خدر ئیبراهیم خدر
لەگەڵ ئەوەی قوتابی لەڕووی تەمەنی فیزیکییەوە هێشتا لەسەرەتادایە و، هێشتا ناتوانێت لەڕووی کۆمەلایەتییەوە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی بسەلمێنێت. بەڵام، مادام ئەویش وەک بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی بەشێکی زیندوویە لە پێکهاتەی کۆمەڵگە و لەڕێگەی هەردوو ناوەندی (خێزان) و (قوتابخانە) وە، ڕایەڵەیەکی پتەو و بەردەوامی لەتەکیدا هەیە، کەواتە ئەویش بێبەش نییە لە نیازی فۆرمەڵەکردنی کەسێتییەکی تایبەت بەخۆی کە لەلایەک ببێتە ناسنامەیەک بۆ ناسینەوە و دەستنیشانکردنی لەناو خێزان و خوێندگە و کۆمەڵگەدا و لەلایەکی تریشەوە ئەو کەسێتییە، ببێتە پنتێک بۆ خۆسەلماندنی ئەو لەڕووی دەروونی و هزری و کۆمەڵایەتییەوە و لەمەشەوە باشتر و ئەکتیڤتر ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات کە بەرەوپێشچوونە لە بواری ئەقڵی و مەعریفی و زانستیدا.
بۆ ئەوەی قوتابی بتوانێت سەرەتاکانی کەسێتی مەعنەوی خۆی فۆرمەڵە بکات و ساڵ لەدوای ساڵیش گەشەی پێبدات و بەرزی بکاتەوە. نیازی بە چەند سەرچاوەیەکە کە لێیانەوە بتوانێت سەرمایەی کەسێتی خۆی وەدەست بخات. هەڵبەت بەشێکی پەیوەستە بەو ناوەندەی کە تیایدا بۆ یەکەمجار چاوی کردۆتەوە و ئەلف و بێی پەروەردەی وەرگرتووە، ئەویش (خێزان) ە. بەشێکی تریشی پەیوەستە بە خودی خوێندکار خۆی کە دەتوانێت بە مەیل و خواست و ویستی خۆی ئەو سەرمایەیە دەستەبەر بکات و بپارێزێت و لە ڕەوڕەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و خوێندنیدا سوودی لێوەبگرێت.
*
گرنگترین سەرمایەی کەسێتی کە قوتابی لە بنەڕەتەوە لە (خێزان) ەوە وەریدەگرێت و پێی ئاشنا دەبێت، بریتییە لە چلۆنایەتی ئەو پەروەردەیەی لە گفتار و ڕەفتار جوانیدا ڕەنگدەداتەوە و پێویستە لە ڕووانگەیەکی پۆزەتیڤ و بنیاتنەرانەوە بە خوێندکار ببەخشرێت و تا ئەوکاتەی ڕوو لە باخچەی ساوایان دەکات، یاخود پێ دەخاتە ناو گۆڕەپانی خوێندگاوە، بەردەوام لەو بەخشینە دانەبڕیت. ئەمەش نەخشەڕێگەیەکی شمولییە و سەرجەم ئەو بیر و ئایدیا و جیهانبینییە باڵایانە دەگرێتەوە کە لەڕووی مەعنەوی و بیری و جەستەییەوە، ڕەنگڕێژی کەسایەتییەکی پۆزەتیڤ دەکەن. لەوەشدا، دەکرێت سەرجەم ئەندامانی خێزان تیایدا بەشداربن و وەک رێنیوێنیکارێکی دڵسۆز و خەمخۆر، بەردەوام قوتابی کە هێشتا لە تەمەنێکی بەراییدایە، لەسەر پڕۆڤەی نواندنی گفتار و ڕەفتاری باش و پۆزەتیڤ ڕابهێنن. بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیەش باشتر بەڕێوەبچێت و ئەنجامی باشتری لێبکەوێتەوە، دەکرێت پرەنسیپی (پاداشت) لەبەرچاوبگیرێت کە بەگوێرەی دۆخ و هەڵوێستەکان، ئەنجام بدرێت . ئەو کردەی پاداشتکردنەش، هەمەجۆر و هەمەلایەنەیە، وەک پاداشکردن لەڕێگەی گفتارەوە، پاداشتکردن لەڕێگەی بەخشینی دیارییەوە، پاداشتکردن لەڕێگەی ئەنجامدانی گەشتی دڵخوازانەوە، پاداشتکردن لەڕێگەی دابینکردنی نیازە سەرەکییەکانی ژیانی ڕۆژانەوە،…. هەتاکو دووایی. کاتێک پرۆسەی پەروەردەکردنی منداڵ لە تەمەنە بەراییەکانی لە خێزاندا پۆزەتیڤ و بنیاتنەرانەبێت و، بە دڵسۆزی و میهرەبانی و خەمخۆریەوە بەڕێوەبچیت، ئەودەم کاراکتەرەکانی ناو کایەی پەروەردە و فێرکردن ئاسانتر و باشتر دەتوانن پەرە بەو پەروەردەییە بدەن و، قۆناغ لەدوای قۆناغی خوێندن، لە کەسێتی خوێندکاردا فۆرمەڵەی بکەن.
