وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
مایكل کانەلی ـ Michael Connelly)ی نووسەری ئەمریكی (1956) كە لە ژانری تاوانكاری تا ئێستا نزیكەی 40 ڕۆمانی نووسیوە، زیاتر لە 89 میلیۆنیان لێ فرۆشراون. مایكل، نووسەری زنجیرە تەلەڤزیۆنییەكانی (بۆش و بۆش: میراتگر ـ Bosch and Bosch: Legacy) و (پارێزەر لینكۆڵن ـ The Lincoln Lawyer.)ـیشە. لەم گفتوگۆیەیدا، باسی ژوورتاریككردن و بە گالۆن چایخوارنەوە و چۆنیەتی داهێنانی هاری بۆش و میكی هالەر و نووسینی كتێبێك لە ساڵێكدا دەكات.
ـ تێدەگەم كە هەوادارێكی باشی (ڕایمۆند چاندلەر ـ Raymond Chandler)یت. كام كتێب پەسەندترینتە لات و بۆچی؟
کانەلی: (خوشكە بچووک ـ (The Little Sister، بۆ ماوەی (40) ساڵ كاریگەریی لەسەر داناوم، بەتایبەت بەشی (13)ی كتێبەكە. لەم بەشەدا (فیلیپ مارلۆ ـ Philip Marlowe) كە هەست بە نائومێدی دەكات لە ڕووداوەكانی ڕۆژ و كەیسەكەی، پیاسەیەك بە لۆسئەنجلێسدا دەكات. هەرچەندە ئەم بەشە زۆر پەیوەندی بە گەڵاڵەی چیرۆكەكەوە نییە، بەڵام هەموو شتێك پەیوەندی بە كاریگەریی بەرامبەر كارەكتەر و شوێنەوە هەیە. كتێبەكە لە 1949 بڵاو كراوەتەوە، بەڵام وەسفەكانی لۆسئەنجلێس هێشتا دروستن. ئەو، توانی ڕۆبچێتە نێواخنی لۆسئەنجلێس. پێش خوێندەوەی ئەم كتێبە، هەرگیز نەهاتبوومە لۆسئەنجلێس، بەڵام بە غەریز و هەستەكانمەوە تێدەگەیشتم كە چاك لە ناسنامەی شوێن و كارەكتەرەكان گەیشتووە و پەیوەستی كردووە بە كارەكتەری سەرەكی چیرۆكەكەیەوە. زۆر جوان بوو. چەندین ساڵان دواتر كە هاتمە لۆسئەنجلێس و دەستم بە نووسینی ڕۆمان كرد، بە پیرۆزییەوە بەشی (13)ـەم دووبارە خوێندەوە – تەنانەت ئێستاش و پێش دەستپێكردنی هەر ڕۆمانێك لەسەر لۆسئەنجلێس دەیخوێنمەوە.
ـ باسی دروستكردنی كارەكتەری دووبارەبوو بكە، بۆ نمونە (میكی هالەر ـ Mickey Haller) و (هاری بۆش ـ Harry Bosch). لە چ قۆناغێك هەست دەكەیت كارەكتەرێك هەیە دەتەوێت دووبارە بیگەڕێنیتەوە. پێش ناساندنی بۆ یەكەمجار، چەندە لە ناسینی دڵنیایت؟
کانەلی: كاتێك (هاری بۆش)ـم نووسی، یەكەم ڕۆمانم بوو. دەمەویست خەریكی بیرۆكەی نووسینی ڕۆمانی تاوانكاری بم، چونكە هیوادار بووم بڵاوكەرەوەكان تێبگەن كارەكتەرەكە دەتوانێت بەردەوامی پێ بدرێت، هەرچەند پێشتر هیچم نەدەزانی دەربارەی نووسین و بڵاوكردنەوە.
