دانا شوانی ـ هەولێر
لەڕووی تێرمۆلۆژییهوه كارێزما بە مانای ئەو دەسەڵاتە دێت کە شوێنکەوتوانی سەرکردەیەک بۆی دیاری دهكهن، بەو باوەڕەی کە ئەو دەسەڵاتەی کە بانگەشەی بۆ دەکات لە دیاری و بەهرهیهكی نائاساییەوه سەرچاوە دەگرێت کە بە کەسایەتی خۆیهوه پهیوهسته، لەگەڵ مردنی سەرکردە، پهیڕهوهكانی پەرشوبڵاو دهبن یان بیروباوەڕ و ڕێگا و داب و نەریتی كارێزمایی دەکرێنە ڕێکخستنی نەریتی (كارێزمای فەرمی) یان یاسایی، بۆیە دەسەڵاتی كارێزما ناجێگیرە و لایەنێکی کاتی هەیە. ئەم وشەیە بۆ یەکەم جار لەلایەن ماکس ڤێبهر (١٨٦٤-١٩٢٠) لە ڕووی کۆمەڵناسییەوە تاوتوێ كراوه.
ڤێبهر لە تاوتوێكردنی دەسەڵاتی سیاسیی فەرمانڕەواکاندا باسی سێ جۆر له دەسەڵات دەکات ئهوانیش بریتیین له:
1. دەسەڵاتی نەریتی؛ باوەڕبوون بە پیرۆزی نەریت؛
2. دەسەڵاتی یاسایی؛ باوەڕبوون بە شەرعیەت و دەسەڵاتی ئەو کەسانەی کە دەسەڵاتیان بە دروستی و بە پێی نۆرمەکانی یاسا بەدەست هێناوە.
3. دەسەڵاتی كارێزمایی؛ تەسلیمبوون بە کەسێک کە پیرۆزە، پاڵەوانە، یان لە هەر حاڵەتێکدا، ناوازەیه.
ڤێبهر چەمکی كارێزمای لە ڕودۆڵف سۆم قەرز کردووە، بەم شێوەیە پێناسەی دهكات: چۆنایهتیی ناوازەی مرۆڤێکه کە وادهردهكهوێت خاوەنی هێزێکی سەروو سروشتی، سەروو مرۆیی یان لانیکەم هێزێکی نائاسایی بێت، کە وەک مرۆڤێکی بەهێز دهردهكهوێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش، پهیڕهوكارانی یان لایەنگرانی لە دەوری کۆدەبنەوە. لەم مۆدێلەدا گرنگی بە بەرهەمهێنانی دەسەڵاتی تاکەکەسی دەدرێت کە تایبەتمەندی گرنگ و ناوازەی هەیە. ئەم تایبەتمەندییانە وای لێ دەکەن لە بیرمەند و سیاسەتمەدارانی تری کۆمەڵگا جیا بکرێتەوە و ببێتە هۆی بایهخپێدانی گشتی بە سەرکردەكه و هەمووان و تەنانەت بیرمهندانی کۆمەڵگەش بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و بیانخاته ژێر فەرمانی خۆییهوه.
بە بڕوای ڤێبهر، حوکمڕانی كارێزمایی لەسەر بنەمای سۆز و ههست دامەزراوە، نەک لەسەر بنەمای +انی، چونکە لەم جۆرە حکومەتەدا، خەڵک بە تەواوی خۆیان دەخەنە ژێر دەستی سەرکردەی كارێزما و بە تەواوی گوێڕایەڵی دەکەن؛ ئەگەر داواکارییەکانی نائەقڵانییش بن، سەرکردەی كارێزمایی سیستهم و شیرازهیی هەبوو لە کۆمەڵگادا دەشکێنێت و دامەزراوەکانی کۆمەڵگا دهبهزێنێت و نەزمێکی نوێ دادەمەزرێنێت. سنوور و نۆرمە نوێیەکان بە هۆی دەسەڵاتی کەسیی خۆیەوە لەلایەن خودی سەرکردەی كارێزماتیکەوە دیاری دەکرێن. سەرکردهی كارێزمایی ناڕەزایی بەرامبەر دەسەڵاتی حکومەت دەردەبڕێت و دوژمنایەتی حکومەتیش دەکات، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەکەی بپارێزێت کە لەسەر بنەمایەکی نائەقڵانی دامەزراوە، هەموو حکومەتێکی كارێزمایی بەردەوام ناچارە سەرچاوەیەکی نوێی ژیان و بەکارهێنان بدۆزێتەوە.
سهركردهی كارێزمایی بە قووڵی ناکۆکی لەگەڵ هەردوو حوکمی یاسایی و حوکمی تەقلیدی هەیە، چونکە ئەم دوو جۆرە حوکمڕانییە، سنوورێکی دیاریکراویان هەیە. دەسەڵاتی سەرکردەیەکی كارێزمایی بەرزتر دەبێتەوە بە مەرجێک شوێنکەوتووانی شوێنی بکەون و دڵسۆز بن بۆی، بەڵام هەر کە گومانێک لە باوەڕی شوێنکەوتووانی بەرامبەر بە سەرکردهی كارێزمایی دروست بوو، ئەم سەرکردایەتییە دەسەڵاتی خۆی لەدەست دەدات و ڕهوایهتییهكهی نامێنێت.
