ئارام كۆشكی – سلێمانی
یەکێک لەو نووسەرانەی کە دەمێک ساڵە دەیخوێنمەوە پاوڵۆ کۆیلۆیە، ئەگەرچی ئەم نووسەرە لە پلەی سەرەکی نووسەرە دڵخوازەکانم نییە، بەڵام هەمیشە حەزم بەوە بووە ئاگاداری ئەدەبیاتەکەی بم، بەو پێیەی هەمیشە بابەتێکی هەستیار هەڵدەبژێرێت، بۆیە زیاتر حەز بە خوێندنەوەی ڕۆمانەکانی دەکەم. بەڵام خاڵێک، کە جێگەی باسە ئەوەیە کە ڕۆمانەکانی لەڕووی بونیادی هونەری ڕۆمانەوە کارەکانی هونەرمەندانە نین، بەڵکو کۆیلۆ لە چەشنی ئەو نووسەرانەیە گرنگی زیاتر بە چی گوتن دەدات، نەک چۆن گوتن، بۆیە ئەدەبیاتەکەی خوێنەرێکی بێشوماری هەیە. من هەمیشە ئەو نووسەرانە لای من پلەی دڵخوازییان زیاترە، کە گرنگی بە هەردووکی پێکەوە دەدەن.
هیپی؛ ناونیشانی ڕۆمانێکی ئەم نووسەرەیە و سیروان مەحمود کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ڕەهەند بەچاپی گەیاندووە. ئەم ڕۆمانەلە چەشنی ڕۆمانێکی بایۆگرافی دەچێت، کە نووسەر خۆی دانی پێدا دەنێ کە گێڕانەوەی ڕۆمانەکە چەشنی جۆرێک لە ئەزموونی ژیانی خۆیەتی، کە پاش گەشتکردن بە نزیکەی نیوەی جیهاندا، پاولۆ کۆیلۆ لە دام، گۆڕەپانە بەناوبانگەکەی ئەمستردام، ڕێکەوتی کارلا ئەکات، کە کچێکی هۆڵاندییە و بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕۆحی لەگەڵ ڕۆحی پاولۆدا دەگونجێت و لەوێوە ئاشنای یەکتری دەبن.
یەکەم ڕستەی ئەم کتێبە کە لە پێشەکییەکەیەوە دەست پێ دەکات ئەوەیە کە دەڵێت “بۆ ئەوەی لەبارەی خۆتەوە فێر ببیت، جیهانی چواردەورت بگەڕێ.” ئەم وتەیە دەشێ کرۆکی ئەم ڕۆمانە بخاتەڕوو. لەم ڕۆمانەدا ئەم دوو کەسە لەپێناو گەڕان بەدوای خۆدۆزینەوەدا، پێکەوە بڕیار دەدەن سواری پاسی جادوویی ببن و بەشداریی ئەو گەشتە ئەفسانەییە هیپییە لە ئەوروپاوە بەرەو نیپاڵ بکەن. بەو شێوەیەش چیرۆکێکی خۆشەویستیی پڕ مانا دەست پی دەکات، کە ڕێڕەوی خۆی لە تەواو و باقیی ژیانیاندا دادەنێت.
بە نووسینەوەی ئەزموونە دەوڵەمەندەکەی ژیانی خۆی، پاولۆ کۆیلۆ خەونەکانی نەوەیەکمان بۆ ئاشکرا دەکات، کە هیوایان بۆ ئاشتی دەخواست و تەحەدایان ئەکرد تاکوو گروپێکی کۆمەڵایەتی دروست بکەن…
ڕۆمانەکە چیرۆکی خۆشەویستی و لێبوردەیی و ئارامگرتن و گەڕانی مرۆڤە بەدوای خۆدا دەگیڕێتەوە. بەڵام خۆشەویستی مرۆڤ بە کوێ دەگەیەنێت؟ پاوڵۆ لە گەشتە ڕۆحییەکەی لەگەڵ کارلا بە کوێ دەگات؟ ڕۆمانەکە هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە من لێرەدا نامەوێت زۆرتر لەبارەی ناوەرۆکی رۆمانەکە ئاشکرا بکەم، بەڵام لەنێو ئەو ڕۆمانانەی ئەم نووسەرەدا بەلای منەوە ئەم ڕۆمانە لەڕیزی سەرانجڕاکێشترین ئیشەکانییەتی بەو پێیەی چیرۆکێک دەگێڕێتەوە لەگەڵ ئەو گرووپەی کە ئێمە کەمترین زانیارییمان لەبارەیانەوە هەیە و دەکرێت ئەم ڕۆمانە ببێتە دەروازەیەک بۆ ئاشنابوون بە گرووپی هیپییەکان.
هیپیەکان، بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی گەنجان بوو کە لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ئەمریکا دەستی بە چالاکی کرد و بە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا بڵاوبووەوە. سەعیدی سیرجانی بەراوردی کردووە بە ژیان و دەوڵەتانی سۆفیگەری و ئەم پرۆسەیە بە کاردانەوەی زۆرەملێ و غەریزەیی مرۆڤ لە بەرامبەر هەژموونی ماشێنەکان و پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی ژیانی پیشەسازی و کۆمەڵگەی شارستانیدا دەزانێت.
وشەی هیپی لە هیپستەرەوە هاتووە و بۆ وەسفکردنی پەیسمەیکەرەکان بەکارهاتووە، کە ڕوویان لە گوندی گرینویچ لە شاری نیویۆرک و ناوچەی هایت-ئاشبێری لە سانفرانسیسکۆ کردووە. زاراوەی هیپی بۆ یەکەمجار لەلایەن هێرب کەین، ڕۆژنامەنووس و سیناریستی سانفرانسیسکۆ بەکارهێنرا.
مۆدە و بەهاکانی هیپی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کولتوور هەبوو،وردتر بدوێین ئەوان کاریگەرییان لەسەر مۆسیقا، تەلەفزیۆن، فیلم، ئەدەب و هونەر هەبوو. لە ساڵانی شەستەکانەوە کۆمەڵگەی سەرەکی زۆر لایەنی کولتووری هیپی هەڵمژیوە. فرەچەشنی ئایینی و کولتووری هیپیەکان پشتیوانییەکی بەرفراوانی بەدەستهێناوە و وەشانە پۆپەکانیان لە فەلسەفەی ڕۆژهەڵات و چەمکە ڕۆحییە ئاسیاییەکان گەیشتوونەتە ئامادەبووانێکی فراوانتر.
ئەم ڕۆمانە بە وردی دەیەوێت لە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەم گرووپە و ژیانی کۆیلۆ لەنێو ژیانی ئەم هیپیانەدا چۆن بووە دەگێڕێتەوە. هاوکات پێداگرە لەسەر ئەوەی مرۆڤ تا نەگەڕێت دونیابینی چەقبەستووی تێناپەڕێنێت. مرۆڤ بۆ ئەوەی گەورە بێت دەبێت گەڕیدەیەکی هەمیشەیی بێت.