شێرکۆ بێکەس وەکو شاعیرێکی کۆچەریی

(2-2)
مارتن هایدیگەر لە خوێندنەوەی شیعریی “یۆنان”ی فریدریش هۆڵدەرلیندا ئاماژە بۆ کۆچەرییبوونی شاعیر دەکات و لەوێدا چەمکی “ڕێگاکانی کۆچەری” بەکار دەهێنێت وەکو ئاماژەیەک بۆ خوێندنەوەی ئەو شیعرە و لەوێدا دەپرسێت: “کێیە ئەو کەسەی کە کۆچەرییە؟ بێگومان ئەو کەسە شاعیر خۆیەتی، ئەو ئێستا گەیشتووە بەو شوێنەی کە هەر لەسەرەتاوە مەبەستی بووە و گەشتەکەشی بە کۆتا هاتووە. کەواتە ئەم هاوارکردنە (ڕێگاکانی کۆچەری)، ئەو یادگەیەیە، کە بیر لەو ڕێگایانەی شیعر دەکاتەوە کە تێی پەڕاندوون، بەڵام ئەم ڕێگایانە تەنیا بە وەستانی ئێمە کۆتاییان نایەت.” (شیعر پێنج ل12) ئەگەر ئەم سەرنجە کەمێک ڕوونتر بکەینەوە دەبینین شاعیر لە جێگەیەکدا دەگاتە شوێنێک و پێیوایە گەیشتووە بە شیعر، یان من ناوی دەنێم (ڕۆحی شیعر)، یان (ڕێگای شیعر)، بەڵام پاش وەرگرتنی ئیستێک بەرامبەر دەقەکەی خۆی و ئەو ڕێگایەی پێی گەیشتووە، هەست بەوە دەکات هێشتا ڕێگای دیکەی شیعریی ماوە، کە پێویستە گەشتی نوێی بۆ بکات و دەستبکاتەوە بەگەشت بۆ ئەوەی بە (ڕۆحی نوێی شیعر) بگاتەوە، بۆیە شاعیر بەردەوام دەبێت لە گەشتکردن و بەمەش دەبێتە کۆچەرێکی بێماڵ کە هیچ وێستگەیەک نییە ئەو بتوانێت پشووی تێدا بدات. لێرەوەیە وەک هایدیگەر ئاماژەی پێدا ئەم ڕێگایانە تەنها بە وەستانی ئێمە کۆتاییان نایەت، واتە ئەم ڕێگایانە ناکۆتان و گەیشتن بە “ڕۆحی شیعر” هەمیشە ناکۆتایە. بۆیە شاعیر هەمیشە و هەمیشە کۆچەرێکی بەردەوامە و لەم دەقەوە بۆ ئەو دەق و لەم شێوازەوە بۆ ئەو شێواز و لەم ژانرەوە بۆ ئەو ژانری دیکە لەگەڕان و کۆچێکی بەردەوامدایە، کە ئەمەش ڕۆحی هەموو داهێنەرێکی ڕاستەقینەیە.
“ئەڕۆم و
سەفەرێکی تازەم لەبەرە
سەفەرێ بەپێی پەتی خەمان.
سەفەرێ بە سواری تراویلکە و
سەفەرێ بە سواری هەواڵی ناوەخت و
سەفەرێ بەسواری دووکەڵێ
کە پاشکۆ و خورجینی
پڕ کردووە لە چاوی کوژراوی باران!”(گۆڕستانی چراکان ل12)
لێرەدا گرنگە بگەڕێینەوە بۆ چەمکی “کۆچەریبوون” لای شاعیرانی کلاسیک، ئایا لای ئەوانیش ئەم ڕێسای کۆچەرییبوونە دەبینینەوە؟ بێگومان هەموو سەردەمێک جۆرێک لە کۆچەربوونی تایبەت بەخۆی هەیە و هەموو سەردەمەکان یەک ڕێگەی داهێنان و یەک ڕێگەی کارکردنیان نیی لەنێو دونیای ئەدەبدا.
