سەفەر بــــــۆ کوردستان

دیــــاکۆ هـــــاشمی
هەولێر، گەوهەری کوردستان
هەموو سەفەرەکەم لە ستۆکهۆڵمەوە بۆ هەولێری پایتەخت، بە هاتن و چوونمەوە یەک هەفتە بوو. ئەویش بەردەوام خەریکی سەردان و چاوپێکەوتنی خۆشەویستان و دڵسۆزانی زمان بووین.
هەولێری دێرین
فریا نەکەوتم تێر بە دڵی خۆم هەولێر بگەڕێم و هەموو شوێنێکی ببینم. ئەگەر ماوەیەک زیاتر لەوێ بمایەمەوە، ڕەنگە وەسفی هەولێرەکەم زۆر زیاتر بوایە، چونکە لە دڵی مندا، هەولێر، گوڵزاری مێژوو و شارستانییەتە، گەوهەرێکە لە دڵی کوردستاندا دەدرەوشێتەوە. چرایەکی گەشاوەیە لە شەقامی درێژی مێژوودا، پایتەختی دڵان و لانەی ئاواتەکانە. ئەم شارە کۆنە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ شەش هەزار ساڵ پێش لە زایین، یەکێکە لە کۆنترین شارە بەردەوامەکانی جیهان، بە درێژاییی مێژوودا، شایەتحاڵی گەلێک ئیمپراتۆری و شارستانییەت بووە.
قەڵای هەولێر
هەر لە دوورەوە کە دەڕوانیت، قەڵای مێژووییی هەولێر وەک تاجێک لەسەر سەری هەولێر دەبینرێت. ئەم قەڵایە کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن یونیسکۆوە وەک میراتی جیهانی تۆمار کراوە، تەپۆڵکەیەکی مێژوویییە کە هەزاران ساڵ ژیان و شارستانییەتی لەسەر هەڵگرتووە. بەرزایییەکەی بەسەر شاردا باڵی کێشاوە، وەک ئەوەی سەرجەم ڕۆڵەکانی خۆی بپارێزێت.
کاتێک لە کۆڵانە تەنگ و پڕ لە یادگارییەکانی قەڵادا دەگەڕێیت، هەست دەکەیت گەشتی زەمان دەکەیت، بۆن و ڕەنگی ژیان لە هەموو گۆشەیەکیەوە دەڕژێت. لێرەدا، هەر هەنگاوێک بەسەر بەردەفەرشی کۆڵانەکاندا بنێیت، وەک ئەوەیە بەسەر دەنگی مێژوودا بڕۆیت.
ئای لەژێر ئاڵا بەرزە شەکاوەکەی کوردستان لەناو قەڵادا، مرۆڤ چەندە هەست بە بچووکی دەکات.
بازاڕی قەیسەری
بازاڕی قەیسەری، دڵی هەولێر، جێگەی تێکەڵبوونی ڕەنگ و دەنگ و بۆنەکانە. کۆڵانە تەسکەکانی بازاڕ، وێنەیەکی زیندووی کەلتوور و بازرگانیی کوردییە. هەموو جۆرە کاڵایەکی تێدا دەست دەکەوێت، لە بەرهەمی دەستیی کوردی تا کاڵای هاوردەکراو. ئەم شوێنە نەک تەنیا جێگەی کڕین و فرۆشتنە، بەڵکوو مۆزەخانەیەکی زیندووی کەلتووریی کوردستانیشە.
شەقامەکانی هەولێر
شەقامە پان و بەرینەکانی هەولێر، ڕێڕەوی ژیانن، هەر ئاراستەیەکیان سێ ڕێڕەویان هەیە، وەک خوێن لە دەمارەکانی جەستەی شاردا دەگەڕێن و وزە دەبەخشن. شەقامە بازنەیییەکان، وەک ئەستێرەی گەردوون، بە دەوری شاردا دەسووڕێنەوە و هەموو گەڕەکەکان بەیەکەوە گرێ دەدەن. لەنێو ئەو شەقامە درێژانەدا، شەقامێک هەیە بە ناوی شەقامی پێشەوا قازی موحەممەد، ئەو ناودارەی کە لە ڕۆژهەڵات، لە ترسی حکوومەت، ناو هێنانەکەی بڤەیە، بەڵام لێرە، لە هەولێر، ڕێزی لێ دەگیرێت و ناوی لە دڵەکاندا نەخشاوە.
