من چۆن دەنووسم؟!

دادوەر (ڕیچارد پۆزنەر ـ Richard Posner)، زانای یاسایی ئەمریکا کە ناوێكی دیاری هەیە، باس لە ئەزموونیی نووسینی خۆی دەكات، دادوەرێك كە پێدەکەنێت و خولیایەكی زۆری بۆ پشیلە هەیە.

ـ دەكرێت باسی ڕۆتینی بەیانیانت بكەیت؟

پۆزنەر: من بە ڕاستی هیچ ڕۆتینێکم نییە، بەڵام ئەگەر لە ماڵەوە یان لە نووسینگە بم، مێزێک و کۆمپیوتەرێکم هەیە و دەنووسم. هەرگیز بیرم لە هیچ ڕۆتینێکی تایبەت نەکردووەتەوە. من زۆر وەستان و پچڕانم لە نووسین هەیە، مەبەستم ئیمەیل و كار و شتی لەو بابەتەیە. ئەگەر کاتی ئازادم هەبێت، دەنووسم. لەسەر ڕوانگە و دنیابینیی دادوەری یان شتی ئەکادیمی. هیچ کۆتاییەکم بۆ وشەكان نییە. من لە ڕۆماننووسەكان تێدەگەم كە هەموو كاتی خۆیان بۆ نووسینی ڕۆمان تەرخان كردووە و ڕۆژانە بە دیاریكراوی دەزانن چەند وشە بنووسن تا کتێبێک تەواو دەكەن. ڕاستە هەمان ڕۆژ و هەمان جۆری ئامێری نووسینمان (مەبەستی لاپتۆپە) هەیە، بەڵام من بە هیچ شێوەیەک وا نیم. پێشینەم کاری دادوەریمە، دواتر نووسین و یا دەستکاریكردنی. من هەردەم کاری دادوەریم دەخەمە پێش هەموو شتێكەوە.

ـ زۆرترین جار وەک یاساناسێكی دیاری سەدەی بیستەم ناو دەبرێیت. هاوکارەکەم، باوکی (A.J Jacobs)، لە کتێبی گینیس، خەریكی نووسینی وتارێکە لەسەر ئەو بابەتە یاساییەی کە زۆرترین ئاماژەی پێکراوە. خۆت هەستت چۆنە هێندە ئاماژە بە ناوت كراوە؟

پۆزنەر: بەڕاست! ئەوەم دەربارەی خۆم نەدەزانی! کەواتە ئەمە نیشاندەری ئەوەیە من بەردەوامم، وا نییە؟ من نووسەرێکی بەردەوامم. هەر بەڕاست ئەمە سەیرە كە تا ئێستاش بەردەوامم. ئەزانی من نووسەرێكی ناچاریم، پشوو وەرناگرم. لەگەڵ ژنەکەم زۆر ناچینە دەرەوە. هەندێک جار بۆ نانی ئێوارە یان شانۆیەك نەبێت، بەڵام ئەوەش زۆر نا، تەنیا لە کۆتاییەكانی هەفتە. بۆیە شەوان کار دەکەم. کاتی زۆرم هەیە و دەنووسم. من خێرام لە نووسینی زۆر.

ـ لە مێژووی یاسادا، کێ پاڵەوانی تۆیە؟

پۆزنەر: زۆر ڕێز لە (ئۆلیڤەر وێندڵ هۆڵمز ـ Oliver Wendell Holmes) دەگرم. دادوەرە مەزنەکانی تریش هەن کە زۆر حەز بە كاریان دەكەم، وەك (کاردۆزۆ ـ Cardozo) و (براندێس ـ Brandeis) و (هێنری فرێندڵی ـ Henry Friendly) و (جۆن مارشاڵ ـ John Marshall).

ـ چێژ لە ڕۆمان و فیلمی یاسایی و نێو دادگا وەردەگریت یان كۆمەڵایەتی؟ كامە فیلم جێگەی دڵخوازی تۆیە كە هەم سەرنجڕاکێش بێت و هەم ڕاستەقینەش؟

پۆزنەر: (گەڕانەوە بۆ یۆنانییەکان ـ Going back to the Greeks)، (دادگاییکردنی ئۆرێستس لە ئاسكیولووس ـ the trial of Orestes in Aeschylus). لە كتێبەكانی شکسپیر، دادگاییکردن هەیە وەك (لە پاشا لێەر ـ in King Lear ) و (بازرگانی ڤینیسیا ـ The Merchant of Venice). دادگاییکردنی یاساییش هەیە وەك (هەڵسەنگاندن بۆ هەڵسەنگاندن ـ Measure for Measure). (بیلی بوود ـ Billy Budd)ـی (مێلڤیل ـ Melville’s )، (دادگایی ـ The Trial)ی (کافکا ـ Kafka). زۆرێکی تریش هەن بەڕاستی وەك (نامۆ ـ The Stranger)ی (ئەلبێرت کامۆ ـ Albert Camus).

