لــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــە بیرت بێ

ئازا حەسیب قەرەداخی

هەوری خەندە لەسەر لێوت هەر کە باری
لە شادیتا، ئازاری من لە بیر مەکە
هەموو ساڵێ کە نەورۆزت مزگێنی دا
لە مێژووتا، ئاداری من لە بیر مەکە
لەسەر مەمکی هەر خۆزگەیەک گوڵ دەخەمڵێ
بە بەیبوونی گۆییەکانی ئۆخەی دەڵێ
سەیری شاری هەڵوەریو کە، هەر پاییزە
لەو دەمەیدا، بەهاری من لە بیر مەکە
کەزی شۆڕی قەد پاڵی شاخ بۆنی پڕژاند
لە نەرمانی تۆو گەنمی چێژی وەشاند
بە گەردنی جێژواندا ئارەقەی ڕشت
ئەوسا جێگە و شۆنواری من لە بیر مەکە
ئەگەر کانی ویستەکانت تەقییەوە
لە نشێوی تەنگەبەریی پەڕییەوە
دەستت بێنە شەپۆلێکم لێ وەرگرە
هاژەی خەمی جۆباری من لە بیر مەکە
گەر هەنگاوی خولیاکانت گەیشتنە جێ
لەو کاتەیدا ئارەزووی دڵ سەر دەکەوێ
چاوێ بکە لە ڕووخان و کولبەی چۆڵ و
تەخت و بەختی هەژاری من لە بیر مەکە
لە بیرت بێ من سەردێڕی دوێنێی تۆمە
کە من بیرمە وتم ناوت ناوی خۆمە
گەر چیرۆکی ئەمێستای خۆت نووسییەوە
وێردی دڵ و سەر زاری من لە بیر مەکە