کانت و شکۆی مرۆڤ لە سایەی عەقڵدا

هۆنیار عەبدوڵڵا – هه‌ولێر

ئیمانوێل کانت، ئەو زانایەی، کە بە ڕەخنەگرتن لە عەقڵ بناغەی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی گۆڕی، لە گۆڕەپانی ئەخلاقیشدا ڕێبازێکی نوێی داهێنا. کانت بە چەمکی “فەرمانی ڕەها”، بانگەشەی ئەخلاقێکی بێ مەرج و ڕەها دەکرد، ئەخلاقێک هیچ “ناوچەی خۆڵەمێشی” تێدا نییە و لە هەموو کات و شوێن و بارودۆخێکدا یەکسانە. بە باوەڕی ئەو، ئەخلاق تەنیا کۆمەڵێک ڕێسای دەرەکی نییە، بەڵکوو دەنگی ویژدانە، ئەو دەنگەی لە قوڵایی عەقڵی مرۆڤەوە دەردەکەوێت و بەرەو ڕەفتاری ڕاست و دروست ڕێنماییمان دەکات.

فەلسەفەی ئەخلاقی کانت لەسەر ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ دامەزراوە. کانت بە توندی دژی ئەوە بوو مرۆڤ تەنیا وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانج بەکاربهێنرێت. ئەو پێداگری لەوە دەکرد، کە دەبێت مرۆڤ وەک ئامانجێکی ڕەها سەیر بکرێت، ڕێزی لێ بگیرێت و شکۆی پارێزراو بێت. ئەمەش بەو مانایە دێت کە نابێت هیچ کەسێک ئیستغلال بکرێت، نە بۆ بەرژەوەندیی کەسانی تر و نە بۆ بەرژەوەندیی خودی خۆی. چوونکە هەر کردارێک کە مەبەستی ئیستغلالکردن بێت، بە پێشێلکردنی بن/.،ڵەما ئەخلاقییەکانی کانت دادەنرێت.
کانت لە فەلسەفەی ئەخلاقیی خۆیدا، جەختێکی تایبەتی لەسەر ڕۆڵی عەقڵ دەکردەوە. ئەو پێیوابوو کە عەقڵ تایبەتمەندییەکی سەرەکی مرۆڤە، ئەو هێزەیە کە ڕێگەمان پێدەدات بیربکەینەوە، بڕیار بدەین و جیهان تێبگەین. بۆیە بڕیارە ئەخلاقییەکان دەبێت لەسەر بنەمای عەقڵ و هۆشیاری دابمەزرێن. کانت لە چەندین وتەی بەنرخدا ئەم باوەڕەی خۆی دەربڕیوە، وەک دەڵێت: “بە بێ عەقڵانییەت جیهان دەبێتە وێرانە و بێهوودە و بێ ئامانج دەبێت.” هەروەها دەڵێت: “بێ زیرەکی و توانای بەکارهێنانی بە ئازادی، مرۆڤ دەبێت کەڵەکەبەردێک، و هیچ شتێک بەهای نامێنێت.” ئەم وتانە بە ڕوونی ئاماژە بە گرنگی عەقڵانییەت دەکەن لە تێگەیشتنی کانت بۆ ئەخلاق و بۆ بوونی مرۆڤایەتی بەگشتی.
بۆ ئەوەی بنەمای “مرۆڤ وەک ئامانج نەک تەنیا هۆکار” زیاتر ڕوون بکاتەوە، کانت نموونەی ڕۆژانە دەهێنێتەوە. وەک دەڵێت، ئەگەر کەسێک سەردانی نەخۆشێک بکات و گوڵێکی بۆ بەرێت، ئەمە کردارێکی ئەخلاقییە، چوونکە ئامانج لەم کردارەدا یارمەتیدان و دڵخۆشکردنی نەخۆشەکەیە، نەک بەرژەوەندییەکی شەخسی. بەڵام ئەگەر ئامانج لە سەردانەکە ئەوە بێت کە چاوەڕێی بەرژەوەندییەک بێت لە نەخۆشەکە لە داهاتوودا، ئەوا ئەم کردارە لە چوارچێوەی ئەخلاق دەردەچێت، چوونکە مرۆڤەکە وەک ئامرازێک بەکارهێنراوە بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەتی، نەک وەک ئامانجێکی ڕەها لە خۆیدا ڕێزی لێ گیراوە.
ئەم بیرۆکە و چەمکە عەقڵانییانەی کانت لە کتێبی “ڕەخنەی عەقڵی پەتی” دا بە وردی باسکراون. ئەم کتێبە بە یەکێک لە بەناوبانگترین و کاریگەرترین بەرهەمەکانی کانت دادەنرێت و ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە گۆڕینی بیروباوەڕی ئەوروپا و ڕزگارکردنی لە ژێر هەژموونی کڵێسا، هەروەها ڕێگای بۆ سەردەمێکی نوێی عەقڵانییەت و ڕۆشنگەری خۆشکرد.
بە گشتی، فەلسەفەی ئەخلاقی کانت ڕێزگرتن لە شکۆی مرۆڤ و عەقڵانییەت دەکاتە بنەمای سەرەکی بۆ ئەخلاق. ئەو داوا دەکات کە هەمیشە مرۆڤ وەک ئامانج سەیر بکرێت و ڕێزی لێ بگیرێت، نەک تەنیا وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی تر. ئەم فەلسەفەیە تا ئێستاش کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر بیرکردنەوەی ئەخلاقی هەیە و هاندەرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەماندا بە شێوەیەکی ئەخلاقی ڕەفتار بکەین و ڕێز لە شکۆی مرۆڤ بگرین، نەک تەنیا وەک بوونەوەرێک، بەڵکوو وەک بوونەوەرێکی خاوەن عەقڵ و ویژدان.