ئارام كۆشكی – سلێمانی
هەر نەتەوەیەک ڕێز لە داهێنەر و زانا و نووسەرەکانی نەگرێت، نەتەوەیەکی مردووە. زیندوێتی هەر نەتەوەیەک پەیوەستە بەو وشیارییەی تاکەکانەوە کە داهێنەرەکان و زانا و نووسەرەکان بەجێگەی شانازی نەتەوەکەیان دەزانن. کورد لەو نەتەوانەیە کە ژمارەیەکی زۆر زانا و داهێنەر و نووسەری هەیە، بەڵام تا هەنووکەش وەکو پێویست ئاوڕ لە هەموویان نەدراوەتەوە و هێندەی سەنگی بەرهەمەکانیان ڕێزیان لێ نەگیراوە. بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە ناوە ناوە نووسەرێکی لەبیرکراو، یان داهێنەرێکی فەرامۆشکراو و ڕێزی لێ دەنرێت و بیری خوێنەران نووسەران دەهێنرێتەوە.
یەکێک لەو زانا و زمانناسە گرنگانەی کە نزیکەی نیو سەدە خزمەتی زمانی و ئەدەب و مێژووی کوردی کرد و گەلێک بەرهەمی بەپێز و ناوازەی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد (ئەوڕەحمانی حاجی مارف) بوو. ئەم زانا و زمانناسە، لەڕیزی ئەو خەمخۆرانەی زمانی کوردییە، کە بە عەشقێکی زۆرەوە لێکۆڵینەوەی لەبواری زمانەوانیدا دەکرد، ئەمە بێجگە لەوەی چەندین بەرهەمی ناوازەشی لە هەردوو بواری مێژوویی و ئەدەبیدا لە زمانی ڕووسیییەوە کردووە بە کوردی. واتە عەشقی ئەم زمانناسە تەنها لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە زمانناسییەکاندا کورت ناکرێتەوە، بەڵکو دەیوست پەنجەرەی دیکە بەڕووی زمان و ئەدەب و مێژووی کورددا بکاتەوە، تا لەوێوە وشیارییەکی نوێ سەر ڕێ بخات.
بایەخ و گرنگی هەر بەرهەمی نووسەران لەوەدایە، کە ئەو بەرهەمە تەنها بەرهەمی سەردەمێک و چەند دەیەیەک نەبێت، بەڵکو بەرهەمی هەموو سەردەمەکان بێت و نەوە لە دوای نەوە لێی سوودمەند بن. لەم نێوانەدا بەرهەمەکانی ئەوڕەحمانی حاجی مارف لەڕیزی ئەو بەرهەمانەدایە، کە دوای نزیکەی 20 ساڵ لە کۆچی دوایی هێشتا بە عەشقێکی زۆرەوە خوێنەران و فێرخوازان تامەزرۆی بەرهەمەکانین، هەر ئەمەش وایکردووە بەرهەمەکانی بە لەبیرنەکراوی بمێننەوە، بەڵام میدیا و ناوەندە زمانەوانییەکان بەتەواوی ئەم زمانناسە و بەرهەمەکانیان فەرامۆش کردووە و نە بە شێوازێکی نوێ و لە شێوەی کۆ بەرهەمدا سەرجەم بەرهەمەکانیان لەچاپ داوەتەوە و نە ئەو بەرهەمانەشیان بەچاپ گەیاندووە، کە مەرگ مەودای نەدا خۆی چاپبوونیان ببینێت. تەنها چەند بەرهەمێکی بەشێوەیەکی پەرتەوازە لەم چەند ساڵەی دواییدا چاپ و بڵاوکراونەتەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کە یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی لە شاری هەولێر بەناونیشانی “هەژار و زمان” بەڕێوەچوو و لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا خەڵاتی زێڕینی مام ھەژار پێشکەش بە (دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف) کرا لە پێناو خزمەتە زۆرەکەی بەرانبەر زمان و وێژەی کوردی. بێگومان ئەم خەڵاتە تەنها خەڵاتێکی ئاسایی نییە، بەڵکو خەڵاتێکە جۆرێک لە پێزانین و بیرخستنەوەی ئەو کارە گرنگ و سەنگینانەیە، کە ئەم نووسەر و زمانناسە پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کردووە، چونکە ئەو جگە لە بواری زمانناسی ئەو کۆمەڵێک بەرهەمی گرنگی لەبواری مێژووی کورددا بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە و هەروەها کۆمەڵێک شاکاری ئەدەبی ڕووسی بۆ یەکەمجار لەسەر دەستی ئەو بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون. واتە ئەم ڕێزلێنانە تەنها ڕێزلێنانێکی ئاسایی نووسەرێک نییە، بەڵکو ڕێزلێنانە لە زمانناس و وەرگێڕێکی سەنگین کە بە سەلیقەیەکی زۆرەوە ئەو بەرهەمانەی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە کە پێویستی کتێبخانەی کوردین.
ڕۆحی ئەم زمانناس و وەرگێڕە شاد و دەستخۆشیش بۆ بەخشینی ئەم خەڵاتە بەم خەمخۆرەی زمان و وشەی کوردی.