ڕاسپاردەکانی دووەمین فیستیڤاڵی ڕامان بۆ داهاتوو

ئا: ڕامان

لە دوا ئێوارەی دووەمین فیستیڤاڵی (ڕامان)دا، دەمژمێر (٣)ی دوای نیوەڕۆ کە ڕۆژی 20/12/2024 بەڕێوە چوو، بەڕێزان: ئازاد بەرزنجی (خوێندنەوە لە سەردەمی سۆشیال میدیادا)، لەیلا ساڵحی (بە کولتوورکردنی خوێندنەوە لە کۆمەڵگەدا)، هێرش شێخ عومەر (کتێبی دەنگی، چارەسەری دانەبڕان لە کتێب) بەشداربوون، دوای پشوودانێک هەر لەو ئێوارەیەدا (12) شاعیر لە پارچەکانی کوردستان و شارەکانی باشوور شیعریان خوێندەوە: (نەسرین باوندپوور – کرماشان، نەژاد عەزیز سورمێ – هەولێر، ڕەزای عەلی پوور – سنە، خەلیل دهۆکی – دهۆک، عەبدولقادر سەرچناری – سلێمانی، هاڤین ئاچەر – شرناخ – باکوور، حەمەساڵح سوزەنی – سەقز، شێخمووس سەفەر – ئامەد- باکوور، چنوور نامیق – کەرکووک، عەلی شێخۆ – ڕۆژئاوا، د. ئاراس عەزیز عەبدوڵڵا – سلێمانی، هەلبێن باقر – زاخۆ)، ئەوجا نۆرەی خوێندنەوەی ڕاسپاردەکانی فیستیڤاڵ هات و لەلایەن سەرۆکی لیژنەکەوە بەڕێز یوونس ڕەزایی خوێندرایەوە کە ئاراستەی حکوومەت و داوودەزگا کولتوورییەکان کرابوو. بە خوێندنەوەی ئەو ڕاسپاردانە، کارەکانی دووەمین فیستیڤاڵی دوو ڕۆژەی ڕامان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ هات. وا لە خوارەوە دەقی ئەو ڕاسپاردانە بڵاو دەکەینەوە کە نووسەران و توێژەران و ڕۆشنبیران و بەشداربووانی فیستیڤاڵ هیوادارن ئەو ڕاسپاردانە بە هەند وەربگیرێن و جێبەجێ بکرێن.

ئامادەبووانی بەڕێز
بە دڵخۆشییەوە ڕایدەگەیەنین؛ “دووەمین فیستیڤاڵی ڕامان” لە هەولێری پایتەختی کوردستان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو. وەکی دیتمان و بیستمان، دوو ڕۆژی ڕابوردوو، لە چەندان پانێڵی زانستیدا، بابەتی کولتوور و ئەدەب و داهاتوو کەوتنە بەرباس. لەو پانێڵانەدا نووسەران و توێژەرانی بوارە جوداجوداکانی زانستەمرۆییەکان، هەوڵیان دا لە نووسین و دەربڕینەکانیاندا، وێنەیەکی تاڕادەیەک ڕوون لە ئێستای کولتوور و ئەدەب و بەرجەوەندێکیش بۆ داهاتووی ئەو بوارە بخەنە ڕوو، تا مرۆڤی کورد لە نووسەر و توێژەرەوە تا بەڕێوەبەرانی پەروەردە و زانکۆکان و لە لایەکی دیکەوە بڕیاربەدەستەکانی سیاسی و کولتووری، لەمەودوا پرسیارە ورووژاوەکانی ئەو فیستیڤاڵە بە گرینگ بزانن و بە شوێن وەڵامی تازەدا بن. لە لایەکی دیکەوە ئەو ڕێگاچارە و پێشنیارانەی بۆ چاکسازی و دەوڵەمەندکردنی کولتوور و ئەدەب و بیری مرۆڤی کورد لە جیهانی نوێدا خرانە بەرباس و تاووتوو کران بە هەند وەربگرن و لە بواری کردەییدا ڕەچاویان کەن.
