زارۆکستان؛ دەروازەیەکی نوێ بەڕووی ئەدەبی نەوجەواناندا

گەشەکردنەکانی کتێبخانەی کوردی لەم 20 ساڵەی ڕابردوودا گەلێک جێگەی دڵخۆشی و دەستخۆشین. بەڵام تا ئێستا زۆر جێگەی کتێبخانەی کوردی هەیە پێویستیان بە کاری زیاتر و دەوڵەمەندکردن و سەرچاوەی زیاتر هەیە. وەک سەرجەم بوارە زانستییەکان، کە پێویستیان بە سەرچاوەی زیاتر و گرنگیپێدانی زیاتر هەیە. ئەمە بێجگە لە زانستە مرۆییەکان، کە لەو بوارانەش سەرچاوەی پێویست لەبەردەستدا نین. هاوکات بواری ئەدەبیات لەگەڵ ئەوەی کتێبخانەی کوردی گەلێک دەوڵەمەندە، بەڵام هەندێک لایەنی هێشتا فەرامۆشکراوە و وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.

یەکێک لەو بەشانەی ئەدەبیاتی کە تا ئێستا تاڕادەیەک بە فەرامۆشکراوی ماوەتەوە نەبوونی سەرچاوەی پەروەردەیی و ئەدەبیاتە بۆ نەوجەوانان، کە هەم قۆناغێکی گرنگی گەشەکردنە هەم تەمەنێکی گرنگە بۆ ئەوەی لەوێوە بناغەی نەوەیەکی خوێنەر و ئاشنا بە کتێب دابنرێت. بێگومان لە 20 ساڵی ڕابردوودا لەم بوارەشدا هەنگاو نراوە، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو هەنگاوانە و ئەو کارانە دیدگای ئایدۆلۆژییان لە پشتەوەیە، نەک دیدگایەکی مرۆڤدۆستانەی پەروەردەیی و زیاتر خزمەتکردن بە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو. ئەدەبی ڕاستەقینە هەڵگریی ئایدۆلۆژیایی مرۆییە، نەک ئایدۆلۆژیای سیاسی و دنەی خوێنەران بدات بەرەو ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا سەرنجی بەشێکی دیکەی ئەو سەرچاوانەم داوە، کە بۆ تەمەنی نەوجەوانی چاپ کراون و بۆم دەرکەوتووە کە ئەدەبیات و پەروەردەیەکی سەردەمیانە نین و بەشێکیان لە هەوڵی نەوەیەکی ناچالاک و گرینۆک و بێبەرهەمدان، کە شایستەی خوێندنەوە نین. کتێبێک لەو نێوانەدا بتوانێت خزمەتی ئەو بوارە بکات، کە لەم ماوەیەدا چاپێکی نوێی بڵاوکراوەیە کتێبی “زارۆکستان”ـە، کە ئەم کتێبە لە چوار کتێبی سەربەخۆ پێکهاتووە، کە چیرۆک و بەسەرهاتی پەروەردەیی و بۆ جیهانی منداڵان و نەوجەوانان تێدایە. کتێبەکە لە وەرگێڕانی مامۆستا “حەمە کەریم عارف”ـە و ناوەندی رۆشنبیریی ڕەهەند بە چاپی گەیاندووە.
وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە “جیهانی منداڵان، وێڕای ساده‌یی و پاکی و بێگه‌ردی، ئاڵۆزی و تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌، دیاری‌ منداڵ ده‌کاته‌ به‌ردی بناغه‌ی ئاینده‌ هه‌ر وه‌چه ‌و نه‌وه‌یه‌ک به‌پێی سوننه‌تی ژیان ‌و جه‌بریه‌تی مێژوو ده‌بێ ئاڵاکه‌ی ده‌ستی ته‌سلیم به‌ نه‌وه‌ی پاش خۆی بکات، که‌ ئه‌مه‌ سوننه‌تی ژیان ‌و یاسای مێژوو بێ پێویسته‌ کار بۆ ئه‌وه‌ بکرێت منداڵان که‌ ده‌که‌نه‌ نه‌وه‌ی ئاینده‌ به‌ ڕێک‌وپێکترین شێوه ‌و شێواز په‌روه‌رده‌ بکرێن‌ و به‌ جۆرێ ئاماده‌‌ و ته‌یار بکرێن که‌ شایسته‌ی ئه‌وه‌ بن به‌بێ ترس ئاڵای ژیانیان پێ بسپێردرێت.” لە دواتریشدا وەرگێڕ دەڵێت “ئەم کتێبە هەوڵی پێدانی کۆمەڵێک وانەی پەروەردەیی گرنگ دەدات، کە بۆ هەموو منداڵێک گرنگی تایبەتی هەیە.”
یەکەم کتێبی نێو ئەم زارۆکستانە “منداڵە دارینە”یە لە نووسینی “کارلۆ کڵۆدی”، کە چیرۆکێکی پەروەردەییە سەبارەت بە ڕاستگۆیی و ڕاستبێژی. چیرۆکی دووەم کۆمەڵە چیرۆکێکی پەروەردەییە بەناونیشانی “فاشیزم چییە؟” لە نووسینی یەڵماز گۆنەی. کتێبی سێیەمی ئەم زارۆکستانە “شوانە بچکۆلەکە”یە کە “هواشان” نووسیویەتی و ئەویش چیرۆکێکی پەروەردەییە سەبارەت بە کار. هەرچی کۆتا کتێبیشە، چوار شانۆنامەی لە خۆگرتووە، کە ئەوانیش هەم پەروەردەیین و هەم پەندئامێزن، کە گرنگییەکی زۆریان بۆ تەمەنی نەوجەوانی هەیە.
زیادەڕەویی ناکەم ئەگەر بڵێم ئەم کتێبە سەرچاویەکی دەگمەن و پەروەردەیی گرنگە بۆ بونیادنانی کەسێتی نەوجەوان. ئەوەی لای ئێمە فەرامۆش کراوە بونیادنانی کەسێتی تاکە، کە لە هیچ لایەکەوە گرنگی بەمە نادرێت لەنێو سیستمی پەروەردەدا گرنگی بە فێرکردن دەدرێت و لەنێو خێزاندا گرنگی بە “گەورەکردن” دەدرێت، نەک پەروەردەکردن، بۆیە دەشێ سەرچاوەی لەم شێوەیە سەرەتایەک بێت بۆ بونیادنانی کەسێتی تاک لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، کە ببێتە کەسێتییەکی مرۆڤدۆستی ژینگەدۆستی وڵاتپارێز.