ئارام كۆشكی – سلێمانی
لە 10 ساڵی ڕابردوودا هەر کتێبێک سەبارەت بە خوێندنەوە و دونیا بەرینەکەی بەرچاوم کەوتبێت، دەستبەجێ کڕیومە و دەستم بە خوێندنەوەی کردووە. بەداخەوە زۆر کەمن ئەو کتێبانەی لە کتێبخانەی کوردییدا سەبارەت بە پرسی خوێندنەوە هەن و جێگەی بایەخ بن. چونکە بەشێکی زۆر لەو کتێبانەی سەبارەت بە “خوێندنەوە” نووسراون، نووسینی سۆزدارانە و پێداهەڵگوتنن بەشێوەیەکی سادە و بەبێ ئەوەی هیچ قووڵاییەکی دونیای خوێندنەوە کەشف بکەن. بۆیە لە ماوەی ڕابردوودا سێ کتێبم لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە بەمەبەستی بە کولتوورکردنی خوێندنەوە و بینینی خوێندنەوە لە دیدێکی دیکەوە و پیشاندانی قووڵاییەکانی پرۆسەی خوێندنەوە.
خوێندنەوە پرۆسەیەکی گرنگی ژیارییە و هەر کۆمەڵگەیەک لەم پرۆسەیە نزیک بێت، دەتوانین وەکو کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو لێی بڕوانین. دووربوون لە خوێندنەوە دابڕانە لە شارستانییەت و دوورکەوتنەوەیە لە پێشکەوتنەکان، خۆ ئەگەر بە پرۆسەی جۆراوجۆریش پێشکەوتن بۆ ئەو کۆمەڵگەیە هاوردە بکرێت ئەوا توانای ڕەگداکوتانی نابێت، یان کۆمەڵگەکە وەریناگرێت.
“خوێندنەوە؛ دەرد و دەرمان” ناونیشانی کتێبێکی مامۆستا “بەڕێز عەباس”ـە، کە کتێبێکە سەبارەت بە خوێندنەوە و کاریگەرییەکانی لەنێو کۆمەڵگە و بەتایبەتیش کۆمەڵگەی کوردی. کتێبەکە لە چوار بەش پێکهاتووە و نووسەر لە هەرچوار بەشەکەدا دەیەوێت لە ئەزموونی خۆیەوە و بە پشت بەستن بە کۆمەڵێک سەرچاوەی زۆر کتێبێکی ئینسایکلۆپیدیای سەبارەت بە خوێندنەوە بخاتەڕوو لە ئاریشەکانی بەردەم خوێندنەوەوە تا گەیشتن بە خوێنەرێکی مەوسوعی بدوێت.
خاڵێکی بەهێزی ئەم کتێبە ئەوەیە کە لێوانلێوە لە بۆچوونی گەورە نووسەران و زانایان و فەیلەسووفان سەبارەت بە خوێندنەوە و ئامانجەکانی و کاریگەرییەکانی خوێندنەوە و ئەو جیهانەی بۆ خوێنەری ئامادە دەکات. نووسەر بە وردەکارییەکی زۆرەوە بۆچوونی نووسەرانی جیاواز و لە سەرزەمینی جیاواز و لە هەموو لایەکی دونیاوەی هێناوە و خستوویەتییە دوتوێی کتێبەکەیەوە تا خزمەتی دۆزی خوێنەربوون بکات. نووسەر کە خۆی خوێنەرێکی جیدیی و مامۆستایەکی کارامەیە هەوڵی داوە لە هەر کتێبێکدا ڕستەیەک، یان پەرەگرافێک سەبارەت بە خوێندنەوە هەبێت بۆ خوێنەری بگوازێتەوە و دۆزەکەی پێ دەوڵەمەند بکات.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە بەر لەوەی ناونیشانی کتێبەکە ببێت بەم ناونیشانی ئێستا “خوێندنەوە؛ دەرد و دەرمان” چەند ناونیشانێکی دیکەی هەبووە، بەڵام دواجار لەسەر ئەم ناونیشانە ساغ بووەتەوە. بەڵام ئێمە دەپرسین ئایا خوێندنەوە هەڵگری دوالیزمی دەرد و دەرمانە؟ ئەگەر هەڵگری ئەم دوالیزمەیە چۆن خۆمان لە دەردەکە بپارێزین و تەنها ببینە هاوڕێی دەرمانەکە؟
بێگومان پرۆسەی خوێندنەوە تەنها پرۆسەیەکی سادە و ئاسان نییە، تا خوێنەر هەر کتێبێک هاتە بەردەستی بیخوێنێتەوە، بەڵکو چەندە گرنگە بخوێنینەوە دوو هێندە گرنگە چی دەخوێنینەوە؟ خوێندنەوە پرۆسەیەکە خوێنەر کات و وزەی تێدا سەرف دەکات، بۆیە گرنگە ئەو کات و وزەیە لە کتێبی بەسوود و بابەتی گرنگدا سەرف بکات. خوێندنەوە تەنها هونەرێک نییە دەستی بۆ بەرین و ببینە خوێنەر و ئیدی لافی خوێنەربوون لێ بدەین، بەڵکو گرنگە وشیارییەکمان سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەو کتێبانە هەبێت کە دەیخوێنینەوە و هاوکات وشیاریشمان سەبارەت بەوە هەبێت کە چ جۆرە کتێبێک خزمەت بە حەز و خەونەکانمان دەکات. خوێندنەوەی هەموو کتێبێک نابێتە “خوێندنەوەیەکی بەرهەمدار”، بەڵکو خوێندنەوە بەپێی حەز و خەونەکانمان دەبێتە خوێندنەوەیەکی بەرهەمدار و دەتوانین بۆ ژیانمان کەڵکی لێ وەربگرین. بۆیە ئەگەر خوێندنەوەیەک نەچووە خزمەتی حەز و خەونەکانمانەوە ئەوە تەنها کات بە فیڕۆدانە و دەبێتە دەرد، بەڵام ئەگەر خوێندنەوەیەک لە خزمەتی خەون و حەزەکانماندا بوو ئەوە دەبێتە دەرمان.
ئەم کتێبەی مامۆستا بەڕێز، سەرەتایەکی نوێ بۆ وشیارییەک سەبارەت بە پرۆسەی خوێندنەوە دادەمەزرێنێت، کە خوێنەر وشیار دەکاتەوە لەوەی چی بخوێنێتەوە و بۆ دەخوێنێتەوە و چۆن بخوێنێتەوە؟ دەستخۆشی بۆ مامۆستا بەڕێز و بەهیوای ئەوەی کە هەمیشە پڕ بەرهەم بێت.