یەکەم جار بوو کە لە ئاستی کوردستاندا، لە باسی کولتوور و ئەدەبەوە تا پەروەردە و فەلسەفە، بە لەبەرچاوگرتنی دیاردە تازەکانی تەکنۆلۆژیای مۆدێرن، گۆڕانکارییەکانی دنیای پاش مۆدێرن و زیرەکی دەستکرد، بە چڕوپڕی خرانە بەرباس. وەکی دەزانین زیرەکی دەستکرد و کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیانی مرۆڤ، بابەتێکی تازە ورووژاوە و لەو فیستیڤاڵەدا قورسایی خرایە سەر و کوردیش وەک نەتەوە پێشکەوتووەکانی دیکەی دنیا خەسار و دەرفەتەکانی ئەو بوارەی لێکداوە و بە مشتومڕ و ئاڵۆگۆڕی ڕای زانستی، ڕێگاچارەی نوێ بۆ کۆمەڵگە و ڕۆشنبیر و لایەنە پێوەندیدارەکانی کولتووری خرانە بەر باس. ئەو ڕووداوە یەکێک لەو دەگمەن ڕووداوانەبوو کە جووڵەی خستە ناو بیر و تێگەیشتنی بەشداربووان و سەدان پرسیاری تازەی لێکەوتەوە. هەر بەو هۆیە پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەران و چالاکڤانانی دووەمین فیستیڤاڵی ڕامان دەکەین و پێمان وایە بەردەوامی ئەو ڕەوت و شێوە توێژینەوە و کۆڕانە، هەرجارەو هەنگاوێکی مەزن بەرەو گۆڕانکاری لە بواری بیرکردنەوە دادەنێ. بەشداری کوردانی هەموو پارچەکانی کوردستانیش تا ڕادەیەکی زۆر ڕوانین و هەوڵە ئەدەبی و زمانی و توێژینەوەییەکانی لێک نزیک کردەوە و بەرەو تێگەیشتنی هاوبەشی بردن.
وەک لیژنەی ڕاسپاردەکانی دووەمین فیستیڤاڵی ڕامان، بۆ باشتر و دەوڵەمەندتر بوونی پانێڵەکانی داهاتوو ئەو خاڵانە بە پێویست دەزانین کە لە ساڵانی داهاتوودا کاریان بۆ بکرێ و بخرێنە بەردەم بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی کولتووری و ڕۆشنبیری کوردستان تا ڕەچاویان بکەن و هەنگاوی بەکردەوەیان بۆ هەڵبگیرێ:
١- بەجیهانیبوون و ئەدەبیاتی کوردی
لە سەردەمی بەجیهانیبوونی هەموو دیاردەکانی ژیانی مرۆڤدا، هەر نەتەوەیەک هەوڵ دەدا سازدەرە ئەدەبی و کولتوورییەکانی خۆی لەو دنیای گڵۆبالیزەیەدا بە جیهانی بکا. ئەدەبی کوردی بە هەموو بەشەکانییەوە لە ڕەوتی بە جیهانیبووندا دەبێ کاری جیددی بۆ بکرێ. بەنموونە گۆڕینەوەی وەفدی ئەدەبی و کولتووری لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوایی، بەڕێوەبردنی شەوی کولتووری لە وڵاتانی دنیا، تێپەڕین لە سیاسەتی کولتووری ناوچەیی، ناساندنی سیما دیارەکانی کولتوور و ئەدەب و هونەری کورد لە ئاستی جیهان و …
٢- دۆخی وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبی کوردی بۆ سەر زمانەکانی دیکە و تێپەڕین لە دەقی ساکار.
