ن: ئازاد پێنجوێنی
خاوەنی ئەودێڕە جوانەی کەلە قەسیدەکەیدا دەیووت تکایە ئاوەکە لێڵ مەکەن نەبادا کۆترێک بێت و لێی بخواتەوە نەبادا دووعاشق لێرەدا تێپەڕن و تینوێتیان بشکێنن هەمووجارێکیش سەیری (کاشان)ی دەکردو بەحەسرەتەوە دەیووت . کاشان کتو مت لەگوڵە مەحەمەدیەکان دەچێ بۆنی کوچەو کۆڵانەکانی ئارام کەرەوەو دەنگێکی تایبەت دەبەخشن،شاعیرێکی لەمەڕ خۆشمان چەشنی سوهراب هەست ده ناسکە و بەردەوام دەگەڕێ بەدوای منداڵە چاوگەشەکاندا و لەمیحرابی مەرگی پەپولەکاندا دەڕوانێتە پاساریەکان کەچۆن لەقەراغ چاڵی مەرگا لەگەڵ نێرگزەکاندا شەهید دەکرێن و خەونەکانیان لەژێری پۆستاڵە ڕەقەکاندا ماونەتەوە. ئەم شاعیرە تەنانت کوچەو کۆڵان و شەقامەکانی سلێمانی هەموو چرکەیەک یادی دەکاتەوە بۆ ئەو هەموو وەسف و سەنایەیی کە ئەم پیاوە بە بەڵای ئەم شاردا دەیهۆنێتەوە.چەند جوان دەڵێ هاوار بکەن هەموو یەک دەنگ سستی ناشێ بۆ سلێمانی، ڕەشەبا بۆتە سومبولی شاری شاران سلێمان، ئاخر مەبەستیەتی چەشنی پێنووسە سیحراویەکەی خۆی پێنووسێکی تر بێتە زمان و بەنوری زەردەشت بنووسێ شاری شاران.
لەهەناسەیەکی کەدا دەڵێ،،چۆن بتوانم بۆنی نەکەم یەکەم بارانی پاییزت، چۆن بتوانم یادگاری کوچەکانت بسڕمەوەو ڕابکەم لەهاواری ڕەشەبای شاخی ئەزمەڕت. کەواتە ڕۆحی بێگەردی سوهراب لەنێو ئاسمانی کاشان و ڕۆحی بێگەردی شاعیرێکی وەفادار لەسەر زەوی سلێمانی هەمیشە دودیوی فرە ناوازەو جوانن کە ناکرێ لەیاد بکرێن.
ئێستا پێش هەڵاتنی پرشنگی خۆرە پیاوێکی بێ دەنگ و نەرمونیان ڕاماوە لە بێدەنگی ئۆقرە گرتوی شەوە تەنهاییەکانی، ئەم پیاوە لەم دەرکەوتنی کازیوەدا گوێبیستی هیچ شتێک نیە (بێ دەنگی نەبێ) لەوجودیشیدا بەنێو شەقامەکانی بێ دەنگیدا هێدی هێدی هەنگاو دەنێت لەتەک سێبەرە بێ دەنگیەکەی خۆیداو دەکەوێتە گفتوگۆ و باس وخواسی گەیشتنی ڕاستیەکان بەڕێگا بڵندەکاندا تا ئەوەی هەناوی نیشتمان بکاتە نەخشەیەکی بێسنوور.
ئا لەوێدا شنەی شەماڵی پڕ لەئارامی ئاوێتەی بیرۆکە تازەکانی و هەناسەی ئەم پیاوە دەبن و لەو شاخەیدا دێنە خوارێ و هەمو دەمی عەسرێ هەرچی کۆپلەی شیعرەکانی ئاوەزیەتی بۆی دەبنە عیشوەی دوای باران تا ناخەکان تەڕتر بکات.