نزیكەی 7 بۆ 8 ساڵ پێش ئێستا، كتێبێكم دەنووسی دەربارەی پارێزەرێك لە لۆسئەنجلێس كە لە دواوەی لینكۆڵنێك كار دەكات. ئەمەش وەرگیراو بوو لە پارێزەرێكی ڕاستەقینە كە بەم شێوازە كاری دەكرد. سەرەتا پێم وابوو تەنها یەك كتێبە و تەواو. من خۆم زۆرجار لەسەر پۆلیس یان ڕۆژنامەنووسان دەنووسم – كەسانێك كە كۆمەڵگە چاوەڕوانی لێكۆڵینەوەیان لێ دەكات. بۆیە ئەم كتێبە وەك پشوویەك بوو بۆم لە نووسیندا ئەویش دەربارەی كەسێك لە بەشێكی تری گۆڕەپانەكەوە. بەڵام لە كاتی نووسیندا، لە ڕێگەی دەنگی كارەكتەرەوە – چونكە بە یەكەم كەسی ناڕاستەوخۆ نووسراوە – هەستم كرد دڵم بە قسەكانی خۆشە. بەزمەتاستێكی سەیرم لە سیستەمە یاساییەكەی بینی. كە دەستنووسەكەم تەواو دەكرد، بیرم كردەوە هێشتا لەگەڵ ئەم كارەكتەرە تەواو نەبوومە. لە دەستنووسەكانی دواتردا ناوەكەم گۆڕی بۆ ئەوەی پەیوەندی بە چیرۆكی (هاری بۆش)ـیشەوە هەبێت. پاشان بۆ بەستنەوەی بە زنجیرەی هاری بۆشەوە شتگەلێكم پێوەی زیاد كرد. ئەمەش وەك زنجیرەیەكی تەلەڤزیۆنی لێهات كە بووە یەكێك لە زنجیرە سەركەوتووەكان.
ـ دوای نووسینی یەكەم تریلەری یاسایی ـ پۆلیسیی (پارێزەر لینكۆڵن)، ڕوانگەتان گۆڕا؟
کانەلی: بەڵێ، بەتەواوی گۆڕا، چونكە من پارێزەر نیم. زۆرینەی نووسەرانی بەناوبانگی تریلەری یاسایی ـ پۆلیسی، پارێزەرن. كە لە تەمەنی دوانزە ساڵیش (كوشتنی باڵندەیی لاساییكەرەوە ـ To Kill a Mockingbird )م خوێندەوە، حەزم چووە سەر چیرۆكە یاسایی و پۆلیسییەكان، بەڵام هەمیشە پێم وابوو شایستەی ئەوە نیم. كاتێك ئەو پارێزەرەم ناسی كە لە دواوەی لینكۆڵنەكەی كاردەكات، و باسی ئەوەی كرد كە بۆچی پارێزەری بۆ ئەو باشترین شێوازی كاركردنە لە لۆسئەنجلێس – بیرۆكەكەم لەلا دروست بوو. پڕۆسەیەكی درێژی لێكۆڵینەوەم بڕی، چاوم بە پارێزەرانی زۆر كەوت. كتێبەكانی (پارێزەر لینكۆڵن) كاتی توێژینەوەی زۆریان پێدەچێت. نەك لەبەر ئەوەی كە من كەسێكی لێكۆڵەر نیم، نا. یاسا خۆی زۆر ئاڵۆزە، پرسێكی زەینی و توێدارە نەوەك عەینی و ڕوون و ئاشكرا. بۆیە پێویستی بەوەیە زیاتر لێكۆڵینەوەی لەسەر بكەم تاوەكو هەستێكی دڵنیایی و ڕاستەقینەیی پێ ببەخشم.
ـ (مایكل كۆنیلی) ڕۆمانی زۆری هەن. بۆ خوێنەرێكی نوێ كە بیهەوێت دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانەكانت بكات، پێشنیاری كام ڕۆمانت بۆ دەكەیت و بۆچی؟
کانەلی: باوەڕم وایە كە مرۆڤ لە هەر شتێك كە زیاتر بەدوایدا بچێت و بیكات، باشتر دەبێت تێیدا. هەست دەكەم ئێستا باشتر دەنووسم لەو كاتەی یەكەم ڕۆمانی (هاری بۆش)ـم بڵاو كردەوە. بۆیە نامەوێت كەسێك بنێرمەوە بۆ دەستپێك. پێم وایە (پاركی ئایكۆ ـ Echo Park) باشترین كتێبە بۆ ناسینی كارەكتەرەكان، كتێبێكی نوێیە، بەڵام ئەگەر حەزت لە ژانری یاسایی بێت، لە ڕۆمانی (پارێزەر لینكۆڵن) كارەكتەرێكی نوێ دەناسێنێت. بەڵام سەبارەت بە دواهەمین كتێبیشم (خواوەندانی تاوان ـ Gods of Guilt)، هەست دەكەم چیرۆكێكی كارەكتەرە ـ تەوەرە، بە پێچەوانەی چیرۆكێكی ئاسایی تاقیكردنەوەیی و یا یاسایی. بۆیە هەست دەكەم ئەمە باشترین كتێبی منە.
