کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوەندی قەزای بازیان ناوەندی ڕۆشنبیری و کولتووری بازیان کرایەوە، پاش ئەوەی ساڵانێکە جگە لە کتێبخانەیەکی گشتی هیچ ناوەند و سەنتەرێك لە قەزای بازیان نەبووە کە ڕۆشنبیران و گەنجانی ناوچەکە سەردانی بکەن و کاتی خۆیانی تێدا بەسەر ببەن و چالاکی هەمەجۆری تێدا ئەنجام بدرێت.
ئەم ناوەندە لەلایەن هەرێم مەجید لێپرسراوی دیجیتاڵ میدیای بازیان پرێس کە میدیایەکی سەربەخۆیە و زیاتر گرنگی بە هەواڵ و چالاکییەکانی قەزای بازیان و دەورووبەری و ڕۆشنبیری گشتی دەدات بە هاوکاری چەند گەنج و ڕۆشنبیرێکی دیکەی بازیان دامەزراوە، دەبێتە تاکە ناوەندی سەربەخۆی ڕۆشنبیری لەسەر ئاستی قەزاکە کە لە پێنج شارۆچکە و نزیکەی حەفتا هەزار دانیشتووان پێکدێت.
بە وتەی هەرێم مەجید: مەبەست لە کردنەوەی ئەم ناوەندە کۆکردنەوەی ڕۆشنبیران و گەنجانی سنوورف٢ەکەیە بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەشی ڕوناکبیری و چالاکی هەمەجۆر، ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار لە بوارە جیاوازەکان، کردنەوەی خوولی جۆراوجۆر لە زۆربەی بوارەکان، دەرکردنی گۆڤارێك کە گرنگی بدات بە مێژوو، ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گشتی.
لە ناوەندەکەدا سەدان کتێب و سەرچاوە هەیە کە سەردانیکەران دەتوانن بە خۆڕایی سوودیان لێ وەربگرن، هەروەها شوێنێکی ئارامە بۆ خوێنەران و توێژەران تاکوو بتوانن لە کەشێکی هێمندا بخوێننەوە و بنووسن و خوێندکاران لەوێ بە وانەکانیاندا بچنەوە.
هەرێم مەجید دەڵێت: ویستم شوێنێکی جیاواز دروستبکەم کە نەك هەر ناوەندێکی ڕۆشنبیری بێت بەڵکوو جێگایەکیش بێت بۆ ئەوەی خێزانەکان بتوانن سەردانی بکەن، چوونکە بەشی کافێی هەیە و چەندەها جۆری جیاوازی قاوە و شیرینی پێشکەشدەکات، لەهەمانکاتدا جیاوازە لە هەموو کافێ و کافتریاکانی دیکە چوونکە هیچ جۆرە یاریەکی تێدا ئەنجام نادرێت و نێرگەلەی تێدا ناکێشرێت، بۆیە شوێنێکی گونجاوە بۆ ئەو کەسانەی نایانەوێت بچنە کافێ گشتییەکان.
لە کاتژمێر نۆی بەیانی بۆ دەی شەو ئەم ناوەندە کراوەیە و بە شێوەیەکی کولتووری و کوردەواری جوان ڕازێندراوەتەوە و ڕێگە دەدرێت لەکاتی گونجاودا بۆنەی تایبەتی و گشتی تێدا ئەنجامبدرێت، وەك بۆنە خێزانییەکان و مەراسیمی کۆبوونەوەی کۆمەڵایەتی، هەروەها بۆنەی ڕوناکبیری و یادە ئاینیی و نیشتمانییەکان.
ئۆفیسی دیجیتاڵ میدیای بازیان پرێس لەم ناوەندەدایە کە دانیشتووانی بازیان و شوێنانی دیکە دەتوانن سەردانی بکەن و داواکارییەکانی خۆیان بگەیەنن بە لایەنی پەیوەندیدار، هەروەها ڕاگەیاندنەکانی دیکە دەتوانن لەڕێی ئەم ئۆفیسەوە دەستیان بگات بە هەواڵ و زانیارییەکانی قەزای بازیان.