ڕۆژی شەممە٢٢/٢/٢٠٢٥ لە ھوڵی ڕاگەیاندنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی نوێنەری (سەرۆک بارزانی) و تەھا بەرواری نوێنەری سەرۆکی ھەرێم و ئاریان سەلاحەدین بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و (خانی ھەژار موکریانی) کوڕی مامۆستا ھەژار موکریانی و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و نووسەر و پسپۆڕانی بواری زمانی کوردی لە ھەر چوار پارچەری کوردستان، یەکەمین دیداری ھەژار موکریانی بە ناوونیشانی (ھەژار و زمان) لە ھەولێری پایتەخت بەڕێوە چوو.
سەرەڕای چەندین پانێڵ سەبارەت بە زمانی كوردی، هەر لە یادەكەدا خەڵاتی زێڕینی مام ھەژار پێشکەش بە (دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف) کرا لە پێناو خزمەتە زۆرەکەی بەرانبەر زمان و وێژەی کوردی.
دكتۆر ئەوڕەحمان و كوردبوون:
دكتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف نزیکەی چل ساڵ وەک خزمەتکارێکی شارەزا و دڵسۆز شەو و ڕۆژی لێک گرێداوە و لێرە و لەوێ بە وشە و هەڵوێست خزمەتی نەتەوەکەی کردووە، ئەوەتە خاکییانە و لەخۆبوردوانە نووسیویەتی: “کۆڵەوارم و هەر هێندەم لە دەست دێت، خۆزگە کاری گەورەم لە باردا بووایە، خەجاڵەتی قاپی دڵسۆزی میللەتەکەمم، کە هێندە دڵپاک و لەخۆ بووردوون، دەست بە ڕوومەوە نانێم ئەو جۆرە دیاریانەم لێ وەرگرن”.
دكتۆر ئەوڕەحمان، زمانزانێکی هێندە گەورە بوو كە لە خەمی زمان و گەلەكەی گەیشتبوو، بۆیە هەرگیز نەیدەنووسی (عبدالرحمان حاج معروف)، بەڵکو فۆڕمە کوردێنراوەکەی ناوی خۆی واتە (ئەوڕەحمانی حاجی مارف)ـی بەکار دەهێنا، تا چیتر كەس بە زمانی عارەبی ناوی خۆی نەنووسێت و هەوڵی گەشەسەندنی زمانی كوردی بدات.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دكتۆر ئەوڕەحمان وەك سەنەد و مۆرێك بوو بۆ وشە كوردییەكان و ئەگەر ناوی ئەو هاتبایە لە ڕۆنان و داتاشین و دروستكردنی هەر وشەیەك، چیتر كەس ڕەخنەی لەسەری نەبوو. بۆ نمونە هەر دكتۆر ئەوڕەحمان بوو كە پشتگیری وشەی (زانكۆ) لەبری (دانشگا)ی فارسی بۆ زانكۆی ئەوكاتی سلێمانی كرد. دەگێڕنەوە:
“بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا، ساڵی 1968 و بەپێی یاسای ژمارە 143ی خوێندنی باڵای عێراق لە شاری سلێمانی زانکۆ دامەزرا بە ناوی (دانشگای سلێمانی) . هەرچی ڕۆشنبیرانی کورد هەیە دۆش دامابوون بۆ وشەیەکی گونجاو و شایستە تا لە شوێن وشەی (دانشگا) بەکار بهێنرێ. نزیکەی شەش ساڵ ئەم کارە درێژەی کێشا، هەرچاوەڕێی وشەیەکی نوێ بوون. هەندێک لە ئەندامانی کۆڕی زانیاریی کورد وشەی (جامعە)ی عەرەبییان پێ باش بوو بکرێتە جێگرەوەی وشەی دانشگای فارسی. بۆیە دوای هەوڵێکی زۆر یەکێک لە شاعیر و نووسەرە جوانەکانی کورد بە ناوی (ئەحمەد شوکری) ناسراو بە (دکتۆر شۆ)، وشەیەکی جوانی بۆ دانشگا داتاشی و توانی وشەی (زانکۆ) بخانە فەرهەنگی کوردییەوە، ساڵی 1972 ئەندامانی کۆڕی زانیاریی کورد دوای چەند مانگ و تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندن وشەی دانشگایان گۆڕی بوو وشەی زانکۆ و تابلۆی دانشگای سلێمانی كرایە زانکۆی سلێمانی. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ساڵ و زۆر کەس ڕەخنەیان لە چۆنەتیی ڕۆنان و هاتنەناوی وشەکە گرت و زۆر کەس بە هەڵەیان دانا، تا ئەوەی كە دکتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف، جەختی کردەوە لەسەر جێگیرکردنی ئەم وشەیە، ڕۆنانی بۆ وشەی زانکۆ کرد و ئیتر وشەکە بە تەواوەتی جێگیر بوو و ڕەخنەكانیش نەمان”.
