ئەسپێی “گاجووت”ـی گەرمیان!

خوسرەو جاف

ئەو ڕۆژە لە گەرمیاندا ئاگر دەباری گەرما لە چركەیەكدا شەڵاڵی عەرەقی دەكردی، ئێمەی گەرمیانی لە ڕووی ناچارییەوە هۆكارەی ئاووهەوای دەڤەرەكەمانین، وەرزێرەكانی گەرمیان لەو ئاگربارانەدا فەرەنجییەكی ئەستووری خورییان لەبەر دەكرد، تا هەرچی زووتر لە كاتی دروێنەیدا گەرما شەڵاڵی عەرقیان كات. تا هەر كزەبایەك هەڵیكردبایە ئەو تەڕیی عەرەقبوونە دەبووە هۆی كەمكردنەوەی تەوژمی سووتێنەری گەرما بەندەیش لە سەردەمی پێشمەرگایەتیدا بلووزێكی خوریم لەژێرەوە لەبەر دەكرد. تا تەڕی عەرەق بم، ئەو عەرەقكردنە دەبووە هۆی لانەوازی ئەسپێیەكانی ناو لەشمان و لەناو عەرەقی لەشدا بە لاگەردەن و ڕوومەتماندا هەڵدەكشان، ئەسپێكان لە هاوینی گەرمیاندا وەزعیان لە ئێمەی پێشمەرگە خراوتر بوو. بڕێكێش لەبەر ئەسیدی لەشیان ئەسپێ لە لەشیاندا توانای جووڵانەوەیان مەحاڵە.
خزمێكمان لەگەڵدا بوو مەحموود بەگ زۆر قسەخۆش و گاڵتەجار بوو، لەوانە بوو ئەسپێ لە لەشیا نەدەژیا، لەناو دەچوو، بۆ خوا تاكە ئەسپێیەك لە لەشیدا نەبوو، من سەرەتا باوەڕم بەم تئۆریەی نەكرد، ڕۆژێك هات و وتی: دەی با تاقی بكەینەوە.
پێنج شەش لە ئەسپێیەكانی لەشت (خۆ ماشاڵا) كەم نین بیانخەرە ناو لەشمەوە، ئەگەر تا سبەینێ ژیان لە لەشمدا، هەرچیم پێ دەكەی بیكە.
خۆم ڕووت كردەوە و بە بەر چاومەوە، دە ئەسپێی گاجووت- ئێمە بە ئەسپێ ڕەشەكانمان دەوت گاجووت لەبەر قەبارەی زلیان و هاروهاجییان و خێرا ڕۆیشتنیان – ئەسپێكانم خستنە فانیلەی ژێر جلەكانیەوە.
بە سبەینێدا هات و وتی:
بە بەرچاوتەوە خۆم ڕووت دەكەمەوە و سەیر بكە.
هەروام كرد، یەك دانەی لە لەشیدا بە زیندووی نەمابوون.
جا بۆ گاڵتە دەیوت:
فانیلەی ژێرجلەكانم ئیجارە ناكەیت؟
ئەو لەشوئەندامی وەك من زلزەلام نەبوو، جلی ئەوە بۆ من نەدەشیا.
سەیرەكە لەوەدایە من ئاوا ژیانێكم تاقی كردبوویەوە، سەرەڕای برسێتی و ژانەكانی.
ئەمەی من دەیڵێم چەندان دەهە لەمەوبەرە، ئێمەی پێشمەرگەی سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول ئاوا دەژیاین، لە ئاسمان ئەستێرەمان شك نەدەبرد.
كاتێك ڕۆمانی “كۆردەرە”م نووسی، باسی ژیانی برسێتی و نەداریی تیادا كردووە، وردە جاسووسەكانی لای موسڵح جەلالی و ئەمنی عێراق دەیاننووسی “خوسرەو جاف و برسێتی، خوسرەو جاف و ئەسپێ و نەداری” وەك وتەكەی “ماری ئنتوانیت) لە سەرەتا شۆڕشی فەرەنسادا برسێتی بوو، نان بۆ خواردن نییە، وتوویەتی قەینا با پسكیت بخۆن. جا سەیر كە، دوای ئەو ماوە دوورودرێژە ئەو وردە جاسووسانە نین و بەندەیش بەرهەمەكانم وەك كتاو، وا لە هەشتا كتاو بەرەو سەرەوەیە.
