بەشی دووەم
حەوتەم: مایا ئانجێلۆ ـ Maya Angelou
مایا ئانجێلۆ ـ نووسەر و شاعیری ئەمریكی لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ بڵاوكراوەی ئەدەبی (دەیلی بێست) لە ساڵی 2013، لەبارەی پیشەی نووسەری و خووەكانی كاری ڕۆژانەی خۆی لەمەڕ نووسین، بەم شێوەیە قسەی كردووە:
من لە هۆتێلێكی شارەكەم، ژوورێك بەكرێ دەگرم و مانگانە پارەكەی دەدەم.
نزیكەی كاتژمێر 30:06ی بەیانی دەست بە نووسین دەكەم. لە هۆتێلەكە، ژوورێكی خەو، مێزێكی كار و حەمامێكم هەیە. هەروەها فەرهەنگێكی وشە هاوواتا و هاودژەكان، فەرهەنگێكی ئاسایی و كتێبێكی پیرۆزیشم پێیە. هەورەها دەستێك وەرەقی یاری و چەند خشتەیەكی وشە یەكتربڕەكانیش لەگەڵ خۆم دەهێنم. واتە هەر شتێك كە زەینە چكۆڵەكەم سەرقاڵ بكات. وابزانم داپیرەم ئەم دەستەواژەیەی فێر كردووم. ئەو پێشتر لەبارەی (زەینی چكۆڵە)ـی خۆی قسەی دەكرد. بۆیە كاتێك كە چكۆلە بووم، واتە لە نێوان 3 تا 13 ساڵی، گەیشتمە ئەو ئەنجامەی زەینێكی گەورە و زەینێكی چكۆڵەش هەن. زەینە گەورەكە ڕێگەتان دەدات قووڵ بیر بكەنەوە، بەڵام زەینە چكۆڵەكە بە خۆیەوە سەرقاڵتان دەكات، بۆیە سەرتان لێ ناشێوێت.
زەینی چكۆڵەی من بە گشتی خۆی بە خشتەی وشە یەكتربڕ و وەرەقی یاری خۆی سەرقاڵ دەكات، لە هەمان كاتیشدا زەینە گەورەكەم خەریكی بیركردنەوەیە لەو بابەتە قووڵانەی كە بڕیارە لەبارەیانەوە بنووسم.
من هەموو نیگار و تابلۆ و هەر جۆرە كەلوپەلێكی دیكۆڕی دیكەم لە ژوورەكە بردووەتە دەرەوە. داوام لە بەڕێوەبەرایەتیی هۆتێلەكە و خزمەتگوزارییەكەی كردووە نەیێنە نێو ژوورەكەمەوە و ئەگەر پارچە كاغەزێكیان لە سەر ئەرزی نێو ژوورەكەم بینی، ئەوە بە مانای ئەوە نییە ئەو كاغەزە بەكەلك نایێت و دەبێت فڕێ بدرێت.
بەلانی كەمەوە، هەر دوو مانگ جارێك یادداشتێك لە ژێر دەرگای ژوورەكەم دەخەنە ژوورەوە كە لەسەری نووسراوە: “خاتوو ئەنجێلۆی خۆشەویست، تكایە ڕێگە بدەن مەلافە و چەرچەفەكانی ژوورەكەت بگۆڕین. ئێمە لە خەمی ئەوە داین كە كەڕوو لێیان بدات”.
بەڵام ڕاستییەكەی من هەرگیز لەسەر ئەو تەختە خەوە نەخەوتووم و بە گشتی تا كاتژمێر دووی نیوەڕۆ زیاتر لەوێ نامێنمەوە و دەگەڕێمەوە ماڵەكەی خۆم و هەموو ئەو شتەی كە تا ئەو كاتە نووسیومە، دەیخوێنمەوە و پێداچوونەوەی بۆ دەكەم.
دەقێك كە خوێندنەوەی ئاسان بێت، دەرەنجامی پڕۆسەیەكی قورسی نووسین و پێداچوونەوەیە، بەڵام ئەگەر ڕێگەكەتان دروست بێت، نووسینیش ئاسان دەبێت. بە پێچەوانەی ئەمەشەوە ڕاستە، ئەگەر دەقەكە بە ئاسانی نووسرابێت، خوێندنەوەی قوورسە. لە ڕاستیدا وەها دەقێك ناتوانێت ئەو شتە بداتە خوێنەر كە نووسینەكانی نووسەرێكی وردبین و ژیر پێی دەبەخشێت.
