نهێنییەکانی نووسین لە زمانی مارک هادۆن

گۆڤار و باڵاوکراوە ناودارەکانی دونیا، زۆرجار گۆشەی جێگیریان هەیە کە نووسەران و بیرمەندانی ناسراو تیایدا دەنووسن. لە (ئێل پائیس ـ EL PAÍS)ـەوە بگرە کە هەر حەفتەیەک (ماریۆ بارگاس یۆسا ـ Mario Vargas Llosa) یادداشتەکانی خۆی تێدا بڵاو دەكاتەوە هەتا (ئەلحەیات) کە (ئەدۆنیس ـ علی أحمد سعید إسبر ناسراو بە أدونیس )ـی شاعیری سووری تێڕوانینەكانی لەمەڕ دونیا تێدا دەنووسێت، بەڵام بە گشتی بەنێوبانگترین و دیارترین گۆشە جێگیرەكان لە ڕۆژنامەی گاردیەن بڵاو كراونەتەوە، بەوەی یادداشتی نووسەران و ڕەخنەگران و بیرمەندانێكی بڵاو كردووەتەوە کە زۆر ناسراون و پڕخوێنەرترینن.

نووسەرانیش هەر کامەیان بە جۆرێك یادداشتەكانی دەخاتە ڕوو، هەیە دەربارەی قارەمانی ژیانی دەنووسێت، هەشە دەربارەی فیلمی ژیانی یا ئەو 10 کتێبەی كە لای پەسەندە و یا هەیە تەنانەت لەسەر ژووری کارکردنەكەی دەنووسێت.
ئەم دەقەی كە لە خوارەوە دەیخوێننەوە، دەقی یادداشتێكی (مارک هادۆن ـ Mark Haddon)ـی نووسەری 63 ساڵەی بەریتانییە كە ڕۆمانەكانی چەندە ناسراون، هێندەش شیعرەكانی خۆشەویستن لای خەڵك و ستایش دەكرێن. ڕۆمانی (حیكایەتی سەیری سەگێک لە شەودا ـ The Curious Incident of the Dog in the Night-Time) یەكێكە لە كتێبە بەنێوبانگەكانی مارك كە لە زمانی کوڕێکەوە دەگێڕدرێتەوە بە ناوی کریستۆفەر و تووشی ئۆتیزم بووە. کریستۆفەر و باوکی پێکەوە دەژین، سەگی دراوسێكەیان کوژراوە و کریستۆفەریش کە شەیدای (شارلۆک هۆڵمز ـ )ـی كونجكۆڵی ڕووداو و كوژرانەكانە، دەیهەوێت نهێنی ئەم کوشتنە ئاشكرا بكات و ئەنجامەکەشی بەرەو شوێنی دیكەی دەبات، بۆ نمونە بەرەو ئاراستەی ئەوەی كە بۆچی دایکی کریستۆفەر بەجێی هێشتوون و ڕۆیشتووە. لە زۆربەی ڕۆمانەکانی ماركدا، نەخۆشی یان جۆرێک لە تێکچوونی باری کەسایەتی ڕەنگی داوەتەوە و ئەم نووسەرە بەوە ناسراوە كە گێڕەرەوەكانی كەسانی تەنیا و ڕیزپەڕن.
هادۆن خەڵاتێكی زۆری لە بەریتانیا بەدەست هێناوە و یەکێکە لە نووسەرە خۆشەویستەکانی مێرمنداڵانە. هەتا ئێستاش زیاتر لە 20 کتێبی بۆ مێرمنداڵان نووسیوە وەك (پۆرکی فیلیپسی ڕاستەقینە ـ (The Real Porky Philips، (بریكار زێد و پەنگوینەکە لە مەریخەوە ـ (Agent Z and the Penguin from Mars، (دەریای ئارامی ـ (The Sea of Tranquility، (بریكاری نهێنی ـ Secret Agent Handbook) و (ئەشکەوتی ورچی بەستەڵەک ـ (The Ice Bear’s Cave و زیاتر لە 4 ڕۆمانیش بۆ گەورەساڵان نووسیوە وەك (کەمێک دڵەڕاوکێ ـ (A Spot of Bother، (ماڵە سوورەکە ـ The Red House)، (دووری کۆمەڵایەتی ـ (Social Distance و (سەگ و دێوەكان ـ Dogs and Monsters) و کۆمەڵە شیعریشی بڵاو كردووەتەوە بە ناوی (ئەسپی قسەکەر و کچە خەمبارەکە و گوندەکەی ژێر دەریا ـ The Talking Horse and the Sad Girl and the Village Under the Sea).
