سنوورەکانی ئەدەب

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

خاڵێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش لەنێو دونیای ئەدەبدا ئەوەیە، کە ئەدەب سنوور ناناسێت و چەشنی مەلێکە پێویستی بە هیچ پاسپۆرت و ڕێگەپێدانێک نییە و خۆی سنوورەکان دەبڕێت و دەبێتە هاونشینی دڵەکان. ئەوەی زۆرجار ئەدەبێک توانای بڕینی ئەو سنوورانەی نییە ئەوە لەلایەن نووسەرەکەیەوە باڵی کراوە، بۆیە توانای فڕینی نییە.

کاتێک من لێرەوە ئاشنای ئەدەبی ئەمریکای لاتین دەبم، یان سەرمامم بە ئەدەبی ڕووسی و چێژێکی زۆر لە ئەدەبی ئیسپانی دەبینم و ئەدەبی ئەفریقی بۆم بینینی دونیایەکە، کە هەمیشە حەقیقەتەکەی دەشاردرێتەوە. ئیدی لەوە دڵنیام کە ئەدەبی ڕاستەقینە سنوور ناناسێت و دژ بە هەموو لۆکاڵیبوونێک دەجەنگێت. ئەوەی ئەدەبێک دەکاتە جیهانی بەرزی ئاستی هونەریی و مەعریفی ئەو ئەدەبەیە، نەک شتێکی دیکە. هەمیشە ئەو تێکستە ئەدەبیانەی توانای بڕینی سنوورەکانیان هەیە ئەوانەن، کە بە تەکنیکێکی بەرز و ئاستێکی هونەریی باڵا و مەعریفەیەکی گشتگیر لە پشتیانەوە وەستاوە. ئەدەبی بۆش و نزم لەنێو لۆکاڵبوونی خۆیدا دەمێنێتەوە و ڕەنگە نەتوانێت سنووری تەنها شارێکیش ببڕێت، نەک وڵاتێک.
کێشەی بەشێک لە نووسەرانی کورد ئەوەیە پێیانوایە لۆکاڵیبوونی ئەدەب ئەوەیە هەموو کاراکتەرەکانت خەڵکی شارێکی دیاریکراو بێت. خۆ ئەگەر خەڵکی شارانی دیکە بکەیتە کاراکتەری ڕۆمانەکەت ئیدی ڕۆمانەکەت لە لۆکاڵبوون پاراستووە. بە کورتی لۆکاڵیبوونی ئەدەب پەیوەستە بە عەقڵ و بیرکردنەوەی لۆکاڵی نووسەرەوە نەک شوێنی جوگرافی کاراکتەرەکانی.
ڕۆماننووسێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕۆمانێکی زۆر جوانی نووسی، بەڵام دیاربوو دڵی ئاوی نەخواردبوەوە و ئەو ناوبانگی زیاتری لە ئەدەب داوا دەکرد ڕۆمانێکی نووسی چەند کاراکتەرێکی خەڵکی بەغداد بوون و هەر بە ڕەچەڵەک عەرەب بوون و لەنێو رۆمانەکەشدا بە عەرەبی دیالۆگەکانیان نووسرابوویەوە. کاتێک هۆکاری ئەوەم لێ پرسی وتی ویستوومە ڕۆمانەکەم تەنها لۆکاڵی نەبێت! رۆمانەکەی پێشوازی لێ نەکرا و ئەوەی یەکەمی گەلێک وتار و شرۆڤەی لەسەر نووسرا، بەڵام ئەمەی دووەمی هیچی ئەوتۆم لەبارەیەوە نەبینی و تا ئیدی وەکو ڕۆماننووس ناوی سڕایەوە. ئەم ڕۆماننووسە لەوە بێئاگا بوو، کە لۆکاڵبوونی ڕۆمانێک پەیوەندی بە فرەیی ناسنامە و گەڕانی کاراکتەرەکانەوە نییە لە جوگرافیای جیاوازدا. “مەسخی” کافکا بەشی زۆری چیرۆکەکەی لەنێو ژوورێکدایە، کە “گریگۆری سامسا” گیری بەدەست دەعەجانبوونی خۆیەوە خواردووە. بەڵام ئەدەبێکە جیهانی و لەسەر ئاستی جیهان دەخوێنرێتەوە و دەبێتە ئیلهامبەخش بۆ نووسەرێکی وەکو مارکیز تا شەپۆلی ڕیالیزی جادوویی لەنێو رۆماندا پەرەپێبدات. نەجیب مەحفووز، یەکێکی دیکەیە لەو نووسەرانەی بەشی هەرە زۆری ڕۆمانەکانی باسی وڵاتی میسر و بەتایبەت شاری قاهیرە دەکەن و لە زۆرێک لە ڕۆمانەکانیدا شێوەزارێکی گەلێک لۆکاڵیشی بەکارهێناوە، بەڵام ئەدەبەکەی ئەدەبێکە لە ئاستی جیهانی و کەسیش نییە بە لۆکاڵی بزانێت. بێگومان دەتوانین دەیان و سەدان نموونەی دیکە لێرەدا ڕیز بکەین، کە نووسەرەکە لە چوارچێوەیەکی زۆر بچووک و جوگرافیایەکی دیاریکراودا نووسیویەتی، بەڵام ئەدەبێکی جیهانی پێشکەش کردووە.
خاڵێکی جێبایەخ، کە گرنگە پێداگریی لەسەر بکەینەوە ئەو خاڵەیە کە ئەوەی ئەدەبێک دەکاتە لۆکاڵی کاراکتەری سنووردار نییە لەنێو جوگرافیایەکی دیاریکراودا، بەڵکو ئەوەی ئەدەب بەرەو لۆکاڵیبوون پەلکێش دەکات سنوورداربوونی ڕوانین و بیرکردنەوە و عەقڵی نووسەرە. هەر نووسەرێک خاوەنی ڕوانینێکی گەردوونی نەبێت خاوەنی ئەدەبێکی گەردوونیش نییە. ئەدەبی لۆکاڵی بەرهەمی عەقڵی لۆکاڵی و بیرکردنەوەی لۆکاڵییە. “پیدرۆ پارامۆ”، نموونەیەکی دیاری نێو ئەدەبی جیهانییە، کە چیرۆکەکە لە گوندێکی پەراوێزخراوی ئەمەریکای لاتیندا ڕوو دەدات، بەڵام ناتوانین بڵێین پیدرۆپارامۆ لۆکاڵییە، ئەوە ڕوانینی “خوان ڕۆڵفۆ”ی نووسەرە، کە “پیدرۆ پارامۆ”ی کردووە بە جیهانی، نەک ئەو جوگرافیا پەراوێزخراوەی کە ڕووداوەکانی ئەو ڕۆمانەی تێدا ڕوو دەدەن.