ئارام كۆشكی – سلێمانی
وەرگێڕان تا هەنووکەش لای ئێمە هونەرێکی نوێیە، هونەرێکە چەند ساڵێکی کەمە وەکو زانست لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا دەخوێنرێت، دەنا پێشتر وەرگێڕان تەنها پڕۆسەیەکی ئارەزوومەندانە بوو و پەیوەندی بە شارەزایی زانستیانەوە نەبوو لە هونەری وەرگێڕان، بەڵکو پەیوەندی بە حەزی وەرگێڕەوە هەبوو لەو کتێبەی کە بۆ وەرگێڕان هەڵی دەبژارد. کەواتە مادام وەرگێڕان هونەرێکی تازەیە کەواتە کێشەکانی وەرگێڕانیش لای ئێمە تازەن و پێویستیان بە شرۆڤەکردن و بەرباسدان هەیە، چونکە وەرگێڕان ئەو هونەرەیە کە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت پشتی تێ بکات و بڵێ پێویستم بە وەرگێڕان نییە. وەرگێڕان لە قۆناغی یەکەمدا نزیکبوونەوەیە لە شارستانییەت و کولتووری ئەوانی دیکە و سوودمەندبوونە لێیان. لە قۆناغەکانی دواتریشدا دەبێتە جۆرێک لە کرانەوە و پێشکەوتن و ئاشنابوون لەگەڵ زانست و فەلسەفە لە هەر کوێی دونیا بێت.
لێرەوەیە، کە پرسیاری ئەوە سەرهەڵدەدات کە ئایا وەرگێڕ لە دەرەوەی ئەو دەقانەیە کە وەری دەگێڕێت؟ یان ئەو دەقانەی وەرگێڕێک وەریان دەگێڕێت بەشێکە لە پرۆژەیەکی فیکریی ئەو وەرگێڕە؟ بێگومان تا ئێستا پرسیاری لەم چەشنە ڕووبەڕووی وەرگێڕەکان نەکراوەتەوە، تاکوتەرا وەرگێڕ هەیە باس لەوە دەکات، کە هەر کتێبێک لەگەڵ ئایدیای ئەودا نەگونجێت وەری ناگێڕێت، بەڵام ئەمە بەشێکی کەمی وەرگێڕەکان دەگرێتەوە، دەنا بە دەیان وەرگێڕی دیکە هەیە گەلێک کتێبی دژ بەیەک وەردەگێڕێت و بەلایەوە ئاساییە ناوی لەسەر هەموو کتێبەکانیش هەبێت. بەڵام ئایا وەرگێڕ بەرپرسیار نییە لە ناوەرۆکی هەموو ئەو کتێبانەی کە وەریان دەگێڕێت؟ ئێمە چۆن لە بەرپرسیارێتی وەرگێڕ دەڕوانین؟
وەرگێڕان تەنها بریتی نییە لە گواستنەوە وشە و ڕستە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تر. بەڵکو وەرگێڕان بریتییە لە گواستنەوەی فیکر و ئەدەب و زانست لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، یان هاوبەشیپێکردنی زمانەکانە لە زانست و مەعریفە و ئەدەبی یەکتریدا. ئەمە سادەترین پێناسەی وەرگێڕانە. واتە وەرگێڕان زیاترە لەوەی تەنها گواستنەوەی وشە و ڕستە بێت، بەڵکو گواستنەوەی ئایدیایە. (بێگومان ئێمە لێرەدا باس لە تەکنیکی وەرگێڕان ناکەین) لێرەوە مادام گواستنەوەی ئایدیایە، کەواتە بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشانی وەرگێڕ و ئەو بەرپرسیارە لەو تێکستانەی بۆ زمانێکی دیاریکراوی وەردەگێڕێت.
لەنێو پانتایی ڕۆشنبیریی کوردییدا ساڵانە بە سەدان کتێب لە زمانی جیاوازە وەردەگێڕدرێت و ئەو کتێبانەش لە بواری جیاوازدان، بەشێک لەو کتێبانە پێویستی کتێبخانەی کوردی و کۆمەڵگەی کوردین، بەڵام بەشێکی دیکەیان نەک پێویستی کتێبخانەی کوردی نین، بەڵکو دەبنە بار بەسەر کتێبخانەی کوردییەوە و لەوێشەوە دەبنە بار بۆ خوێنەری کورد و هیچ شتێکی ئەوتۆی پێنابەخشن و ڕەنگە بشبنە هۆی سەرلێشێواندن. کەواتە لێرەدا بەرپرسیارێتی وەرگێڕ لە کوێدایە؟ هاوکات بەرپرسیارێتی دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە کوێدایە؟ بێگومان بە وردبوونەوە لە پێگەی وەرگێڕ بۆمان دەردەکەوێت کە بەرپرسە لە هەر وشە و ڕستەیەک، کە وەری دەگێڕێت، ناکرێت کەسێک بڵێت من کاری وەرگێڕان دەکەم و کارم بە ناوەرۆکی کتێبەکانەوە نییە. ئەمە هەڵەیەکی کوشندەیە. هاوکات ناکرێت دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەش خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە و هەر کتیبێک هاتە بەردەستیان چاپی بکەن و ئەوەندەی لە خەمی زیادکردنی ژمارەی کتێبی چاپکراویاندا بن هێندە لە خەمی ئەوەدا نەبن چی پێشکەشی کتێبخانەی کوردی و خوێنەری کورد دەکەن.
وەرگێڕان زیاتر لەوەی تەنها گۆڕینی وشە و ڕستە بێت لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە وەک پڕۆژەیەکی فیکریی وەرگێڕ دەبینرێت و هەموو کتێبێکی وەرگێڕدراو گوزارشت لە بیرکردنەوە و ئایدیای ئەو وەرگێڕەش دەکات کە وەری گێڕاوە. خۆ ئەگەر وەرگێڕێک خۆی بێبەری بکات لە کتێبێک ئەو نیشانەی ئەوەیە وەرگێڕان لای ئەو پڕۆژەیەکی فیکریی نییە، بەڵکو تەنها بۆ دەستکەوتی ماددییە و چەشنی وەرگێڕێکی ئەلیکترۆنی کار دەکات و هەر تێکستێکی بچێتە بەردەم کاری وەرگێڕانی بۆ دەکات. لێرەوەیە کە وەرگێڕە دەکەوێتە ژێر بەرپرسیارێتییەوە و لەگەڵ ئەوەی بەرپرسیارە لەڕووی تەکنیکییەوە وەرگێڕانێکی باش و شایستە پێشکەش بکات، هاوکات بەرپرسیارە لە ناوەرۆکی تێکستەکەش و وەکو بەشێک لە ئایدیاکانی ئەو وەرگێڕە سەیر دەکرێت. بۆیە چیتر وەرگێڕەکان ناتوانن خۆیان لە بەرپرسیارێتی کتێبە وەرگێڕدراوەکانیان بدزنەوە و ئەوانیش وەکو نووسەرەکان بەرپرسیارن لە کارە وەرگێڕانەکانیان.