کۆبەرهەمی فەریقی (مەلا ڕەسووڵی گۆڵێ) چاپ و بڵاو کرایەوە

شۆرش غەفوری

شاعیر و نووسەری ون‌ناو حاجی مامۆستا مەلا ڕەسووڵ فەریقی (١٩٦٩ – ١٩٠٤)، لە هۆزی مامۆیی و خەڵكی گوندی قۆخەمامۆی ڕیزەدێی پاش ئەربەبای ناوچەی ئاڵۆتی بانەیە. بە هۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆر مەلا و مودەڕیسی گوندی گۆڵێ لە دەڤەری شلێری پێنجوێن بووە، بە «مەلا ڕەسووڵی گۆڵێ» ناسراوە.

لە پێشەکیی کتێبەکە و لە زاری فەقێیەکی مەلا ڕەسووڵەوە هاتووە: فەریقی لەگەڵ مەرحووم مەلا مستەفای بارزانیدا دۆستایەتییان هەبووە، ئەو ساڵەی مەلا مستەفا هات بۆ دەڤەری پێنجوێن و مەریوان (واتە ١٩٦٦ کە لەو ناوچانەدا تاکوو ئێستاش پێی دەوترێ ساڵی مەلا مستەفا)، هاتە گۆڵێ و شەوێک مەلا ڕەسووڵ و مەلا مستەفا دووبەدوو پێکەوە بوون، ئەو شەوە هەتا بەیانی هیچیان وەنەوزیان نەدا و هەر قسەوباسیان کرد..
ئەم شاعیرە نیشتمانپەروەرە پارچە شیعرێکیشی بۆ مەلا مستەفا نووسیوە کە لە لاپەڕە ٤٧ ی ئەم کتێبەدا هاتووە و مەتلەعەکەی ئاوایە:
ئەی لە یومنی مەقدەمت فەرشی زەوی پڕ نوور بوو
ئەی لە فەزڵی تۆوە عالەم پڕ فەرەح مەسروور بوو…
کوڕێکی فەریقی بە ناوی حەمەعەلی پێشمەرگەی ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە و لە شەڕێکداا لەگەڵ ڕژیمی لەناوچووی بەعس ساڵی ١٩٨٢ لە نزیک قەسەبەی شانەیەری دەڤەری سەیدسادق شەهید بووە. کوڕێکی دیکەشی بە ناوی مەلا محەمەدی عەریزەنووس کادێری پارتی و لە پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول بووە.
ئەو پەڕتووکانەی فەریقی کە لە دووتوێی ئەم کتێبەدا چاپکراون، بریتین‌ له‌:
1. مەولوودنامەی فەریقی
2. جۆگەلەی ئاوی حەیات (یه‌ک له‌ شه‌ش په‌رتووکه‌کانی کتێبی سه‌رچاوه‌ی ئایینی مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس “ئاوی حەیات”ە و باسی مێژووی ئه‌نبیا و ئیمامانی سوننی ده‌کات کە فه‌ریقی کردوویە بە شیعر)
3. دەستی سەخا (له‌ باسی ئوسووڵ و ئیعتیقاداتی ئیسلامی و ئه‌خلاقیدایه‌ به‌ شیعر‌)
4. بەشێک لە: دیوانە شیعری فەریقی
5. ڕووس و گرانی (ئەم نامیلکەیە نیوه‌ په‌خشان و نیوه‌ شیعره‌ و بریتییه‌ له‌ باسوخواسی: لەشکرکێشی ڕووس بۆ کوردستان لە جەنگی جیهانی یه‌که‌مدا، گرانی و قات‌وقڕیی دوای ئەو شەڕە، به‌سه‌رهاتی مەلا ڕەسووڵ له‌و ساڵانه‌دا، ڕووداوەكانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەرەتای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە هەتا کۆتایی حکومەتی عەبدولسەلام عارف لە عیراقدا، واتە ١٩٦٦).
کۆبەرهەمی فەریقی لە ٢٤٠ لاپەڕە و بە قەبارەی وەزیری، لە لایەن سەباح مەلا عەبدوڵاوە کۆ و ساخکراوەتەوە. ڕووبەرگی ئەم کتێبە هونەرمەند حەمید نیکخا کێشاویە و چاپەمەنیی ئەوین لە شاری مەریواندا بڵاوی کردۆتەوە و ئێستا لە کتێبخانەکانی ئەو شارەدا دەستدەکەوێت.
نووسەر و ڕۆژنامەنووس سەباح نیکخا ناسراو بە سەباح مەلا عەبدوڵا ئەندامی یەکێتیی نووسەرانی کوردە و لە بواری دەسنووس و هەروەها ئەدەب و مێژووی زارەکیدا چالاکی دەکات. ناوبراو ساڵی ٢٠١٣ کتێبێکی هاوشێوەی بە ناوی دیوانی حه‌سره‌ت (مه‌لا شێخ محه‌مه‌دی خه‌ڵووزەەی مەریوان)ی لە لایەن هەمان چاپەمەنییەوە چاپ کراووە و ئەو شاعیرە کوردەشی لە فەرامۆشخانەی ئەدەبەوە هێناوەتەوە بۆ کتێبخانەی نەتەوەکەی. بەرهەمێکی دیکەشی بە ناونیشانی: داخۆم بمێنم!؟ (چه‌‌ند وانه‌‌یه‌‌کی ده‌‌روونناسی و کۆمه‌ڵایه‌‌تی بۆ كچانی مێرمنداڵ) لە فارسییەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و ساڵی ٢٠١٩ لە سلێمانی چاپ کراوە. چەندین وتار و لێکۆڵینەوەشی لە ماڵپەڕ و گۆڤارە کوردییەکاندا بڵاوکردۆتەوە.