لە گوڵشەنی ڕازەوە بۆ ڕازی گوڵشەن

تیۆریی [وەحدەت ئەلوجوود: یەکێتیی هەبوون]ی ئیبن عەرەبی (٥٦٠-٦٣٨ کۆچی/ ١١٦٥-١٢٤٠ مەسیحی)، چەندە شۆڕشێک بوو لە فکر و فەلسەفەی ئیسلامیدا، هێندەیش ڕاپەڕین و شۆڕش و نوێکردنەوە بوو لە زمان و ئەدەبی گەلانی دنیای ئیسلامدا. بیری تازە و بەهێز و ڕەنگدار، زمانی تازە و ورشەداری دەویست. جیاوازییەکی ئاشکرای تیۆرییەکەی ئیبن عەرەبی و تیۆرییەکانی دیکەی فەلسەفە، تەنانەت بە بیر و تیۆرییەکانی ئیسلام خۆیشییەوە، لەوەدایە کە هەتا ئێستایش و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، کەسانێکی زۆر، زانا و ڕووناکبیر و سۆفی و ئایینناس و فەیلەسووف، لێی دەکۆڵنەوە، پشتگری یا دوژمنایەتیی دەکەن، لێکی دەدەنەوە و ڕوونی دەکەنەوە. ڕەنگە جیاوازییەکی دیکەیش ئەوە بێت، کە باس و بنەما و ڕێنوێنییەکان و بابەتە گشتییەکانی ئایین، هەر ئایینێک بێت، چەندە کەسانی زانا و خوێندەوار پێوەی خەریک دەبن، زۆر لەویش پتر کەسانی ئاسایی و بگرە نەخوێندەواریش پەرۆشی ئەوەن تێی بگەن و زانیاریی زۆرتری لەبارەوە وە دەست بهێنن، بەڵام تیۆریی (یا تیۆرییەکانی) ئیبن عەرەبی کاری هەرکەس نییە. تەنیا کەسانێک دەتوانن لێی نزیک ببنەوە کە شارەزاییەکی قووڵ و باشیان لەبارەی ئیسلام، تەسەووف و فەلسەفەوە هەبێت. لەوەیش بترازێ مێشکێکی کراوە و تیژ و بوێر پێویستە، ئەگەرنا هەر ماندووبوونیان پێ دەبڕێت و بە دەستی خاڵییەوە دەگەڕێنەوە.

تێگەیشتنی باوەڕ و تیۆرییەکەی ئیبن عەرەبی کارێکی هێندە دژوارە کە هەموو کەسێک ناتوانێت خۆی لێ بدات و ڕوو بە ڕووی ببێتەوە. ئیبن عەرەبی، کە وەک مامۆستای هەرە گەورە [الشێخ الاکبر] دەناسرێت و ناو دەبرێت، ئەو تیۆرییە قووڵ و ئاڵۆزەی لە دوو کتێبدا پێشکەش کردووە: کتێبی یەکەم (الفتوحات المکیە)یە کە لە چوار بەرگی گەورە پێک دێت و کتێبی دووەمیش (فصوص الحکم)ـە. ئەمەی دووەمیان تێکستێکی هێندە چڕ و ئاڵۆزە کە بە یەک جار و دوو جار خوێندنەوە ناتوانین لە مەبەست و بۆچوونەکانی مامۆستای هەرە گەورە بگەین. 

