تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدا تۆزقاڵێک ڕەنگی ژنێتییت هەڵنەگرتووە ، ڕووخسارت هەر لە کچە جوانەکەی ساڵانی حەفتایەکان دەچێت ، وا هەستدەکەم تازە پۆلی پێنجی سەرەتاییت ، جانتای دەستت بە شانتاوەیە ، ڕێگای قوتابخانەی دەبرییت ، پریەتیی لە کتێبی ئەلف و بێی خۆشەویستی ، بۆ ناو نیشانی شیعرێکی تازەم ، تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدایە ، لە بەرچاوما دێیت و دەرۆییت، وەکو جاران قژی درێژی زەردتت ، بە باڵاتا شۆر بۆتەوە بۆتە شەبەنگی خەمێکیتری هەمیشەییم ، وا هەستدەکەم تازە گەیشتیە قۆناغی ناوەندی ، هەر سێ پۆلی ناوەندی بە ڕێدەکەییت، دڵە عاشق و بەدمەستییەکەی خۆم بیست و چوار کاتژمێر، بەدواتا عەبدالە و کە شەوێکیش دادێت خەوی لە چاوی من ناکەوێت ، هەر تۆی لەیادەو هەر لە یادە ، بە یادی جاران تۆش بە خەیاڵی قووڵی عاشقانە زەردەخەنە لە لێوەکانت دەبارێت ، چاوێکم بۆ دەنووقێنییت ، منیش بە دواتا عەبداڵتم و هەر خۆشەویستەکەی جارانتم ، لە نێوان ڕێگای قوتابخانەو مالەکەتان پیاسە دەکەم ، هەرگیز هەست ناکەم تەمەن پیری هەنگاو دەنێت، وا هەستدەکەم تازە شاعیرێکی هەرزەکار و عاشقێکی شێتی تۆم ،بە وشە خەماوییەکانم وێنەی کچێێنییت بۆ مۆتیڤی دوایین کتێبەکەم ڕەسم دەکەم ، تەمەنت لە سەرووی پەنجا ساڵیدایە هەر وەک ئەوە وایە تازە گەیشتبییە خانەی مامۆستایان ، هەر لە خانەی مامۆستایانیش فێری عەشقێکی گەورەم دەکەییت ، منیش بە دواتا و وێڵ و شێت و شەیدای جوانییەکەت و ناوەکەتم، چاو دەگێرم تا هەموو ڕۆژێک بەر چاوی شێتانەی مندا دێیت و دەرۆییت .
پێش ئەوەی باس لە ژیانی تایبەتی خۆم بکەم ، لە ژێر کاریگەری عەشقێکی شیعرم نوسیووە ، لە ژیانمدا ئافرەتێکی مەزن لە تەک شیعرەکانم ژیاوە ، لە ئەدەبی کوردی و لە ئەدەبی گەلانی دنیاشدا دەیان چیرۆکی دڵتەزێن و چیرۆکی جوان ، سەربردەی دوو مرۆڤی جوان دەگێرنەوە ، لە پال خۆشەویستی هەر شاعیرێکدا چیرۆکی ئافرەتێک هەیە یا پێیگەیشتووە یا بۆ یەکتر نەبوونە ، بەڵام بۆتە ئیلهامبەخشیی دەیان شیعرو سەدان شیعری بێ ناونیشان ، گەورە شاعیری کورد حەزرەتی نالی شێتانە حەبیبەی خۆشویستووە ، مەولەوی شاعیر لە ژێر کاریگەری عەشقێکی گەورە حەبیبەی بە ئێمەی ناساند ، وەلی دێوانە تا قوڵایی شێتی شەمی خۆشویستوو ، شەمیش وەلی خۆشویست بۆ یەک نەبوون ، بەڵام دەیان شیعری شاکار بە قەد گەورەیی خۆشەویستی شەم شیعری بۆ نووسیی ، ع ح ب بەدرییەی خۆشویست لە دەیان شیعر باس لە خۆشەویستی بەدرییە دەکات ، جەمال شارباژێری ئافرەتێکی خۆشویستووە ناوی پەری بووە لە کۆشیعرەکەی بە ئاشکرا باس لە خۆشەویستی پەری دەکات ، هەردی شاعیر ست فاتیمەی نووسیی ، دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد ، کەدەلێین : هەردی شاعیر بە مانای ست فاتیمەیەک پر لە شاکارێک بۆتە گۆرانی سەر لێوی عاشقان ، محەمەدی حەمە باقی شاعیر خاتوو نەجیبەی خۆشویست ، بیرمە سەرەتای ساڵانی هەشتایەکان کۆشیعری ( ژوان ) ی چاپکرد ، ئەم کۆشیعرە دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد ، عەبدولوەهاب بەیاتی شاعیر ئافرەتێکی لە ژیانی خۆشویستووە ، ناوی عایشە بووە و شیعری بۆ عایشە نوسیووە ، نزار قەبانی شاعیر دەیان ئافرەتی خۆشویستووە ، بەڵام هیچیان وەکو عەشقی بەلقیس کاری تێنەکردووە ، بەلقیسی خێزانی ڕادەلەبەر خۆشویستووە ، ساڵی 1962 نزار لە فیستڤالێکی شیعری لە بەغدا شیعر دەخوێنێتەوە ، کاتێک بەلقیس دەبینێت عاشقی بەلقیس دەبێت ، کچێکی جوان دەبێت ، لە تەمەنی بیست ساڵی دەبێت و بە نیگای چاو عاشقی یەکتر دەبن ، دوای تکایەکی زۆر ئەمەش چیرۆکی خۆی هەیە هەتا باوکی بەلقیس رازی دەبێت و ساڵی 1969 هاوسەرگیری دەکەن ساڵی 1981لە تەقینەوەیەکدا لە سەفارەتی عێراقدا بەلقیس فەرمانبەر دەبێت ، بەلقیس دەکوژرێت ، نزار قەسیدەیەکی بۆ دەنووسێت لە ژێر ناونیشانی قەسیدەی بەلقیس دەنگدانەوەیەکی گەورەی نایەوە بە شەوقەوە ئەم شیعرە ناوبانگیی خۆی نایەوە .
