چەند سەرنجێکی کورت بەبۆنەی خولی 17ی پێشانگەی کتێبەوە لە هەولێر

ئارام كۆشكی – سلێمانی

یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی خوێنەربوون، تێپەڕکردنی یەکدیدگایی و ڕوانینە لە تەنها پەنجەرەیەکەوە. خوێنەربوون دژ بە هەموو کۆیلایەتییەک و موقەدەستگەراییەکە. بەڵام ئایا وەکو هەندێک نووسەر و ڕۆشنبیر بانگەشەی بۆ دەکەن خوێنەرانیش دەبنە کۆیلە؟ کۆیلەبوونی خوێنەران لە کوێدایە و چۆنە؟

مرۆڤ بوونەوەرێکە لە هەموو شوێنێکەوە سنووری بۆ دەکێشرێت و ئەم سنوور بۆکێشرانەش جۆرێکە لە قەتیسکردن و سنووردارکردنی جوڵە و دیدگا و ئاسۆکانی. بەڵام ئەوەی بیەوێت ئەو سنوورانە بشکێنێت پێویستی بەوەیە هەم کۆششی بۆ بکات و هەم خواستی شکاندنی ئەو سنوورانەی هەبێت. خوێندنەوە ئەو دەروازە گرنگەیە، کە ئەو خواستە لە مرۆڤدا دروست دەکات. خوێنەربوون دەشێ ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕزگاربوونی مرۆڤ لە کۆیلایەتی. لێرەدا مەبەستم لە هەموو جۆرە کۆیلایەتییەکە بە هەموو فۆڕمەکانییەوە.
کۆیلایەتی بەپێی قۆناغە مێژووییەکان گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و بەشێک لە کۆیلایەتی مۆدێرن مرۆڤ خۆی بە ویستی خۆی ئەو کۆیلایەتییە هەڵدەبژێرێت. بەپێچەوانەی کۆیلایەتی کلاسیکەوە، کە مرۆڤ بەزۆر بە کۆیلە دەکرا.
هەموو خوێنەرێک، ئەگەر بە دروستی بخوێنێتەوە و بگاتە ئەودیوی خوێندنەوە قۆناغی کۆیلەبوون تێدەپەڕێنێت، چونکە مرۆڤ لەنێو کولتوور و ئایین و نەتەوەدا بێ ویستی خۆی دەکرێتە کۆیلە و خوێنەربوون یارمەتیدەری تێپەڕاندنی ئەم کۆیلایەتییەیە. ئەوەی لە چوارچێوەی نەتەوە و ئایدۆلۆژیا و ئایینێکی دیاریکراودا بیر نەکەینەوە و ڕێز لە هەموو نەتەوە و ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز بگرین و هیچ ئایینێک ڕەت نەکەینەوە و نەبینە مایەی بێڕێزی پێی. ئەمە پلەی کامڵبوونی خوێنەرییە. ئەو مرۆڤانەی لەڕێی خوێندنەوەوە کۆیلایەتیان تۆختر و دەماریگرییان زیاتر و نەتەوەپەرستیان دەگاتە پلەی فاشیزم، خوێنەری ڕاستەقینە نین، بەڵکو “خوێنەری هەڵخەڵەتاون”. خوێنەری هەڵخەڵەتاو ئەو جۆرەی خوێنەرە، کە کتێبەکان بیری بۆ دەکەنەوە، نەک ئەو لەنێو کتێبەکاندا بیر بکاتەوە. خوێنەری هەڵخەڵەتاو چەشنی ئەو زەڕنەقووتەیە، کە تەنها چاوەڕوانی دایکییەتی تا کەمێک خۆراکی پێ بدات و خۆی توانای جووڵە و بزوانی نییە و بۆیە هەمیشە چاوەڕوانی ئەوانی ترە، وەعزێکی دابدەن. خوێنەری ڕاستەقینەی چاوەڕوانی وەعزی ئەوانی تر نییە، بەڵکو خۆی گەڕیدەی نێو دونیای کتێبەکانە و خۆی کتێب و نووسەری نوێ کەشف دەکات و لەنێو تاریکی و پەراوێزی کتێبخانەکاندا دەیاندۆزێتەوە. هەر خوێنەرێک خۆی کەشفکەری نووسەری نوێ و کتێبی نوێ نەبوو گومان لە خوێنەربوونی خۆی بکات و لەوە دڵنیابێت نەگەیشتووە بە قۆناغی خوێنەربوونی ڕاستەقینە.
مرۆڤ ئەوکاتە دەبێتە کۆیلەی کتێب کە ڕێگە بدات کتێبەکان لەبری ئەو بیری بۆ بکەنەوە. ڕێسای بۆ بکێشن بۆ ئەوەی هاوڕێیەتی و هاوسەرێتی بکات. کتێبە ڕاستەقینەکان خوێنەر دەخەنە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە و تەنها یەک ڕێگە، یان چەند ڕێکەیەکی سنووردار پیشانی خوێنەر نادەن، بەڵکو بێشوومار ڕێگە لەبەردەم خوێنەردا دەکەنەوە تا خۆی ڕێگەی دڵخوازی خۆی هەڵبژێرێت. خوێنەری کۆیلە دەرگای بیرکردنەوە لە خۆی دادەخات و ئەوانتری بیری بۆ دەکەنەوە. بۆیە دەبێتە بوونەوەرێکی سەرگەردان و لەنێو ئەو ڕێسا سەپاوانەی بۆی کێشراوە ناتوانێت هیچ هەنگاوێکی نوێ بنێت و پەنجەرەیەکی نوێ بەڕووی خۆیدا بکاتەوە.