دکتۆر ئەوڕەحمان و ئامانجەكەی:
(دكتۆر هۆگر مەحموود فەرەج ـ مامۆستای زانكۆ)، لەبارەی ویست و ئامانجەكانی دكتۆر ئەوڕەحمان دەڵێت: “دكتۆر ئەوڕەحمان نەیدەویست تەنیا بخوێنێت تا ببێتە مامۆستا بۆ بژێوی ژیانی، بەڵكو گەورەترین خواستە گەورەكەی ئەوە بوو كە ڕاژە بە نەتەوەكەی بكات، چونكە گرنگترین شت بۆ هێشتنەوەی نەتەوە زمانە و یەكێك بوو لە كۆڵەگەكانی دروستبوونی بەشی زمانی كوردی لە بەغدا و بەشداری لە بەرەوپێشبردنی بەشی كوردی لە بواری خوێندنی باڵا كرد. دكتۆر لە چوارچێوەی قوتابخانەیەك كاری كردووە كە لە قوتابخانەی زانستیی ئەوڕۆ جیاوازە، بۆیە لە هەركاتێك لێكۆڵینەوە لە زمانی كوردی بكەین، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەرچاوەكانی دكتۆر ئەوڕەحمان، وەك سەرچاوەكانی لەسەر ڕێزمان. هەر لە سەرەتاوە هەوڵی داوە زمانی كوردی بخاتە ئاستی زمانە جیهانییەكان كە زمانێكی ستاندارد بێت بۆ نووسین و قسەكردن پێی”.
دكتۆر عێزەدین مستەفای نووسەر لەبارەی دكتۆر ئەوڕەحمانەوە دەڵێت: “ئەو، یەكێك بوو لە زاناكانی بواری زمان. بە نەمانی كە زۆر زوو بوو، زمانزان و تێكۆشەرێكی گەورەمان لەدەست دا.”
دكتۆر ئەوڕەحمان و زمان:
ڕۆحی دكتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف لەگەڵ ڕۆحی زمانی كوردی گرێدرابوون و بەهیچ شێوەیەك لێك جیا نەدەكرانەوە. هێندە ورد بوو لە زمان كە كتێبەكانی تا ئێستاش و دوای نیوسەدە سەرچاوەن بۆ بنەمای گەشەسەندنی زمانی كوردی.
دكتۆر ئەوڕەحمان لە پێشەكیی پەرتووكی (وشەی زمانی کوردی) كە لە ساڵی 1975 و لە لایەن چاپخانەی كۆڕی زانیاری كورد ـ بەغدا چاپ كراوە، دەنووسێت: “كاتێ باسی زمان دێتە گۆڕێ، بەر لە هەموو شتێك مەبەست وشەیە، بێ زانینی وشە بەتایبەتی وشەیەكی زۆر، زمان نازانرێ و ئاخاوتنی پێ ناكرێت. ئەمە لە كاتی فێربوونی زمانی بێگانەدا بە ئاشكرا دەردەكەوێت…” و “زانینی ژمارەیەكی زۆر لە وشە و بەكارهێنانیان بە شێوەیەكی ڕاست، نەك تەنیا لە فێربوونی زمانی بێگانەدا گرنگە، بەڵكو بۆ زمانی زگماكیش ـ بۆ ئەو زمانەی لە منداڵییەوە وتووبێژی پێ دەكەین ـ گەلێك پێویستە. ڕاست نییە ئەگەر وا بیر بكەینەوە، هەموو ئەو كەسانەی بە كوردی دەدوێن و ئەو خەڵكەی كە زمانی كوردی زمانی زگماكیانە، وەك یەك دەیزانن و ئاخاوتنیان وێكدەچێ و یەك جۆر وشە بەكار دەهێنن، بەڵكو پلەی زانینی ئادەمیزاد جیاوازە. وەك ئاشكرایە، ئەمەش لە گەلێك ڕووەوە پەیوەندیی بە ڕادەی كولتووری مرۆڤەوە هەیە…” و “بەهرەی بوونی زمان ـ نیشانەی بەختەوەریی مەزنیی ئادەمیزادە. خۆشویستنی زمانی زگماك و باش زانین و چاك بەكارهێنانی.. ئەركی سەرانی مرۆڤە و مایەی بەختیارییەتی. ناسین و زانینی وشە و شارەزایەتیی تێیدا پەیداكردنی كارێكی بەرز و پێویستە…” و “وەك ئاشكرایە، پەردەی ڕەش بەسەر سەدان وشەی زمانەكەمانەوەیەو گەلێك ڕووی گرنگی وشەی زمانی كوردی هێشتا هەر بە ئاڵۆزی و تاریكی ماوەتەوە. هۆی ئەمەش ئەوەیە تاكو ئێستا بەداخەوە لێكۆڵینەوەی قووڵ و زانستیانە دەربارەی وشەی زمانی كوردی نەنووسراوە”.. “بێگومان پشتگوێخستنی كێشەی وشەی زمانی كوردی، لە كاری لێكۆڵینەوەی زمانەكەماندنا كەلێنێكی گەورەیە. بینینی ئەو كەلێنە هەستی جووڵاندم و ڕایكشێام كە خۆم بەو باسەوە خەریك و ماندوو بكەم”.
