ئازاد عەبدولواحید*
* ئەلبێر کامو دەڵێ: (کەسێک گەمژە بێت، کتێبەکان ناتوانن بیکەن بە “ڕۆشنبیر”.)..
* پیاوی ڕقن (حاقد)، بەردەوام عەقڵی لە کورتی دەدا، چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئەو کینەیەی لە دڵیدا هەڵی گرتووە، دەبێتە بەشێک لە پێکهاتەکەی، دواتر عەقڵی بچووک دەکاتەوە و دەیپووکێنێتەوە. ئەوانەی ڕق بەری چاویان دەگرێ، جوانییەکان وەک خۆیان نابینن، خەونی خراپ و جڕنی و فڕنی بە خەڵکی دیکەوە دەبینن، بۆیە شێرکۆ عەبدوڵڵا لەجیاتی ئەوەی تەنزێکی جوان بنووسێ، بە خۆی زانیبێ، یان نا، هەندێ جار خۆی دەکاتە تەنزێکی بێتام، کە مایەی پێکەنین و بەزەیی پێدا هاتنەوەیە.
* ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، کە ژمارەی ڕۆژی 13/3/2025 دەرچوو، ئەو ڕۆژە لە چەند لایەکەوە گۆشەکەی شێرکۆ عەبدوڵڵایان بۆ ناردم، هۆیەکەشی ئەو پەلار و ڕستەیە بوو کە پێوەندی بە گۆڤاری (ڕامان)ـەوە هەیە، ئەو لە گۆشەکەی خۆیدا بەناوونیشانی 5/5/2025، نووسیویەتی: (مەعاشمان وەکو(و) گۆڤاری ڕامانی لێ هاتووە، بووە بە وەرزی(ی).).
* هەرچەندە نەمکردووە بە نەریت وەڵامی قسەی بێ سەروبەر بدەمەوە، بەڵام نەمتوانی لە ئاست ئەو دێڕە نەخوێندەوارانەیە خۆم بگرم و بێدەنگ بم. جارێ پێش هەموو شتێک پێویستە بڵێم: لەبەر پەلهاوێشتنی زۆر و بەهۆی نووسینە سادە و ساردوسڕ و بێتامەکانی، دەمێکە گۆشە و نووسینەکانی شێرکۆ عەبدوڵڵا ناخوێنمەوە، دەزانم نووسین لەلای ئەو بووەتە سەرچاوەی بژێوی و دەستکەوت و داهات، بۆیە لەبەر زۆر نووسین، بۆر نووسین ڕووی تێکردووە، کار بەوە گەییوە بەشی هەرە زۆری زانیارییەکانیشی ورد و تەواو نین، کە زانیارییش چەواشەکارانە بوو، متمانەی پێ ناکرێ و هەرچی لەسەر هەڵچنیت، ڕاست دەرناچێ، (المبني علی الباطل، فهو باطل). سەیرە، بنیادەم لەسەر حیسابی زانیاریی دوور لە ڕاستی، خۆی بکاتە کەرەستەی پێکەنین و بەسەر زانیاریی ڕاستودروستدا باز بدا و وەهم بەرهەم بهێنێ.