ـ ئایا كتێبێكت هەیە كە زۆر خۆشت بوێت؟
کانەلی: بەڵێ، وەڵامەكەم جیاوازە. (دوایین كایۆت ـ The Last Coyote) لەلام پەسەندترینە. ناڵێم باشترین كتێبمە، بەڵكو هیوادارم هێشتا باشترین كتێبم نەنووسیبێت، بەڵام ئەمە یەكەم كتێب بوو وەك نووسەرێكی تەواو كە نووسیم. هەستێكی نۆستالۆژیی تایبەتم بۆی هەیە. چیرۆكەكەی زۆر باش بوو، چونكە پێویست نەبوو وازی لێ بهێنم تا كاری ڕۆژنامەگەرییەكەم بكەم. سەرەنجی تەواوم لەسەری بوو و كاریگەری خۆشی هەبوو.
ـ باس لە ڕوتینی بەیانیت بكە لە كاتی نووسین؟
کانەلی: شێوازەكەم دەگۆڕدرێت بەپێی ئەو قۆناغەی لە نووسینی كتێبەكەدام. نووسین بۆ من گرنگە، بەتایبەت لەوەی كە بتوانم گوڕ و تینم هەبێت و بەردەوام بم. كاتێك ژمارەی وشەكانم سفرە، زۆر قورسترە لەوكاتەی (60) هەزار وشەم نووسیوە. بەرەبەیان، كاتژمێر 05:00 یان 05:30 لە خەو هەڵدەستم و دەست پێ دەكەم. سەرەتا ئەوەی ڕۆژی پێشوو نووسیومە، دەیخوێنمەوە و پێداچوونەوەی بۆ دەكەم، ئەمەش وزەیەكم دەداتێ بۆ دەستپێكی ڕۆژەكەم. كە هەتاو هەڵدێت، پشوویێك وەردەگرم و كچەكەم دەگەیێنمە قوتابخانە – هەرچەندە ئێستا ئەو دەستی بە شۆفێری كردووە، بۆیە پشووەكەم بووەتە نانی بەیانی و لەگەڵی نان دەخۆم. دواتر دەگەڕێمەوە سەر نووسینەكەم. ئەگەر سەرەتای كتێبەكە بێت، تەنها تا نیوەڕۆ دەنووسم، چونكە قورسە، بەڵام ئەگەر كۆتایی كتێبەكە بێت و ڕەوتەكە باش بێت، بەردەوام دەبم لە نووسین تاوەكو ماندوو دەبم یان بانگم دەكەن بۆ نانی ئێوارە.
ـ شتێكی تایبەت یان نائاسایی هەیە لە شوێنی كارەكەتدا؟
کانەلی: ژوورێكم هەیە كە پەردەكانی دادراونەتەوە، ژینگەیەكم دروست كردووە كە نازانیت كاتژمێر چەندە. نازانیت ڕووناكی هەیە یان نا. تەنها هەوڵ دەدەم هەموو شتێك لە ڕووناكی دوور خەمەوە و تەنها چاوم لە سەر شاشەی لاپتۆپەكەم بێت. لەسەر قەنەقە دادەنیشم و دەنووسم نەك لە پشت مێز.
ـ گرنگترین و تایبەتترین خوو كە هەتبێت لە پڕۆسەی نووسین، چییە؟
کانەلی: لەسەر خواردن، من حەزم لە چای ساردە. ڕاستەوخۆ دەیخۆمەوە. بڕاندی چایی جیاوازم هەیە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاكێشە ئەوەیە زۆر دەخۆمەوە. هێندە وردبینم كە چایەكی تایبەتم هەیە بۆ ڕێستۆرانت گونجاوە. لە ژوورەكەشمدا هەمە. هەفتەی جارێم یان دوو جار سێ گالۆن چای سارد دروست دەكەم و دەیخەمە ساردەكەرەوەكەم. بەردەوام چایم لەگەڵە – هەر ئێستاش چایەك لە نزیك خۆمەوەیە.