من نووسەرێکی باش نیم، بەڵام هەڵەبڕێكی بێوێنەم!
هەندێک ڕۆژ ناتوانم بنووسم، تەنانەت بە حەفتەش هیچ نانووسم. كە بتوانم پێشتر ئەو ڕۆژ و حەفتانە دیاری بکەم، کێشەیەکی ئەوتۆم نابێت و بەمەش پلان و بەرنامەیەكی باش دادەنێم بۆ ئەوەی كاتەكانم بەفیڕۆ نەچن، وەك بەرنامەی ڕاکردن لە ڕۆخ (ڕووباری تامس ـ River Thames) یا خوێندنەوەی کۆمەڵە کتێبی تاوانکاری نەرویجی کە بەم دواییانە تووشیان هاتم یان سواری شەمەندەفەر بم و یا بخزێمە نێو گالێرییەکانی لەندەن، هەندێک جاریش خۆم بە وێنەکێشان یان دیزاینەوە خەریك دەکەم، بەڵام خەمەكە لەوەدایە كە هەندێک جار تا گەیشتنە سەر سكەی ئەم بەرنامانە، ئەوا نیو ڕۆژێک بەفیڕۆ دەچێت و سەرگەردان دەبم. دواتر نیوەڕۆ لاپەڕەیەکی سپی و بەتاڵ لە بەردەمم دەبینم کە بە چەندین كاتژمێر لێی دەڕوانم؛ یان لاپەڕەیەک کە دژوارییەكی زۆر پڕ کراوەتەوە و لە کۆتاییدا دەقەكەی ناوی قەناعەتم پێ ناهێنت و دەبێ فڕێی بدەم.
کێشەکە ئەوەیە کە وا بیر دەکەمەوە نووسەرێکی هەمووشتێک-تەواو نیم، بەڵام هەڵەبڕ و ئیدیتۆرێكی ماندوونەناس و کەللەڕەقم (ڕووداوێک کە کاتێک لەگەڵ هەڵەبڕێكی باشتر لە خۆت هاوسەرگیری دەکەیت، دەبێتە نەسیبت).
بێبەزەییانە دەسڕمەوە و وشە و ڕستە لادەبەم. هیچ کارێک نییە کە لانیکەم سێچارەکی هەر لە ڕەشنووسی یەكەم فڕێ نەدەم و دواتر تەنها هیوام ئەوەیە كە لە كۆتاییدا شتێکی بچووکم بۆ بمێنێتەوە تا لە نێوان پێداچوونەوەی پازدەیەم تا بیست و پێنجەم و لە دووبارەنووسینەوەدا شتێک ڕووبدات. جۆرێک لە شۆكبوون کە دەگەڕێیتەوە بۆ دواوە و وشەکانی خۆت دەخوێنیتەوە وا هەست دەکەیت کەسێکی دیکە ئەمانەی نووسیوە. ئەمەش ڕێک وەک دەرگایەکی داربەڕووی قورس وایە کە بە كوتانێكی هێواش لەنێو چوارچێوەی ماڵەكەدا تڵپ دەكەوێت.
دواجار كاتێك كە دەست بە نووسین دەكەم، خۆم باش دەزانم کە بەشێکی زۆری ئەوەی دەینووسم، لە کۆتاییدا فڕێ دەدرێت. تێگەیشتنی ئەم بابەتەش، وام لێ دەكات كە ڕێکوپێک و بە دڵنیاییەوە كارەكەم بكەم. ئەمە ڕێگەی دروستی کارکردن نییە و خۆزگە ئاسانتر دەبوو، بەڵام بۆ من بەجێیە و بە هەمان هۆکار تووند پێوەی نووساوم و لێی نابمەوە.
دەكرا لەمەش خراپتر بێت. دەکرا پیشەیەکی ڕاستەقینەم هەبێت.
چەندین ساڵ لەمەوبەر، بەرپرسی داواکارییە تەلەفۆنییەکانی کۆمپانیای چاککردنەوەی پایسکیل بووم لە ڕۆژئاوای لەندەن. ماوەیەکیش سەرکەوتوو بووم لەوەی هەر حەوت ڕۆژی حەفتە لە نووسینگەی سەرەكی بم، بەڵام كە دەمزانی لە پێشدا هەموو شتێكم بۆ دیاری كراوە كە چ بكەم، ئیتر تەلەفۆنم دەکرد و دەمگوت پێم شکاوە و چیتر ناتوانم بێمە سەر کار.
