جەیمز مەكبراید ـ James McBride)ی ئەمریكی، كە لەدایكبووی (11ی سپتەمبەری 1957)ـە، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و ژەنیارێكی نێودارە. لەم ماوەیە، بووە براوەی خەڵاتی نیشتمانی كتێبی ئەدەبی بۆ چیرۆك، لەم گفتوگۆیەیدا باسی ماڵەكەی لە شاری نیویۆرك، توانای نووسین لە هەموو شوێنێك، و نووسینەوەی ڕەشنووسەكان و تەنانەت ئیمەیلەكانیشی دەكات.
ـ ببوورن كە لە كاتی سەردانی مۆزەخانەی پولی نیشتمانی لە واشنتۆن، پەیوەندیم پێوە كردن بۆ ئەم گفتوگۆیە؟
مەكبراید: من سەردانێكی واشنتۆنم كرد و کاتژمێر و نیوێکم كات هەبوو، بۆیە بڕیارم دا سەردانی مۆزەخانەکە بکەم و كەمێك تەماشای شتەكان بکەم. تۆش وەك هەمیشە بە دوای بیرۆکەکانەوەیت، ئەزانی؟
ـ پیرۆزبایی بردنەوەی خەڵاتی نیشتمانی كتێبت لێ دەكەم، ئەمە چۆن بوو؟
مەكبراید: خەریکی خواردنی كێكی سێو (apple tart) بووم كە خەڵاتەكەیان بۆ کتێبەکەی من ڕاگەیاند. خۆشم سەرسام بووم. پێم سەیر بوو. كە چووم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە، هێشتا دەسڕی نانخواردنەکەم بە دەستەوە بوو. ئەوە ساتێکی گەورە بوو لە ژیانمدا، پێم وایە.
ـ لە كوێ دەژیت و بۆ ئەوێت هەڵبژاردووە؟
مەكبراید: من کاتەکانم دابەش كردووە لە نێوان شارۆچکەیەکی بچووکی نیوجێرسی و نیویۆرک. نزیکەی 18 ساڵە شوێنێکم لە شار هەیە. زیاتریش لە نیوجێرسی دەژیم تا لە نزیک منداڵی 12 ساڵەكەم نزیك بم. ڕاستییەكەی سێ منداڵم هەیە، یەکێکیان 21 ساڵیەتی، دووەمیان 20 ساڵ و سێیەمیشیان 12 ساڵە. نزیکەی سێ ڕۆژ لە هەفتەیەک لە نیویۆرکم. ئەم کتێبەشم هەر لە زبڵخانەكەی نیویۆرك(city dump) نووسی. بە درێژایی ژیانم نیویۆرکی بوومە، بۆیە هەمیشە نیویۆرکم پێ خۆشە. خانوویەکیشم لە خانووە ڕیزبووەكانی نیوجێرسی هەیە.
ـ باسی زبڵخانەکەم بۆ بكە. كونجكۆڵم لەسەر ئەو بابەتە؟
مەكبراید: لە 10 ساڵی یەکەمی ژیانم لەوێ، لە سەرەوە تەماشای مۆسیقاژەنەكان، نووسەران، هونەرمەندان، لەشفرۆشەكان، قەلەندەر و ئاڵوودەبووانی مادە هۆشبەرەکانم دەكرد، كەچی ئێستا كە سەیری خوارەوە دەکەم بووەتە شوێنی ڕاگری پایسکیل و خەڵکانی دەوڵەمەند و گەشتیاران. من لە گەڕەكی (دۆزەخی چێشخانە ـ Hell’s Kitchen)*. منیش پێویستم بە ڕووبار و دەنگی باڵندە نییە بۆ نووسین و دڵم تەنگ بووە بۆ ئەو ژاوەژاوەی جاران. بۆیە ئێستا زۆربەی کارەکانم لە کاتێک ئەنجام دەدەم کە هەموو نووستوون.
