ئەمڕۆ سۆران دیداری کەڵە شاعیرێک لە ئامێز دەگرێت

 

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە درێژەی کار و چالاکیە ڕۆشنبیری و زانستیەکانی زانکۆی سۆران، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ـی شوباتی ٢٠٢٥، کاتژمێر ١٠ـی بەیانی لە هۆڵی “ئیسماعیل بێشکچی” دیدارێکی بەرفراوان بۆ شاعیری نەتەوەیی کورد “مەحوی” بە درووشمی “مەحوی شاعیرێک بۆ هەموو سەردەمەکان و دوو پانێڵی تایبەت بە ژیان و شیعر و داهێنانەکانی ئەو کەڵە شاعیرە لە ئەدەبیاتی کوردی و هێنانە کایەی چەندین وشە نوێ لە زمان و فەرهەنگی کوردی بە ئامادەبوونی خانەوادە و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرس و ئەدیب و ڕۆشنبیرانی دەڤەرەکە بەڕێوە بچێت.

لە دەسپێکی دیدارەکەشدا زنجیرەیەک وتاری تایبەت بە کار و بەرهەمەکانی “مەحوی” لە لایەن هەریەک لە “پ.ی.د. شێروان شەریف قورتاس” سەرۆکی زانکۆی سۆران و “د. ئاگرین عەبدوڵا ئاگرین” لە جیاتی بنەماڵەی شاعیر پێشکەش دەکرێت.
پاشان یەکەم پانێڵ دەربارەی ژیان و بەرهەمە شیعرییەکانی ئەو شاعیرە نیشتمانپەروەرەی گەل لە لایەن هەریەک لە “د. کازم شێخ حوسێن” بەڕێوەبەری پانێڵ و بە هاوکاری “پ.د. سیروان جەبار ئەمین” بە ناونیشانی ئاگایی پەتی لە جیهان بینینی مەحویدا و “پ.د. ئیبراهیم ئەحمەد شوانی” بەناونیشانی مەحوی لە نێوان شیعری سۆفیگەری سونی و فەلسەفیدا و “م.ی. چاوەڕێ نیعمەت ساڵح” بە ناونیشانی غەم و شادی لە شیعرەکانی مەحویدا دەبن بە تەوەری سەرەکی یەکەمین پانێڵ، کە ١٠:٢٠ خولەک تا ١١:٢٠ خولەک پێشکەش دەکرێت.
دوای کۆتایی هاتنی یەکەمین پانێڵ بەپێی پڕۆگرامەکانی پانێڵەکە، ١٠ خولەک دیاریکراوە بۆ خوێندنەوەی چەند بەیتە شیعرێکی شاعیری ناوبراو لە لایەن “م. بیلال کەیوانی”.
دوای پێشکەش کردنی ئەو زنجیرە وتار و بەیتە شیعری و گفتوگۆیە چڕەی لە بارەی شاعیر دەکرێت، پانێڵی دووەم بڕیارە لە کاتژمێر ١٢ بە ناونیشانی “مەحوی وەک کاراکتەرێکی عیرفانی لە نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگە” بە بەشداری هەریەک لە “م. چنور جەعفەر ئەحمەد” بەڕێوەبەری دووەمین پانێڵ و “د. بژار عوسمان ئەحمەد” بە تەوەری “پەیوەندی مەحوی و سوڵتان عەبدولحەمید و “پ. د. سەباح بەرزنجی” بە تەوەرەکانی زاراوەی فەلسەفی و عیرفانی لای مەحوی و “د. دیار عوسمان ڕەسوڵ” مەحوی لە نێوان بەرداشی تەریقەت و خێڵدا کۆتایی بە دووەمین پانێڵ دەهێنرێت.

– بەشێک لە بەیتە شیعر و ژیاننامەی مەحوی شاعیر.
محەمەدە، کوڕی مەلا عوسمانی باڵخییە، لە نەوەی پیر و زانای (شێخ ڕەش)ـە، لە ساڵی (١٨٣١ز-١٨٣٢ز) لە سلێمانی هاتۆتە دونیاوە، حەوت ساڵان بووە کە خراوەتە بەر خوێندن ماوەیەک لای باوکی پەرتووکە وردەڵەکانی خوێندووە، پاشان بە فەقێیەتی بۆ خوێندن چووە بۆ شاری (سنە، سابلاغ)، لە دوایدا گەڕاوەتەوە سلێمانی، لای مامۆستا ناودەرەکانی ئەو ناوچەیە خوێندوویەتی. پاشان چووە بۆ بەغداد و لای زانای بەناوبانگی کورد مفتی زەهاوی خوێندوویەتی و ماوەیەک لای ئەو ماوەتەوە تا ئیجازەی مەلایەتی پێداوە و کردوویەتی بە مامۆستای مزگەوتی ئیمام ئەعزەم لە بەغداد. لە ساڵی ١٨٦٢ بەغدادی بەجێهیشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بووە بە ئەندامی دادگا. لە ساڵی ١٨٦٨زاینیدا بەهۆی مردنی باوکییەوە، دەستی لە کاری میری کێشاوەتەوە و بووە بە مەلاو دەستی کردووە بە وانە وتنەوە بە فەقێیان.
لە ساڵی (١٨٨٣) مەحوی چووە بۆ حەج و لەوێوە چووە بۆ ئەستەمبوڵ و لە ڕێگای پیاو ماقووڵانی کوردەوە چاوی بە سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی کەوتووە، سوڵتان ڕێزێکی زۆری لێ گرتووە و فەرمانی داوە کە خاناقایەکی لە سلێمانی بۆ بکەنەوە، بە ناوی (خانەقای مەحوی)ـیەوە. کە گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی خەریکی دەرس وتنەوەی زانست و ئایین و ڕابەری کردنی خەڵک لە بەرەی سۆفییەتیدا بووە. لە ساڵی (١٩٠٦ز) کۆچی دوایی کردووە و لە خانەقاکەی خۆیدا بە خاک سپێردراوە.
لە هەڕەتی تەمەنیدا جۆش و خرۆشێک لە دڵیدا پەیدابووە و بەرەو مەیدانی عەشقی بردووە، (مەحوی) هەڵبژاردووە و کردوویەتی بە نازناوی هۆنراوەی خۆی، ئەو بنەماڵەی کە مەحوی تیایدا گەورە بووە و پەروەردەکراوە وای لێکردووە کە سەر بەرێتە مۆزەخانەی ئەهلی سۆفێنزمییەوە و بەراوردێکی بیر و باوەڕەکانیان لە گەڵ دڵی خۆیدا بکات، هەر بیرو باوەڕی سۆفییەتی مەحوی کردە هۆنەرێکی ناوداری سۆفییەتی.
مەحوی بە یەکێک لە شاعیرە بەرزەکانی کلاسیزمی کوردی دادەنرێت و لە سەر ڕێرەوی نالی ڕۆیشتووە.
ڕووخساری هۆنراوەکانی
کێشی عەرووزی عەرەبی بەکارهێناوە.
یەکێتی قافیەی پاراستووە، واتە لە سەرتاسەری هۆنراوەکە لە سەر یەک قافیەیە.
وشەی عەرەبی و فارسی لە هۆنراوەکانی دیارە.
وشەکاری و وردەکاری زۆری بەکار‌هێناوە بە دوای وشە و دەربڕینی گران گەڕاوە.
ناوەڕۆکی هۆنراوەکانی
لە ڕووی ناوەڕۆکەوە هۆنراوەکانی لە بارەی ئایینی و فەلسەفە و سۆفیەتی و هەستی نەتەوەییەوەیە.