یا لە پێشەكی كتێبی (زمانی كوردیە لەبەر ڕۆشنایی فۆنەتیكدیا ـ كۆڕی زانیاری كورد ـ 1976) دەنووسێت: “لە هەر ڕوویەكی زمانی كوردی وردبیتەوە، ئەوەمان بۆ دەردەكەوێ كە پێویستی بە دەیان لێكۆڵینەوە و توێژینەوە هەیە. یەكێك لەو مەودایانەی كاریان كەم تێدات كراوە فۆنەتیكە. بینینی ئەو كەلێنە هەستی جووڵاندم و ڕایكشێكام كە خۆم بەو باسەوە خەریك و ماندوو بكەم. دوای هەوڵ و كۆششێكی زۆر، ئەوەی بۆم كرا كردم و ئەوەی لە توانامدا بوو بەجێم هێنا. بە پێویستی دەزانم پەندە بۆ ئەوە ڕتبكێشم كە لە گۆڤاری ڕازاوەی بەیاندا زنجیرەیەك وتارم بە ناوی (لەبارەی فۆنەتیكی زمانی كوردییەوە)ەبڵاو كردەوە كە هەندێك بوون لە كەرتەسەی ئەم كتێبە..”
دكتۆر ئەوڕەحمان و فەرهەنگ:
دكتۆر ئەوڕەحمان، لەپاڵگرندیدانی بە زانستی زمانی كوردی، گرنگییەكی زۆریشی بە وشەی كوردی داوە و لەو كاتەوەی كە نامەی دکتۆراکەی نووسی لەبارەی (مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی و شێوازی دانانی فەرهەنگی ڕووسی-کوردی)، ئیتر كەڵكەڵەی نووسینی فەرهەنگێكی باش كە بنەما بێت بۆ گەشەسەندنی زمانی كوردی و بە ستانداردبوونی، كەوتە مێشكی و لەم بوارەشدا كاری گەورەی كردووە، هەرچەندە بەداخەوە گەورەترین كاری لەنێو چوو.
ئەم شاكارەشی كە لەنێو چوو، دكتۆر ئەوڕەحمانی ناوی (میدیا)ی لێنابوو، خۆی لە بیست و پێنج بەرگ دەبینیەوە و بە ڕێوشوێنێکی زانستیی فەرهەنگنووسی دایڕشتبوو و بە پشتبەستن بە یاسا و دەستورەکانی بواری فەرهەنگسازی وشە و واتایەکانی تۆمارکردبوون و لەسەر هەمان ڕێچکەی فەرهەنگەکەی عەبدولڕەحمانی زەبیحی (قاموس زبان کردی) دەڕۆیشت.
براكەی دكتۆر ئەوڕەحمان لە گفتوگۆیەكی میدیاییدا دەربارەی هەوڵەكانی براكەی بۆ نووسینی فەرهەنگ (قامووس) دەڵێت: “دكتۆر ئەوڕەحمانی برام، دوای خوێندن لە سۆڤیەت دەگەڕێتەوە عێراق و لە بەغدا نیشتەجێ دەبێت و دوای ئازادكردنی عێراق كە دێتەوە سلێمانی ماڵەكەی تاڵان دەكەن و بەمەش ئەو فەرهەنگە گەورەیەی كە بە پێی پیتەكان نزیكەی 25 بەرگ بووە و كوردی بۆ كوردی بوو ئەویش لەنێو دەچێت كە ئەگەر هەبوایە كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر زمان و هاوواتای وشەی كوردی دەبوو، هەرچەندە ئەلفەكەی چاپ كرد، بەڵام بەداخەوە ئەوانی دیكەی هەمووی فەوتان”.
