سروەی بەیان
كڵافەیەك ئاسۆی ڕوونە
بە وردە تیشكی زەردەپەڕەوە
دەسماڵی شایی و شینە
ڕادەهەژێ لە چوار لاوە
بەرسیلەی هێشووی ژانە
بە چەندین تامی خەمەوە
بنار و لوتکەی سەرکەشە
بە هەڵکشانی تەمەوە،
کۆڵەپشتی هزر و نوایە
بەسەر شانی مێژووەوە
چارۆکەی گوڵە نێرگزە
بە جوانی و کەسەرەوە
چەپکێ قاقا و بزەو خەندە
خورجێ قورس،
بە دەیان باوەڕ
وان بەسەر شانی
دار و نەدار
بێهۆش و هۆشمەند
پیرەمێرد و هەرزەکار
سەدان بێئاگای وەک بەنده.