خۆم و ئەستێرە گەشەکان، شکۆیەک لە جوانی و پڕ لە بەخشش

 

خالید کۆچەر

٤٤ ساڵ لەمەوبەر گەنجێکی جوانم ناسی لە شاری هەولێر ناوی نەجمەدین عەزیز سمایل بوو، فەزڵی جوامێرانەی هەیە لەسەرم، ساڵی 1981 بوو بە نیازی چاپکردنی یەکەم کۆشیعری خۆم بووم (فرمێسکی مەهاباد) بەڕێزیان فەرمانبەر بوو لە ئەمینداریەتیی رۆشنبیری و لاوان، بەشی هەڵسەنگاندنی کتێب بۆ یارمەتیدانی نووسەران، گەنجێکی بێگەرد و کراوە و ڕووخۆش، ئەو کات کتێب بە زەحمەت چاپ دەکرا، ئەو بەشێک لە قورسایی چاپکردنی کتێبەکەمی کەم کردەوە لەسەرم، ساڵان و هات و ساڵان ڕۆیشت، ڕۆژان هات و ڕۆژان تێپەڕی یەکتریمان نەدییەوە، دواتر لە ڕێگای فەیسبووک یەکتریمان دۆزییەوە، ئێستا لە دووری نیشتمان دەژیێت، بەڵام هەر عاشقی کتێب و دڵخوازی نووسەرانە، جێگای دەستخۆشییە لەسەر ئەرکی گیرفانی خۆی یازدە بەرگ لە کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان)ـی چاپ کردووە، بەرگی دوازدەمینیش ئامادەیە بۆ چاپ، کتێبی خۆم و ئەستێرە گەشەکان هەڵدانەوەی لاپەڕەی نووسەرانی کوردە هەر لە شاعیران و چیرۆکنووسان و رۆژنامەنووسان و بەهرەمەندان و هونەرمەندان، هەر لە ژیاننامە و بەرهەم و کتێبەکانیان، یانزدە بەرگ لەم زەحمەتەی چاپکردنی کتێب و لەسەر ئەرکی گیرفانی خۆی چاپ بکات، تێچووی هەر بەرگێک ٣٢ گەڵای دەوێت، هەر سەد دۆلارێک لەم رۆژگارەدا ١٥٠هەزار دینار دەکەوێت، جگە لە هەقدەستی برای دیزاینەر و برای هەڵەچن، لە نزیکەوە ئاگادارم پارە لە دەمی منداڵەکانی دەگرێتەوە بۆ چاپکردنی هەر بەرگێکی خۆم و ئەستێرە گەشەکان، لەم سەردەمەی ئێستادا پیاوی مەردی دەوێت ئاوا عاشقی کتێب و پیرۆزیی وشەی کوردی بێت، ئەم پرۆژەی نەجمەدین عەزیز دەبێتە ئاسانکاری بۆ دەیان ماستەرنامە و دکتۆرانامە و سەرچاوەی دەیان بابەتی گرنگ، کتێبی (خۆم و ئەستێرە گەشەکان) پرۆژەیەکی هیوابەخش و پڕزانیارییە لەسەر ژیاننامەی کار و بەرهەم و کتێبەکانیان دەیان و سەدان نووسەری کورد لە ڕۆژگارێکدا سەر قافڵەی ناو لاپەڕەی کتێب و رۆژنامە و گۆڤارەکان بوون، ئەم کارەی برای نووسەر و جێگای دەستخۆشی و ڕێزلێنانە، ئەوە کاری دەزگایەکی گەورەی رۆشنبیرییە بۆ چاپکردنی ئەو کارە مەزنانانە، تۆ وەرە پەیوەندی یەک بە یەک لەگەڵ نووسەراندا بکەی، یا لە ڕێگای ئەم و ئەودا بە دوای ژیانی نووسەرێکی لەیادکراو بگەڕێیت، ئافەرم جوانە جوامێری نووسەران، لە هەمووی ئازاتر لەم ڕۆژگارە سەختەدا لەسەر گیرفانی خۆت و لە دەمی منداڵەکانت بگریتەوە بۆ چاپکردنی بەرگێکی تازە، لەم ڕۆژگارەدا کتێب بە زەحمەت چاپ دەکرێت، کەم نووسەر هەیە بتوانێت بەرهەمەکەی لەسەر ئەرکی خۆی چاپ بکات، گرانی چاپ و کەم تیراژی و نەبوونی خوێنەر لەم سەردەمە ئەوە باسێکی دیکەیە، خوێندنەوەی زیاتری دەوێت، بۆیە هەر لە سەرەتای ئەم بابەتە پتر لە چل ساڵ بەر لە ئەمڕۆ چۆن ئەم پیاوە جوانەم ناسیوە هەر ئاواش دەمێنێتەوە بۆ خزمەتی کلتوور و ئەدەب و هونەر و مێژووی کوردی، لاپەڕەی هەر بەرگێک لەم کتێبە هەڵ بدەیتەوە پرە لە وشەی جوان و لاپەڕەی پڕ لە ئامێزی بابەتی بەسوود و جگە لە سەدان وێنەی نووسەرەکان، دەستخۆشی لە برای دیزاینەر مامۆستا عوسمان پیرداود و مامۆستا بەهادین جەلال کاری هەڵەچنی و زمانەوانیی گرتۆتە ئەستۆ، پیرۆزبایی له هەر یازدە بەرگەکە هەر بەرگێک پتر لە 500 لاپەڕەیە و بەرگی یانزدەمینیش ئامادەیە بۆ چاپ کاری تێدا دەکرێت .