(د. محەمەد مەحوی مامۆستای زانكۆ) لەبارەی هەوڵەكانی دكتۆر ئەوڕەحمان بۆ نووسنیی فەرهەنگ دەڵێت: “هەوڵەكانی دكتۆر بۆ نووسینی فەرهەنگ و قامووس دوو جۆر بوون: نووسینی فەرهەنگی كوردی ـ كوردی بوو كە بەداخەوە نەمانبینی و دەگوترێت لە بەغدا تاڵان و لەنێو دەبرێت و تەواو نەبوو. هەوڵی دووەمی دكتۆر ئەوڕەحمان بۆ فەرهەنگ، نووسنیی فەرهەنگی زاراوەكانی زانستی زمان بوو كە كاری لەسەر كردووە.”
دکتۆر ئەوڕەحمان و كەڵە نووسەران:
دكتۆر ئەوڕەحمان پەیوەندییەكی زۆر باشی لەگەڵ كەڵەنووسەران و زانایانی بواری زمان و ڕۆشنبیران هەبووە و باسكردنەكانیان و سوپاسكردنەكانیان لە نێو پێشەكی كتێبەكانی نیشانەی ڕێزگراتنی دكتۆر ئەوڕەحمان بووە بۆ هاوڕێ و نووسەر و زمانزانەكان.
(دكتۆر هۆگر مەحموود فەرەج ـ مامۆستای زانكۆ) لەو بارەوە دەڵێت: “دكتۆر ئەوڕەحمان، لەگەڵ هەژار موكریانی و كەمال مەزهەر و مەسعوود محەمەدی بەهەشتی كاری كردووە و جێدەستیان دیارە و گوڕێكی گەورەیان بە بواری بڵاوكردنەوەی كوردی لە بواری زمان و ئەدەب و كلتوور و مێژوو دا..” و ” دكتۆر ئەوڕەحمان، ببووە مۆرانەی كتێب و هەرچی كتێب و گۆڤار و بڵاوكراوەی ئەوكاتی هەموو بینیوە. و هەموو كتێب و نووسینەكانی ڕۆژهەڵاتناسەكانی لەسەر كورد هەمووی خوێندووەتەوە” و هەر ئەمەش وا دەكات كە پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ نووسەران هەبێت و نووسەرانیش هاوكاری بن لە چاپكردنی كتێبەكانی.
بۆ نمونە دكتۆر ئەوڕەحمان لە پێشەكیی پەرتووكی (وشەی زمانی کوردی) كە لە ساڵی 1975 چاپی كردووە، دەنووسێت: “پڕ بە دڵ سوپاسی مامۆستا هێمن موكریانی و مامۆستا شوكور مستەفا، دوو مامۆستا و برای گەورە و هاوڕێیی نێزیكم دەكەم كە لە شەیكردنەوەی گەلێك ڕووی ئەم كتێبە زۆریان هاریكاری لەگەڵ كردم و یاریدەیان دام” و لە كۆتایی پێشەكییەكەیشیدا دەنووسێت: “تاقە هیوام ئەوەیە، بەم كارە توانیبێتم خزمەتێكی بچووك پێشكەش بە زانیاریی گەلەكەمان بكەم. لەبارەی وشەی زمانی كوردییەوە، پێم كرابێ چەند وشەیەكی بەكەڵك بنووسم و دوو قسەی خێری بكەم..”.
هەروەها لە پێشەكی كتێبی (زمانی كوردیە لەبەر ڕۆشنایی فۆنەتیكدیا ـ كۆڕی زانیاری كورد ـ 1976)، دكتۆر ئەوڕەحمان دەنووسێت “شایانی باسە مامۆستا مەسعوود مجەمەدیش گەلێك تێبینی و سەرنجی بەنرخی لەبارەی ئەم كتێبەوە خستە ڕوو. من لە كاتكێدا بۆ پوختكردنی باسەكە سوودێكی زۆرم لە بیروڕاكانی وەرگرتووە. پڕ بە دڵ سوپاسی دەكەم. لە ناخی دڵەوە سوپاسی ماۆمستا هێمن موكریانی و مامۆستا شوكور مستەفا و مامۆستا محەمەدی مەلا كەریم و ماكۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە دەكەم كە لە دەركردنی ئەم كتێبەدا زۆریان هاریكاری لەگەڵ كردم و یاریدەدیان دام.”