( سوپاستان دەکەم ، سوپاستان دەکەم ، خۆشەویستەکەی من کوژرا / ئێستا هەمووتان دەتوانن / پێکێ بادەی خۆتان هەڵدەن / لە سەر گۆڕی ئەو شەهیدە / قەسیدەکەم تیرۆر کرا / نەتەوە هەیە لە سەر زەوی / بێ لە ئێمە دەستی بچێتە خوێنی خوێنی قەسیدە / بەلقیس جوانترین شاژنی مێژووی بابل بوو / بەلقیس بەرزترین دارخورمای خاکی عێراق بوو / کاتێ بە ڕێدا دەرۆیی / تاووس یاوەری دەکرد / ئاسک بە دوایا شوێن پێی هەلئەگرت / بەلقیس / ئەی ژانە سەختەکەم / ئەی ژانی سەختی قەسیدە / کاتێ پەنجەی بەر ئەکەوێ چیتر گوڵە گەنم ئەروێ )
ئەم قەسیدەیە بە یەکێ لە شاکارە جوانەکانی نزار ناودەبردرێت ، ئەحمەد شاملووی شاعیر ڕادەلەبەر ئایدای خۆشویستووە شیعری بۆ ئایدای نوسیووە ، گەورە شاعیری فەرەنسا ئاراگۆن تا ئەو رۆژەی مردیش هەر ئیلزای خۆشویستووە ، دیوانە شیعرێکی بۆ نوسیووە ناوی لێنا ( شێتی ئیلزا ) جان پۆڵ سارتەر تا ئەو ڕۆژەی مرد خۆشەویستییەکی نەهێنیی لە گەل لینازونیا هەبوو ، چەندین شیعری بۆ نوسیووە ، پۆل ئێلوار گاڵای خۆشدەویست لە شیعرێکدا دەلێت : ( جگە لە گاڵا کەسیی دیکەم خۆشنەویستووە / نکوڵی لەسەرجەم ئافرەتان دەکەم / بۆتی دووپاتدەکەمەوە / لە دنیادا جگە لە گاڵا کەسی دیکەم نەدۆزیتەوە / گاڵا ئارەزووییەکی کەمم لە ژیان پێدەبەخشێت / ئارەزووییەکی زۆریش بۆ مەرگ )
ئەمانە تەنیا چەند ناوێک بوو لە شاعیران ئەوانەی لە ژێر کاریگەری خۆشەویستی ئافرەتێکدا شیعریان نوسیووە ، ئافرەت ئیلهابەخشیی شیعری شاعیران بووە ، لێتانی ناشارمەوە منیش لە ژێر کاریگەری ئافرەتێکی مەزن نیو سەدەم بە رێکرد لە ژێر کاریگەری ئەم ئافرەتە مەزنە شیعرم نوسیووە ، ئەو کاتانەی پیاسەیەک بە گەڕەکی منداڵیی و هەرزەکارییم و ڕۆژانی ڕابردوو دەکەم گاڵایەکی دیکە خۆی وێنە دەکات ، لە جێژوانەکانی سەدان یادگاری تاڵ و شیرینمان جێهشتووە ، بیرمە یەکەم شیعرم لە چاو ترووکانێکدا بۆ نووسیی ، ئەگەر هەلەم نەکردبێت ساڵی 1978 بوو ناردم بۆ گۆڤاری بەیان لە پۆستەی خوێنەران چەند دێرێکیان بڵاوکردەوە ( ئای خودایە / چ جوانێکە / چ سیحرێکە / گەلێک کچی جوانم دیووە / هەرگیز وەک تۆم نەدیووە )