ـ ڕۆژانە بەلانی كەمەوە چەند دەخۆیتەوە؟
کانەلی: ڕۆژانە لانیكەم گالۆنێم چای دەخۆمەوە. هەندێكجار كافیین و هەندێكجار بێ كافیین دروستی دەكەم تا بتوانم بنوم.
ـ باس لە ڕۆتینی داڕشتنی بیرۆكەكانت بكە پێش دەستپێكردنی نووسین. ئایا پلانی وردت هەیە یان لێدەگەڕێی خۆیان بێن؟
کانەلی: هیچ شتێك بە پلان ناكەم. هیچی ناخەمە سەر كاغەز تەنها كتێبەكان خۆیان نەبن. هیچ پوختەیەك نانووسمەوە، تەنها لە مێشكمدا هەیە. بەردەوام یەك یا دوو بیرۆكەم لە مێشكدان كە پەرش و بڵاون. كاتێك پێت دەڵێم كتێبەكانی پارێزەری لینكۆڵن زیاتر كاتی توێژینەوەیان پێدەچێت، مانای ئەوە نییە كە نانووسم. من هەمیشە كە پڕۆژەیەك دەنووسم ئەوا لە هەمان كاتدا خەریكی توێژینەوەی پڕۆژەیەكی ترم.
ـ لە پەڕەی یەكەمی كتێبێك پێویستە چی هەبێت، بۆ ئەوەی خوێنەر بەردەوامی بە خوێندنەوەی كتێبەكەت بدات؟
کانەلی: پێم وایە دەبێت پەیوەندییەكی سۆزداری لەنێوان خوێنەر و كارەكتەری سەرەكیدا دروست بكرێت. شتێك دەبێت بوترێت یان بزانرێت كە خوێنەر پەیوەندی پێوە بكات و هاوسۆزی لەگەڵ كەسەكەدا پەیدا بكات كە بڕیارە پێكەوە بەردەوام بن.
ـ چ شتێك دەتخاتە پێكەنین؟
کانەلی: نامەكانی كچەكەم.
ـ هیچ باوەڕێكی خورافیت هەیە؟
کانەلی: یەك باوەڕی خورافیم هەیە لەسەر كات. جاران سەری كۆمپیوتەرەكەم دادەپۆشی بۆ ئەوەی كاتژمێر نەبینم. پێم خۆشە تەنها لەگەڵ وشەكاندا بم، بەبێ ئەوەی بزانم لە دنیادا چ ڕوودەدات.
ـ ئەگەر بتتوانیبایە كەسێكی كۆچكردوو بگەڕێنیتەوە بۆ ژیان، كێ دەبوو و بۆچی؟
کانەلی: بە دڵنیاییەوە باوكم دەگەڕاندەوە. ئەو هونەرمەندێكی نائومێد بوو، حەزی دەكرد ببێتە نیگاركێش و لە قوتابخانەیەكی بەناوبانگدا دەستی پێكرد بوو، بەڵام كاتێك یەكەم منداڵی بوو، پێویست بوو خەونەكانی بخاتە لاوە و بژیوی ژیان دابین بكات. كە هاتمە لای و گوتم دەمەوێت ببمە نووسەر، زۆر پاڵپشتی و هاوكاری كردم، بەڵام ساڵێك پێش بڵاوبوونەوەی یەكەم ڕۆمانم كۆچی دوایی كرد، بۆیە نەیتوانی بەرهەمی هەوڵەكانی ببینێتەوە!
ـ دەتەوێت چی لەسەر كێلە بەردی گڵكۆكەت بنووسرێت؟
کانەلی: هەر جارەی پرسیارت لێ دەكرێت، هەست دەكەیت هەمان پرسیارت لێ كراوە. بەڵام من پێم وایە هەرگیز ئەم پرسیارەم لێ نەكراوە! ڕستەیەكی هاری بۆش دەنووسم: “هەموو كەس گرنگە و كەس گرنگ نییە”. پەیامێكی باشە بۆ جیهان.