ئارام كۆشكی – سلێمانی
د.محەمەد کەمال لە کتێبی فەلسەفەی زماندا لە پێشەکی کتێبەکەدا دەنووسێت: “بیرکردنەوە بەبێ زمان ڕوو نادات و تەنانەت ئەم لێکۆڵینەوەیەمان لە فەلسەفەی زمان لەنێو زماندایە. بۆ تێگەیشتن لە واتای ئەو بابەتانەی بیریان لێ دەکەینەوە پێویستمان بە زمانە.” لێرەوە تێدەگەین مرۆڤ بوونەوەرێکی زمانییە. زمانە دەبێتە خاڵی جیاکەرەوەی مرۆڤ لە بوونەوەرانی دیکە، ئیدی ئەو زمانە ئەگەر زمانی ئاماژەش بێت. مرۆڤ لە ڕێی زمانەوە داهێنان دەئەفرێنێت. لێرەدا مەبەستمان تەنها زمانی نووسین نییە، بەڵکو زمانێکە کە مرۆڤ دەتوانێت گوزارشتی لەخۆی پێ بکات.
هەموو مرۆڤێک لە هەر نەتەوەیەک بێت، بەر لە هەر شتێک فێری زمانی دایکی دەبێت، بۆیە زمانی دایکیی و بەکارهێنانی دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ زمانپژان و بیرکردنەوە و داهێنان و لە دواتریشدا هەر جوڵەیەکی دیکە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی. مرۆڤ ئەگەر فێری چەندین زمانی دیکەش بێت، هەمیشە سۆزێکی هەیە بۆ زمانی دایکی، چونکە یەکەم وشەکان، یەکەم بیرکردنەوەکان لەوێوە ڕسکاون.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەر گەلێک نووسەر و ڕۆشنبیری کورد کەوتووم، کە زمانی دایکیان هێندەی ئەو زمانە بەهێز نەبووە کە لە دۆخێکی زۆرەملێدا فێری بوون، یان ناچارانە لە تاراوگە فێری بوون، ئێستا “فێربوونی تەواوەتی زمانی دایک” بۆ ئەوان بووەتە خەون و شەیدایانە هەوڵی فێربوونی وشەی نوێ و دەستخستنی فەرهەنگ و بەکارهێنانی وشەی ڕەسەن دەدەن. بەڵام هەمیشە خەمێک لە سیمایانەدا دەبینرێت، کە وەکو پێویست و بە دڵی خۆیان ناتوانن زمانی دایکیی بەکار بهێنن.
ئێستا ئێمە کە زمانی دیکی دەزانین، زۆرجار بەهای بەکارهێنان و بیرکردنەوە و داهێنان بەم زمانە نازانین و زۆرجاریش بە چاوێکی هەندێک نزم لە زمانەکەمان دەڕوانین، کە ئەمە سەرتاپای هەڵەیە و هەڵەیەکی کوشندەشە. مرۆڤ ئەگەر چەندین زمانیش بزانێت زمانی دایکی زمانی ڕەسەنی ئەوە، نەک زمانێکی دیکە. ئەلیف شەفەق-ی ڕۆماننووسی تورک لەو نووسەرانەیە کە زمانی دووکەرت بووە لەنێوان زمانی تورکی و ئینگلیزیدا، بۆیە چەشنی بوونەوەرێکی دوو ئاراستە و دووجۆر بیرکەرەوەی لێهاتووە و خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: هەندێک لە ڕۆمانەکانم بە تورکی دەنووسم و بەشێکیشیان بە زمانی ئینگلیزی، ئەوەش کەوتووەتە سەر ئەو چیرۆک و فەزایەی هەڵی دەبژێرم بۆ ڕۆمانەکەم لە هەر کام لە زمانەکان تواناییم بەسەریدا زیاتر بوو بەوە دەست بە نووسین دەکەم.
بیرکردنەوەکان، داهێنانەکان، پێویستیان بە زەمینەی پێویست و خەزانی وشەی زۆر هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت گوزارشتنی لەو بابەت و بیرکردنەوانە لێ بکرێت کە بیریان تێدا کراوەتەوە. بۆیە زۆرجار زمانی دایکی دەبێتە پاڵپشت و یارمەتیدەری نووسەران بۆ ئەوەی باشتر ئەو پەیامەی هەیانە دەریببڕن، چونکە هەمیشە خەزانی وشەی زمانی دایکی لە هزری مرۆڤدا زیاترە.
رۆژی جیهانی زمانی دایک، کە ڕۆژی 12ی شوباتی هەموو ساڵێکە، بۆنەیەکی نێودەوڵەتییە و بە مەبەستی پەرەپێدانی زمانی دایک دانراوە و سەرەتای دەستنیشانکردنی ئەم ڕۆژە بۆ وڵاتی بەنگلادیش دەگەڕێتەوە، کاتێک ساڵی 1952 ژمارەیەک لە قوتابیانی زانکۆی داکای پایتەخت، کە لە ڕێپێوانێکدا داوایان کرد زمانی بەنگالی وەک زمانی دایک پەرەی پێ بدرێت، بەڵام لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی پاکستانییەوە کوژران. خودی ئەم قوربانیانە بوونە هێمانی بەرخۆدان و قوربانی بۆ پاراستنی زمانی دایک و لەو رۆژەوە ساڵانە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان ئەم بۆنەیە دەقۆزرێتەوە بۆ پاراستنی زمانی دایک و گەشەپێدانی.
دەکرێت ئەم یادە لای ئێمەش ببێتە هۆکاری زیاتر پەرەدان بە زمانی دایک و شانازیکردن بە زمانی دیکییەوە. نەک شەرمکردن لەوەی زمانی دایکیمان کوردییە، چونکە ئێستا بەشێک لە کوردزمانان شەرم دەکەن بە کوردی ڕەسەن بئاخڤن، یان وشەی بیانی زۆر بەکار دەهێنن، یان بە زمانی بیانی دەدوێن، کە ئەمە نیشانەی پێشکەوتن نییە، وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو جۆرێکە لە جەهالەت بەڵام بە دیوە مۆدێرنەکەیدا.