هەموو کات کات وتوومە : باشترین ڕەخنەگر بۆ شیعرەکانی خۆم خۆمم ، هەر خۆم دەزانم چیم نوسیووە و شیعرم بۆ کێ نوسیووە ، دانیپیادەنێم لە هەموو ژیانم ئافرەتێکم خۆشویستووە و هەر بۆ ئەو ئافرەتەش شیعرم خۆشویستووە ، خۆشەویستییەکی بێگەرد لە نێوانمان هەبوو ، خۆشەویستییەک پر لە یادگاری جوان و تاڵ و شیرین ، ئەو شیعرانەی لە رۆژنامەو گۆڤارەکان بڵاومکردۆتەوە هەر بۆنی پیرۆزی خۆشەویستی ئەو خاتوونەی لێدێت ، کاتێک تووشیی نەخۆشیی دڵ بووم ، کەوتمە ژێر چاودێری پزیشکی تایبەت و دەرمانی تایبەت بە نەخۆشیی دڵ ، بیرم لە مردن کردەوە ، خەیاڵێک بردمی بۆ دنیایەکی دیکە وتم : ئەگەر خۆم فریای خۆم نەکەوم و ئەو شیعرانەی لە گۆڤارو رۆژنامەکان بڵاومکردۆتەوە ، کێ بەدوای شیعرەکانم دەگەرێت و خەمی چاپکردنی دەبێت ، ئەوە بوو بەدوای شیعرەکانی خۆما گەرام بەدوای ڵاپەرەی گۆڤارو رۆژنامەکان ، هەر خۆشم بووم بە تایپێستی شیعرەکانم و خۆشم هەڵەچنییم بۆ کرد ، ساڵی 2011 لە دوو توێی دیوانێکدا و بە 256 ڵاپەرەو لە ژێر ناونیشانی ( جانتای سەفەری ئەمجارەت پریەتیی لە گریان ) وەزارەتی رۆشنبیری ئەم دیوانەمی بۆ چاپکرد ، سەرتاپای شیعرەکان بۆ یەک ئافرەتە و پێشەکیشیم بۆ نوسیووە ، هەموو نەهێنیەکی خۆمم درکاندووە ، وەک خۆم ئافرەتم زۆر خۆشدەوێت و لەناو چاوی پیرۆزی هەموو دنیاش تەنیا ئافرەتێکم خۆشویستووە ، ئەمە هەقیقەتەو مێژوو پیرۆزی عەشق ڕۆژێک دادێت ئەم هەقیقەتە دەدرکێنێت ، لە هەموو ژیانم بە خەیاڵ نەژیاوم و تەنانەت یەک دێرە شیعریشم خەیاڵ نیین ، سوپاس بۆ برادەرەکانم بە شاعیری ئەڤینداران و شاعیرە عاشقەکە ناوم دەهێنن ، تا مردنیش دەبێت سوپاسیی ئەو ئافرەتە مەزنەش بکەم خۆم بە قەرزاری دەزانم ، ئەگەر چیرۆکی شێتانەی ئەو نەبوایە یەک دێری شیعری ئەڤیندارانەم پێنەدەنووسرا ، لە شیعری ( خەونە پەمەییەکانی دوێنێ و ئەمرۆ و سبەینێم ) دەلێم :
( جانتای دەستم هەر لە ئەتلەسیی دڵم دەچێت / پریەتیی لە خەونی جوان و نەخشەی وڵاتی عاشقان و نیشتیمانی ژوانان / سەدان پایتەخت و شارو شارۆچکەو گوندو گەڕەکی عاشقانی لە ئامێز گرتووە / کە عاشق و مەعشووقێک بەیەک ناگەن منیش لەوێندەر باڵا پۆشدەبم / لە وشە قەترانییەکان و ڕەشتر لە جلی دایکە شەهیدەکان / لەهەر هەموویان خەمبارتر دەبم / جانتای دەستم هەر لە جانتای دەستی موسافیرەکان دەچێت / پریەتیی لە شەقامی گوڵفرۆشان و سەمای لە نجەی عاشقان و کتێبی مێژووسەکانی پادشای عەشق / جانتای دەستم پریەتیی لە نامەی عاشقانەو چەند شیعرێکی ڕۆمانسیی عاشق بە ژن / جگە لە قەلەمێکی سۆفتی ڕەنگ شین و چەند ڵاپەرەیەکی هەپروون بە هەپروون هیچیتری لێناخوێندرێتەوە / هەر لە دوکانی عەتارەکان و گوڵفرۆشەکان دەچێت و عاشقەکان بەدوای وێلن )