لە ژیانی مندا وەک نووسەرێك، چەند شتی لەم بابەتە هەن، یەکێکیان خوێندنەوەی هەڵبژاردەیەک لە کۆمەڵە شیعرێكی (ئاڕ.ئێس تۆماس ـ Ronald Stuart Thomas) بوو بۆ گرووپی تەمەنی مێرمنداڵان (یەکەم جار کە دەقێکی ئەدەبیی هەیەجاناویترم لە بابەتی زانستی دەخوێندەوە). یەکێکی دیکەشیان ئەوە بوو کە لە یەکێک لە سەردەمەکانی بێکاریدا، تێگەیشتم باشترە کارێک بۆ خۆم بدۆزمەوە کە تەنها خۆم بە خۆم بڵێم چی دەبێت بکەم، نەك كەسی دیكە پێم بڵێت.
ڕۆژی وا هەیە کە متمانەبەخۆبوونی پێویستم هەیە و هەموو بەیانییەکی کاریم لە کافتریا ناوخۆییەکان بەسەر دەبەم (نامەوێت ناو بێنم، بەڵام لە کۆمەڵە چیرۆکەکەمدا سوپاسی دووانیانم کردووە).
هەرا و زەنای کافێکان وا دەکات هەست بکەم بەشێکم لە جیهانێکی پڕ جموجۆڵ، بەتایبەت کاتێک ئەوانی دیکە سەیرت دەکەن، ئیتر دواخستنی کارەكەت زەحمەتترە، بۆیە بە تەرکیز و سەرەجێكی زیاترەوە دەکەومە گیانی چەند لاپەڕەیەک کە ڕۆژی پێشوو کارم لەسەر کردووە؛ وەک ئەوەی بڕیار بێت قژی شانە بکەم، تەشەر و نووقرچێكی لێ بدەم یان تەنانەت وەک ئەوەی بمەوێت نینۆکەکانی بۆیە بکەم. پاشان دووبارە لە جیهانی خەیاڵی خۆمدا نوقم دەبم هەتا وشەی نوێ دروست بکەم.
دوای چوار کاتژمێر سەرنجی بێ پسانەوە، بەڵام ئیتر لە شوێنێکەوە بەرهەم و دەرەنجامەكەی ڕوو لە داکشانە، هەڵبەت دەرەنجامەکانی مەترسییەكی گەورەیان نییە، بەڵام نووسین بۆ من وەک جۆرێک لە نەشتەرگەری و ساتی هەڵسانی فڕۆکە وایە: پێویستم بەوەیە بە هەموو هێزەوە سەرەنج بدەم و هەموو تواناکانم بخەمە گەڕ بۆ بەردەم ڕووناکبوونم و نووسین. بەدەر لەمە وەک جلشۆرێكی بەتاڵم لێ دێت کە لەخۆڕا پێ كراوە و ئەوەی پێویستە، وێنەکێشان، دیزاین یان ڕاکردنێکی بێ وچانە لە ڕۆخ ڕووباری تامس.
ئێستا ئیتر وام لێ هاتووە كە بیر دەکەمەوە هەرگیز ناتوانم بنووسم، مەگەر ئەوەی ئەو دەنگە بێزاركەرە و وزەوزكەرەی ناو سەرم بەردەوام پێم بڵێت: “وەك پێویست باش نەبووە، زیاتر بنووسە، کەمێک باشتری بکە و جارێکی دیکە بینووسەوە.. خەریکە کاتەکەت تەواو دەبێت.”
ڕۆژانی دەگمەن هەن کە هەزار وشەیەکم نووسیوە، دۆخێک كە دەگەمە ڕەزامەندییەكی قووڵ، بەڵام ئەمە زۆر بە کەمی بۆم ڕوویداوە. لەوكاتانە چاوەکانم دادەخەم و ماوەیەكی زۆر هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبم، پاشان هەناسەیەکی قووڵ هەڵدەمژم و گوێ لە دەنگی ناو سەرم دەگرم و دەبینم کە وزەوز و دەنگەكە نەماوە. هیچ.. بێدەنگییە.

سەرچاوە: گاردیەن
شۆڕش غەفووری – هەولێر