وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری
چارلز بۆكۆفسكی، وەك نووسەری هەژارەكان و كەسە بێلانەكان دەناسێنرێت. (هەزار پیشە)، دووەمین ڕۆمانی ئەم نووسەرە ئەمریكاییەیە لە نێو شەش ڕۆمانەكەیدا. بۆكۆفسكی لەو نووسەرانەیە كە چیرۆكەكانی پەیوەستن بە ژیانی كەسێنیی خۆیەوە. (چیناسكی)، كەسایەتیی سەرەكی زۆربەی چیرۆكەكانی بۆكۆفسكییە، لە نێویشیاندا ڕۆمانی هەزار پیشە.
ڕابواردن و عەیاشی و یاخیگەری، لە سیفەتە سەرەكییەكانی چیناسكین، یا باشتر وایە بڵەین لە سیفەتە سەرەكییەكانی خودی چارلز بۆكۆفسكین. هەر جارەو بە بیانوویەك واز لە كارەكەی خۆی دەهێنێت و ئەو تۆزقاڵە پارەیەی كە لە گیرفانیشیدایە دەیداتە قوومار و مەشرووب و دەیخواتەوە.
ساتی ڕوودانی چیرۆكی ڕۆمانی هەزار پیشە، بۆ شەڕی جیهانی دووەم دەگەڕێتەوە. چیناسكی دژی شەڕە و لە گەرمەی شەڕدا خۆی لە خزمەتی ناچاریی سەربازی دەدزێتەوە. لە ڕاستیدا ئەو لە خاڵی بەرامبەری هەموو ڕەوتە ئاساییەكانی كۆمەڵگە وەستاوە و ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەو دژی بەرپرسیاریەتی، بەڵێن، ساغڵەمی، ئابووری و كۆمەڵایەتییە. ڕاڕایی و بێئۆقرەییەكانی چیناسكی یا باشترە بڵەین بۆكۆفسكی، تا ئەو شوێنە دەچنە پێشەوە كە تەنانەت لەگەڵ هۆكاری دەستلەكاركێشانەوە یەك لە دوای یەكەكانیشی یەك ناگرنەوە و دژن.
ئەو دەست لە كار دەكێشێتەوە، چونكە لەبری كاركردن لە حەفتەیەك بە 17 دۆلار، داوای 19 دۆلار دەكات و داواكارییەكەی جێبەجێ ناكرێت، كەچی دواتر بە كارێك ڕازی دەبێت كە مووچەكەی حەفتەی بە 12 دۆلارە.
چارلز بۆكۆفسكی، ئاوارە و قەلەندەری شار و مسافرخانەكانە. دەچێتە زگ هەر كارێك، ئەگەر دەرنەكرێت، ئەوا خۆی دەستی لێ هەڵدەگرێت. شوێنی هەمیشەیی ئەو، باڕ، كافتریا و قاوەخانەكانە و سەرگەرمییەكانیشی دەمەدەم و خواردنەوەیە لەگەڵ ژنگەلی جیاواز.
چیناسكی، كارەكتەرە سەرەكییەكەی بۆكۆفسكی، هەمیشە بانگەشەی ئەوە دەكات كە بە دوای كاردا دەگەڕێت، بەڵام بۆ دەستكەوتنی پارەش هەموو شتێك قبوڵ ناكات. لە ڕاستیدا ئەو بە دوای نووسەرییەوەیە.
ژیانی بۆكۆفسكی زۆر لە ژیانی چیناسكی دەچێت. بۆكۆفسكی چەندین ساڵ لەم كارەوە پەڕییەوە كارێكی دیكە تا دواجار لەگەڵ هاوڕێیەكی، ڕۆژنامەیەكیان بەڕێوە برد.
چیناسكی هەروەك بۆكۆفسكی، جێگەی دڵخواز و پەسەندی باوكی نییە، بەڵام هاوڕێ و هاویاری ڕابواردن و عەیش و نۆشی خۆی دەدۆزێتەوە و لە نیوەی ڕۆمانی هەزار پیشە، لەگەڵ ژنەكەی بەردەوام دەبێت لەسەر ژیانە بێ بەند و بارەكەی.
ڕووداوگەلی كارگە، خۆراك، هاودەمی ژنان، وێڵ وێڵ سووڕانەوە، گوێگرتن لە مۆسیقای كلاسیك ئەویش لە ڕادیۆ، خەو و گفتوگۆ و مشتومڕ لەگەڵ كەسانی دەوروبەری، ڕەوتی چوونەپێشەوەی ڕووداوەكانی نێو ڕۆمانی هەزار پیشەن.