پارکەکان
پارکەکانی هەولێر، وەک باوەشێکی گەرم دێنە پێشوازیت، سەوزایی و گوڵ و درەخت، دیمەنێکی دڵڕفێن دەبەخشن. پارکی سامی عەبدولڕەحمان، پارکی شار، پارکی مینارە و چەندان پارکی تر، نموونەیان لە زۆر پایتەختی تردا دەگمەنە، وەک ئەوەی بەشێک بن لە بەهەشت و هێنرابنە سەر زەوی.
هەولێر پەرە دەستێنێت
لە سەردەمی نوێدا، هەولێر وەک دەریایەکی فراوان، ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر تەشەنە دەکات و سنوورەکانی بەرەو ئاسۆ دەبات، تا ئەو ڕادەیەی کە خەونەکان لەگەڵ شنەی شەقڵاوە تێکەڵ دەبن. شەقامە فراوانەکان و باڵەخانە بەرزەکان، سیمایەکی مۆدێرنیان بە شارەکە بەخشیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەولێر هێشتا ڕەسەنایەتی و کولتووری خۆی پاراستووە. چەندان ناوەندی بازرگانی، هوتێلی نێودەوڵەتی، شوێنی گەشتیاری و کۆمەڵگای نوێی تێدا دروست کراوە.
خەڵکی هەولێر
خەڵکی هەولێر، گوڵچینی ڕەوشتبەرزی و میواندارین. دڵسۆزی و دەستپاکییان، وەک تاجی زێڕین، لەسەر سەریان دەدرەوشێتەوە. بە ڕوویەکی خۆشەوە پێشوازیت لێ دەکەن و هەموو یارمەتییەکت دەدەن. دزی و فێڵ لێرە نامۆن، ڕێز و حورمەت،
بەردی بناغەی کۆمەڵگەن. هەر کەسێک ڕووی تێ بکات، بە سینگفراوانی پێشوازیی لێ دەکەن و
ماڵیان بۆ دەکەنە ڕایەخ.
ڕستوورانەکانی هەولێر
ڕستوورانەکانی هەولێر، جیهانێکی ڕەنگاوڕەنگن لە چێژ و تام. خواردنە خۆشەکانی هەولێر، بەتام و چێژی تایبەتیی خۆیان، وەک بەشێک لە کولتووری دەوڵەمەندی شارەکە، ئەزموونێکی بێوێنەت پێ دەبەخشن. سادەترین کەبابیش کە داوا بکەیت، مێزەکەت بە چەندان جۆر خواردن دەڕازێننەوە، وەک ئەوەی خوانێکی پاشایەتیت بۆ ڕێک بخەن. ڕستوورانە گەورە و پڕ زەوقەکانیشی، بە جوانی و ڕازاوەیییان، ناویان لە ئاستی جیهاندا دەدرەوشێتەوە.
پەناگە
هەولێر بووەتە پەناگە بۆ هەموو ئەوانەی لە ترسی گیانیان هەڵاتوون. باوەشی گەرمی بۆ عەرەب و نەتەوەکانی دیکەش کردووەتەوە، بووەتە جێگەی هیوا و ژیانێکی نوێ. دەوروبەری سروشتی، چیاکان و دەشت و بەرزایییەکانی کوردستان کە هەولێریان لە ئامێز گرتووە، کەشێکی دڵڕفێن و وێنەیەکی بەرچاو پێک دەهێنن.
هەولێر شاری هیوا و ئاوات
هەولێر، چیرۆکێکی بێکۆتایییە، هەمیشە لە گەشەسەندن و نوێبوونەوەدایە. شارێک کە مێژوو و مۆدێرنیتەی تێکەڵ بەیەک بوون، تاپۆی کوردستانی و شانازیی هەموو کوردێکە. هەولێر تەنها شارێک نییە، بەڵکوو ئەزموونێکە، هەستێکە، یادگارییەکە تا هەتا هەتایە لەگەڵت دەمێنێتەوە. هەولێر تەنیا پایتەخت نییە، بەڵکوو هێمای هیوا و ئاواتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە.