وەرگێڕانی: کامیل بۆکانی
نە من تەنیا گرفتارم بە داوی زولفی لەیلایێ
خەڵک گشتی لەگەڵ یارا هەیانە ساتوسەودایێ
ئەوەی یاری لە لا بێ مەیلی چوونی باخی قەت نابێ
هەزاران سەوڵی نێو باخان، بەقوربان سەوڵ باڵایێ
بە سەرشێتم دەزانێ یاری ڕوومانگی پەری پەیکەر
دڵت لای خۆتە تۆ چووزانی ئێستا حاڵی شەیدایێ؟
دەزانم بانگ و هاوارم دەبیسێ یارەکەم ئەمما
کە یار تۆرابێ خەم ناخوا لەوەی وا سەبری لێ نایێ
گەلێ سەیرە بە لای یارانەوە من ماچ دەکەم دەستی
فەقیرانە نەیاندیوە سەرێ کەوتۆتە بەر پایێ
بەڵێ فەرهاد نەگەیییە باوەشی شیرینی یاری خۆی
بەڵام دەرچوو لە جەستەی، گیانی شیرین بۆ تەمەننایێ
عەقڵ وا تێدەکۆشێ تا لە داوی خا عیشق ئەمما
دەرۆستی نایە، لاوازێ بکا جەنگی تەوانایێ
گەلێ دژوار بوو بۆ من ساڵی ساڵان لۆمەیی یاران
لە بارانێ چ باکم ئێستە وا کەوتوومە دەریایێ
دەتوانی ڕوو لە من وەرگێری یاخود ڕوو لە لای من کەی
ئەمن ڕووم هەر لە تۆیە و بۆ کەسی دی چاوم هەڵنایێ
ئەمن پێم وا نییە سەعدی بە ئازارا بەجێ بێڵی
لە پاشی لوتفی تۆ هیچ جێیە شک نابا لە دنیایێ
من ئەو خاکی وەفادارم کە بۆنی میهر ئەدەم هەر دەم
ئەگەر با بێت و بمبا وەک شیعر هەر پارچە بۆ لایێ