با بگەڕێمەوە سەر ئەو ڕۆژە فرەگەرمەی گەرمیانەیدا، هەواڵمان زانی سوپای عێراق لەو دەڤەرەی “ژاڵە”ی گەرمیانە پەلامارمان دەدات، ئیدی شەڕێكی خوێناوی ڕووی دا و ناڕۆمە نێو باسی شەڕەكەوە.
شەڕ بڕایەوە و چەندان لەشی ئەفسەر و سەربازی عێراق لە مەیدانی شەڕدا بەجێ ما.
یەكێك لە پێشمەرگەكان نامەیەك و سەعاتێكی مەچەكی هێنا و دای بە دەستمەوە و وتی:
ئەو نامەیە لە باخەڵی یەكێك لە ئەفسەرەكاندا وەدرم هێناوە وا كوژراوە.
وتم كاتژمێرەكەی ببە بۆ خۆت و نامەكەم خوێندەوە، ڕاستی لە خوێندنەوەی گەلێك بێزار و نیگەران بووم.
نامەكە لە خوشكی ئەفسەرەكەوە بۆی هاتبوو، من ناوی ئەفسەرە كوژراوەكە ناهێنم، هەروەها هی خوشكەكەیشی.
لە نامەكەیدا خوشكەكەی بۆی نووسیبوو: تۆ لە شەڕی شەرەف و نامووس و غیرەتدای، یەك زەڕە ڕەحم و بەزەیی بە دڵ و بیرتا ختوورە نەكات، ئەو جانەوەرە یاخیانە نەشیاوە تۆزەكێك ڕەحم و بەزەیی بەوانەیدا بێتەوە. ئیتر لەو توندوتیژی و توڕەهاتانەی دەمارگرژی.
عینوانی خۆیشی نووسیبوو، بە چاكم زانی وەڵامی ئەو ئافرەتەی بدەمەوە، هەروام كرد.
خوشكی بەڕێز!
بە داخەوە من نامەكەتم بەو توندوتیژیەی وا نووسیبووت كە پڕە لە تیژپەڕی و دەمارگرژی لە گیرفانی لەشی بێڕۆحی براكەتدا دەرمان هێناوە و وا نامەكەت بۆ دەگێڕمەوە، بەڵام ئەمەوێ چەند ئامۆژگارییەكت بكەم:
جگە لەوە سەرەخۆشیت لێ دەكەم بۆ كوژرانی براكەت، من نازانم دڵی ئینسان چۆن جێگەی ئەو هەموو كینە و دڵڕەقییەی تیادا دەبێتەوە؟
بۆ دەمانكوژن؟
بۆ دەمانسووتێنن؟
شەڕ كەی جوان بووە؟
كەی ئەقڵیەتی ئێوە وای لێ دێت ددان بە مافی خەڵكی تردا بنێن؟
دەزانی چەند لەشی تر لەگەڵ براكەتدا كەوتوون؟
برای تۆ هاتووە و سوور بوو لەسەر كوشتنمان، با ڕاستگۆبم لەگەڵتا.
براكەت پیاوانە شەڕی دەكرد ئازا بوو، شتێكە ئێمە لەو ئازاتر بووین، تا ئەبەدیش ئازاتر دەبین، لەبەر ئەوەی ئێمە لەسەر هەقین و دیبفاع لە خاك و وڵات و ژن و ماڵ و منداڵمان دەكەین.
براكەت هاتووەتە سەرمان و دەیویست بمانكوژێت، دێ و ماڵ و منداڵمان بسووتێنیت!
ئێمە پەلاماردەر نین، بەڵام لە پاراستن و دیفاع و بەرگریدا تا مەرگ دەجەنگین، من نامەكەی خۆتم بۆ ناردیتەوە. ئەمە بە ڕووداو مەزانە، ئومێدەوارم تۆ و ئەوانی تریش بە خۆیانا بچنەوە، مافی ژیانی شەرافەتمەندانەیش بە ئێمە بدەن، كە نایدەن ئیللا بە ناچاری.
دووبارەی دەكەمەوە، براكەت ئازایانە شەڕی دەكرد، لە بندەستما پێشمەرگەیەكی شەهید كرد و لە ئەنجامدا كوژرا.
ئیمزا/ برایەكی كوردت
من ئەو نامەم بە هەمان ئەو ئەدرەسەی ئەو ژنەیدا دام بە یەكێك لە باوەڕپێكراوەكانمان، لە پۆستەی شاری كفریدا، خستیە پۆستەوە، ئومێدەوارم بەو ئافرەتە برا كوژراوەی گەیشتبێت.
دیارە ئەفسەری كوژراو، خەڵكی شاری سامەڕا بوو.