شاعیر بەم جۆرەیە کە شیعرەکانی بڵاو دەبنەوە دونیایەک جوانی لەتەک خۆیاندا بەجێ دێڵن کە دەشڕوات تەنها سێبەرەکەی دەمێنێتەوە پڕوشەو ڕێژنە باران بەجێ دێڵن. ئەوە مەولانای ڕۆمی بوو دەیوت :”هەموو شتێک بۆ ئەوەی بیدۆزیتەوە بۆی دەگەڕێیت جگە لەیار کە دۆزیتەوە ئینجا بۆی دەگەڕێیت، پیاوێکی مروەت داری لەشیعرچو هەیە لەنێو بۆنو بەرامەی گوڵشەنی شیعرەکانیدا، وجودیمان لەڕابردوودا دۆزیوەتەوە لەمەودوا دەبێ بەشوێن سێبەری ووشە کانیدا بگەڕێیین تادەگەینە ئەو حەقیقەتەی کە ژیانیش بتوانێ ئێمە بدۆزێتەوە و بمانکاتە سایەی خۆمان و خۆزگە بخوازین کە هەمان سێبەری ئەم پیاوەمان هەبێ. ئاخر خۆدۆزینەوەی هەر یەک لەئێمە بۆئەوەی هەرگیز نەبینە ژان بۆ یەکدی و بەدوای یەکدا نەگەڕێین بەڵکوو هەمومان پێکەوە ژیانێکی جاویدانیمان بەنسیب ببێ و بۆ ئەوەی هەرگیز لەیەکدی وون نەبین دەبێ بەدوای سێبەری ئەم شاعیرەدا وێڵ ببین چوونکە
دڵی ئەم پیاوە لەلۆکەیەو پێنووسەکەشی لەچەشنی ڕستەی مرواریە و هزریشیان خەیاڵێکە لە نێو قوڵایی دەریادا هەمیشە لەکەناری ئارامیدا ئایدیامان فراوانتر دەکات. شاعیرێک کە تەواوی نووسین و شیعرەکانی لەناوجەرگەی جەمالیەت و هەقیقەت و شوێنەوارناسی دڵەکاندایە هەروەک شۆڕەبی گوێی چەمن و وازی لەتەک شنەی بادا دەکەن ئاخر کاتێک دەنووئسێ ڕیتمێک لەهەناویدا چێ دەکات تاهەرکۆپلەیەکی تەژی بن لە لەرەی ئاوازو مۆزیکاو سەما هەرکاتێکیش چامەیەکی لە دایک دەبێ یەک پارچە دەبنە پەلکە زێڕینەی ملوانکەی شەبەنگی ئاسمان و باس هەرباس و خواسی جوانی وێنا شعرەکانی حزوری ئەم زاتەیە.
لەپەنجەرەی باڵەخانەکەوە هەوایەکی فێنک دێتە تەنها ژورێکەوە پیاوێک کەناوی ( سەلام قەزاز)ە بەدەم چەڕە دوکەڵی جگەرەکەیەوە کە هەواکە دەیان سپێرێ بەگەواڵە هەورەکان بەهێمنی و بەتەنها دانیشتوەو تێڕامانی بۆ دارو درەختەکانی باخچەی گشتی چڕکردۆتەوەو شیعر دەژەنێ و تەواوی مەلەکانی لەسەرلێواری پەنجەرەی ژورەکەی خڕکردۆتەوە چەشنی ژەنینی پیانۆکەی مۆزارت کەچۆن پەروانەکانی بەدەوری پیانۆکەدا کۆدەکردنەوە ئای خودایە هەر کۆپلەیەک لەژەنینی شیعرەکانی دەبونە سەمفۆنیایەکی بەختەوەری و خۆیان دەکرد بەسوچو کۆڵانەکانی شارە حەیاتەکەدا ئالەوکاتەدا هاوسەنگیەکان واتایەکیان نامێنێ تا غافڵ گیربین لە تێکستە نەمریەکانی شاعیر ئەی چی بکەین چۆن دڵمان وەک لۆکە لێ بکەین و نیشتمانمان بکەینە مۆزیکایەکی ئەبەدیەت تابتوانین ئارامی و سەرفرازی بەدەست بهێنیین تادەگەینە کەماڵی لوتکەی ئەندێشەکانی (سەلام )ی بیرجوان و شاعیری زێدو نەتەوە پەرست و جوانناس و کلاسیک ناس.