سەرمایەی دووەمی قوتابی کە لە خێزانەوە وەریدەگرێت، بریتییە لە فەراهەمکردن و دابینکردنی پێداویستییە ماددی و فیزیکی و بەرجەستەکان کە سەرجەم ئەو کەلوپەل و کەرەستانە دەگرێتەوە قوتابی هەم لەناو ژیانی زانستی ناو قوتابخانە و هەم لە ناو ژیانی کۆمەڵایەتی لەمیانی کەسانی دەوروبەریدا، نیازی پێی هەیە. لەهەمانکاتدا، دابینکردنی سەرچاوەیەکی ماددی و دارایی ڕۆژانە بۆی تاکو لەڕووی ئابوورییەوە، لەناو حەرەمی قوتابخانەدا، بەخودی خۆی توانای بەدەستهێنانی ئەو کەرەستە و خۆراکانەی هەبێت کە بۆی پێویستن، نەک ئەوەی پەنا بۆ ئەوانی تر ببات بۆی دابینبکەن، یاخود لەپێناو بەدەستهێننانی بڕە پارەیەکی دیریکراودا، ناچار بێت ڕێگەی هەڵە و نەخوازراو بگرێتەبەر. هەڵبەت، شتێکی بەڵگەنەویستە کە بەشێک لە پایەداری و شکۆی کەسێتی مرۆڤەکان لە ژیاندا پەیوەستە بە ئیکتیفاکردن بە خودی خۆی لە دابینکردنی نیاز و پێداویستییەکانیدا، بەپێچەوانەشەوە ڕاست دەردەچێت .
سەرباری ئەمانە، پێویستە خێزان وەک کوانووی یەکەمی پەروەردەی قوتابی و ناوەندی هەمیشەیی ژیانی وی، بە وردی ئاگاداری دۆخی دەروونی و جەستەیی منداڵەکەی بێت و بەدواداچوون بۆ کێشە و گرفت و نەخۆشی و نائارامییەکانی بکات و بەردەوام ئەوە بە گوێی مندالەکەیدا بدات کە پاڵپشتی هەوڵ و کۆسشەکانی ئەون لە ژیانی کۆمەڵایەتی و زانستیدا و هەرگیز لێی بێئاگانابن . ئەمەش دەبێتە سەرمایەیەکی گەورە بۆ قوتابی کاتێک درک بەوەبکات لە هەر هەلوێستێکی ناجۆردا کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، کەسوکارەکەی بەدەنگییەوە دێن و شان بەشانی دەستەی کارگێری خوێندنگە و مامۆستاکانی گوێی لێدەگرن و بەربەستەکانی بەردەمی وەلادەنێن تاکو لە هەنگاونان بەرەو داهاتوو بەردەوام بێت.
یەکێکی تر لە کارەکانی خێزان کە پێویستە وەک ئەرکێکی لەپێش ئەنجامی بدات لە پێناو پەروەردەکردنی منداڵەکەی بە ئاراستەیەکی خوازراودا، بریتییە لە بەداداچوون بۆ ئەو پەیوەندی و یەکتربینینەی منداڵەکەی لەڕووی هاوڕێیەتییەوە لەگەڵ ئەوانی تردا پەیڕەوی لێدەکات. لەهەمانکاتدا چاودێریکردنی ئەو دەزگا و ئامێرە تەکنۆلۆژیانەی وەک پێویستی سەردەم لەبەردەستی منداڵەکەیدان و دژوارە لە بەردەستی ئەو دووربخرێنەوە.
