شیعرستان؛ وڵاتە مۆدێرنەکەی خەیاڵ و داهێنان

 

ئارام كۆشكی – سلێمانی

شیعری کلاسیکیم لەڕێی نالی و مەحوییەوە خۆشویست. بەڵام درەنگ بە شیعری مۆدێرن ئاشنابووم. یەکێک لەو سەرچاوە گرنگ و بڵاوکراوە سەنگینانەی کە شیعری مۆدێرنی لا خۆشەویست کردم گۆڤاری “شیعرستان” بوو، کە بڵاوکراوەیەکی وەرزی بوو تایبەت بوو بە شیعر و لەوێوە بەر کۆمەڵێکی زۆر شاعیری کورد و جیهانی کەوتم، ئەمە بێجگە لەوەی چەندین وتاری گرنگ و بۆچوون و چاوپێکەوتنم سەبارەت بە شیعر خوێندەوە، ئیدی لەوێوە شەیداییم بۆ شیعر بووە شەیداییەکی هەمیشەیی و ئێستا بە هەمان عەشق و شەیداییەوە خوێنەری هەمیشەیی و بەردەوامی شیعرم.

سەرەتا کە دەستم بە شیعر خوێندنەوە کرد نەمدەزانی بۆچی پەنام بۆ شیعر هێناوە، بەڵام هێزێک بە شیعرەوە پەیوەستی کردم، کە هێزێکی نادیار بوو. بەڵام دوای ساڵانێک پەیوەستبوون لەگەڵ ئەم ژانرەدا بۆم دەرکەوت بۆچی شیعر دڵنشینترین ژانرە لای من.
ئەحلام موستەغانمی قسەیەکی سەرنجڕاکێشی سەبارەت بەشیعر هەیە کە دەڵێت “شیعر بازدانە بەرەو نادیار.” من لەنێو جیهانی شیعردا لە هەوڵی بازداندا بووم بەرەو نادیارێک، خۆم دابووە دەست شەپۆلی شیعر و ئێستا بە هەمان شەیدایی و عەشقەوە هاونشینی شیعرم. ئەوەی شیعر بە خوێنەری دەبەخشێ شتێکە وەسف ناکرێت و ناشزانرێت چییە؟ بەڵام ئارامییەکی ڕۆحییە وەکو ئەوەی شیعر تیمارکەری ڕۆحە بریندارەکان بێت و بەبێ شیعر ڕۆحی مرۆڤ هەمیشە بریندار بمێنێتەوە. بۆ ئەوەی ڕۆحی بریندارم تیمار بکەم شیعر دڵنشینترینی هەموو ژانرەکانە.
“شیعرستان” ئەو بڵاوکراوە وەرزییە بوو کە چەشنی پاشکۆی گۆڤاری ئایندە 12 ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە و خوێنەری هەموو ژمارەکانی بووم. دەتوانم بڵێم هەنگاوێک بوو بۆ ناساندنی شیعری مۆدێرنی دوای ڕاپەڕین و ناساندنی کۆمەڵێک دەنگ و شاعیری نوێ، کە بەشێکیان هەر زوو کاروانی شیعریان بەجێهێشت و هەندێکیشیان بە عەشقەوە و بە شەیداییەکی زۆرەوە تا ئێستاش کە زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر وەستانی گۆڤارەکەدا تێپەڕیوە هەر بەردەوامن لە شیعر نووسین و ئاوەدانکردنەوەی ماڵی شیعر.
یەکێک لە خاڵە درەوشاوەکانی شیعرستان ڕەخساندنی زەمینەیەکی فراوان بوو بۆ هەموو شاعیران، بە شاعیرانی گەنج و نەوە جیاوازەکانەوە. یەکێک لە دروشمە گرنگەکانی گۆڤارەکەش کە لە پێشەکی یەکەم ژمارەیدا ئاماژەی بۆ کراوە ئەوە بوو کە “پێویستمان بە هەموو گەنجینە لە یەک نەچووەکانە. ئێمە دەمانەوێت “شیعرستان” ڕەنگاڵەبێ و لەبری ئاسۆیەک چەندین ئاسۆی هەبێت لەبری یەک ئاواز ببێ بە نیشتمانی هەزاران ئاوازی جوان.” بێجگە لە بڵاوکردنەوەی دەقی شیعریی شیعرستان زەمینەیەکی گرنگیش بوو بۆ بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە و وتار سەبارەت بە شیعر و هەواڵی چالاکی شاعیران و شیعردۆستان. هەر لە پێشەکی ژمارەی یەکەمدا هاتووە کە “شیعرستان ئامێزی خۆیشی بۆ هەموو ئەو لێکۆڵینەوە شیعریانە دەگرێتەوە، کە بەر لە هەر شتێ هەڵسەنگاندنی بابەتیانەی دوور لە تانەوتەشەر ئەکەن بە گەوهەری لێدوانی خۆیان و هونەری شیعریش دەکەنە باڵا ئاوێنەی بیروبۆچوونیان، چونکە بەلای ئێمەوە شیعرستان وڵاتی خەیاڵ و داهێنانە.”
دروشتمی شیعرستان؛ وڵاتی خەیاڵ و داهێنان، یەکێکە لە جوانترین ئەو دروشمانەی کە دەکرێت هەر گۆڤارێکی مۆدێرن بیکاتە بنەمای کارکردنی. لێرەوە دوای زیاتر لە 20 ساڵ دەمەوێت دەستخۆشی لە ستافی گۆڤارەکە و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بکەم، کە لەڕێی ئەم گۆڤارە و بڵاوکراوەکانی دیکەیانەوە ڕێگا تاریکەکانی ئەدەب و رۆشنبیریی کوردیان ڕووناک کردەوە. نەمری هەر پڕۆژەیەکیش لەوەدایە کە دوای 20 ساڵ هێشتا خوێنەرەکانی بگەڕێنەوە سەری و پێزانینی بۆ دەربڕن. ئەم نووسینە کورتەش تەنها پێزانینێکە بۆ هەوڵێک کە ماڵی شیعری کوردی ئاوەدان کردەوە.