* تا ئەو ڕۆژەی لە ساڵی 2014 شەڕی داعش دەستی پێکرد، گۆڤاری ڕامان مانگانە و زۆر بەڕێکوپێکی، لە ڕۆژ و کاتی خۆیدا دەردەچوو، هەموو خوێندەوارێک شایەتیی ئەوەمان بۆ دەدەن، تا ئەوکاتە بۆ دەرچوونی ڕامان لە کات و ساتی خۆیدا، هیچ گۆڤار و بڵاوکراوەیەک نەیتوانیوە شان لە شانی بدا، دواتر کە ئەو شەڕە نەگریسە بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرت، پەتای کۆرۆناشی بەسەردا هات، ئەو دوو ڕووداوە یەک لە دوای یەکە، تەنگژەی دارایی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، پەتای کۆرۆنا دروێنەی گیانی سەدان و هەزاران هاووڵاتیی کوردستانی کرد، ئەگەر بە تەواوەتیش ژیانی ڕانەگرتبێ، ئەوە ژیانی نیمچە ئیفلیج کرد، ئێمە لەلای خۆمانەوە کە ماوەیەک بوو خۆبەخشانە کارمان دەکرد، هێنانەوەی کارمەندەکانمان بۆ سەر ئیش، بە جۆرە موجازەفەیەک دەزانی، کە نەدەبوو یاری بە ژیانی ئەوان و کارمەندانی چاپخانەوە بکەین، بۆیە دوای وەستانێکی کاتی، تا خەڵکی بێ خەبەر و بێئاگا نەڵێن گۆڤارەکە داخراوە و کەسانی دڵڕەش دڵیان بەوە خۆش نەکەن، بە شێوەیەکی کاتی دەرچوونی گۆڤارەکەمان کردە (٢) مانگ جارێک، ئەوە نزیکەی (٢) ساڵیشە بووەتەوە گۆڤارێکی مانگانە، هەموو (٥)ی مانگێک بە کوێرایی چاوی بوغز لە سک و قین لە دڵەکان، مانگانە لەسەر وێبسایتی (raman-media.net)دا دادەبەزێ و لەوسەری دنیا تا ئەوسەری دنیا دەیبینن و دەیخوێننەوە، ئیتر چ پێویست بە تەقەڵ درشتیی و چەواشەکاری ناکات. پێویستە ئێوە یەک شت بزانن، ئێمە کە وەڵامی قسەی بێ سەروبەر و ساردوسووک نادەینەوە، مانای ئەوە نییە وەڵامی گورچکبڕمان نییە، بەڵکوو مەبەستمانە خۆمان دانەبەزێنینە ئاستی بازاڕیانەی هەندێ کەس.
* پێش ڕاپەڕین، لە سلێمانی (دوکتۆر) شێرکۆ عەبدوڵڵام ناسیوە و لێیەوە نزیک بووم، زۆر جار لەگەڵ د. یووسف حەمەساڵح و شێخ قادر شێخ حسێن کەسنەزانی و عوسمان شەیدا و هاوڕێیانی دی دادەنیشتین، هەر ساڵانی هەشتاکان بوو شیعرێکیم وەرگێڕایە سەر زمانی عەرەبی، بەڵام ئەوسا زۆر لە ئێستای جیاوازتر بوو، بە داخەوە لە دوای ڕاپەڕینەوە (پارە) بە جارێ کوێر و وێرانی کردووە، بۆیە شووڵی لێ هەڵکێشاوە و کەوتووەتە پەلاماردان و بە قسەی حەلەق و مەلەق و چەواشەکارانە و بە پێخاوسی بەناوکەوتووە، دیارە ئەویش نانەکەی لەوەدایە، دەنا ئەگەر دوکتۆرێکی باش بووایە، ئەوە نۆڕینگەیەکی بۆ خۆی دادەنا و خەریکی پیشەی پزیشکیی دەبوو، دیارە بەو جۆرە نووسینانە پاروویەکی چەورتری دەست دەکەوێ، ناهەقیشی ناگرم کە بەم شێوەیە دەنووسێ و ئەوەندە دەمی گەرمە، چونکە ئەگەر گرفتی مووچە، بە دەردی خۆی نووسیویەتی (مەعاش) بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، تەنیا گرفتێک بێ، ئەوە بۆ ئەو (٧) جار گرفتە، ئەو وەک خەڵکی سلێمانی ئاگادارن و باسی دەکەن، مانگانە چەند ڕۆژێک بۆ وەرگرتنی مووچە (مەعاشەکانی) تەرخان دەکات، بەڵام لەبیری نەچێ، نە دەرچوونی گۆڤاری ڕامان بووەتە وەرزانە، نە (مەعاشەکانی)شی بە وەرزیی وەردەگرێ. هیوادارم چاوەڕێ نەبێ گۆڤارەکەمان ببێتە وەرزی، یان دابخرێ، کە ئەوە خەون و ئاواتی زۆر کەسە، دڵنیا بن تا من لەوێ بم، ئەو ئاواتە دەبەنە ژێر گڵەوە و دەبێ بەو داخەوە بتلێنەوە و سەربنێنەوە.
* سەرنووسەری گۆڤاری ڕامان.