بۆیە لەم جۆرە حوکمڕانییەدا، هیچ هەواڵێک له ماف و سەروەری یاسا بوونی نییە، چونکە نە دامەزراوەکانی کۆمەڵگا و نە یاسا و ڕێسای دامەزراو و نە شێواز و داب و نەریتی هەیه، لەم جۆرە سەروەرییەدا، سەرکردەی كارێزمایی، نۆرم و ماف و ئەرک و یاساکان دیاری دەکات و ئەوانی دیکەش بەبێ هیچ هۆکارێک ئەو نۆرمانە پەیڕەو دەکەن کە لەلایەن ئەوەوە دانراون.
ئەم جۆرە حوکمڕانییە بۆ مانەوە و پێشکەوتنی، پێویستی بە دامەزراوە و ڕێکخراوێک نییە، هەروەها پێویستی بە خزمەتکار و فەرمانبەر نییە؛ بەڵکو تەنها پێویستی بە پهیڕهوكار و شوێنكهوتوو هەیە، کە بێ پرسیار گوێڕایەڵی بن. بۆیە به ههبوونی سەرکردهی كارێزمایی، بەزۆری دۆخەکە ئهنۆمی دەبێت؛ هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە کە زۆرێک لە دەستپێشخەری و داهێنان لە کۆمەڵگادا بپوكێتهوه، ئەوەی لە حوکمڕانی كارێزمادا گرنگە سەقامگیری نییە؛ بەڵکو بزاوت و چەوساندنەوە و گۆڕینی کۆمەڵگایه بە پێی ئیرادە و خەیاڵی سەرکردەی كارێزماییهكه؛ کە ئەمە، بەپێی یاسا و ماف و ڕێسایەکی دیاریكراو نییە؛ بەڵکو بەگوێرەی ئایدیاڵێکە، چەمکی كارێزماییبوون خۆی ههر ئەوەیە کە پێویستە لە هەموو ساتێکدا ههبێت، یان بە زاراوەی ڤێبهر، خۆی بەڵگەی خۆیەتی.
بە بڕوای ڤێبهر، تایبەتمەندییەکانی سەرکردەیەکی كارێزمایی بریتیین لە:
أ) بوێری؛ تایبەتمەندییهكی ناوازه و ئاورتهی هەیە کە بە ڕوونی سەرکردە لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە.
ب- بوێریی بڕیاردان؛ لەبەرامبەر هەوراز و نشێوی زۆر و پێشهاتە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵگا بەرەو دۆخێکی لەبارتر ئاراسته دەکات و لە ئەگەری بێبایەخکردنی ههیمهنهی دەسەڵاتدار، بە هەڵکردنی ئاڵای ناڕەزایەتی، ئەو نائاساییانەی کە هەن ئاشکرا دەکات و قەناعەت به خەڵکی گشتی دەکات، لەوانەش بیرمەندان و مرۆڤە ئاساییەکان، کە پێشنیازەکانی، باشترین چارەسەرن بۆ دەرچوون لە بنبەست و هەنگاونان بهرهو بەختەوەری.
ج) دەستپێشخەری؛ بە شێوەیەکی موعجیزەئامێز لە زۆرێک لە شەڕ و مەترسییەکان دەردەچێت و بەم شێوەیەش بە شێوەیەکی کردەیی توانا تایبەتەکانی خۆی دەسەلمێنێت.
د) توانای بەئاگاهێنانەوەی ئیمان؛ پێشبینییە چاوەڕواننەکراوەکانی، یەک لە دوای یەک ڕوودەدەن، لە ئەنجامدا دنیای مەعریفە و حیساباتی زانستی سەرسام دەکات؛ بەم شێوەیە، کاریگەری چاکسازیخوازانەی لەسەر ڕێبازی مەعریفەی کۆمەڵایەتی هەیە.
هـ) بەدەستهێنانی گوێڕایەڵی؛ لە سەرکردایەتیی گەل، نەرمی و توانایەکی زۆر بەرفراوان نیشان دەدات و لە بەرامبەردا، خۆی وهك فریادڕەسێکی کۆمەڵایەتی دەردەخات، ئاشکرایە کە سەرکردەیەکی لەو شێوەیە دەتوانێت بە ئاسانی سەرچاوەکانی دەسەڵات و بەتایبەتی سەرچاوە مرۆییە بەرفراوانەکانی لە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان تەیار بکات.
زۆرێک لە بیرمەندانی ڕۆژئاوایی، چەندین ناڕەزایەتی گەورەیان بەرامبەر بەم تیۆرییە خستۆتهڕوو كه گرنگترین ئهو ڕهخنانه بریتیین لهوهی كه ئهم تیۆرە بەدەست نەبوونی یەکگرتوویی تیۆری و نەبوونی مۆدێلێکی هەمەلایەنەی یەکگرتوو و ڕێکخراوەوە دەناڵێنێت. ههروهها پێیانوایه كه ئەم زاڵبوونە كارێزماتیکییە، نموونەیەکی ئایدیاڵ و ئەبستراکتە. ڕەخنەگرانی تیۆری ڤێبهر، ئەم تیۆرەیان بۆ ئاستی ئەفسانە کورت کردۆتەوە. وێڕای ئهوهش، ڕەخنەگران، تەرخانکردنی بێ پاساوی سەرکردایەتی كارێزمایی بۆ پیاوان بە یەکێک لە لاوازییە زانستییە ئاشکراکانی دەزانن. له لایهكی دیكه، کۆمەڵناسانی سیاسی لە سەردەمی ئاڵۆز و گەشەسەندنی ئەمڕۆی حکومەتە نوێیەکاندا، چیتر گرنگییەکی ئەوتۆ بە چهمكی كارێزما نادەن و باوەڕیان به ناکارامەیی سەرکردە كارێزماییهكهی ڤێبهر لە سەردەمی ئێستادا هەیە.