هەروەها لە پێشەكی كتێبی (چی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە، بەغدا ١٩٧٤)، نامەیەكی مەسعوود محەمەد بۆ ئەنجوومەنی كۆڕی زانیاری كورد بڵاو كراوەتەوە كە پەسنی كارە نیشتمانییەكەی دكتۆر ئەوڕەحمان دەكات و دەنووسێت:
“ئەم نووسینە (مەبەستی كتێبەكەیە) لە ڕووی ناوەرۆكەوە نرخی تایبەتی خۆی هەیە لەبەر دوو هۆی گرنگ.
یەكەم ـ تا ئێستا لەم بابەتەوە كەس، چ كورد و چ غەیری كورد، بەرهەمێكی ڕێنشاندەری پێشكەش بە كوردناسی و خوێنەرانی كوردی نەكردووە. یەكێك بیەوێ سەرچاوەی نووسین لەبارەی زمانی كوردییەوە بدۆزێتەوە، دەبێت ماڵە و ماڵ و شارە و شار پرسیاری بۆ بكا. ئەم كتێبە، بابڵێم ئەم نامیلكەیە، ڕێگەیەكی درێژی پرسیاركردن دەپێچێتەوە و دەیكا بە یەك تاكە هەنگاو.
دووەم ـ نووسینەكە سوودبەخشترە لە بیبلیۆگرافییەکی پەتی، چونكە دەربارەی گەلێك لەو كتێبانەی كە لەسەر زمانی كوردی نووسراون، تا ڕادەی پێویست، ڕەخنە و نرخاندنی تێدایە، سەرەڕای ئەوە كە پووختەیەكی مێژووی نووسینەكان ڕوون دەكاتەوە و بەمەدا لیستەیێكی زەمەنیش ئامادە دەكات بۆ ئەو كەسەی بیهەوێ بە مێژووی نووسینی كوردییەوە خەریك بێ.
بە لای منەوە، نامیلكەكە لێی دەوەشێتەوە ببێتە سەرەتایەك كە ساڵە و ساڵ لێی زیاد بكرێت و چی لەسەر زمانی كوردی لەدوا ڕۆژدا دەنووسرێت، بخرێتەوە سەر خەرمانی ئەم نووسینە.
لەدوا ئەم ڕوونكردنەوەیە هەر هێندە دەمێنێتەوە بە كورتی بڵێم: لە چاپدانی نامیلكەكە كارێكی بایەخدارە و لە جەرگەی ئەركەكانی كۆڕە. چارەسەركردنی شكڵی ئەو ڕێنووسە كە پێی نووسراوەتەوە و هێنانی بۆ سەر ڕێنووسی كۆڕ، كارێكە لە هەموو قۆناغەكانی چاپكردنیدا بە ئاسانی دەكرێت.”
دکتۆر ئەوڕەحمان و ژیانی:
زانا و نووسەر و زمانزان و زمانناسی مەزنی کورد (ئەوڕەحمانی حاجی مارف)، نیو سەدە بێ پسانەوە کونجکۆڵ بەدوای وشەی کوردی و کاری زمانەوانییەوە بوو و بە نووسین و لێکۆڵینەوە و وەرگێڕان و سەرنجەکانی خزمەتێکی گەورەی پێشکێش بە نەتەوەکەی کردووە و لە زۆربەی لایەنەکانی زمان دواوە و گەلێک دیوی شاراوەشی دەرخستوون و پەردەی لەسەر هەڵماڵیون و ساغی کردوونەتەوە.
دكتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف، لەدوای تەواوکردنی قۆناغی ئامادەییدا، بە مەبەستی درێژەدان بە خوێندن ڕوو لە وڵاتی ڕوسیا دەکات، سێزدە ساڵ لەوێ دەمێنێتەوە و بەهەوڵ و کۆشش و توانستی خۆی لە ڕێگەی خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە گەورەکانی جیهان زمانی ڕووسی فێر دەبێت. لە زانکۆی (لێنیگراد) بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماجستێر بەدەست دەهێنێت، دواتریش لە (ئامۆژگاری ڕۆژهەڵاتناسیی ئەکادیمیای سۆڤیەتی لێنیگراد) بە هاوکاری مامۆستا کوردەکەی پڕۆفیسۆر (قەناتی کوردۆ- کوردۆیف)، کە کەڵک و قازانجێکی زۆری لێبینیوە و بۆ ئەو پاڵپشتێکی بەهێز بووە، نامەی دکتۆراکەی لەبارەی (مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی و شێوازی دانانی فەرهەنگی ڕووسی-کوردی) تەواو دەکات و بڕوانامەی دکتۆراش بەدەست دەهێنێت.