من جارجارە ئەم شاعیرە سەرماش و برنجیە دەبینم کەهەموو حەزو تواناکانی نێو دەرون و ناخیان ڕەنگی داوەتەوەحو لەناوەوە دەرهاویشتەیەکە بەڕویی شاعیرانەیدا کەهەر غەوارەیەک یەکەمین جاری بێ دیتبێتی بەسەرو سیماو تێڕامانە قوڵەکەیدا دەزانێ شاعیرەو مرۆڤێکی ئاسایی نیە ئەوەش دەزانم کە پێنووسێک و چەند پەڕاوێکی سپی لەبەردەمی مێزەکەیدا بەردەوام دانراون و هەرزو زمان دەگرن و بەشاعیر دەڵێن لەتیانوسماندا شتێک بنووسە تابەهۆی نووسینە جوانەکانتەوە چرچ نەبین و نەچینە پەراوێزی مێژوەوە. وای چەندە بەنەرمونیانی خەریکی چەند چوارینەیەکی تازەیەو و خەیاڵی لەنێو ئەو حەشامات و باڵەخانەیە کۆدەکاتەوە و گەڵا هەڵوەریوەکانی خەزان دەنووسێتەوە تا بەدیاری بیان داتە بەردەم سەمای بەفر.
شاعیر لەنێو هزری ئاورنگی خەیاڵە دەگمەنەکەیدا توانیویەتی زۆر لێزانانە لاپەڕە سپیەکان بنووسێتەوەو بیسپێرێ بەخەیاڵەکانی و لە چرکە ساتێکی جاویدانی هەمیشەییدا بیکاتە پەیامی زەمەنێکی دیارو نادیار و هەنگاوەکانی خۆی ببڕێت لەوپەڕی داهێنانەکانیداو بیکاتە ئەرشیفی هەموو ئان و سەردەمێک.
ئێوارەیەکی باراناوی ئەو شوێنەی کە (سەلام قەزاز)ی بیری تێدادەکردەوە بەچواردەوریدا ڕەنگی ئەوین لەگەڵ لێکدانەوەی شیعرەکانیدا کەرنەڤاڵی هەناسەیەکی هەڵکێشراو بو بەرەو جریوەی ئەستێرەی ساڤۆ کە پێشوازی لەتریفەی مانگ دەکرد سەیری هەرچواردەوری شاری کرد و خەمێک دایگرتو چەند شیعرێکی لەدایک بو زۆر بەخەمباریەوە سەیرێکی ئەم نیشتمانەی کردو بەهەڵەداوان ڕۆشت کاتێکیش لەناو شەقامی شیعرەکانیدا بینیمەوە بەوسەرمایە چوبو بۆلای مام (ئەزمەڕ)ی پشتێنی شار کەبینی ئاگر دەورەی داوەو کەس ناپرسێ لەکەسوکار واقی وڕما و خۆڵی دامێنی ئەو ئەزمەڕە کۆسکەوتوەی کرد بەسەری خۆیدا، شاعیر وازناهێنێ و لەگەڕانو سۆراخ دایە دەیەوێ هەموو شتێک بخاتەوە دۆخی جارانی پاکی و بێگەردی ئای خوایەگیان خۆ من لەحاجی حان بینیمەوە دەستی حەسەنی نانەوای گرتوەو دڵنەوای دایکە داماوەکەی ئەداتەوە کە ناهێڵێ ببێتە خۆراکی ئیجە هەربەم جۆرە شاعیری خەم خۆر ڕاناوەستێت ئەوەتا بەبەرچاویەوە چی لەمام (وەیس) دەکەن و جەرگ ودڵی دەردەهێنن و شاعیریش هەناسە بڕکێ وگریان بۆخاک و خۆڵەکەی تا ئەوەی لۆژ لۆژ بە رەو ڕۆح جێماوی شارەکەی هاتە خوارێ و هەنگاو هەنگاو بەبێ پەروا دەگەڕا و سۆراغی دەکرد بەشوێن ئەوتاکە نەعلە بەجێماوەی کە (نێرگز) بۆی دەگریا ئا لەوێشەوە خوازیارە شەماڵی وون کرا و لە ودیوی شارەوە بهێنێتەوە ناوشار و ئالەو مەملەکەتی ( هەموشتێک بەرد) بوەدا گوڵستانێک دروست بکات و بۆنی ئەزمەڕو خەندەی گۆیژە بڵاو بکاتەوە .
وادیسان شاعیر لەنێو بێدەنگیەکەیدا بێ دەنگەو لەخەیاڵێکی قووڵدایە و لەنێو دەریای قووڵی پڕ لەشەپۆلی پەیڤی نوێی شیعردایە ئەو دەیەوێ بەیەک جاری لەگەڵ عیشقا سەفەر بکات بەرەو نەمری تاوەکوگو لەناو هەڵبەست و شیعرەکانیدا ببێتە ڕەنگاڵەیی دوای باران.