سێبەری تاوان، یەکەم ئەزموونی ڕۆماننووسی دیار شوان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

لەنێو ئەو لێشاوە ڕۆمانە کوردییانەی مانگانە چاپ و بڵاو دەکرێنەوە. ناوە ناوە ڕۆمانێکی باش و گرنگ دەبینرێت، کە ئەوانیش زۆرجار لەنێو ئەو لێشاوەدا ون دەبن و ئاوڕی جیدیان لێ نادرێتەوە. یەکێک لەو ڕۆمانە نوێیانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا خوێندمەوە ڕۆمانی “سێبەری تاوان”ی دیار شوان بوو، کە ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 199 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. یەکێک لەو ڕۆمانانە بوو کە شایستەی هەڵوەستە لەسەرکردن و خوێندنەوە و دەستخۆشییە.

ڕۆمانەکە لە چەشنی ئەو ڕۆمانانەیە، کە خوێنەر هەست بە تۆکمەیی و لێزانی ڕۆماننووس دەکات لە چنینی ڕوداوەکان و چۆنێتی دروستکردنی کاراکتەرەکاندا. ئەمە خاڵێکە کە لە زۆرێک لە ڕۆمانی نووسەرە گەنجەکاندا هەستی پێ ناکرێت. بەڵام ئەم ڕۆمانە، کە یەکەم ڕۆمانی “دیار شوان”ـە لە ڕووی گێڕانەوە و بینای حیکایەتەوە گەلێک بەهێزە و لەڕووی ناوەرۆکیشەوە هەڵگری گەلێک پەیامی گرنگ و پرسیارە کە خوێنەر دەخاتە کەڵکەڵەی گەڕان بەدوای وەڵامەکانیاندا، یان بیرکردنەوە لە وەڵامەکانیان. لێرەدا نامەوێت چیرۆکی ڕۆمانەکە بگێڕمەوە، بەڵام حەز دەکەم هەڵوەستە لەسەر یەک دوو خاڵک بکەم.
خاڵێکی گرنگی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە، کە خاوەنی کاراکتەری هوشیارە، بەشی هەرە زۆری ڕۆمانی کوردی خاوەنی کاراکتەری هوشیار نییە. بەڵام ئەم نەریتە لە بەختیار عەلییەوە دەست پێ دەکات و لای ئەم ڕۆماننووسە جارێکی تر بەکار دەهێنرێتەوە، کە پێموایە ئەمە یەکێکە لە خاڵە گرنگ و بەهێزەکانی ئەم دەقە. گرنگە ڕۆمانووسێکی نوێ بێت و بە دیدگایەکی نوێوە هەوڵی گێڕانەوە و ڕۆماننووسی بدات و بتوانێت لەنێو ژانری تاوانکارییدا دەقێکی هونەریی گرنگ بە کوردی بخولقێنێت، کە دەتوانم بڵێم ئەم ڕۆماننووسە ئەمەی کردووە.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانە کە ڕۆماننووس لە ڕووی ناوەرۆکەوە کاری لەسەر کردووە مەسەلەی لێبوردەیی و تۆڵەیە، کە ئەمەش پرسیارێکی چەند کۆنە، بەڵام هەمیشە پێویستی بە وەڵامی نوێ هەیە. ڕۆماننووس لە ڕێی گێڕانەوەی چیرۆکی هەردوو کاراکتەری “تنۆک و فەرامۆش”ـەوە خوێنەر دەخاتە بەردەم ئەو پرسیارە ئەخلاقییەی تۆڵەکردنەوە ڕەوایە؟ یان مرۆڤ دەبێت لێبوردە بێت، یان تۆڵە بکاتەوە؟ ئەمە ئەو پرسیارانەیە کە بونیادی ڕۆمانەکەی لەسەر دروست کراوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ڕۆماننووس بە وریاییەکی زۆرەوە هەوڵی ئەوەی داوە وەڵامی هەندێک پرسیاری دیکەی ژیانی گەنجان بداتەوە، ئەو پرسیارانەی گەنج هەمیشە بۆی دروست دەبێت، هەر لە پرسیاری کتێب و خوێندنەوەوە تا پرسیاری ژیان و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی. بۆیە دەشێ بە دیوێکی دیکەدا ڕۆمانەکە ناوبنێین “ڕۆمانی پرسیارەکانی گەنجان”.
ئەو ڕستە سەرەکییەکی لەسەرەتای ڕۆمانەکەوە تا کۆتایی هاوەڵی خوێنەرە ئەوەیە کە “ژیان گەمەیە”، سەرزەمینی گێڕانەوەکەش هەر لە جۆرێک گەمەی ڕۆماننووس دەچێت، بۆیە ئەم ڕستەیە ئاوێتەی هەم گێڕانەوەکە بووە، هەم بەجۆرێک ئاوێتەی ناوەرۆکی ڕۆمانەکەش بووە. بەڵام ئایا ژیان گەمەیە؟ ئەگەر گەمەیە کێ ئەم گەمەیە دەکات؟ ئایا مرۆڤەکان یاریکەرن لەنێو ئەم گەمەیەدا، یان یاریپێکراون. بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارانە ئاسان نین، بەڵام لە ڕۆمانەکەدا هەوڵی نزیکبوونەوە لە وەڵامی ئەم پرسیارانە دەدرێت، یان هەست بە نزیکبوونەوە دەکرێت لە وەڵامی پرسیارەکان. بێگومان لێرەدا نامەوێت تەواوی ناوەرۆکی ڕۆمانەکە بۆ خوێنەر ئاشکرا بکەم، چونکە ئەرکی ئەم نووسینە ناساندنی نووسەرێکی گەنجە، کە بە وزەیەکی نوێوە لەنێو دونیای گێڕانەوەی کوردیدا دەستی بە نووسین کردووە و ئەم یەکەم بەرهەمەشی ئومێدێکی نوێیە بۆ لەدایکبوونی بەرهەمی گرنگترە و تۆکمەتر.
دەستخۆشی بۆ دیار شوان، بەهیوام بە بەرهەمی نوێ بتوانێت ڕووبەری نوێ لەنێو دونیای گێڕانەوەی کوردیدا بکاتەوە.