فەرهاد شاكەلی
نووسینەکانی ئیبن عەرەبی
ئیبن عەرەبی نووسەری هەرە بەرهەمدارە لە مێژووی ئیسلامدا. چیتتیک (2011: 664) وەهای دەناسێنێت کە ”بە شێوەیەکی یەکجار نائاسایی نووسەرێکی پڕبەرهەمە”. ئاتەش (Ibid) دەڵێ ئەو “بە دڵنیاییەوە، بەبڕشتترین بوو لەناو نووسەرانی سۆفیدا”. ئاتەش خەمڵاندنی جۆراوجۆر لەبارەی ژمارەی نووسینەکانیەوە تۆمار دەکات، کە گەلێک لە زانایان کردوویانە و لە نێوان ٢٣٩ تا ٨٦٤ دانەدایە. هەروەهایش دەنووسێت “ئیبن ئەلعەرەبی خۆی نەیدەزانی چەند بەرهەمی نووسیون” و دەگاتە ئەو ئەنجامەی کە “بە تێکڕایی وا پێ دەچێت گومانێکی کەم هەبێت لەوەی کە ئیبن ئەلعەرەبی نووسەری ٤٠٠ کتێبە” (ibid).
نووسینەکانی ئیبن عەرەبی جێوڕێیەکی پانوپۆڕی زانست و زانیارییەکانی ئیسلام ڕووماڵ دەکەن. لانداو (2008: 16) لەبارەی کتێبەکانیەوە دەنووسێت و دەڵێت، “ئەمانە تیۆلۆگی، تەسەووف، ژیننامە، فەلسەفە، تەفسیری قورئان و شیعریش دەگرنەوە”.
نزیکەی سەرلەبەری ئەوانەی لەبارەی نووسین و بیرەکانی ئیبن عەرەبییەوە دەنووسن، ئەوە جەخت دەکەن کە زمانی و شێوازی زەحمەتن. هیرتەنشتاین (4256 (ibid: لەم ڕووەوە دەنووسێت ئاڵۆزیی نووسینەکانی وایان لێ کردووە ببێتە پڕئەرکترین نووسەر، و بۆ تیگەیشتن سەخت بێت، ئەمەیش وای لە هەندێک زانای موسڵمان کردووە کە دژی بوەستن و تەنانەت پێگەکەیشی پەسەند ناکەن.
چیتتیکیش (2005: 1) هەر ئەو باری سەرنجە لەبارەیەوە وەک نووسەرێک دەدات:
ئیبن عەرەبی هەمیشە بە یەکێک لە نووسەرە هەرە زەحمەتەکان دانراوە. ئەمە ئەنجامی کۆمەڵێک هۆیە، هیچ نەبێت لەبەر زانابوونی بە شێوەیەکی یەکجار نائاسایی، بەردەوام ئاخاوتەی لە پلەیەکی بەرزدا بووە، گۆشەنیگای هەمیشە لە گۆڕاندا بووە و شێوازیشی جۆراوجۆر. ئەگەرچی نووسراوەکانی ئیبن عەرەبی هەتا بڵێی زۆرن، دوو کتێبی بە شێوەیەکی تایبەتی زۆرترین بایەخیان پێ دراوە، ئەوانیش [الفتوحات المکیە: ئاشکرابوونەکانی مەککە یا ڕوونبوونەوە مەککەییەکان] و [فصوص الحکم: لەتکەکانی ژیری، هەندێک جاریش وەک نگێنەکانی فەلسەفە تەرجەمە دەکرێت]. هۆی ئەوەی کە بۆچی ئەم دووە، ئەگەر لەگەڵ نووسینەکانی دیکەیدا بەراورد بکرێن، زۆرترین ناوبانگیان بەر کەوتووە، ئەوەیە ئەمانە گرنگترین سەرچاوەن بۆ بیرە فەلسەفییەکانی، بە تایبەت تیۆری (دۆکترین، ڕێباز)ی وەحدەت ئەلوجوودەکەی (یەکێتیی هەبوون).