هەشتەم: باربارا كینگزۆلڤێر ـ Barbara Kingsolver
ئەم براوەیەی خەڵاتی پۆلیتزر، زیاتر لە دە كتێبی نووسیوە كە نۆ كتێبی دوایی، هەمووی لە لیستی كتێبە پڕفرۆشەكانی نیۆیۆرك تامیزن. باربارا كینگزۆلڤێر، لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی (thedailybeast.com) لە ساڵی 2012، لەبارەی كارەكانی ڕۆژانەی خۆی وەك نووسەرێك و دایكێك دەڵێت:
من حەزم لێیە زوو لە خەو هەستم. زۆر زۆر زوو. بۆ نمونە كاتژمێر چواری بەیانی كاتێكی زۆر باشە. بەیانییەكانی من، بەر لە هەڵاتنی خۆر دەست پێ دەكەن. كاتێك لە جێ خەوەكەم جیا دەبمەوە، بە هۆی ئەوەی مێشكم پڕیەتی لە وشە، هەوڵ دەدەم بە خێرایی خۆم بگەیێنمە سەر مێزی كارەكەم و دەست بە نووسینیان بكەم لە نێو لاپتۆپەكەم.
من هەمیشە بە هۆی ڕستەكانی نێو سەرمەوە لەخەو ڕادەپەڕم. بۆیە گەیشتن بە مێزی كارەكەم، ڕۆژانە هەستێكی تەنگەتاوێ و زەروورییە. لە ڕاستیدا ئەمە شتێكی پێكەنیناوییە: زۆرینەی خەڵكی لە من دەپرسن چۆن خۆم ناچار بە نووسین دەكەم؟
من هەرگیز ناتوانم لە واتای ئەم پرسیارە تێبگەم. بۆ من، ئەم ناچاركردنە، كوژاندنەوەی لاپتۆپەكەم و هەڵسان لەسەر مێزی كارەكەمە بۆ ئەنجامدانی كارێكی دیكە. هەر بەو سادەییە.
من بابەتی زۆر دەنووسم كە دەزانم فڕێیان دەدەم، بەڵام ئەم كارە بەشێكە لە پڕۆسەی نووسینی من. بەر لە گەیشتنە لاپەڕەی یەك، دەبێت سەدان لاپەڕە بنووسم. لە هەموو سەردەمی كاركردنم وەك نووسەرێك، من دایكیش بوومە. یەكەمین ڕێككەوتنی كتێبەیی من، تایبەت بوو بە كتێبی (داری لۆبیا) كە ڕێك ئەو ڕۆژەی پێشنیارم پێ درا كە لەگەڵ منداڵە نۆبەرەكەم لە نەخۆشخانە گەڕابووینەوە ماڵەوە. بۆیە لە یەك ڕۆژدا هەم بوومە چیرۆكنووس و هەم بوومە دایك. ئەم دوو ڕووكارە گرنگەی ژیان هەردەم بۆ من یەكڕوو بوونە و هەرگیز لێك جیا نەبوونەتەوە.
من هەمیشە ناچار بوومە هەردوو ئەركەكەم لە یەك كاتدا ئەنجام بدەم. بۆیە هەمیشە بە هۆی چاودێریكردنی منداڵەكانمەوە كاتی نووسینم سنووردار بووە. كە منداڵەكانم ورد و بچووك بوون، ئەم كار زۆر قورس بوو. بەڕاستی هەر خوولەكێك كە لە پشتی مێزی كارەكەمەوە دانیشتبام، دەستكەوتێكی گەورە بوو و بە تەواوی وجوودمەوە سوودم لێ وەردەگرت.
بە تێپەڕینی كات و چوونی منداڵەكانم بۆ قوتابخانە، هەم ئەركی دایكایەتی و هەم نووسەریم بۆ ئاسانتر بوو. گەورەترین منداڵی یەكەمم تەمەنی نێوەنجی و گەورەیە و بچووكەكەشیان16 ساڵیەتی. بۆیە هەردووكیان ئێستا خۆسەرن، بەڵام ئەم سەربەخۆبوونەش ڕێگەیەكی دوور و درێژی لەبەردەم بوو. كاتی نووسین بۆ من هەمیشە گرانبەها بووە، شتێك كە هەمیشە چاوەڕوان و مووشتاقیمە و باشترین سوودی لێ وەردەگرم. ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت زۆر زوو لە خەو هەڵدەستم و لەو كاتژمێرە كڕ و ماتانەی بەرەبەیان دەنووسم، ئەو كاتەی كەس پێویستی بە من نییە.
من پێشتریش گوتوومە، پاسی قوتابخانە سەرچاوەی ئیلهامی منە. كاتێك كە پاسەكە دەجووڵا و دەچووە نێو جادە، هەستم دەكرد لە بنەماڵەكەم جیا دەبمەوە و ئەو چركەساتە دەستپێكی پڕۆسەی ڕۆژانەی نووسینی من بوو كە بە گەڕانەوەی پاسەكە بۆ لای ماڵەوە كۆتایی دەهات.
وەك دایكێك، كاتژمێری كاری من سنووردار بوو. لە لایەكی ترەوە، لەڕادەبەدەر سوپاسگوزاری بنەماڵەكەمم كە ژیانی منیان ئاسایی كردەوە و منیان ناچار كرد كاری ڕۆژانە لە كاتێكی دیاریكراودا كۆتایی پێ بهێنم و بچم خواردن دروست بكەم. ئەم كارە ناچاربوونێكی ساغڵەمە، بەلاوەنانی كار، لێنانی خواردن و خواردنی.