هەروەها، دەبێت خێزان بەتەواوی خۆی دووربگرێت لە سەکۆنەکردن و نواندنی توندوتیژی وتەیی و کرداری لەبەرامبەر منداڵەکەیدا، دەبێت دووربکەوێتەوە لە پێدانی ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆر بە منداڵەکەیی و، بەراوردکردنی بە ئەوانی دی لەڕووانگەی دەستنیشانکردنی کێماسی و خەوشەکانی بەدیوێکی نێگەتیڤدا و بێبەهاکردنی کەسایەتی وی لەبەردەم ئەوانی تردا. چونکە ئەمە لەڕووی دەروونییەوە زەبرێکی گەورە لە دۆخی مەعنەوی منداڵەکەی دەدات و، کەسێتییەکی لاواز و ترسنۆک و بێ توانای لێ درووست دەکات کە نەتوانێت بەگەشبینییەوە لە سبەینێی خۆی بروانێت و، پشت بە خۆی ببەستێت. چونکە لەسەرەتاوە بەهۆی مامەڵەی توندوتیژانەی کەسوکارییەوە، لەڕووی دەروونییەوە تێکشکێنراوە.
*
سەبارەت بە خودی قوتابیش، ئەوەی کە پەیوەستە بە خواست و ویستی ئەوەوە و پێویستە ئەنجامی بدات لەپێناو لە هێشتنەوە و پارێزگاریکردن لەو سەرمایەیەی کە خێزانەکەی لە تەمەنێکی بەراییەوە لەڕووی فۆرمەڵەکردنی کەسێتییەوە پێیبەخشیوە و بەهێزکردن و بەرزکردنەوەیدا لە ڕەوڕەوەی تەمەنی فیزیکی و قۆناغەکانی خوێندنیدا، دەکرێت لەچەند خاڵیکی گرنگدا کۆبکرێتەوە کە وەک چەند پرەنسیپێکی کاریگەر ڕۆڵ دەبینن لە پارێزگاریکردن و زیاترکردنی سەرمایەی کەسێتی ئەودا و پێویستە قوتابی بە خودی خۆی بە ڕژدی کاریان لەسەر بکات و بە نییەت و ویستێکی راستەقینەی پابەند بە پاڵپشتی خودایی و خێزانی و ناوەندە ئیمانی و پەروەردەییەکان هەم لە چوارچیوەی ژینگەی کۆمەڵایەتی و هەم لە چوارچیوەی ژینگەی خوێندندا بەردەوامیان پێبدات. لێرەدا هەوڵدەدەین ئاماژە بۆ گرنگترین ئەو پرەنسیپانە بکەین:
١. هەبوونی باوەڕێکی ڕاستەقینە بەخودا وەک بەدیهێنەری سەرجەم مرۆڤ و گیانەوەر و ڕووەک و تێكرای بوون و درککردن بەو ڕاستییەی کە خودا لەهەر کات و شوێنێکدا چاودێرە بەسەر گفتار و کردارەکانی مرۆڤەوە و چەندە مرۆڤ پەیوەست بێت بە فەرمان و ڕێساکانی خوداوە، ئەوەندەش زیاتر سۆز و میهرەبانی و پاڵپشتی زاتی ئەو بەدەستدەهێنێت و گەشبینی و باوەڕبەخۆبوونی بەرەو زیاتر دەچێت و بوێرانەتر لەپێناو بەدیهێنانی خواست و ئامانجە باڵاکانیدا کاردەکات.
٢. پەیوەستبوونی قوتابی بەو پرەنسیپ و بەها باڵایانەی خێزان لە سەروەختی بچووکییەوە، پێی بەخشیون و وەک دەستاوردێکی مرۆڤی پیناسەی بۆ کردوون کە دەبێت لە ژیاندا پێیانەوە پەیوەست بێت و لێیان لانەدات، لە نموونەی ڕاستگۆیی و دەست و زمان و داوێنپاکی و ئەمانەت پارێزی و زمان شیرینی و مرۆڤدۆستی و ڕیزگرتنی بەرامبەر و پابەندبوون بە گفت و بەڵێن و.. هەتاکو دووایی.
٣. پارێزگاریکردن لە ژینگەی ماڵ و گەڕەک و خوێندنگە و شار و نیشتمان و ڕێزگرتن لە هەر هەوڵ و کۆششێک لەپێناو جوانترکردنی سیمای ژیاری کۆمەڵگە و بنەما درووستەکانی پێکەوە ژیان.