ـ باشترین جەو و فەزای نووسین لای تۆ چۆنە؟
مەكبراید: من لە کاتژمێر 30:04 یان 05:00 هەڵدەستم و دەست بە كار دەكەم تا ماندوو دەبم واتە نزیك کاتژمێر 09:00 یان 10:99. پاشان وازدێنم و دەست بە خوولانەوە و خۆخافڵاندن دەکەم، ئیتر هەرچی بێت، وەك: توێژینەوە، وەرزش و ڕاهێنان، حساب و كیتابی پسوولە و خەرجییەكان، داوی ددان و. من هەندێك خۆخافڵاندنم هەن كە تاکو کاتژمێر 09:00 یان 10:00 دەستیان پێناکەن. كاتێك كە کاتژمێر 05:00ی بەیانی هێشتا خەواڵووم، پێش هەر شتێک بکەم تەنیا بیر لەوە دەكەمەوە كە دوایین جار کارم لەسەری کردووە. ئەوكاتانە مێشکم سافە. رۆژانەش جار جار ڕاهێنان لەسەر مۆسیقا دەکەم. بە گشتی من پاڵ بە ڕۆژەكەمەوە دەنێم. کوڕەکەم دەبەمە قوتابخانە. پاشان دوای نانی ئێوارە، کاتژمێر حەوت و هەشت (19:00و 20:00) جارێکی تر هەوڵ دەدەمەوە بنووسم، ئەگەر زۆر قووڵ نەبمەوە، دەتوانم لە هەموو شوێنێک بنووسم. ئەمڕۆ بەیانی لە شەمەندەفەردا خەریکی نووسین بووم. بە گشتی چەند لاپەڕەی یەکەم بە دەست دەنووسم. پێشتر زۆرم بە دەست دەنووسی. زیاتر لە 20 بۆ 30 لاپەڕەی یەکەمم بە دەست دەنووسی و پاشان دەچوومە سەر کۆمپیوتەرەكەم و درێژەی بابەتەكەم دەنووسی و دەنووسم. من هێشتا ماکینەی تایپكردنیش بەکار دەهێنم، هەرچەندە پێشتر زۆر زیاترم بەکار دەهێنا. سەرەتای دەستپێك، پێویستم پێی بوو. کۆمپیوتەر وا دەکات دووبارە بنووسیتەوە، تەنها بە لێدانی کلیکی “insert”. ئەم دوگمەیە بۆ نووسەر کوشندەیە. تۆ بەڕاستی دەبێت بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێیت، بزانیت خەریکی فڕێدان و دووبارە نووسینەوەی هەموو شتێکیت. ئەزانی من هەموو شتێک دووبارە دەنووسمەوە. تەنانەت ئیمەیلەکانیشم.
