شۆڕش غەفووری – ههولێر
لە ڕوانگەی (کارڵ گۆستاڤ یۆنگ ـ Carl Gustav Jung)ـی فەیلەسووف و دەروونزانی سویسری، مرۆڤ بە دوای مانای ژیان و دۆزینەوەی خۆیەتی و لەم ڕێگەیەشدا وەك سەرەداوێك سوود لە ئەفسانەكان وەردەگرێت، بەڵام هەركەسەو دەبێت ئەم گەڕان و وێڵبوونە، بە تەنیا ئەنجام بدات. بۆیە ئەفسانەكانی یۆنگ، بەدەر لەوەی چەند كەس لە گێڕانەوە و گوێگرتنیان بەشدار بووە، هەڵگری پەیامگەلێكن بۆ كەسەكان نەوەك گرووپەكان.
ئەفسانەكان وەك یەك لەگەڵ هەمووان دەدوێن، بەڵام دەبێت بە شێوەی تەكی ڕووبەڕوویان ببیتەوە. ئەفسانەكان، ڕۆڵێكی ئیلهامبەخشیان هەیە و حەقیقەتی شاراوەی ناویان ئەو كلیلانەن كە تاك بەرەو گەشانەوەی بەهرەكانی ئاڕاستە دەكات. یەكێك لە گرنگترین ئەفسانەكان، ئەفسانەی قارەمانە كە لە سەفەرەكانی خۆی، بەسەر ترس و دێوەزمەكان و لە ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجەكەی، خەبات دەكات و دەجەنگێت.
قارەمان بۆ بڕینی ئەم ڕێگەیە، دەست بە سەفەری قارەمانیی خۆی دەكات. ئەفسانەی قارەمان، لە توێ توێی ڕەوان و دەروونیدا، هەنگاو بۆ دۆزینەوەی نهێنییەكانی دەنێت تا بگاتە گەنجینەی دەروونی خۆی. تەناسۆخ و گۆڕانی دەروونی ئێمە، دەبێتە هۆی گۆڕان لە دونیای دەرەوەشمان. كاتێك كە قارەمان لە سەفەردا قارەمانیەتیی خۆی دەدۆزێتەوە، وەك ئەوەی كە هەموو شتێك لە شوێنی خۆی جێ دەگرێت، ئەو دەمە ئیتر دەتوانێت جوانی، هۆش و باشیەتی ببینێت و سوودبەخشانە بەكاریان بەرێت تا دواجار سەركەوێت.
(كریستیان كراخت ـ Christian Kracht) لە ڕۆمانی 1979، كەسایەتیی سەرەكی چیرۆكەكەی لە قەپێلك و چوارچێوەی دوو سەفەر، دەنێرێت بۆ سەرزەمنیەكانی ئێران و چین. سووژەی ڕۆمانی 1979، وەك نمونەی سەفەری قارەمانی ئەفسانەیی یۆنگ، دەكەوێتە كونجكۆڵی و دۆزینەوە و لەم ڕێگەیەشدا ڕووبەڕووی لەمپەر و چاڵێنجەكانی قەیرانی ناسنامە، واتای ژیان و مانای شەڕ دەبێتەوە.
مۆتەكەی تۆتالیتاریزم
ڕۆمانی 1979، وەسفی سەفەری دوو هاوڕێیە. ڕۆژنامەنووسێكی سویسری و ئەندازیارێك. ئەوان لە ساڵە چارەنووسساز و مێژووییەكەی 1979 ڕوو لە ئێران دەكەن، واتە كاتی ئینقیلابی گەلانی ئێران. ئێرانێك كە خەریكە گۆڕانێكی گەورەی تێدا ڕوودەدات. خەڵكی خەریكی خۆپێشاندان و ڕێپێوانن. هەموو نیشانەكان، نیشاندەری ڕوودانی ڕووداوێكی گەورەن.
كریستیان كراخت وەك نووسەرێكی ئەورووپی، دەكەوێتە باسكردنی پرسێكی زۆر گرنگ. لە ئەدەبیاتی چیرۆكیی ئێران، بەرهەم و چیرۆكگەلێكی جیاواز لەبارەی ئینقیلابی ساڵی 79 نووسراون، نووسەرانی بەنێوبانگی ئێرانیش وەك ئەحمەد مەحموود، ئیسماعی فەسیح، سیمین دانشوەر، عەباس مەعرووفی و .. چیرۆكگەلێكیان لەسەر ئینقیلابەكە نووسیوە، بەڵام لە زمانی فارسی و لە پانتایی رۆمان، كەمتر ڕووی داوە نووسەرێكی نائێرانی چیرۆكێك لەسەر ئینقیلابی 79 بنووسێت.