“لەناو بەرهەمە سۆفییەکانیدا، هەرە گرنگەکان” بە قسەی ئاتەش (ibid) نۆزدە (١٩) کتێب و نامیلکەن، ئەو دووەی کە لە سەرووی لیستەکەدا جێ دەگرن [الفتوحات المکیە و فصوص الحکم]ن. ئاتەش هەروەها کتێبی [ترجمان الاشواق]یش بە یەکێک لەو کتێبە گرنگانە دادەنێت، ئەگەرچی لە جێگەیەکی بەرەو کۆتاییی لیستەکەدا دایدەنێت. چیتتیک (سپ: ٧)، هەرچۆنێک بێت، تەنیا ئەو سێ ناونیشانە وەک “گرنگترین کتێبەکانی ئەو” دەژمێرێت.
ئەمەی خوارەوە کورتە پێشکەشکردنێکی گرنگترین دوو کتێبی ئیبن عەرەبییە، وەک سەرچاوەی سەرەکیی دۆکترینی وەحدەت ئەلوجوود:
الفتوحات المکیە: ئیبن عەرەبی ساڵی ٥٩٨ کۆچی/١٢٠٢-٢ مەسیحی، لە سەرەتای نیشتەجێبوونیدا لە مەککە، دەستی بە نووسینی ئەم کتێبە کرد و یەکەم ڕەشنووسیشی ساڵی ٦٢٩/١٢٣١ تەواو کرد و یەکەمین بژارکردنی هەموو کتێبەکە ساڵی ٦٣٥/١٢٣٨ بوو لە دیمەشق. ئەلتەرجومان (2002: 112) ئەوە جەخت دەکات کە، “ساڵی ٦٣٦ی کۆچی لە نووسینی کتێبەکەی بووەوە، ئەو کاتەی کە لە دیمەشق دەژیا، دوو ساڵ پێش مردنەکەی”. کتێبەکە لە چوار بەرگ و شەش بەش [فصل] و ٦٥٠ پاژ [باب] پێک هاتووە. زۆربەی توێژەران و زانایان کتێبەکە بە magnum opus [شاکار]ی ئیبن عەرەبی داناوە. ئەوەی کۆربین سەرنجی بۆ ڕادەکێشێت (١٩٩٧: ٧٤) سەبارەت شێوەی کارکردنی ئیبن عەرەبی لە نووسینی کتێبەکەدا، زۆر گرنگە بۆ تێگەیشتن و زانینی شێوە و مێتۆدی ئەو کارکردنە:
ئەو کارە هەرە گەورەیە بە شێوەی لافاوێکی بەردەوام دانەنراوە. سەرەتای بەرگی چوارەم ساڵی ١٢٣٩ نووسراوە، کەچی کۆتاییی بەرگی دووەم ساڵی ١٢٣٦ و بەرگی سێیەم ساڵی دواتر. نووسینی کتێبەکە ساڵانێکی زۆری پێ چوو، ئەمەیش بەوە ڕوون ناکرێتەوە کە بەرهەمێکی دوورودرێژە، بەڵکە بە شێوەی کارکردن و نووسینی ئیبن عەرەبی خۆیشی.
لە باسکردنی پێشەکیی فوتووحاتدا، ڕوندگرێن (1993: 340) ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم ڕوونبوونەوە مەککەییانە لە چەند قۆناغێکدا نووسراون، و پێشەکییەکە، موقەددیمە، بە پاشکۆیەکی فراوان تەواو کراوە، بە تەتیممەیەک [تتمة]. سەرەڕای ئەمەیش، بەرهەمەکە بە خوتبە [خطبة]یەک، وتارێکی پەند و ئامۆژگاری، پێشکەش کراوە، کە ژانرێکی ئەدەبییە، لە هەندێک هەلومەرجی تایبەتدا دەتوانێت جێگای پێشەکی بگرێتەوە؛ ئەم خوتبەیەیش، پاشکۆیەکی خراوەتە تەک.
ئیبن عەرەبی بانگەشەی ئەوە دەکات کە خودا لە ڕێگەی فریشتەی سروشبەرەوە فەرمانی داوە کتێبی [فتوحات] بنووسرێت (Schimmel، 1975: 265)، و لە کەعبە چاوی پێ کەوتووە کە خەریکی سووڕانەوە [طواف]ی ماڵی خوا [بیت] بووە، لاوێک کە ناوێکی نەبووە، “کە قسە دەکات و بێدەنگیشە، نە زیندووە و نە مردوو، زۆر ئاڵۆزکاوە و سادەیشە، دەورەدراوە و دەوریش دەگرێت (Hirtenstein، 1999: 151).