ـ تۆ خۆت مۆسیقاژەنم، لە کاتی نووسیندا حەز دەكەیت گوێ لە چی بگریت؟ ئەزانی بۆ ئەو پرسیارم کرد، كە چاوپێکەوتنم لەگەڵ (جونۆت دیاز ـ Junot Diaz) کرد، گوتی بە بەردەوام و لە کاتی نووسینی کتێبەكانیدا گوێ لە هەندێک ئەلبومی دیاریکراو دەگرێت؟
مەكبراید: باشە، هەرچییەک جونۆت دیاز گوێی لێدەگرێت، منیش حەز دەكەم كۆپییەكیم هەبێت…
ـ رەنگیشە نا. ئەو کتێبێکی نووسی لە کاتێکدا گوێی لە مۆسیقای فیلمی (کۆنان بەربەری ـ Conan the Barbarian) دەگرت…
مەكبراید: نا، پێم وانییە بتوانم ئەوە بکەم! نا، من كە دەنووسم، گوێ لە مۆسیقا ناگرم. من بە هەندێك دۆخدا تێدەپەڕم کە گوێ لە جۆرێکی دیاریکراوی مۆسیقا دەگرم. ئاخر من مۆسیقاژەنم، گوێگرتن لە مۆسیقا. وەک کارە بۆ من. کەمێک. بۆیە گوێ لە هیچ مۆسیقایەک ناگرم. كە دەنووسم، نامەوێت گوێم لە هیچ ژاوەژاوێكی دەنگی بێت. من لە ماڵێکدا گەورە بووم کە منداڵی زۆر بوون، مەبەستم برا و خوشکە، بۆیە گوێم لە قسەی زۆر، هاوار و یاریکردن نییە و دەتوانم پشتگوێیان بخەم، بەڵام تەنیا شتێك کە ناتوانم كۆنتڕۆڵی بكەم، قسەكردنە بە مۆبایل. ڕاستە من گوێ لە مۆسیقا ناگرم، بەڵام بە واتایەکی دیكە مۆسیقا بەکار دێنم. خەسڵەتێکی ئیرتیجالی ـ داهێنەرانە لە هەندێک نووسینمدا هەیە. ئەگەر بزانم ڕەهەندێكی دراماتیکی تێدایە، هەوڵ دەدەم ڕێگەیەکی زیرەکانە وەدۆزم بۆ بەكارهێنانی مۆسیقا. لە دوایین ڕۆمانم سوودم لەم فۆڕمە وەرگرتووە بۆ گێڕانەوەی چیرۆکێکی کۆن. لە جازدا، زۆر کەس گۆرانی دەژەنن، بەڵام ئەوە شێوازی ژەنینەکەیە كە جیای دەکاتەوە لەو پیاو یان ژنەی كە پاش ئەو دەیژەنێت. بۆیە بۆ چیرۆکی (جۆن براون ـ John Brown) [بابەتی ڕۆمانە براوەکەی خەڵاتی کتێبی نیشتمانی “باڵندەی خوای باش ـ The Good Lord Bird، “]، من هەمان شتم دەکرد.
ـ پێش دەستكردن بە نووسینی کتێبێک و چیرۆکێك، چی دەكەین. ئاخۆ پێشتر نەخشە و گەڵاڵەیەكی دیاریكراویان بۆ دابنێیت، یان بۆخۆیان دەڕۆن؟
مەكبراید: من بە قووڵی لێیان دەکۆڵمەوە. هەرچییەک پێویست بێت بۆ گەیشتن بە بابەتەكە. هەندێک جار (کارتی فێرکاری ـ index card) بەکار دێنم. هەندێک جار نەخشەی شوێنەکە دەکێشم. جارێکیان ئەوەم کرد، لەسەر مێزەکەم دامنا. بە گشتی ئەوەندە لێی هەڵدەهێنجم کە چیرۆكەكە لە مێشکمدا هەڵكۆڵدرێت، بەڵام تێکەڵبوونی کەسایەتی و پاڵنەرەكانیان جاری وایە چیرۆکەكەشت دەگۆڕێت. بۆیە کاتێکی زۆر بۆ کەسایەتییەکانی كتێبەكانم تەرخان دەکەم. نووسینی ژیاننامەیان، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کێن، چی دەکەن، چی دەڵێن…
ـ تەنانەت ئەگەر لە کتێبەکەشتدا بەكاری نەهێنیت؟
مەكبراید: زۆربەی ناكەوێتە ناوی، لەوانەیە تەنها %10ی بەكار بهێنمەوە. لە دنیای ئەمڕۆشدا، لەوە زیاتر ناتوانیت بکەیت. پێم وا نییە بتوانیت چوار پێنج لاپەڕە بۆ مێژووی کەسایەتییەک لەم ژینگەی خوێندنەوەیەی ئێستا تەرخان بکەیت.
ـ چ وات لێدەكات پێكەنیت؟
مەكبراید: هاها! کاتێک کەسانی جددی، خۆیان زۆر جددیتر دەكەن.
