ژەهرەمار خان

خوسرەو جاف
ئازادی بە ھەموو جۆرێکەوە تێکەڵەیەکی ئەفسانەئامێزە مایەی بەردەوامی رەگەزی بەشەریەتە جگە لە خەوتن و خۆراک ئۆکسجین ھەڵمژینە ڕەنگە گرینگترین نیازی مرۆڤی ئاگا و ھەتاوەکو گێلیش بێت، لە مێژووی بەشەریەتا تا بە ئەمڕۆ ڕەنگە ملیۆنەھا مرۆڤی سەر زەوی بە تەواوی رەگەزەکانیەوە زەرد، سپی، رەش سوور، خۆیان بە کوشت دابێت و تازە لایان وابووە شەھیدی ڕێگایەکی پیرۆزن بە ناوی ئازادی.
لە سەرەتای مرۆڤەوە ئەم ململانێ خوێناوییە بەردەوامە تا بە ئێستای ئێمەش. سەیرەکە لەوەدایە بڕێك لە جۆری ئازادی پەیوەندە لەگەڵ دەوروبەر و خەڵکی دوورونزیکدا؛ وەک وتراوە ئازادیی من له‌وێڕا تەواو دەبێ ئازادیی یەکێکی تر دەست پێ دەکات. تۆ لە خۆمان گەڕێ (ئێمەی کورد) بینیمان درێژەی ئەو ٢٥٠٠ ساڵە ئازادیمان پاشێل دەکرێ نەمانتوانیوە سنوورێک بۆ ئەو تراژیدیە خوێناویەی دانێین؛ من لێرەوە باسم لە کابرایەکە بە ناوی (ژەهرەمار خان) ئەگینا ھەر لەسەر وشەی ئازادی ڕەنگە بتوانم پێنج بەرگ کتاوی لەسەر بنووسم. با ئەوە روون کەینەوە ئازادی حەجم و قەبارەیەکی دیاریکراوی بۆ دانەنراوە؛ تا بە ئەمڕۆ نەتوانراوە کراسێکی بە قەبارەی ئەو بۆ بدورن، یان ھەر نەبێت چوار تەنیشتی بۆ دابین بکەن. ئازادیی رەھاش مەوجوود نییە، گرفتەکە لەوەدایە بۆنی ئازادی، قەبارەی ئازادی، شێوە و شەمایلی ئازادی و سنووری ئازادی تەرخان نەکراوە، چونکە مرۆڤەکان جیاوازن، ژینگەکان جیاوازن، ئایینەکان جیاوازن؛ سەرئەنجام لە ھەمووی گرینگتر فەرھەنگەکان جیاوازن. دێمە سەر ئازادیی تاک، تاکی گەلانیش داخوازی و نیاز و ئارەزوومان جیاوازە؛ وەزیرێکی کورد ئاواتەخوازی تەیارەلێخوڕین نیە؛ یان کابرایەکی بازاڕی، ناو شێخەڵا ئاواتەخوازی ئەوەبێ لە شەقامی شانزەلزیدا دووکانی ھەبێت. ئازادی تێكەڵەیەكی ئەفسانەئامێزە، مایەی بەردەوامیی ڕەگەزی مرۆڤە، جگە لە خەوتن و خواردن ڕەنگە بە گرنگترین نیاز بدرێت لەقەڵەم، لە پێناویدا ملیۆنەها قوربانی دراوە و بەردەوامیش ملیۆنەها مرۆڤی ئەم سەردەمە بۆی دەكۆشێت، ڕۆژانە ملیۆنەها بەرگی مەرگی بۆ دەپۆشی و ئیدی ململانێكە بەردەوامە.
بەندە ئەوەی دەزانم ئازادیی من لەوێدا دەبڕێتەوە، كە ئازادیی تۆ دەست پێ دەكات، بەڵام ئەوەی ئاڵۆز و ئاشوفتە و پەریشانی كردووم هێشتا پانی و بەرینیی ئازادیی خۆم بۆ ڕوون نەبووەتەوە. نەمتوانیوە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا داینێم و ژمارەبەندی بكەم و بڵێم: ئەوە یەك، ئەوە دوو، ئەوەیش سەد!
تۆ و دەوڵەتیش لەم ڕووەوە ناتوانن و دەستەپاچەن و ئەو ژمارەگوزاریەتان پێ ناكرێت.
كەواتە ئازادی حەجم و قەبارەیەكی دیاریكراوی نییە، تا ئێستا نەتوانراوە بەرگ و كەوڵێكی پڕ بە پێستی بۆ بدورن و چوارتەنیشتی دیاری بكەن.
باشە ئەم هەستە سحرئامێزە، ئەم ئەكسیر و ئاوی حەیاتە، ئەم جادووە هەڵنەهێنراوە، نەزانراوە، بۆ وا بەخشندانە مرۆڤ لە پێناویدا خۆی بە كوشت دەدا؟
ئەوەیش زانراوە زۆر لە دەوڵەتانی جیهان پابەندی بڕێك یاسان و بەپێی هاوکێشەیەكی یاسایی، دەوڵەت و دەستەڵات دەبەن بەڕێەوە.
باشە ئەم تەلیسم و جادووە لە كوێدایە؟ وا لە ئەزەلەوە مرۆڤ بە دوایدا وێڵ و پەریشانە؟
ئایا ئەم تاموچێژە هی خوانێكی خوداییە؟ یان هەستێكی خاوێنە و لە قووڵایی ئەندێشە و بیری هەر مرۆڤێكدا خۆی مەڵاس داوە، بەلای بڕێكەوە دەكەوێتە تەقەلا و بەلای بڕێكەوە بەستوویەتی؟
مرۆڤ وەك قەدوقەبارە جوانترین گیانلەبەری سەرزەوییە، “لقد خلقنا الانسان فی احسن تقویم”؛ لە فەلسەفەی یۆنانی و جوانناسیدا ددان بە ڕێكوپێكی و مەوزوونیی بەشەردا نراوە و باسێكی زۆریش لەو ڕووەوە نووسراوە.