٤. لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی لە نێوان ڕەفتارجوانی و زیرەکیدا، بەشێوەیەک ڕێگەنەدات ئەم هاوسەنگییە بەلایەکدا لارببێتەوە و ڕێ لەوەبگرێت ببێتە نموونەیەکی قبوڵکراو لەڕووی بنەما مرۆڤییەکان و ئاستی زانستییەوە لەناو خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا.
٥. دابەشکردنی کات بۆ پێداچوونەوە بە وانەکان و کۆششی ڕۆژانەی خوێندن و وەرزشکردن و سەردان و بینینی خزم و دۆستان و هاوڕێکان و کۆمەکردن بە دایک و باوک لەکاتی پێویستدا بەشێوەیەک کە بە گوێرەی ئەولەویەت کات بۆ هەر یەکێک لەمانە لەبەرچاو بگرێت و لەم ڕووەوە گوێ لە ڕینمایی کەسوکار و مامۆستاکانی بگرێت.
٦. دستوەرنەدان لە کار و بابەتێک کە پەیوەندی بە ئەوەوە نییە، هەم لە چوارچێوەی خێزان و هەم لەچوارچێوەی قوتابخانە و هەمیش لە چوارچێوەی کۆمەڵگەدا، بە تایبەت ئەو کار و بابەتانەی پێدژن لەگەڵ تەمەنی فیزیکی ئەو و، توانا ژیری و ئەقڵییەکانی ئەودا.
٧. لەبەرچاوگرتنی بنەمای خود ئیکتفایی لە ژیانی ڕۆژانەدا، بەجۆرێک هەوڵبدات لە زۆر لە کار و نیازەکانی ڕۆژانەیدا پشت بە خۆی ببەستێت و پەنا بۆ ئەوانی تر نەبات لەناو ژینگەی قوتابخانە و کۆمەڵگەدا. ئەمەش بۆ ئەوەیە تاکو باوەڕبەخۆبوونی بەرەو زیاتر بچێت.
٨. دوورکەوتنەوە لە زیادەڕەویکردن لە بەهەدەردانی پارە و ئەو ڕۆژانەیەی خێزان پێی دەبەخشێت و گلدانەوەی بەشێک لێی بەگوێرەی توانا و کۆکردنەوەی لە ماڵدا، تاکو لەکاتی پێویستدا بۆ نیازە گرنگەکانی خۆی سوودی لێوەربگرێت، یاخود لە کڕین و بەخشینی دیاری بە دایک و باوکی، یاخود ئەندامانی کەسوکاری، یاخود خزم و هاوڕێ و مامۆستاکانیدا، سوودی لێوەربگرێت.
٨ . هەروەها چەندین پرەنسیپی گرنگی تر….
*
هەڵبەت، جێبەجێکردنی سەرجەم ئەم پرەنسیپانە، لەلایەکەوە نیازی بە فەراهەمکردنی کەشێکی ئەرێنی گونجاو هەیە لەناو خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگەدا، کە بەداخەوە لە واقیعی ئەمڕۆی وڵاتدا، ناتوانرێت بەتەواوی پشتی پێ ببەسترێت و خەونی جۆراوجۆری بۆ داهاتوو لەسەر هەڵبچنرێت. بەوپێیەی هێشتا چەندین گرفت و ئاریشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی بەرۆکی مرۆڤەکانی ئەم وڵاتەیان گرتووە و لێی جیانابنەوە. لەلایەکی تریشەوە، دژوارە بۆ هەر خوێندکارێک بتوانێت بەشێوەیەکی ڕەها لەو تەمەنە فیزیکییە کەمەیدا کە هەیەتی، جێبەجییان بکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، کارکردن لەسەر ئەو پڕەنسیپانە و، هەوڵدان بۆ پراکتیزەکردنیان لەسەر ئەرزی واقیع و پڕۆڤەکردن لەسەر چەسپاندنیان لەناو بیر و هزردا و تەوزیفکردنیان بۆ ناو بونیادی جەستە و ڕەفتار و ئاکاری ڕۆژانە، وادەکات خوێندکار وەک بەشێکی زیندووی کۆمەڵگە، بەشێوەیەکی ئەکتیڤتر و پۆزەتیڤتر ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و زانستی خۆی لە ناو هەر سێ دامەزراوەی (خێزان و قوتابخانە و کۆمەڵگە) دا ڕایی بکات.