ـ ئەی چی دەتگریێنێت؟
مەكبراید: مۆسیقایەكی جوانی کۆڕاڵ (choral music).
ـ ئایا بڕوات بە هیچ جۆرە خورافیاتێکت هەیە؟
مەكبراید: زۆر. ناتوانم هەمووی باس بکەم. ئۆی. پیاو، من پڕم لە (تیک ـ ticks)، (تاک ـ tacks)، و (پەنجە ـ toes).
ـ ئەگەر بتتوانیبایە کەسێکی مردوو زیندوو بكەیتەوە، کێ دەبوو و بۆچی؟
مەكبراید: (جۆن کۆڵترەین ـ John Coltrane). تەنها بۆ بیستنی بیرۆکەکانی لەسەر هونەر.
ـ خواردنی دڵخوازت چییە؟
مەكبراید: من چای (یەربا ماتێ ـ yerba mate)** دەخۆمەوە. زۆر بێزار بووم لە خواردنەوەی قاوە.
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
مەكبراید: “پیاو”!
ـ چیرۆکێکی پێکەنیناویت لەسەر گەشتە ئەدەبییەكانت هەیە؟
مەكبراید: جارێکیان خەریکی واژۆکردنی کتێب بووم، ژنێک هاتە لام كە کوڕێکی گەنجی لە تەنیشتەوە بوو. گوتی “من بەڕاستی چێژم لە کتێبەت وەرگرت”، منیش گوتم: “زۆر سوپاس. ئەی کوڕەکەت حەزی لێ کرد؟” ئەویش گوتی، “ئەوە دۆستمە نەك كوڕم”.
ـ چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرە تازەکارەكان هەیە؟
مەكبراید: شکست بخۆ و باشتر شکست بخۆ و بەردەوام بە لە شکستخواردن.
ـ چیت پێ خۆشە لەسەر کێلی گۆڕەکەت هەڵکەنرابێت؟
مەكبراید: “ئەمە کەسێکی باش بوو”.
ـ شتێکمان پێ بڵێ لەسەر خۆت کە سەرسوڕهێنەرە و كەس نایزانێت؟
مەكبراید: هم. ئەوە پرسیارێکی قورسە. من دوو ڕووخسارم هەیە. بە گشتی. کەسێکی شەرمنم، بەڵام ماوەیەکی درێژەیشە پێرفۆرمانسم. بۆیە دەزانم چۆن مامەڵە لەگەڵ خۆم بکەم.
ـ نامەوێت سەرەنجت لەسەر مۆزەخانەی پوول دوور بخەمەوە، بۆیە زۆر سوپاس بۆ قسەکردنت لەگەڵم.
مەكبراید: سوپاس بۆ تۆ.
پەراوێز:
* (دۆزەخی چێشخانە ـ Hell’s Kitchen)، ناوی ناوچەیەکی ناسراوە لە نیویۆرک و بە دیاریکراوی، دەکەوێتە بەشی ڕۆژئاوای مانهاتن، لە نێوان شانۆگەریی ئەکتەرەکان و ڕووباری هەدسۆن كە كاتی خۆی ناوچەیەکی هەژارنشین و شوێنی کرێکاران و پەنابەران بوو و
پۆلیس ناوی نابوو دۆزەخ بە هۆی قەرەباڵغی و توندوتیژییەكەی، بەڵام ئێستا بووەتە شوێنی هونەرمەند، ئەکتەر، شێوەکار، موزیکژەن و خوێندکارەکان و چەندین چێشتخانەی باش و بازرگانی تێدا کراوەتەوە.
** چای (یەربا ماتێ ـ yerba mate)، جۆرێكە لە چای كە لە گەڵا و لقی گیایەك بە ناوی (ILex Paraguariensis) دروست دەكرێت. وزەبەخشییەكی وەك قاوەی تێدایە و وەك چای ئاساییش بۆ سەلامەتی باشە.