ـ ئەی ئەوانەی هاوچەرخ؟ چێژ لە (سکۆت تۆرۆو ـ Scott Turow) یان (جۆن گریشام ـ John Grisham) وەردەگریت؟

پۆزنەر: حەز لە گریشام ناکەم. دوو کتێبی سکۆت تۆرۆوم خوێندوونەتەوە: (گومانلێکراوی بێتاوان ـ Presumed Innocent ) و (بێتاوان ـ Innocent). زۆر باشیش نووسراون. سکۆت پارێزەرێکی بە ئەزموونە و کتێبەکانی زۆر ڕیالیستی و ڕاستەقینەن، پارێزەرێکی زۆر باش و هەروەها نووسەرێکی زۆر باشیشە، بۆیە دەقەكانی زۆر باشن. خەڵکی تریش هەن وەک (ویلیام گادیس ـ William Gadis). هەروەها (جەیمز گۆڵد کۆزینز ـ James Gould Cousins) نووسینی یاسایی زۆر باشی هەن. من کتێبێکم نووسیوە دەربارەی یاسا و ئەدەب. بە ناوی (ئاگری خۆبەزلزانین ـ The Bonfire of the Vanities). ئەمانە و هەندێک فیلمی زۆر باشیش هەن. ڕەنگە بگەڕێنەوە بۆ سەرەتای چلەکان، وەك (سپێنسەر ترەیسی ـ Spencer Tracy) و (کاترین هێپبۆرن ـ Katherine Hepburn)، (ئادامس ڕیب ـ Adam’s Rib)، (دوانزە پیاوی تووڕە ـ Twelve Angry Men) لەگەڵ (هێنری فۆندا ـ Henry Fonda). زنجیرەی تەلەڤزیۆنی (ڕامپۆڵ ـ Rumpole)ـیش زۆر باشە. سیستەمی دادوەری ئێمە لەسەر شێوازی (ئینگلیس ـ English) دامەزراوە، بەڵام ئەوان زیاتر شانۆیین، (ڕیتۆریکی ـ rhetorical) و ڕەوانبێژین. زمانەکەمان باشتر لە خودی خۆمان بەکار دەهێنن، و دیمەنی دادگایی بەریتانیی زۆر باش هەیە لە فیلم و بەرنامەکانی كەناڵی بی.بی.سی. بۆیە دەبینین ئەدەبیاتێکی خەیاڵی زۆر دەوڵەمەند لەسەر یاسا هەیە. 

ـ هەرگیز هەوڵت داوە ڕۆمانێکی یاسایی بنووسیت؟

پۆزنەر: هەندێک جار بیرۆکە بە مێشکمدا هاتوون، بەڵام نا. قورسە. هەندێک ڕۆمانی باشی ناودار هەن، بەڵام بە گشتی پێویستت بە ئەزموونێکی زۆر هەیە بۆ نووسینی خەیاڵی، پێش ئەوەی بتوانیت بە ڕاستی ڕۆمانێکی بەکەڵک بنووسیت.

ـ لەم قۆناغەی کارەکەتدا، حەز دەکەیت لە دادگای باڵا دابنیشیت؟

پۆزنەر: نا. چونكە من زۆر بە تەمەنم. تەمەنم ٧٤ ساڵە و خەڵکی بە تەمەنی وەك من دانامەزرێنن.

ـ بەڵام پڕ وزە دیاریت!

پۆزنەر: باشە، من حەز لە دادگای باڵا ناکەم. پێم وا نییە دادگایەکی ڕاستەقینە بێت. پێم وایە لە بنەڕەتدا وەک ماڵی لۆرد و دەوڵەمەندەکانە. دەستەیەکی نیمچە سیاسییە. سەرۆک، سێنات، ئەنجومەنی نوێنەران، دادگای باڵا. زۆر سیاسییە. و ئەوان بڕیار دەدەن کام کەیس و فایل بچێتە بەر دەستیان و گوێیان لێی بێت، کە پێم وا نییە ئەمە شتێک بێت دادوەران بە دڵیان بێت و بیکەن، چونكە دەبێت ئەوەی دێت وەریبگریت. کاتێک بڕیار دەدەیت کام کەیس وەربگریت و گوێبیستی بیت، مانای وایە پێش کات بڕیارت لەسەر کەیسەکان داوە. جگە لەوەش من نووسەرێکی بەردەوامم، حەز دەکەم بنووسم. شێوازەی ئێمە بۆ کەیسەکان جیاوازە، هەندێک جار کەیسێكمان دێتە بەردەستی كە هەموو دادوەران لەسەری دادەنیشن، بەڵام زۆربەی کاتیش، سێ دادوەر دادەنیشین، کەواتە کەیسەکە لە نێوان سێ دادوەردا دابەش دەکەین. هەندێک جار لە سێیەکی زیاتر بۆ خۆم دیاری دەکەم، چونکە خۆپەرستم، بەڵام ئەگەر لەگەڵ 8 کەسی تر دابنیشین [وەک دادگای باڵا] تەنها یەك لەسەر 9ی کەیسەکانم دەست دەکەوێت بۆ نووسین. ئەوە لە بەرژەوەندیی مندا نییە. ئێستا دادوەرانی دادگای باڵا زۆرن و زۆر کەمیش ڕای زۆرینە دەنووسن. ساڵی پار 74 کەیسیان بینیوە. وەرە دابەشی بکە بەسەر 9 كەسدا، دەكاتە کەمێک زیاترە لە 8 ڕا (ڕەئی) لە ساڵێک. ئەمە گاڵتەجاڕییە! من نزیکەی 90 ڕام لە ساڵێکدا دەنووسم. پێم وایە دەگەنە تێکڕای نزیکەی 20 ڕا بۆ هەر دادوەرێک بە گشتی. من چێژ لە نووسینی ڕای جیاواز و هاوڕا وەرناگرم، چونکە کاتێک بڕیار لەسەر کەیسەکە درا، گرنگییەکی زۆر کەم هەیە بۆ ئەم ڕایانەی دیكە. من هەر چێژ لە دادگای باڵا وەرناگرم. هیچ خواستێکم نییە لەوێ بم.