زمانی بۆكۆفسكی، زمانێكی گفتوگۆئامێزی خۆجێیی و كوچە و بازاڕە كە پڕە لە وشەی ناشیرین و جنێو و دەستەواژەی سێكسییانە و ئەدەبیی ڕووت.هەموو شتێك لە زمان و ڕۆمان و قسەكانیدا ڕووتی ڕووتە. ئەو، ڕووداوە ڕاستییەكانی ئەم دنیایە بێ هیچ گرێ و گۆڵێك و بەو پەڕی ناشیرینی و ڕەشییەوە نیشان دەدات و دەیانهێنێتە سەر زمان.
ئەمە بەشێكی كورتە لە ڕۆمانی هەزار پیشە:
“ئەو شەوە، باوكم 30 دۆلاری دامێ. كە هاتینە دەرەوە، چاوەكانی تەڕ بوون. گوتی: تۆ مایەی ئابڕووچوونی من و دایكتی. واپێدەچوو یەكێك لە پۆلیسەكان دەیاناسی كە بە باوكمی گوت: بەڕێز چیناسكی، كوڕەكەتان لێرە چ دەكات؟
ـ زۆر شەرمەزار بووم. بیر بكەرەوە. كوڕەكەی من كەوتووەتە زیندان.
بە پێیان ڕۆیشتین تا گەیشتینە تڕۆمبێلەكە و سوار بووین. سلفی لێدا و بەڕێ كەوتین. هێشتا فرمێسك لە چاوەكانییەوە دەڕژانە خوارەوە كە گوتی: هەر هێندەی كە ناتەوێت خزمەتی وڵاتەكەت بكەی، ئەویش لەم سەروبەندی شەڕەدا، زیاد لە پێویست خراپە…
+ دەروونناسەكە دیاری كرد كە بە كەڵكی شەڕكردن نایێم.
ـ كوڕەكەم، ئەگەر شەڕی جیهانی یەكەم نەبوایە، هەرگیز من چاوم بە دایكت نەدەكەوت و تۆش لەدایك نەدەبووی!
+ جگەرەت پێیە؟!
ـ كەچی تۆ دەكەویتە زیندان. هەر بەڕاستی بیركردنەوە لەوە دایكت دەكوژێت.
لە تەنیشت چەند باڕێكی هەرزان باوی نزیك بڕادۆی، تێپەڕین.
+ وەرە بچینە ژوورەوە و شتێك هەڵدەین.
ـ چی؟ هەر بەڕاست تۆ بوێری ئەوەت هەیە بچیتە نێو باڕ و بخۆیتەوە لە كاتێكدا هەر ئێستا بە تۆمەتی زۆر خواردنەوە كرابوویە زیندان؟
+ ئاخر لەم كاتانەدا خواردنەوە پێویستە!”
***
كاتێك كتێبەكانی چارلز بۆكۆفسكی دەخوێنینەوە، دنیا لە چاوی كەسانێكەوە دەبینین كە لە ژیانی ئاسایی و ڕۆژانە، بە چاوی سەیر و گوومان و ئاڵۆزكاوییەوە تەماشایان دەكەین. كەسانێك كە یاساكانی ژیان و هەرڕۆژەیی دنیای ئەوڕۆ بە گاڵتە وەردەگرن و بە ڕابواردن و عەیاشییەوە كات بەسەر دەبەن.
خوێندنەوەی ڕۆمانی هەزار پیشە، بە وەها دنیا و فەزایەك ئاشنامان دەكات.
لە ڕاستیدا بۆكۆفسكی، دنیای ئاسایی و ئاوەزمەندانەی مرۆڤەكان دەخاتە بەر نووكی ڕەخنە و بە بێسوود و پووچ و بێمانا نیشانیان دەدات. چیناسكی، لەگەڵ ئەوەی كە لەو فەزایە بێ بەند و بار و نائاساییەدایە، كەچی بنەمای ئەخلاقیی تایبەت بە خۆشی هەیە كە پێوەیان پابەند دەمێنێتەوە. بۆكۆفسكی، بە ئەفڕاندن و دروستكردنی كەسایەتیی چیناسكی، سەرەڕای نیشاندانی كەسایەتی خۆی، لەگەڵیشیدا دەكەوێتە شڕۆڤە و شیكردنەوەی دنیای ئارمانیی خۆی.