاریگەرییان هەبێت لەسەر دەستنیشانکردنەکە، دەرەنجامە نادروستەکان ڕێگری لە دەستنیشانکردنی دروست دهکەن. بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشهی نەخۆشییەکە دەبێت بۆ ماوەیەکی زۆر چاودێری نەخۆشەکە بکرێت. بۆ نموونە بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی شیزۆفرینیا، دەبێت چەند هەزار منداڵێک بە درێژایی چەندین ساڵ توێژینهوهیان لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەی بزانین چەند کەسێکیان تووشی شیزۆفرینیا بوونه.
بەو پێیەی ناتوانین بەردەوام پشکنینەکان لەسەر نەخۆشەکە دووبارە بکەینەوە، بۆیه ئەنجامەکانی بەدەست هاتوو زۆر جێی متمانە نین. لە پزیشکیدا دەکرێت نەخۆشییەک بە چەند نیشانە و پشکنینێک دەستنیشان بکرێت، بەڵام لە پزیشکی دەروونییدا ئاسان نییە هەڵسوکەوتی ئاسایی و نائاسایی له یهكتر جیا بکرێتەوە. پۆلێنکردنی هۆکارە کاریگەرهكانی نەخۆشییە دەروونییەکان لهسهر دوو ئاست دهكرێت ئهوانیش یهكهم: پۆلێنکردن بهگوێرهى شێوازی کاریگەری هۆکارەکان،دووهم: پۆلێنکردن بهگوێرهى جۆری هۆکارەکان. پۆلێنکردن بهگوێرهى کاریگەری هۆکارەکان وهكو هۆکارە ئارهزووییهكان، كه ئەو بارودۆخانەن کە کەسێک ئامادە دەکەن بۆ قبوڵکردنی هۆکارەکانی نەخۆشییەکە. ئەم هۆکارانە لە هەموو مرۆڤەکاندا ڕوودەدەن. بەو پێیەی زۆربەی کات مرۆڤەکان دەتوانن بەسەر ئەم هۆکارانەدا زاڵ بن یان هێزی ئەم هۆکارانە گەورە نییە، کەسەکە دەتوانێت بە باشی خۆی لەگەڵیدا بگونجێنێت یان ڕووبەڕووی ببێتەوە. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەو هۆکارانە بریتییە لە ماوەی درێژخایەنی ڕووداوەکە، کە تێیدا ئەزموونە زۆر دوورەکانی تاک، بەتایبەت ڕووداوەکانی منداڵی، دەبنە هۆی ئەوەی تاک تووشی نەخۆشی ببێت و تووشی لاوازی ببێت. لەم کۆمەڵە هۆکارە كاریگهرهدا دەتوانین ئاماژە بەم هۆکارانە بکرێت: هۆکارە بۆماوەییەکان: ژینگەی منداڵی بریتییە لە هۆکارە فیزیاییەکان، هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی منداڵی و گەورەیی و، زەمینەی کولتووری.
هۆکارە بایۆلۆجیەکان: دەتوانرێت باس لە بۆماوەیی، بارودۆخی دایکی، خۆراک، پاکوخاوێنی، بەرکەوتن بە ماددە کیمیاییەکان، یان بەکارهێنانی دەرمانەکان بکرێت.
هۆکارە دەروونییەکان: زیرەکی، کەسایەتی، ئەزموونەکانی ڕابردوو، خێزان، پاڵنەرەکان و میکانیزمە دەروونییەکان دەتوانرێت باس بکرێت.
هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان: تەمەن، ڕەگەز، پیشە، نەتەوە، باری ئابووری و، شێوازی ژیان دەتوانین باس بکرێت.
ههروهها ئەو ڕووداوانەی کە دوای ماوەیەکی کەم لە نەخۆشیەکە ڕوودەدەن و مەترسی لەسەر تەندروستی دەروونی تاکەکە دروست دەکەن و دەبنە هۆی فشاری دەروونی. هۆکارە خێراکەرەکانی جەستەیی: بێکاری، لەدەستدانی کار، شەڕ، کۆچکردن، ڕووداو. هۆکارە دەروونییە خێراکەرەکان: نائومێدی، ڕەتکردنەوە، بێبەشی، جیابوونەوە، ناکۆکی هاوسەرگیری، شکست، پێداویستییە تێرنەکراوەکان، ئارەزووەکان و ململانێی نێوان پاڵنەرە هۆشیارەکان و نائاگاکان. درێژکردنەوەی ئەم حاڵەتانە دەبێتە هۆی ناڕەحەتی و دڵەڕاوکێ، ئەمەش ڕەنگە تاک و پێکهاتەی بەرگرییەکەی لاواز بکات و ببێتە هۆی تێکچوونی کەسایەتی لە تاکدا. بەو پێیەی شێوازی ڕەفتار و کاردانەوەی تاکەکان بەرامبەر بە ڕووداو و ململانێکان لە منداڵییەوە سەرچاوە دەگرێت و ڕەگی هەموو شێوازە ڕەفتارییەکانی تاک لە ئەزموونەکانی منداڵییەوەیە. دەروونناسان زۆر جەخت لەسەر شهنوكهوكردنی ئەم قۆناغە دەکەنەوە.
زۆربەی دەروونناسەکان پێیان وایە کە هۆکارە دەروونییە خێراکەرەکان دینامیکیترین و وێرانکەرترین هۆکاری نەخۆشییە دەروونییەکانن. جێگای سەرنجە کە هۆکارە دەروونییە خێراکەرەکان بە ئاسانی ناناسرێنەوە.