تا ئێستاش وەرگێڕانی ئەدەبی نەکراوەتە دەلاقەیەک بۆ ناساندنی داهێنەرانی کورد لە بەشە جوداجوداکانی کوردستان. دۆخی ئێمەی کورد لەو بوارەدا لاوازە و پێویستی بە چالاکی بێ وچان هەیە. ئەو دەقانەی بۆ سەر زمانەکانی ئەوروپایی وەرگێڕدراون، نە بە ڕادەی پێویستن و نە ئەو سیما و دەقانە دەگرنەوە کە بە ڕاستی نوێنەری داهێنەرێتی نووسەر و داهێنەری کوردن، چونکە زیاتر هەندێک هەوڵی ساکاری ئەدەبی کوردی وەرگێڕدراون و پێویستە لیژنەیەکی پسپۆڕ و دەقناسی ئەدەبی و وەرگێڕی هەڵكەوتوو بە مەبەستی هەناردەکردنی دەقی کوردی بۆ جیهانی بیری ئەوڕۆ چالاک بکرێ و پلانی بۆ دابڕێژرێ.
٣- پڕۆژەی ئەدەب و هونەر وەک جۆرێک دیپلۆماسی کولتووری
کورد چەندی گرینگی بە دیپلۆماسی کولتووری و ئەدەبی داوە، پێویستە لەو ڕێگایەوە خۆی بە گەلانی دنیا بناسێنێ. هەوڵەکانی پێوەند بە سیاسەتگوزاریی کولتووری کورد زۆرتر بە وڵاتانی ناوچە بەستراوەتەوە و کەمتر هەنگاوی بەرز هەڵگیراوە. پێویستە کولتوور و ئەدەب و هونەر ببنە زمانێکی ڕەوان و بەرزی پێوەندییەکانی کورد لەگەڵ گەلانی دنیادا.
٤- ناسینی ئەدەبی پارچە جیاوازەکانی کوردستان و کێشەی سەرچاوەکان
نووسەران و ڕۆشنبیرانی کوردی پارچەکانی کوردستان کەمتر بەرهەم و سەرچاوەکانی نووسین و داهێنانی یەکتر دەبینن، بە تایبەت باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ باشوور و ڕۆژهەڵات ئەو کێشەیەیان هەیە . ناوەند و بڕیاڕدەرانی ڕۆشنبیریی کورد پلانی پتەو و تۆکمە بۆ ئەو گرفت و کێشەیە دابڕێژن. لەو بوارەدا، هێنانەسەر ڕێنووسی لاتینی و ئارامی نووسینی هەموو داهێنەرانی کوردی پارچە جوداجوداکانی کوردستان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە و دەبێ کاری بەکردەوەی بۆ بنێ.
٥- بە ئەلەکترۆنی کردنی دەقی نووسەرانی پارچەکانی کوردستان
بە هەردوو ڕێنووسی لاتینی و کوردی، ئارامی، ئەو هەوڵە بەرەو سەرچاوەی هاوبەشی فکری و ئەدەبی و کولتووریمان دەبا و هەوڵە ئەدەبی و توێژینەوەییەکان لە پرشوبڵاوییەوە بەرەو یەکگرتوویی ڕادەگوێزێ.
٦ – دیاریکردنی چەند خەڵات بۆ توێژینەوە، ڕۆمان، شیعر و وەرگێڕان لە ئاستی هەموو کوردستاندا.
تا ئێستاش خەڵاتێکی بە بایەخی ئەدەبی و بەدوور لە ئاراستەی سیاسی لە کوردستاندا بوونی نییە. دانانی خەڵاتێکی ساڵانە لەو بوارانەدا بە سەرپەرشتیی ڕامان وەک بێ لایەنترین بنکەی کولتووری و ئەدەبی، دەتوانێ لە ئاستی کوردستاندا کاریگەری بەرچاوی هەبێ.
٧ – بایەخدان بە پرسی ژنان و خوێندنەوەی تایبەت بە ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەو بوارە.
٨ – پێویستە بۆ لەمەولا کۆی بەرنامەکان لە لایەن یەکێک لە تەلەڤزیۆنەکانی کوردستانەوە ڕاستەوخۆ بۆ جەماوەی کوردستان، لە هەموو پارچەکانی کوردستان ڕابگوێزرێ.