ئاینی من هەر ئەوینە

خالیدباشبڵاخیی

نازانم، بە چ پێوەرێک

خۆشەویستیی تۆ بپێوم

دوورییت خەریکە بمکوژێت

ڕۆح گەیشتۆتە سەر لێوم!

کەی دێی

وەک بەفری قەندیلێ

بەدڵما . بباریتەوە؟

وەکو جاران، لەژێر تاڤگەی

پرچتدا بمشاریتەوە!

ئەوە منم، بێتۆیی و خەم

دەستیان خستووەتە بینم

وەک گەڵای پایز لە پرسەی

سەمای مەرگی هەڵوەرینم..!

شەوانە، دەستی ئازارێک

خوێ دەکاتە برینمەوە..!

دوورییت، چەمێکە لە گریان

دەڕژێتە پێکەنینمەوە!

پادشای ئەم‌جیهانەش بام

تۆم دەکرد بەتاجی سەرم!

لەوێوە خەم دەتگریێنێت

من؛ لێرەوە هەڵدەوەرم

لەخەڵوەتخانەی خەیاڵما

وەک زیکر ناوی تۆ دەبەم!

ئاینی من هەر ئەوینەو

کڕنووش بۆ چاوی تۆ دەبەم..!!