ئەگەرچی لای شاعیرانی کلاسیک جۆرێک لە پابەندبوونی شیعریی هەبووە بە کێشی عەروزی عەربییەوە، بەڵام لەوێدا ئەزموونکردنی کێشەکان و چۆنێتی بەکارهێنانیان و گەمەکردن لەنێو کێشە شیعرییە سەختەکاندا دەشێ جۆرێک لە کۆچەریبوونی شاعیران بووبێت، یان دەستبردن بۆ بابەتی جیا جیاو و خۆدان لە بابەتە تابلۆکان و هەوڵدان بۆ تابۆشکێنی، یەکێک ترە لەو سیماکانی کۆچەرییبوونی شاعیرانی کلاسیک، بۆیە مەبەستمە لێرەدا ئەوە بخەمەڕوو کە کۆچەریبوونی شاعیران و نووسەران دیاردەیەکی نوێ نییە، بەڵکو دیاردەیەکی گەلێک کۆنە، بەڵام هەر سەردەمە و ڕێگای تایبەتی هەیە بۆ کۆچەریبوون و ڕێگاکانی گەیشتنی شاعیران بە ڕۆحی شیعر. ئەگەر لە شاعیرانی دوای قۆناغی کلاسیکیش وردبینەوە لەوێشدا هەست بەوە دەکەین کە بەشێک لەو شاعیرانە لەڕێی ژانرەکانەوە کۆچەریبوونی خۆیان ئەزموونکردووە و بەشێکی دیکەیان لەڕێی گۆڕینی ئەو بابەتانەی کاریان لەسەر کردووە و بەشێکیشیان خاوەنی ڕۆحێکی لاوازی کۆچەریبوون بوون و لەنێو یەک شێوازی شیعرییدا گیریان خواردووە، بەڵام دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە شاعیرانی مۆدێرن گەلێک بە بەختتربوون لە مەسەلەی کۆچەرییبوون و ئەزموونکردنی ژانری نوێ و تێکەڵکردنی ژانرەکان و هاوکات تاقیکردنەوەی چەندین شێواز و بابەتی جۆراوجۆر، کە هەموو ئەو ڕێگایانە بۆ شاعیرانی کلاسیک و دواتر فەراهەم نەبوون. واتە ئەگەر شاعیرێکی مۆدێرن 20 ڕێگەی کۆچەریبوونی بەردەمدا بێت، ئەوا شاعیرێکی کلاسیک لە 5 ڕێگە زیاتری لەبەردەمدا نەبووە. بۆیە شاعیرانی مۆدێرن گەلێک دەستکراوەترن لە دەوڵەمەندکردن و نەخشاندنی ئەزموونە شیعرییەکەیاندا و بە وردبوونەوە لە ئەزموونی نووسین و شیعریی شێرکۆ بێکەس و بەختیار عەلی تەواو ئەمە ڕوون دەبێتەوە.
لای شێرکۆ تەنها خودی خۆی کۆچەریی نییە، بەڵکو ئەگەر خۆیشی نەتوانێت کۆچ بۆ جێگەیەک بکات و دەستی هاوکاری بۆ درێژ بکات ئەوا وشەکانی دەنێرێت و لەم چەند ڕستەیەدا بە وردی گوزارشتی لەمە کردووە:
“من ئەگەر خۆیشم پێمنەکرا
بۆ لای هەر خەم و خولیایەک، وشەیەکم،
ئەنێرم تا بیانبینی
وشەی “تەڕ” بۆ لای ئەو هەورەی
کە بێتاقەتە و نابارێ
وشەی “کەسک” بۆ لای درەختێ
کە دارستان خانەنشینی کردووە.
وشەی “ورە” لای هێلانەیەم کە “با”
تەواو بێزاری کردووە.”(حەفتا پەنجەرەی گەڕۆک 68)
شیعر لێرەدا بەتەواوی ئەو پێناسەیەی بەسەردا دەچەسپێک کە ژانرێکی نەگیر و جیوەییە و ئەگەر شاعیرەکەشی کۆچەریی نەبێت، خۆی ژانرێکی کۆچەرییە و بەردەوام لەگەشتدایە. بۆیە شێرکۆ بێکەس یەکێک لەو پێناسانەی بۆ خۆی و ئەزموونەکەی دەکرێت ئەوەیە لە ڕیزی نووسەران و شاعیرانی کۆچەریی پۆلێنی بکەین.