ڕەینۆڵد ئەی نیکۆڵسۆن (١٨٦٨-١٩٤٥)، ڕۆژهەڵاتناس و ئیسلامناس و تەسەووفناسی گەورەی ئینگلیز، لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت “ئەو تیۆرییانەی لە (فصوص)دا ڕانراون یەکجار سەخت و زەحمەتن بۆ تێگەیشتن، بەڵام لەوەیش زەحمەتتر لێکدانەوەیانە”. خواجە موحەممەد پارسا (١٤٢٠-١٤٦١) سۆفیی نەقشبەندیی سەدەی پانزدەیەم، [فصوص] لەگەڵ ڕۆح و [فتوحات] لەگەڵ دڵدا بەراورد دەکات. ئانماری شیممەل پێی وایە نەقشبەندییەکانی دواتر لە هەڵسەنگاندندا پارێزێکی زۆرتریان دەکرد، ئەگەر نەڵێین هەر ڕاستەوڕاست دژی تیۆرێیەکانی ناو ئەم کتێبانە ڕادەوەستان. بەڵام پرۆفیسۆر حامید ئەلگەر، گەورەترین زانای تەسەووفناس و شارەزای تەریقەتی نەقشبەندی (خۆشبەختانە هێشتا دەژی)، پێی وایە گەورە سۆفی و زاناکانی تەریقەتی نەقشبەندی، هەمیشە لە تیۆرییەکانی ئیبن عەرەبییەوە نزیک بوون، بێجگە لە شێخ ئەحمەدی سرهندی (١٥٦٤-١٦٢٤)، کە تیۆریی [وحدە الشهود]ی دامەزراند. مامۆستا ئەلگەر پێی وایە کە تەنانەت سۆفی و زانای گەورەی نەقشبەندی مەولانا خالیدی کوردی شارەزووری (١٨٢٧ کۆچی دواییی کردووە) کتێبەکانی ئیبن عەرەبیی خوێندوونەوە.

لەگەڵ ئەوەیشدا تا ئێستا ئەو کتێبانەی بۆ لێکدانەوەی (فصوص الحکم) نووسراون لە سەد کتێب زۆرترن. من بۆ خۆم بۆ ئەوەی هەر نەبێت شتێک (ئەگەر کەمیش بێت) لە تیۆرییەکەی ئیبن عەرەبی بگەم، تێکستە عەرەبییەکە و تەرجەمەیەکی ئینگلیزیم خوێندەوە، هەروەهایش سێ کتێبی لێکدانەوەی تیۆرییەکەم بە فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی خوێندەوە.

تیۆریی [وەحدەت ئەلوجوود] کارکردێکی هێندە قووڵ و فراوانی هەبوو لە بیر و بۆچوون و جیهانبینیی سۆفی و بیریار و شاعیر و زانایاندا کە هەتا ڕۆژگاری ئەمڕۆیشمان هەر لەبارەیەوە دەنووسرێت، قسە دەکرێت، لێک دەدرێتەوە و تەرجەمە دەکرێت. ئەم کارکردە تەنیا لە جیهانی ئیسلامی و لەناو زانا و بیریارانی ئیسلامیدا نییە، بەڵکە لە ڕۆژاوایش بابەتێکی هەمیشە گەرم و سەرنجڕاکێشە و مایەی لێکۆڵینەوە و لێکدانەوە و توێژینەوەیە. بەشێکی باشی نووسینەکانی ئیبن عەرەبی ئێستایش تەرجەمە دەکرێن، ئەگەرچی ئەوە پرۆژەیەکی هێندە گەورە و گرانە کە ساڵانێکی دوورودرێژی پێویستە بۆ ئەنجامدان. 

ژیان و بیر و فەلسەفە و نووسین و هەڵسوکەوت و قسە و لێکدانەوەکانی ئیبن عەرەبی، هێندە تایبەت و ناوازەن، کە زۆر سەختە بتوانین لە هەموو مێژووی ئیسلامدا کەسێکی دیکە، کە هاوتا و هاوشێوەی ئەو بێت، بدۆزینەوە. ئێستایش هەزاران ڕووناکبیر و تەسەووفناس و فەلسەفەناس و ئیسلامناس بە تاسەوە بەرهەمەکانی ئیبن عەرەبی دەخوێننەوە، تەرجەمە دەکەن، لێک دەدەنەوە و بە گەرمی و بە دڵسۆزی دەبنە دەروێشی ڕێباز و بیروباوەڕەکەی. بەڵام، بێگومان، هەزاران و بگرە میلیۆنانیش هەن، بە تایبەتی لەناو زانایان و بیریاران و شەریعەتناسانی ئیسلامدا کە زۆر بە توندی دژی ئیبن عەرەبین و تەنانەت بەشێکیان هەر بە کافریشی دەزانن.                                                               