كراخت، بۆ نووسینی قەیرانەكان و پرسێكی جیهانگیری ئینسانیی وەك قەیرانی ناسنامە، تەنیایی، سەرلێشێواویی فكری و مەفهومی مۆراڵ و خێر و باشە لە سەدەی مۆدێڕن، ڕوو لە ڕووداوێكی مێژوویی دەكات. لە ڕاستیدا مێژوو بۆ كریستیان كراخت، ئامانجی سەرەكی و كۆتایی نووسین نییە، بەڵكو ئامرازێكە بۆ بەیانكردنی پرسیارە وجوودییەكانی مرۆڤ بەرامبەر بە ژیان، هەر لە ڕێگەی ئەم پرسیارانەشەوە ڕوودەكاتە ئینقیلابی ئێران و چینی كۆمۆنیستیی لە ساڵی 1979.
لە لاپەڕە 80ی ڕۆمانی 1979ی كریستیان كراخت، دەخوێنینەوە:
“چەند جارێك هەستم كرد كە حەسەنم لە نێو ئاپۆڕەی خەڵكەكە بینیوە، بەڵام هەرجارەو دەركەوت كە هەڵەم كردووە. خەریك بوو دەبووە بوومەلێڵ كە دەنگی تەقینی تفەنگ بەر گوێم كەوت. پۆلێك لە خۆپێشاندەران بە درێژایی شەقامە گەورەكە دەچوونە پێشەوە، خوێندكارەكان بە مشتی گرێكردوو و ئاڵای كۆمۆنیستی و لافیتەبەدەست درووشمیان دەدا.”
كەسایەتیی ڕۆژنامەنووسەكەی ڕۆمانی 1979، لە نێوان گۆڕانكاری و دونیابینییەكەی نێو سەفەرەكەی، خۆشی گۆڕانی بەسەردا دێت. لەبەرامبەر پرسیارگەلی مۆراڵی و ماریفەتناسی دەچێتە پێشەوە، بەتایبەت واتا و مەفهومی شەڕ و ئەو نزیكایەتییەی كە مرۆڤ لەگەڵیدا هەیەتی.
لە لاپەڕەی 77ی ڕۆمانی 1979دا، گفتوگۆیەكی لەم شێوەیە دەبینین:
“+ ناتوانم بەرتان پێ بگرم، بەڵام هێشتا پرسیارێكم هەیە؟
ـ بەڵێ؟
+ ئێوە بڕواتان بە شەڕ هەیە؟
ـ نا!
+ شەڕ لە كوێوە دێت؟
ـ نازانم!
+ واتە هەمیشە هەر لێرە نەبووە؟ لە دەروونی ئێمە نەبووە؟!
ـ نا.”
کریستیان کراخت
کریستیان کراخت، سووژەی ڕۆمانی 1979 لە نێو وەها پرسیار و پرسگەلێك، دەخاتە نێو دەروونی ڕووداوە مێژووسازەكانەوە. یەكێك لە گرنگترین ڕووبەڕووبوونەوە فكرییەكانی كەسایەتییەكەی ڕۆمانی 1979، دژبوون و ڕووبەڕووبوونەوەگەلێكە كە بەرامبەر بە ئایدۆلۆژیا و ئەندێشە زۆردارەكان دەوەستێت. شوێنێك كە ورد و خاشبوون و لەنێوچوونی ناسنامەی كەسایەتی چیرۆكەكە دەبینین.
لە لاپەڕەی 131 ی ڕۆمانی 1979 دەخوێنینەوە:
“ژنەكە هاواری كرد، خواست و حەزی من بورژوازییە و لە ڕاستیدا مەبەستم لە فێربوونی زمانی ماندارین ئەوە بووە كە كۆماری خەڵك و خەڵك بە تواناییە زمانییەكەم لە دەروونەوە بێهێز بكەم. خەز و خواست یانی چی؟ كرێكار چ پەیوەندیی بە بوونی حەز و خواست و عادەتەوە هەیە. بەڕاستی خواستەكان شتگەلێكی كۆنەپەرەستانەن، كەسێك كە بە ئاراستەی خێری خەڵك كار بكات، هەر كاتی ئەم شتانەی نییە. گوتی هەر وەك ڕۆژ ڕووناك وایە كە ئەو كریستۆفەرەش سیخوڕی ئیمپریالیزم و لە خزمەت ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بووە.”
کریستیان کراخت لە ڕۆمانی 1979، دەكەوێتە وەسفی جیهانی لەخۆبێگانەبوون و بێ ڕۆحی. جیهانێك كە تیایدا كەسایەتی و تاكگەرایی مرۆڤ بەرامبەر سێبەری تۆتالیتاریزم دەوەستێت و بەردەوام دەكەوێتە بەر هەڕەشە و لەنێوچوون. ڕۆمانی 1979، حیكایەتی سەفەری قارەمانێكە كە تیایدا ڕووبەڕووی لەمپەر و پرسیارگەلێكی ئینسانیی زۆر دەبێتەوە.
سەرچاوە: ئاوانگارد