ئەگەرچی بە گشتی وا دادەنرێت کە [الفتوحات المکیە] یەکێکە لە دوو سەرچاوە سەرەکییەکەی تیۆریی [وەحدەت ئەلوجوود]ی ئیبن عەرەبی: بەڵام ئەوەیش ڕاستە کە ناوەڕۆکی کتێبەکە بە شێوەیەکی بیسنوور فراوانترە و زۆریش گشتگرە. چیتتیک (2005: 7) کە وەسفی ئەو بابەتانە دەکات لە کتێبەکەدا لەسەریان نووسراوە، دەنووسێت: “ئەمە کەشکۆڵێکی فراوانی میتافیزیک، تیۆڵۆگی، ئەنترپۆڵۆگیی ڕۆحانی، دەروونناسی و شەریعەتە”.
تەفسیری قورئان بابەتێکی گرنگی فوتووحاتە، ئاشکرایشە کە “مامۆستای هەرە گەورە”، ئەبراهامۆڤ دەنووسێت (2017: 443) “لە تەفسیرکردنی قورئاندا، نەک تەنیا سیستەمی ئاماژە (ئیشارات)، بەڵکە سیستەمی دیکەیش بە کار دەبات، کە لەسەر بنەمای واتای ڕوون دامەزراون، بۆ گەیاندنی بیرەکانی بە کاریگەرترین شێوەی کە لە دەستەڵاتدایە”. بۆ درێژەپێدان بۆچوونەکەی خۆی لەبارەی مێتۆدی ئیبن عەرەبییەوە لە تەفسیرکردنەکەدا، ئەبراهامۆڤ (سپ) بەردەوام دەبێت و دەڵێت
ئەو کەرەستانەی بە کاریان دەهێنێت لەسەر ئەمانە هەڵچنراون: (١) بەڵگەهێنانەوەی سادە و لۆگیکی؛ (٢) یەکەمین واتای وشەکان؛ (٣) یاریکردن بە ئیتیمۆڵۆگی (ڕەگناسی)ی وشەکان؛ (٤) داڕشتنەوەی ئایەتەکان و (٥) دروستکردنی وێنەیەکی گشتگر و تەواو بە خستنەسەری ئایەت، لە سوورەتەکانی دیکەوە. لە بەگەڕخستنی ئەم هەموو سیستەمانەی تەفسیر، ئیبن عەرەبی لەوەدا سەرکەوتوو بوو ئەوە پێشان بدات کە میتافیزیک مەعنای ڕاستینی قورئانە.
کتێبەکە گەلێک جاران بڵاو کراوەتەوە، بەڵام “ئەو بەشەی کار و بەرهەمەکانی ئیبن عەرەبی کە وە بەر خوێنەرانی نا-عەرەب دەکەون، یەکجار کەمە” بەپێی بوچوونی ئاوستین (1980: 12) کە هەر خۆی کتێبی [سۆفییانی ئەندەلوس: Sufis of Andalusia] و [فصوص الحکم: The Bezels of Wisdom]ی تەرجەمەی زمانی ئینگلیزی کردوون. ئەو هەلومەرجەکە بەم جۆرە وەسف دەکات:
تەرجەمەی چەند بەشێکی بچکۆڵەی [الفتوحات المکیە: The Meccan Revelations] وەک وەرگرتن و چنین لە بەرهەمی دیکەی ئیبن عەرەبیدا هەن. ئەگەر ئەوە لە بەرچاو بگرین کە چاپەکەی ساڵی ١٣٢٩ی کۆچیی ئەم کتێبە لە ٢٥٠٠ لاپەڕەیش زیاترە، تەرجەمەکردنی سەرلەبەری بەرهەمەکە بە ڕاستی ئەرکێکی سەخت و پشووچکێن دەبێت (سپ).
چیتتیکیش (2005: 1) هەر ئەو وێنەیە و ئەو هەستە لەبارەی کتێبەکە و شێواز و زمانە زەحمەتەکەیەوە دەدات “شیکردنەوە و لێکدانەوەی قووڵی تاکە لاپەڕەیەکی کتێبی فوتووحات پێویستی بە چەندان لاپەڕەی تێکستی عەرەبییە، ئەوجا ئەم ئەرکە یەکجار زیاتر یەخەگر و ویستشکێن دەبێت کە مەسەلەکە دەبێتە تەرجەمەکردن بۆ زمانێکی ڕۆژاوایی”.
فەرهاد شاكەلی