ئانماری شیممەل (١٩٢٢-٢٠٠٣) کە دێتە سەر باسی نووسین و باوەڕەکانی ئیبن عەرەبی هێندە بە دڵگەرمی لێیان دەدوێت، کە لە سنووری ژیان و بەرهەمەکانی ئەو بیریار و نووسەر و سۆفییەدا ناوەستێت، بەڵکە شۆڕ دەبێتەوە بەرەو ئەوانەیش کە کارکردی فەلسەفەی مامۆستای هەرە گەورەیان لەسەرە و نووسین و بەرهەم و لیكۆڵینەوەی خۆیان بۆ وی و بۆ فەلسەفەی وی تەرخان کردووە. شیممەل ناوی کۆمەڵێک شاعیر و سۆفی دەبات کە بە شێوە و شێوازی جۆراوجۆر سوودیان لە ئیبن عەرەبی و بەرهەمەکانی وەرگرتووە، بەڵام دوو سۆفی و نووسەر و بیریار بە تایبەتی بە سەر دەکاتەوە. ئەو دووە شێخ مەحموودی شەبستەری (١٢٨٨-١٣٢٠) و عەبدولکەریم جیلی (١٣٦٥-١٤٢٤)ن. شەبستەری ئەو شاعیرەیە کە نامیلکەی [گوڵشەنی ڕاز]ی نووسیوە و جیلییش ئەو بیریارەی کە [الانسان الکامل]ی نووسیوە. من لێرەدا، لەم نووسینەدا، تەنیا باسێکی شەبستەری و بەرهەمە نایاب و بەرزەکەی دەکەم، ئەویش هەر بە کورتی.

شەبستەری لە شارۆچکەی شەبستەر، نزیکی تەورێز، لە دایک بووە و هەر لەوێیش خوێندوویەتی. هەر زوو شارەزاییەکی زۆری لە زانستی جۆربەجۆردا پەیدا کردووە و وەک زانا و سۆفییەکی گەورە تەماشا کراوە. لە بواری تەسەووفدا، بایەخێکی زۆری بە [فصوص الحکم] و [الفتوحات المکیە]ی ئیبن عەرەبی دەدا. ماوەیەک لە شاری کرمان ژیاوە و دەگوترێت هەر لەوێیش ژنی هێناوە. لە تەمەنی ٣٣ یا ٣٨ ساڵیدا کۆچی کردووە و لە شەبستەر نێژراوە.

شەبستەری چەندین کتێبی نووسیون، پەخشان و شیعریش، بەڵام کتێبی هەرە ناوداری ئەو مەسنەویی [گلشن راز: گوڵشەنی ڕاز]ە. هۆی نووسینی ئەم کتێبە ئەوە بوو کە سۆفی و زانایەک، ئەمیر حوسەین حوسەینی هەرەوی خۆراسانی، کۆمەڵێک پرسیار لەبارەی ڕاز و نیشانەکانی تەسەووفەوە دەنێرێت بۆ شەبستەری. پرسیارەکان لایەنی جۆراوجۆری تەسەووف دەگرنەوە. شەبستەری وەڵامی پرسیارەکانی بە شیعر داوەتەوە و کتێبەکە (یا نامیلکەکە)ی ناو ناوە [گلشن راز]، کە تا ئەمڕۆ دەیان جار چاپ کراوەتەوە و تەرجەمەی گەلێک زمانی ئەورۆپایی و ڕۆژهەڵاتییش کراوە. هەروەها ١٤ کتێبی شەرح و لێکدانەوە لەبارەی گوڵشەنی ڕازەوە نووسراون، کە ناسراوترینان کتێبی [مفاتیح الاعجاز فی شرح گلشن راز]ی شەمسوددین موحەممەد لاهیجییە.

وام نیازە، خوا یار بێت، جاروبار لەم ڕۆژنامەیەدا گۆشەیەک بنووسم و پێم خۆش بوو لەبەر خۆشەویستیی کتێبەکەی شەبستەری، ناوی بنێم [ڕازی گوڵشەن]. ئەم ناوە تەنیا جێگۆڕکێیەکی ناوی [گوڵشەنی ڕاز]ی شێخ مەحموودی شەبستەری، شێخ و سۆفی و زانا و شاعیری گەورەیە، بەڵام دیارە جیاوازیی شاکارەکەی شەبستەری و وڕێنەکانی بەندە ئاسمان و ڕێسمانە.