و: شۆڕش غەفووری – هەولێر
بەشی سێیەم و كۆتایی
یانزەیەم: ئاڕنۆڵد ستیفان جاكۆبس ـ Arnold Stephen Jacobs
ئاڕنۆڵد ستیفان جاكۆبس لەم گفتوگۆیەی لەبارەی بەرنامەی ڕۆژانەی نووسینەكانییەوە قسە دەكات و لە درێژەدا چەند ڕێكارێكیش دەداتە نووسەرانی لاو:
منداڵەكانم لە خەوم هەڵدەستێنن. قاوەكەم دەخۆمەوە. بۆ منداڵەكانم نانی بەیانی ئامادە دەكەم و دەیانبەمە قوتابخانە، دواتر دەگەڕێمەوە ماڵەوە و هەوڵ دەدەم بنووسم. بە گشتی لەم بەشەیاندا شكست دەخۆم تا كاتێك ناچار دەبم واز لە ئەنتەرنێت بێنم بۆ ئەوەی بتوانم كەمێك لە گوڕ و گەفی زانیارییەكان دوور بكەومەوە.
من ئاشقی ئامادەكردنی گەڵاڵە و نەخشەڕێیەكی گشتیم بەر لە دەستپێكردنی كارەكەم. سەرەتا نەخشەڕێیەكە بە شێوەیەكی گشتی تۆمار دەكەم. دواتر كەمێك وردتر خاڵە سەرەكییەكانی بابەتەتەكە ڕێك دەخەمەوە. پاشان وردەكاری زیاتر بە خەشەڕێییەكەم زیاد دەكەم، پاش ئەوە ئیتر ڕستەكان بۆ خۆیان نەخش دەگرن و فۆرموولە دەبن، نیشانەكانی نووسینیش پێوەیان زیاد دەبێت و دواجار هەموویان پێكەوە دەبنە كتێبێك.
من لە كاتی وەرزشكردن لەسەر دەزگای وەرزشییەكەم (Treadmill)، دەنووسم. ئەم كارەم لە كاتی نووسینی یەكەمین كتێبم دەست پێ كرد و هەر ئەو دەمیش بوو بابەتێكی زۆرم لەبارەی بیرەوەرییەكانی ژیانی نیوەوەستاو خوێندنەوە. دانیشن، بۆ سەلامەتی ئێوە خراپە. تەنانەت پزشكێك پێی گوتم “نووسین، جۆرێكی دیكەیە لە جگەرەكێشان”. كەواتە ترێدمایڵێكم كڕی و لاپتۆپەكەم خستە سەری.
نووسینی كتێبەكەم نزیكەی 1200 مایلی خایاند. من ئەم كارەم حەز لێیە، چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی هۆشیار بم و بەهرەدارانە بنووسم. بۆیە بۆ نووسەرانی لاو پێم باشە:
خۆتان ناچار بە ئەفڕاندنی دەیان ئایدیا و بیرۆكە بكەن. زۆرێك لە بیرۆكەكان قۆڕ و خراپیشن، بەڵام هەر لە ناویان ئەڵماسی درەوشاوەیان تێدا دەدۆزنەوە. هەوڵ بدەن ڕۆژانە بۆ ماوەی 20 خولەك خەریكی بەهێزكردنی ئایدا و خەون و خەیاڵەكانتان بن.
دوانزەیەم: خالید حوسەینی ـ Khaled Hosseini
خالید حوسەینی لە گفتوگۆیەكی لەگەڵ دەیلی بێست كە نۆح چارنی كردوویەتی، لەبارەی خوو و عادەتەكانی ڕۆژانەی نووسینی خۆی و كارە گرنگەكانی دیكە كە هەموو نووسەران دەبێت ئەنجامی بدەن، بەم شێوەیە قسە دەكات:
من بە هیچ شێوەیەك بۆ نووسینەكانم پێشتر نەخشەڕێیەكم دانەناوە، ئەمە بە باش نازانم و پێم وایە بوونی نەخشەڕێیەكی گشتی بۆ نووسین، نووسەر سنووردار دەكات و دیخاتە نێو چوارچێوەوە. من ئاشقی سەرسووڕمان و خوڵقاندنی لەناكاوم لە نێو پڕۆسەی چیرۆكنووسین، واتە بە جۆرێك كە ڕێگە بدەم چیرۆكەكە خۆی ڕێگەی خۆی وەدۆزێت.
بۆیە، تێگەیشتووم كە نووسینی یەكەم ڕەشنووس بۆ من زۆر قورس و بێزاركەرە، تەنانەت زۆربەی كاتیش هیوابڕە. ئاخر زۆر جاران ڕەنج و ئارەقەڕشتنی دەوێت تا ببێتە ئەو شتەی لە بیر و هزرمدا بووە، بۆیە دەبینم بە گشتی دوورە لەو ئایدیایەی كە لە كاتی نووسین لە مێشكمدا بووە. من ئاشقی پێداچوونەوە و دووبارە نووسینەوەی ڕەشنووسەكانمم، یەكەم ڕەشنووس لە ڕاستیدا تەنیا نەخشەیەكی خامە كە لەسەری وردەكاری، سێبەر و ڕەنگەكان زیاتر دەكەم. پڕۆسەی نووسین بۆ من تا ئاستێكی زۆر، كاری دووبارەنووسینەوەیە. لەم پڕۆسەیەدایە واتای شاراوە، پەیوەندی و چەندین خاڵی گرنگ دەدۆزمەوە كە لە كاتی نووسینی ڕەشنووسەكەدا هەرگیز سەرنجم نەداونەتێ. لەم پڕۆسەی دووبارە نووسینەوە و پێداچوونەوەیەدا، هەردەم هیوادارم چیرۆكەكە لەو ئایدیا و بیرۆكە سەرەكییەی كە لە مێشكمدا بوو نزیكتر بكەمەوە.