بوونی ئەم كەسانە لە ژیانمدا، هاوكار بوون بۆ بڕینی ڕەوتێكی ئینسانی و شارستانی، دیارییەكی ئیلاهی و هەروەها بوونی ئەم كەسانە، گەیشتنە بە دونیایەكی بەربڵاوتر و ئایندەیەكی باشتر. منداڵەكانم هەموو شتێكیان لەبارەی ژیان و ئەو كەسەی كە دەمەوێت بم، فێر كردم. ئەوان پەیوەستم دەكەن بە ئایندەوە. دایكبوونیش لە من، نووسەرێكی باشتری خوڵقاند. هەروەها جێگەی خۆیەتی كە لێرە بڵێم نووسەربوونیش لە من، دایكێكی باشتری دروست كرد.
نۆیەم: ناتان ئەنگلندێر ـ Nathan Englander
ناتان ئەنگلندێر، كە نووسەرێكی خاوەن ستایل و ناسراوی بواری كورتەچیرۆكە، لەم گفتوگۆیەی لەگەڵ (thedailybeast) باسی هەوڵەكانی دەكات بۆ لابردن و فڕێدانی ئەو شتانەی دەبنە هۆی سەرلێشێوان و پەرتبوونی لە بەرنامەی نووسین:
مۆبایلەكەتان بكوژنێننەوە. ڕاستگۆیانە بڵێم، ئەگەر دەتانەوێت كارەكەتان ئەنجام بدەن، دەبێت فێر بن چۆن خۆتان لە تەكنەلۆجیا جوێ بكەنەوە. نە نامە، نە ئیمەیل، نە فەیسبووك، نە ئەنیستاگرام. هەر كارێك كە ئەنجام دەدەن، دەبێت لە كاتی نووسین ڕایبگرن. كەمێك گاڵتەجاڕانەیە، بەڵام ددانی پێدا دەنێم خۆم زۆربەی كاتەكان و لە كاتی نووسین، مۆبابلەكەم ژاوەژاو لە نێو گوێیەكانم دروست دەكات، تەنانەت ئەگەر ماڵەكەش بێدەنگ بێت.
دەیەم: كارێن ڕاسل ـ Karen Russell
كارێن ڕاسل تەنیا یەك كتێبی نووسیوە، بەڵام هەر ئەو تاقە كتێبەی بووە پاڵێوراوی كۆتایی خەڵاتی پۆلیتزر. ئەو لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ گۆڤاری ئەدەبی (دەیلی بێست)، باسی جەنگین و هەوڵ و تەقەلاكانی خۆی دەكات بۆ زاڵبوون بەسەر سەرگەردانی و هەواس پەرتی و نووسین. لە گفتوگۆكەیدا دەڵێت:
من نووسەرێكی زۆر دەناسم ڕۆژانە هەوڵ دەدەن هەندێك وشەی دیاریكراو بنووسن، بەڵام بۆ من زەمەنی تێپەڕیو لە دونیای چیرۆك، پێوەرێكی باشترە بۆ هەڵسەنگاندنی لێهاتوویی پڕۆسەی نووسینی خۆم. پێم وایە وەك نووسەرێك، ڕێژەی نووسینم زۆرە، بەڵام بۆ من زۆری نووسین باشترین پێوەر نییە.
زیاتر ئەو پرسیارەم بۆ دەهاتە پێشوە كە ئایا من توانیومە چوار یا پێنج كاتژمێر لەسەر یەك بنووسم، بێ ئەوەی مێزی كارەكەم بەجێ بهێڵم یا هۆكارێك هەبێت بۆ ئەوەی پەرتم كات لەسەر نووسینەكەم و لە دونیای چیرۆك بێمە دەرەوە؟ ئایا من توانیومە لە نێوەندی نووسیندا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چێك بكەم یا پرسیارێك كە بە زەینم گەیشتبێت لە ئەنتەرنێتدا سێرچی بۆ بكەم و بۆی بگەڕێم؟
گەیشتمە ئەو دەرەنجامەی تەنیا ڕێگەچارە ئەوەیە بۆ چەندین كاتژمێر و بە شێوەی پچڕ پچڕ درێژە بە نووسین بدەیت و زۆر سەرەنج نەخەیتە سەر هەڵسەنگاندنە ڕاڕاكانی خۆی لەسەر شێوازی نووسین. ئامادەبوونی زەینی و جەستەیی لەسەر مێزی كارەكە بۆ نووسین، گرنگترین عادەت و خووی نووسەرێكی باشە. وابزانم زۆربەی كات نووسین قورسە. ئەو كاتانەی نووسین بێ زەحمەت و بە شێوەی خۆكار و ئۆتۆماتیك دەچێتە پێشەوە زۆر دەگمەنە و تەواو وا بیر دەكەمەوە كە ئەگەر بتوانن لەگەڵ ئەم هەقیقەتە هەڵكەن كە زیاتر لە 90%ی نووسین و ڕەشنووسە سەرەتاییەكانی خۆتان فڕێ بدەن، ئەودەم دەتوانن بگەن بە ئارامی و تەنانەت چێژ لە “خراپنووسین”ـیش وەربگرن.