ڕەنگە لە داهاتوودا لە زانستی جوانیی بدوێم، بەڵام ئەم بابەتە لەبارەی ئازادی و رەهەندەكانیەتی (ئەگەر رەهەند هەبێت).
بەندە لام وایە ڕازی ئازادی لە بوونی مرۆڤدایە. مرۆڤی ئازادیخواز، مرۆڤێكە پەسندی خودا و خەڵك و خاكە. ئەوە پابەندی “ڕەفتاری جوان، كرداری باش، گفتاری شیاوە.” خودای گەورە پەیامبەرەكانی زیاتر بۆ ئەو سێ بەندە هەناردووە.
بەندە لەو سێ بەندەیدا پەنجە دەخەمە سەر یەكەمیان، دیارە “كرداری باش و گفتاری شیاو” حەی عەلاسەلاتە و خەڵكە زۆرەكە بە بەرچاویەتی و دەیبینێ. ئەوی شاراوەیە و شایانی لێدوانە “ڕەفتارە”كە و مرۆڤی هەستیار و هۆشیار ئازار دەدات و ناتوانێت بێدەنگ و بێهەڵوێست بێت.
كابرایەك دێتە هۆڵێكەوە، ئەوە كۆڕە و خەڵكەكە دانیشتووە، بۆی بكرێت شەڕی ستانلینگراد دەكات بۆ ئەوەی لە ڕیزی پێشەوە دانیشێت.
ئەو جۆرە مامەڵەیە بووە بە دیاردەیەكی ناپەسندی كۆمەڵایەتی.
بەداخەوە بڕێك لە بەرپرسانی دەوڵەت و دەستەڵات هاندەری ئەو ڕەفتارەن.
كابرایەك ژمارەی موبایەلەكەی دەدا بە من و تۆ، لە بۆنەیەكدا تەلەفۆنێكی بۆ دەكەی، نە جارێك و نە دە، وەڵامت ناداتەوە، باشە خۆ من داوام لێ نەكردوویت تا ژمارەی خۆتم بدەیتێ بۆ خۆت ئەو كارتەت بە من داوە! دەوڵەمەندی سەر سەر، بەرپرسی سەر سەر، خوداپێداوی سەر سەر (خودا لێت بسێنێتەوە ئیشاڵا)، ئیدی بە چ هەقێك ڕەفتاری وام لەگەڵ دەكەیت؟
یان كابرا لای وایە ئاسمان كون بووە و ئەوی لێ هاتووەتە خوار، ئەوی لە دەوربەریدایە بەڵمە برنجە و خودا لەبەر ئەو دروستی كردووە، بە میكرۆسكۆپ بگەڕێی نووری محەمەد لە ڕوخساریدا بەدی ناكرێ، نە كەنینێك، نە بزەی سەر لێو، نە وتەیەك و نە چپەیەك.
ئاغا محەمەدخانی قەجەر لە گەنجیدا دژمنەکانی باوكی دەیگرن و دەیخەسێنن، هەر ئەو پیاوە خەساوە توانیی زنجیرەدەستەڵاتی قاجاڕی بەوجوود بهێنێت و زۆرتر لە سەدساڵ فەرمانڕەوایییان بەردەوام بێت.
توندوتیژیی ئەو شا خەساوە، داستانی زۆری لێ دەگێڕنەوە، یەكێك لەوانە خاڵۆیەكی هەبوو هیچ كەسێك نەیدیبوە پێبكەنێت، دەوروبەر ناویان لێ نابوو: “ژەهرەمار خان”
ئەوەندە عەبووس و دەموچاوگرژ بووە ڕوخساریان ناو ناوە بورجی ژەهرەمار!
ڕۆژێك شا بانگی دەكات و دەڵێت:
خاڵۆ پێبكەنە.. خاڵۆ پێناكەنی…
پێی دەڵێت: بە جقەی شاهیم قەسەم پێنەكەنی دەتكوڵێنم!
ژەهرەمار خان پێكەنینی نایەت.
شا فەرمان دەدا قازانێكی گەلێك گەورەی هەریسەی حسەینی، ئاوی تێ بكەن و بیكوڵێنن.
دەڵێت: خاڵۆ ئەو ئاوە كوڵاوەی دەبینی.. یا دەبێ پێبكەنی، یان ئاوەكوڵت دەكەم!
ژەهرەمار خان لە ژیانیدا كەس پێكەنینی بە ڕوخساریەوە نەدیبووە، لە وەڵامی شادا وتی: دەتوانی بمكوژی، بەڵام پێناكەنم.
شا فەرمانی دا ژەهرمار خان بخەنە ناو ئاوی كوڵاوەوە پێكەنین و پاڕانەوەیشی لێ نابیسرێت.. تا سەر ناوكی پێستی دادەماڵێ و شا دەنواڕێ ژەهرەمار خانی خاڵووی ئەوە خەریكە دەمرێ و پێناكەنێ، لە قازانی زنجیرە لە ملی كوڵاو وەدەری دێنێ و دەیدەن بەدەست حەكیمەوە.
خەڵكینە دوعایەك دەكەم دە بڵێن ئامین.
خودایا! ژمارەی شێوەی “ژەهرەمار خان” لە وڵاتەكەمدا كەم كەرەوە، ئەم میللەتە لەو ڕوخسارە ناحەزانە بپارێزە…