لە ساڵی (1973) دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمان و لە کۆڕی زانیاریی کورد و زانکۆکانی سلێمانی و ئیبن ڕوشد و خانەقین، قۆڵی خزمەتکردن هەڵ دەکات و وانە بە قوتابییانی بەکالۆریۆس و ماجستێر و دکتۆرا دەڵێتەوە و سەرپەرشتی دەیان نامەی ماجسێر و دکتۆرای کردووە، ئاریکار و هاندەری گەورەی قوتابییە کوردەکانی بەشی کوردی بووە لە شاری بەغدا.
لەماوەی ژیانیدا زیاتر لە بیست کتێب و سەدان وتار و لێكۆڵینەوە و وتاری وەرگێڕدراوی لە بارەی زمان و ئەدەب و کوردناسی و ڕەخنە و فەرهەنگنووسی پێشکێش بە کتێبخانەی کوردی کردووە و ئەو بەرهەمانەش گرنگی و تایبەتی خۆیان هەیە و بوون بە هەوێنی چەندان کتێب و وتار و توێژینەوەی دیکە.
ئێستاش نووسینەکانی دكتۆر ئەوڕەحمانی حاجی مارف لە قوتابخانە و زانکۆکان دەخوێنرێن و نرخ و بایەخی تایبەتییان هەیە، بە جۆرێک زۆربەی هەرە زۆری خاوەن قەڵەم و خوێندەوارانی ئەم وڵاتە مشتێک لە خەرمانی زۆر و زەوەندی ئەم کەڵە زانایەیان بەرکەوتووە، بەرهەمەکانی پڕن لە داهێنان و بابەتی نوێ، بەردەوام ملی داوەتە بەر ئەو لایەنانەی زمان، کە قسەیان لەسەر نەکراوە یان کەمترین سەرچاوەیان لەسەر هەیە و کتێبخانەی کوردی پێویستی پێ هەبووە.
لە ڕێگەی وەرگێڕانیشەوە دەیان کوردناس و زمانناس و کەڵەنووسەری جیهانی بە خوێنەرانی کورد ناساندووە. دوای تەمەنێک لە نووسین و خزمەت و خەمخۆری، بڕیاری کارێکی درێژخایەنی وەکو دانانی فەرهەنگێکی کوردی-کوردی دەدات، بەڵام دواجار مەرگ مەودای تەواوکردنی فەرهەنگەکەی پێ نەدا.
مخابن لە شەوی 7 لەسەر 8ی تەمووزی 2007، بەکارەساتێکی دڵتەزێن گیانی پاکی سپارد و لە دەست نەتەوەکەی چوو.
دکتۆر ئەوڕەحمان و بەرھەمەکانی:
• چی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە، بەغدا 1974
• وشەی زمانی کوردی، کۆڕی زانیاری کورد، 1975
• زمانی كوردیە لەبەر ڕۆشنایی فۆنەتیكدیا ـ كۆڕی زانیاری كورد ـ 1976
• وشە ڕۆنان لە زمانی کوردیدا، کۆڕی زانیاری کورد، 1977
• ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ناو)، کۆڕی زانیاری عێراق، 1979
• نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی، ھەولێر 1986
• ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-جێناو)، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا 1987
• لە بواری فەرھەنگنووسیی کوردیدا، بەغدا 1987
• ڕابەری سەرچاوە لەبارەی زمانی کوردییەوە، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا 1989
• ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ئاوەڵناو)، کۆڕی زانیاری عێراق، بەغدا 1992
• کرداری کارا دیار و کرداری کارای بزر لە زمانی کوردیدا، یەغدا 1994
• ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-ژمارە و ئاوەڵکردار)، کۆڕی زانیاری عێراق، بەغدا 1998
• ڕێزمانی کوردی (وشەسازی-کردار)، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی 2000
• مشتێک لە فڕوفێڵی کتێبی «چەند ئاسۆیەکی تری زمانەوانی»، بەغدا 2005