كەسی زۆرم چاو پێكەوتووە كە دەڵێن لەمێژە كتێبێكیان لە زەیندایە، بەڵام هەرگیز وشەیەكیان لێ نەنووسیوە. ئەم پرسە ڕەنگە سادە دەركەوێت، بەڵام حەقیقەت ئەوەیە بۆ ئەوەی نووسەر بن، پێویستە بنووسن. دەبێت ئێوە هەموو ڕۆژ بنووسن، ئیتر چ تاقەتتان هەبێت یا نەبێت.
ڕەنگە لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوە بێت كە بۆ كەسێكی تایبەت بنووسن، واتە خۆتان. دەبێت چیرۆكێك بنووسن كە گێڕانەوەی بۆتان خۆش و سەرنجڕاكێش بێت، تەنانەت خوێندنەوەشی. زانینی خواستی ئەوانی دیكە مەحاڵە، بۆیە كاتی خۆتان بۆ گریمانەكردنیان بەفیڕۆ مەدەن. تەنیا هێندە بەسە لەبارەی ئەو بیرۆكانەوە بنووسن كە دێنە مێشكتان و ناهێڵن شەوان بخەون.
چۆن ئەم خاڵانە لە كاتی نووسیندا جێبەجێ بكەین؟
بەرنامەی ڕۆژانەی ئەو نووسەرانەی كە لەسەرەوە باسمان كردن، وانە و پاڵنەرێكی زۆرن كە پشتبەستوو بەو هەڵكەوتەیەی تیایدان و یا ئەو چاڵێنجەی لە دونیای نووسەریدا دەست و پەنجەی لەگەڵ نەرم دەكەن، دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن. لە ڕاستیدا دەكرێت وانەگەلێك لەم گفتوگۆیانەی سەرەوە وەربگرین و لە هەموو دۆخێكدا سوودیان لێ وەربگرین و هاوكارمان بن بۆ نووسین، بۆ نمونە:
1. ڕاهێنانی جەستەیی بكەن چونكە لە بواری دەروونییەوە بۆ كاری قورس ئامادە دەكات. (كۆرت ڤۆنیگات) لە كاتی پشووە كورتەكانی لە كاتی نووسین، مەلەو و هەڵسان و دانیشتن دەكات. (هارۆكی مۆراكامی) هەموو ڕۆژ 10 كیلۆمەتر ڕادەكات. (ئاڕنۆڵد ستیفان جاكۆبس) لە كاتی ڕێڕۆیشتن لەسەر دەزگا وەرزشییەكەی چیرۆكەكانی دەنووسێت. ئێوەش دەتوانن بڕیار بدەن كە چ جۆرە چالاكییەكی جەستەییتان بۆ بەسوودە و دڵنیا ببنەوە لەوەی بەردەوام و بە ڕێكوپێكی لە ماڵەوە دەردەچن و بە پێی پێویست جووڵەتان هەیە.
2. بەر لە هەموو شتێك، گرنگترین كارەكانی خۆتان ئەنجام بدەن. لە گفتوگۆكانی سەرەوە سەرنجی ئەوەتان دا چەند كەس لە نووسەرە دیارەكانی دونیا، بەیانیان زوو دەست بە نووسین دەكەن؟ ئەمە شتێكی هەڵكەوت نییە. ئەوان بەر لەوەی كاتژمێرەكانی دیكەی ڕۆژ لە كۆنتڕۆڵیان دەرچێت و كەلوپەلە و كەرەستەكان هەواسیان پەرت بكەن، لەسەر ئامانجەكەیان كار دەكەن. ئەوان هەرگیز لە خۆیان نەپرسیوە چ كاتێك پێویستە بنووسن و هەوڵێكی زۆریان بۆ گونجاندنی نووسین لە كارەكانی ڕۆژانە نەداوە، چونكە هەر لە سەرەتای ڕۆژ گرنگترین كاری خۆیان ئەنجام داوە.
3. پەلەپڕوزكێی نووسین بە دڵخۆشییەوە قبوڵ بكەن و بە باشی كاری بۆ بكەن. لە گفتوگۆكانی سەرەوە بینیتان چەندین نووسەر باسی هەوڵەكانی خۆیان بۆ نووسین كردووە. (خالید حوسەینی) دەڵێت نووسینی ڕەشنووسە سەرەتاییەكانی چیرۆك و رۆمانەكانی، بۆ ئەو قورسترین كارە و بە گشتی ئەم ڕەشنووسانە دەرەنجامێكی هیوابڕیان هەیە. (كارێن ڕاسل) نووسینەكانی خۆی بە (خراپ) هەژمار دەكات. (باربارا كینگزۆلڤێر)یش دەڵێت بەر لە گەیشتن بە لاپەڕەی یەكەم، پێشتر سەدان لاپەڕەی ڕەش كردووەتەوە و فڕێی داون.
ئەوەی لە سەرەتا وەك شكست دەردەكەوێت، بە زۆری لەسەر بنەما و كۆڵەگەكانی سەركەوتنمان بنیات نراوە. بەر لەوەی بگەنە باشترین ئاستی نووسین و چێژی لێ وەربگرن، دەبێت بە پێی پێویست هەوڵ بدەن و زەحمەتی بۆ بكێشن.