ـ شتێکمان پێ بڵێ دەربارەی خۆت کە زۆربەی خەڵک نایزانن و لەوانەیە سەرسوڕهێنەر بێت؟

پۆزنەر: باشە، من زۆر حەزم لە پشیلەیە. پێشتر حەزم لە سەگ بوو، پاشان گۆڕام. من زۆر سەرسامم بە پشیلەکەی ئێستام. بە گشتی حەز لە ئاژەڵ دەکەم. زۆر نەرمم لەگەڵ ئاژەڵەکان. پشیلەکەم (مەین کوون ـ Maine Coon)ـە ناوی (پیکسی ـ Pixie)ـیە. ئەوەی سەیرە دەربارەی، جگە لەوەی جوان و زیرەکە، خۆشەویستیشە. زۆر نائاساییترە لە پشیلەکانی تر. حەز دەکات بنووزێتەوە و لەگەڵمان بێت. ڕووخسارە بچووکەكەی خەمبار دەبێت ئەگەر هەر یەکێکمان ماڵ بەجێی بهێڵین. زۆر کۆمەڵایەتییە. ئەندامانی خێزانەکەمان دەناسێتەوە، منداڵ و نەوەکان هەموویان. زۆر شیرینە. یەکێک لە هۆکارەکانیشە کە من ئێستا زۆر لە ماڵەوە کار دەکەم. سروشتی کارەکەم وایە کە بەڕاستی پێویست ناکات لە نووسینگە بم مەگەر گوێبیستی کەیسێك ببم. لەوانەیە لانیکەم نیوەی کات لە ماڵەوە کار بکەم. هەموو شتێک کە پێویستمە، لەگەڵ خۆمە یان دەستگەیشتنی ئەلیکترۆنیم پێی هەیە. یەک هۆکار ئەوەیە کە پشیلەکە دەیەوێت لە ماڵەوە بین.

ـ چی بە پێکەنینت دێنێت؟

پۆزنەر: حەز لە کۆمیدیا دەکەم.

ـ یەکێکی تایبەت یا؟

پۆزنەر: زۆر هەن. کۆمیدیا دیارەكانی شکسپیر، وەک (شەوی دوانزە ـ Twelfth Night ) و (خەونێکی شەوی هاوینە ـ A Midsummer Night’s Dream). کۆمیدیاکانی (جۆرج بێرنارد شۆ ـ George Bernard Shaw). (ئۆسکار وایڵد ـ Oscar Wilde) هەیە، (گرنگی بوون بە ئێرنێست ـ The Importance of Being Ernest)، یەکێک لە پێکەنیناویترین کۆمیدیاکانە. کۆمیدیای نەریتیی بەریتانی هەیە. پێم وایە بە شکسپیرەوە دەست پێ دەکات، بەڵام (ئەو بۆ داگیركەر دەچەمێتەوە ـ She Stoops to Conquer )ی (گۆڵدسمیس ـ Goldsmith)ـیش لەخۆ دەگرێت.

ـ ئەی چی دەتگریێنێت؟

پۆزنەر: من ناگریم! حەز لە کتێب یان فیلمی خەمناک ناکەم، بۆیە خۆم لێیان دوور دەخەمەوە. حەز لە شتی سۆزداری ناکەم. (سەركێشی ـ Adventure) باشە، بەڵام حەز لە شتی خەمناک ناکەم.

ـ دەوێت چی لەسەر کێلی گۆڕەکەت هەڵکەنرێت؟

پۆزنەر: ها-ها! باشە، من پلانم نییە کێلی گۆڕم هەبێت. باوەڕم بە سووتاندن هەیە. کێلی گۆڕ بۆ من نابێت.