شیڤان شێرزاد – هەولێر
کتێبخانەی ئاشتی لە دوای زنجیرەیەک لە کۆڕی شیعر و سیمیناری ڕۆشنبیری و فکری، پێشانگایەکی تایبەتی بە سەدان ناونیشان بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیر و ئەدیبانی کورد لە هۆڵی میدیا کردەوە.
پێشانگاکە چەند ناونیشانێکی لە بارەی فکری فەلسەفی و ئەدەبی و ئایدۆلۆژیام و ئاین بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی لەخۆوە گرتبوو.
بەشێک لەو کتێبانەش تایبەت بوون بە منداڵان و زانست و تەکنەلۆژیای سەردەم.
“فەرهەنگ غەفوور” بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر سەبارەت بە کردنەوەی پێشانگاکە بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: کردنەوەی ئەو پێشانگایە و ناساندنی سەدان ناونیشان لەو ساتەوەختە گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پێشکەوتنی بواری ڕۆشنبیری و بایەخدان و زەمینەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی تاکی کورد و گەنجان بەتایبەتی بۆ خوێندنەوەی کتێب و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی نووسەرانی کورد، کە هەوڵیانداوە مشتێک بخەنە سەر خەروارێک لە فەرهەنگی کوردی و ڕۆشنکردنەوەی کتێبخانەی کوردی بەو هەمووە ناونیشانەی، کە زۆربەیان کتێبی دانسقەن و شیاوی خوێندنەوەن بۆ دەوڵەمەندکردنی ئاستی ڕۆشنبیری لە کوردستان.