ئەحمەد ئاڵتان و مێژووی تایبەتی تەنیایی

ئارام کۆشکی

یەکێک لەو نووسەرە نوێیانەی لەمساڵدا ناسیم “ئەحمەد ئاڵتان”بوو، ناسینێک لەڕێی دوو لە ڕۆمانەکانییەوە. ئەم نووسەرە تورکە، یەکێکە لەو نووسەرانەی کە هەم جیاواز دەنووسێت، هەم خولقێنەری دونیایەکی جیاوازە لەنێو ڕۆمانەکانیدا، ئەمە بێجگە لەوەی نووسەرێکی بەهەڵوێست و چاوکراوەیە لەئاستی دۆزی کورد و ئەو پێشێلکارییانەی لەنێو تورکیا بەرامبەر بە کورد و کەمەنەتەوەکانی تر دەکرێن، بۆیە زۆرجار تووشی گرتن و زیندانیکردن و لێپێچینەوەی جۆراوجۆر بووەتەوە. بۆ ناساندنی زیاتری ئەم نووسەرە خستنەڕووی کورتەیەک لە ژیانی بە پێویست دەزانم.

ئەحمەد ئاڵتان؛ لە ساڵی ١٩٥٠ لە شاری ئەنقەرە لە دایکبووە. دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە فاکڵتی ئابووریی زانکۆی ئیستانبوڵ، دەستی بەکاری ڕۆژنامەنووسی کردووە. خاوەنی چەندین ڕۆمان و نووسینی ئەزموونییە. چەندینجار بەهۆی نووسینەکانییەوە دادگایی و زیندان کراوە. چەندین خەڵاتی وەک، Andre Malraux لە فەڕەنسا، Geschwister Scholl, Leipzig Medya لە ئەڵمانیا، Andre Barbato لە ئیتالیا، خەڵاتی یونس نادی بۆ ڕۆمان لە تورکیا، بەدەستهێناوە و هەروەها خەڵاتی چاپ و بڵاوکەرەوەی ئەکادیمیا بۆ ڕۆمان، خەڵاتی ئازادی بیروڕادەربڕینی یەکێتی بڵاوکەرەوەی تورکیا، خەڵاتی ئازادی بیروڕادەربڕینی یەکێتی مافی مرۆڤ لە ئیستانبوڵ، خەڵاتی هرانت دینکی نێودەوڵەتیی، لە بواری ڕۆژنامەنووسیی و ڕۆماننووسیندا وەرگرتووە.
ئەم نووسەرە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیر کرا و بۆ ماوەی چوار ساڵ و حەوت مانگ لە زیندانی سیلڤری زیندان کرا. دواتر لە مانگی شوباتی ٢٠١٨دا بڕیاری سزای زیندانی هەتایی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە و بڕیاری سزای دە ساڵ و شەش مانگی بەسەرەدا سەپێندرا، دواتر لە لایەن دادوەری گشتییەوە بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە. دادگای مافی مرۆڤ لە ئەوروپا، بڕیارەکانی بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ هەڵسەنگاند. ئاڵتان لە ١٤ی نیسانی ٢٠٢١ لە زیندانی سیلیڤری ئازاد کرا. تاکو ئێستا سکاڵاکان بەردەوامن.
ئەمساڵ وەرگێڕ و موزیسیان “سامان کەریم” بە ئاگاداریی نووسەر و بە ڕێگەپێدانی فەرمیی دوو بەرهەمی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا و پێشکەشی کتێبخانەی کوردی کرد، کە ئەوانیش “مێژووی تایبەتی تەنیایی” و “چوار وەرز پاییزە” بوون، کە هەردوو بەرهەمەکە بە چاپکراوی پرۆژەی هاوبەشی ناوەندی ڕەهەند و ڕێکخراوی کوردستان دیالۆگن و بە چاپێکی قەشەنگ بەچاپ گەیەنراون. لێرەدا هەوڵ دەدەم چەند ڕستەیەک سەبارەت بە ڕۆمانی مێژووی تایبەتی تەنیایی بنووسم، نەک ڕانان، یان ناساندن، چونکە ئەوانە پێویستیان بە نووسینی تێروتەسەلتر هەیە.
سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم تا ئێستا من تەنها ئەو دوو ڕۆمانەم خوێندووەتەوە، کە کراون بە کوردی بۆیە بۆچوونەکانی ئەم وتارە بەشێکی بەرئەنجامی خوێندنەوەی هەردوو بەرهەمەکەیە. یەکێک لە خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم دوو ڕۆمانەی ئەحمەد ئاڵتان ئەوەیە، کە بە گێڕانەوەیەکی شەفاف دەگێڕێتەوە. ئەو لەنێو ئەو شەفافییەدا ونبوونەکان دەگێڕێتەوە و خوێنەر دنە دەدات لەونێوانەدا گەشتی فیکریی و حیکایەتخوانی خۆی دەست پێ بکات.
مێژووی تایبەتی تەنیایی؛ چیرۆکی بڕیاردانی مرۆڤە دژ بەو ژیانە سەپێنراوەی بۆی ئامادەکراوە و خەسرەوبەگ-ی پاڵەوانی ڕۆمانەکە ژیانی سەپێنراو و یەکڕیتم و مێژوویەکی دووبارە بۆ ژیانی ڕەت دەکاتەوە. چیرۆکی خەسرەو بەگ چیرۆکی تاکبوونەوەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی و بڕیاردانی مرۆڤە دژ بەو بێئیرادەکردنەی تاک لە ڕۆژهەڵات، کە بەبێ ئەوانی دیکە هیچ نییە و توانای گەورەبوون و گەشانەوە و داهێنانی نییە. خەسرەو بەگ ڕیسکی ئەوە دەکات خۆی ڕێگەیەکی نوێ بۆ ژیانی هەڵبژێرێت و لە گوندەوە بەرەو شار یەکەم هەنگاو دەنێت و لەوێ دەیەوێت ژیانێکی نوێ دەست پێ بکات و لە خاڵێکی نوێوە لەسەر پێی خۆی بوەستێت، یان ژیانێک بئەفرێنێت کە خۆی خاوەنی ئەو ژیانە بێت و ماڵێک دروست بکات خشتەکانی بە دەستی خۆی دانرابن، نەک ئەوانی تر بۆیان ئامادە کردبێت.
بێگومان تاکبوونەوە لەنێو کۆمەڵگەیەکی کۆگەرادا ئاسان نییە، ئاڵتان چاوی لەو ئاستەنگیانە نەپۆشیوە کە ڕووبەڕووی خەسرەوبەگەکان دەبنەوە و ڕۆمانەکە تژییە بەو ئاستەنگانە و خوێنەر دەکەوێتە نێوان دوو بۆچوون ئایا خەسرەوبەگ ڕێگە ڕاستەکەی هەڵبژاردووە، یان نا، بەڵام ئیمکانی سێیەم ڕێگەش بە بنبەست نەگەیشتووە، کە نووسەر دەیەوێت خوێنەر بیدۆزێتەوە.
خەسرەو بەگ لە گەشتی ژیانی تاکانەی خۆیدا تووشی گەلێک ئاستەنگ دەبێت، بەڵام هەر خودی خۆی بەرپرسیارێتی ئەو ئاستەنگانە هەڵدەگرێت و هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەیان دەدات. چەشنی مرۆڤێکی تۆراو و دڵشکاو و تەنیا دەمێنێتەوە و لەڕێی نەوەیەکییەوە بەناوی “نەرمین” مێژووی تایبەتی تەنیایی خۆی دەگێڕێتەوە.
بێگومان نامەوێت چیرۆکی رۆمانە بگێڕمەوە، دەمەوێت بڵێم ئەوەی گرنگە لەم ڕۆمانەدا گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو مرۆڤانەیە کە دەیانەوێت تاکبوونی خۆیان لەنێو “کۆ”ی کۆمەڵگەدا ون نەکەن و تاکبوونی خۆیان بژین و بنووسنەوە. “مێژووی تایبەتی تەنیایی” چیرۆکی ئەو مرۆڤانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتدا بەڕێگەیەکی جیاوازدا ژیان بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن و دەیانەوێت لەو ژیانەوە بەرەو ئاسۆکانی ئایندەیان بڕوانن، چونکە تامەزرۆی ئەوەن ئەگەر دەلاقەیەک هەبێت خاوەندارێتی بۆ خۆیان بگەڕێتەوە نەک بۆ ئەوانی دیکە.
دەستخۆشی بۆ سامان کەریم و بەهیوام بەرهەمەکانی دیکەی ئەم نووسەرە بە خوێنەری کوردی ئاشنا بکات و کتێبخانەی کوردی بە بەرهەمەکانی ئەم نووسەرە مرۆڤدۆستە دەوڵەمەند بکات.