ئیبن عەرەبی و تیۆریی یەکێتیی هەبوون

فەرهاد شاكەلی
بەشی سێیەم
ژیانی ئیبن عەرەبی لە ئەندەلوس

ڕووداوێک کە مایەی دەمەتەقێ و بۆچوونی دژبەیەک بووە لە بابەتی نەخشی ژن لە ژیانی ئیبن عەرەبیدا، پێوەندیی ئەو و نیزام [نڤام]ـە. هەموو سەرچاوەکان لەبارەی ژیانی ئیبن عەرەبییەوە لەوەدا هاودەنگن کە ٥٩٨ی کۆچی/١٢٠٢ی مەسیحی گەیشتووەتە مەککە و هەر زوویش ئاشنایەتیی لەگەڵ ژمارەیەک زانا و خواپەرستان، چ پیاو و چ ژن پەیدا کردووە (Ibn al-‘Arabī، 1978: 10) لەناو ئەمانەدا، ئیبن عەرەبی پێش هەمووان ناوی مەکین ئەلدین ئەبو شوجاع زاهیر بین ڕوستەم بین ئەبیلڕەجاء ئەلئیسبەهانی [مکین الدین ابو شجاع ڤاهر بن رستم بن ابی الرجاء الاصبهانی] و خوشکە بەتەمەنەکەی، فەخر ئەلنیساء بینت ڕوستەم دەهێنێت (ibid: 3). ئەوجا ناوی نیزام دەهێنێت و دەنووسێت: ”مەکین ئەلدین کچێکی گەنجی هەبوو، ناوی نیزام بوو، نازناویشی عەین ئەلشەمس وە ئەلبەهاء [عین الشمس والبهاء] بوو، کە هەر زۆر جوان بوو، بەوەیش ناودار بوو کە زاهیدانە دەژی و بە شێوەیەکی جوان و ڕەوانبێژانە وتاری پەند و ئامۆژگاریی دەخوێندەوە (ibid).
لە ڕووی نەریتەوە وا دادەنرێت کە ئیبن عەرەبی شیعرە دڵدارییەکانی خۆی، یا هەر نەبێت چەند بەشێکیانی، بۆ ئەم نیزامە نووسیوە. هیرتەنشتاین (2005: 4257) دەنووسێت، “ئەو خۆشەویستییەی ئەو لە دڵی ئیبن عەرەبیدا هەڵیگیرساند بوو بە هۆی پەیدابوونی لافاوێکی تاسە و ئارەزوو، هەروەهایش بوو بە سەرچاوەی ئیلهام بۆ کۆمەڵە شیعری تەرجومانی تاسە و ئارەزوو [ترجمان الاشواق]”.
بەپێی بۆچوونی نیکۆڵسۆن (Ibn al-‘Arabī، 1978: 1) کە تەرجومان ئەلئەشواقی بۆ زمانی ئینگلیزی وەرگێڕاوە، سێ شێوەی جۆراوجۆری کتێبەکەی لە بەردەستدا بووە. لە یەکەمیاندا (ibid: 3-4) ئیبن عەرەبی ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە شیعرەکانی بۆ نیزام نووسیون:
هەرچۆنێک بێت، هەندێ بیری تاسە و ئارەزوو، کە ئەو بیرەوەرییە نایابانە دەبوونە هۆی پەیدابوونیان، کردمن بە شیعر بۆ ئەو، هەروەهایش هەست و سۆزی ڕۆحێکی تاسەباری ئارەزوودارانەم دەربڕیوە و دڵسۆزانەترین هۆگریم دەربڕیوە کە هەستی پێ دەکەم، بیری خۆم لە بازنەی ئەو ڕۆژانەدا و ئەو هەستانەدا کۆ کردووەتەوە کە هاودەمیم لەگەڵ ئەودا لایان خۆشەویست و بەنرخ کردووم.
بە دوای ئەم قسەیەدا ڕوونکردنەوەیەک دیکە دێت کە ناوەڕۆکی سۆفییانەی شیعرەکان جەخت دەکات، “لەم شیعرانەدا من هەمیشە کارکردی یەزدانی و درکاندنی ڕۆحانی و شوبهاندنی بەرز دەردەبڕم، بەپێی جوانترین شێواز کە ئێمە (ی سۆفی) بە کاری دەبەین” (ibid: 4). لە جۆری دواتردا، ڕوونکردنەوە دەخاتە سەر شیعرەکان و ئەوە دەگێڕێتەوە کە هەندێک ئایینناس سەرنجی ڕەخنەگرانەیان لەبارەیانەوە دەربڕیون.
بۆ ئەوەی ئەم قسە و باسە بگەیێنێتە ئەنجامێک، نیکۆڵسۆن (ibid: 7) ڕاستگۆیی و دڵسۆزیی ئیبن عەرەبی جەخت دەکات. ئەو پێی وایە کە هیچ هۆیەک نییە گومان لە ئیبن عەرەبی بکرێت کاتێک دەڵێت ویستوویەتی شیعرەکانی بە ڕۆحێکی سۆفییانە دابڕێژێت، ئەگەرچی لە ڕووی تەشک و فۆرمەوە ئارەزووبزوێن (عاشقانە)یش بن.
ئەو بەڵگەیەی پێشکەشی دەکات (سپ) و هەڵوێستی خۆی لەسەر بنیات دەنێت شتێکە کە هەموو خوێنەرانی شیعری ڕازدارانەی تەسەووف لەگەڵیدا ئاشنان، “خوێندکارانی شیعری ڕۆژهەڵاتی دەبێ جاروبار لە خۆیان بپرسن، ‘ئایا ئەمە شیعرێکی دڵدارییە کە لەژێر ناوی قەسیدەیەکی سۆفییانەدا خۆی شاردووەتەوە، یا قەسیدەیەکی سۆفییانەیە و بە زمانی عیشقێکی مرۆڤانە دەربڕدراوە؟’ هەروەهایش دەبێت پێی لێ بنێن کە نازانن کامیانە.
جێی سەرنجڕاکێشانە و. مۆنتگۆمری وات (1909-2006)، کە زانایەک بوو لە بواری لێکۆڵینەوەکانی عەرەبی و ئیسلامیدا، پەنا دەباتە بەر دەروونناسیی شیکارانە و لە تیۆرییەکانی کارڵ گوستاڤ یونگ (1875–1961)دا بە دوای کۆمەکدا دەگەڕێت تا شیعرە دڵدارییەکانی ئیبن عەرەبی لێک بداتەوە. وات (1969: 107) دەنووسێت:

گۆڕان و پێشکەوتنەکانی ئەم سەدەیەی دەروونناسیی شیکارانە، بە تایبەت لە کارەکانی کارڵ گوستاڤ یونگدا، هەموو زەحمەتییەکان ڕادەماڵن لە بەردەم ئەوەدا کە شیعرەکانی ئیبن ئەلعەرەبی بە وەسفی ژیانی ڕۆحانی ناو ببرێن و ڕێگەی تازە بکرێنەوە بۆ تێگەیشتن لێیان. ڕێگای تازەی لەم جۆرە تەواوکەری لێکدانەوەکانی ئەون، نەک جێگرەوەی تایبەت.

ئاتەش (EI2، III: 709) کە بەرهەمە سۆفییەکانی ئیبن عەرەبی لە لیستێکدا ڕێز دەکات بە تایبەت ئاماژە بۆ [ترجمان الاشواق] دەکات و بەڵگەیەکی ئاوەزکارانە پێشکەش دەکات سەبارەت بە مشتومڕ لەسەر ناوەڕۆکی شیعرەکان:

ئەو تێکستەی شیعرەکان کە ماون ٦١ شیعری دڵدارییان تێدان و لە پێشیانەوە دوو پێشەکی هەن کە بە تەواوی پێچەوانەی یەکدین: بەپێی یەکەمیان، شیعرەکان بۆ خۆشەویستیی نیزامی کچی مەکین ئەلدین نووسراون، بەڵام بەپێی دووەم پێشەکی، دەبێ بە شێوەکی سیمبۆڵێ و هێماکارانە لێک بدرێنەوە. وشەی دوایینی قسەلەسەرکردنەکە وای دەگێڕێتەوە کە بۆیە نووسراوە، چونکە شیعرەکان لە سووریا بوونەتە هۆی قسە و قسەڵۆک. ڕەنگە ڕاستییەکە ئەوە بێت کە شیعرەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە: ئەوانەی کە ساڵانی ٥٩٨/١٢٠١-٢ بۆ نیزام نووسراون، وێڕای پێشەکیی یەکەم، ئەوانی دیکەیش ئەو کاتە نووسراون کە تەمەنی ئیبن عەرەبی دەوروبەری ٥٠ ساڵان بوو، واتە ٦١٠/١٢١٣ (سەیری قەسیدەی ٣٢ بکە)، وێڕای پێشەکیی دووەم، هەردوو گرۆیەکانیش پێکەوە کۆکراونەتەوە کە شەرحەکە دەست پێ کراوە.

ئیبن عەرەبی (ibid: 15) لەو پێشەکییەدا کە بۆ ئەو بەرگەی نووسیوە، باسی ئەوە دەکات کە لە کەعبە چاوی کەوتووە بە کچێکی گەنجی یۆنانی (ئەو دەڵێ جارییە) ناوی قوڕڕەت ئەلعەین (قرە العین) بووە. بە پەسەندکردنێکی گەورەوە باسی جوانی و زیرەکی و زمانپاراویی شیعر خوێندنەوەی ئەو کچە دەکات. ئەوەیش دەگێڕێتەوە کە تەنانەت دواتریش جارێکی تر چاوی پێ کەوتووە و پێوەندییەکی نزیکی لە تەکدا هەبووە (ئیبن عەرەبی وشەی: (عاشرتها) بە کار دەبات).
سەبارەت ژنەکانی، وا دەزانرێت (Hirtenstein، 1999: 182) کە یەکەم جار فاتیمەی کچی یوونسی کوڕی یووسوفی هێناوە و ژنی دووەمی ماری (یا مریەم) ڕێبوارێکی ڕۆحیی هاوسەفەری خۆی بووە. باوکی فاتیمە ئەمیر ئەلحەرەمەین (امیر الحرمین: حوکمداری مەککە و مەدینە) بووە. چیتتیک (2005: 6) و ئەلغوراب (1983: 22) پێیان وایە دوای مردنی مەجدەددین ئیسحاق (مجدالدین اسحاق)ی هاوڕێی، ئیبن عەرەبی بێوەژنەکەی ئەوی مارە کردووە و کوڕەکەیشی بە خێو کردووە. ئەم کوڕە، سەدرەددین قۆنەوی بوو “کە دواتر بوو بە جێگرەوەی ئیبن عەرەبی و موریدی هەرە کاریگەری وی” (Hirtenstein، 2005: 4258). ئاتەش (Ibid: 708) کە دژی ئەم زانیارییەیە، پێی وایە، “وا دیارە ئەو دەنگوباسەی کە دەڵێ بێوەژنی مەجد ئەلدین (مجدالدین)ی کۆنە هاوڕێی مارە کردووە، جێی گومانە”.