خالید کۆچەر
دوای مردنی هەر شاعیرێک گوزارشت لە شیعر و تایبەتمەندی خودی شاعیرەکە کراوە، بە تایبەت ئەو شاعیرانەی بۆ ئەشق ژیان و شیعریان بۆ ئەشق نووسیوە. لێتانی ناشارمەوە لە تەواوی ژیانمدا بۆ ئافرەتێک ژیاوم و شیعرم بۆ یەک لێو نووسیوە، دڵنیام هێشتا درەنگ وەختانێکە بۆ گێڕانەوەی ئەم باسە.
ئافرەت بەردەوام ئیلهامبەخشی شاعیر بووە، ئەوەتا (نالی) شاعیر له ژێر کاریگەری ئەشقێکی گەورە شیعری بۆ خاتوو (حەبیبە) نووسیوە، (مەولەوی) بۆ چاوە پیرۆزەکانی (عەنبەر) خاتوون، (وەلی) بۆ خاتوو (شەم)؛ ح ع ب بۆ ئازیزە نەژبیر و هەمیشەلەیادەکەی خاتوو بەدریە، جەمال شارباژێڕی بۆ خاتوو پەری، هەردی لە ژێر کاریگەریی ئەشقێکی گەورە بە ست فاتیمە ناوی بردووە، حەمەی حەمەباقی بۆ خاتوو نەجیبە؛ سەردەمی خۆی جوانترین کۆشیعری بۆ چاپ کرد و، ناوی لێ نا (ژووان). عەبدولوەهاب بەیاتی نەیتوانی عایشە لەیاد بکات؛ نزار قەبانی شێتانە بەڵقیسی خۆش ویست، دوای کوژرانی بەڵقیس چامەی بەڵقیسی نووسی و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو؛ ئەحمەد شاملووی شاعیر لە ناو چاوە پیرۆزەکانی ئایدادا خۆشەویستیی دەدییت، گەورە شاعیری فەرەنسا تا ئەو مردیش هەر ئیلزای خۆش دەویست، لە ژێر کاریگەری ئەشقی ئیلزادا دەیان شیعری نووسی؛ دیوانێکی بۆ چاپ کرد ناوی لێ نا شێتەکەی ئیلزا. جان پۆڵ سارتەر تا ئەو ڕۆژەی مردیش خۆشەویستییەکی نەهێنیی لەگەڵ لینازونیا هەبوو. پۆل ئێلوار گەڵای خۆش دەویست، لە شیعرێکدا دەڵێت:
“جگە لە گەڵا کەسیی دیکەم خۆش نەویستووە
نکولی لە سەرجەم ئافرەتان دەکەم
بۆتی دووپات دەکەمەوە
لە دنیادا جگە لە گەڵا کەسی دیکەم نەدۆزیتەوە
گەڵا ئارەزوویەکی کەمم لە ژیان پێ دەبەخشێت
ئارەزوویەکی زۆریش بۆ مەرگ.”
حەز ناکەم دوای مردنم گوزارشت لە خۆم و لە شیعرەکانم بکرێت، هەر نووسەرێک لە دیدەی خۆیەوە باسم بکات، لە ژیانی ئەدەبیمدا شیعرم هەڵبژارد، شیعر منی ناساند، لەناو نەخشەی بەهرەی جوانی دەربڕیندا، خۆم بە قەرزاری ئافرەتێکی مەزن دەزانم، لە تەواوی ژیانمدا شیعرم بۆ یەک ئافرەت نووسیوە، هەر ئافرەتێک بیرەوەری و نەهێنی لەگەڵ شیعرەکانم هەڵگرتووە با ئاشکرای بکات لە چامەی تەمەنت لە سەرووی چل ساڵاندایە، ڕوخسارت هەر لە کچەکەی جاران دەچێت، دەڵێم:
“تەمەنت لە سەرووی چل ساڵیدایە
ڕوخسارت هەر لە کچە جوانەکەی جاران دەچێت
وا دەزانم تازە پۆلی پێنجی سەرەتاییت
جانتای دەستت بە شانتاوەیە
پڕریەتیی لە ئەلفوبێی خۆشەویستی
بۆ ناونیشانی قەسیدەیەکی تازەم.”
دەبێت سوپاسی شیعر بکەم، سوپاسی ئەو خاتوونە گەورەیەش بکەم بۆتە ئیلهامبەخشیی سەدان شیعری بێژمار، لە هەموو ژیانمدا شیعرم بە خەیاڵ نەنووسیوە، ساڵی 2011 کاتێک کۆشیعری (جانتای سەفەری ئەمجارەیان پڕیەتی لە گریان) هەندێک لە برادەران گوتیانبوو (گوتبوویان)، شیعرەکانی خالید کۆچەر لەناو تراژدیای خەیاڵدا نووسراوە، منیش بە زەردەخەنەیەکەوە سەری خۆم لەقاندەوە، گوتم: وا بێت، لە ژیانمدا خاتوونێکم خۆش ویستووە، هەتا مردنیش هەر خۆشم دەوێت، بەڵام بۆ یەک نەبووین،.
ڕۆژێکیان هاورێی شاعیرم خاتوو ئەرخەوان بۆی نووسیبووم: دەبێت ئەم ئەشقە بکرێتە رۆمان، سوپاسی دەکەم، بە پێچەوانەی شاعیرانی تر تا ئەم چرپەیەش ناوەکەم نەدرکاندووە و نایدرکێنم لە هیچ دێڕە شیعرێکمدا؛ ئەم چیرۆکە بۆ جارێکی تر جێ دێلم، تەلیسمی یادگارەکان ناشکێنم، بەردێک ناگرمە کانیاوێک ئاوم لێی خواردۆتەوە، دەستێک ناشکێنم پەنجەکانم گرتووە و شانمان لەناو شانی یەکتر ڕێگای دەیان ژوانمان بڕیوە، لۆمەی لێوێک ناکەم دەیان جار لە بری تینوویەتیی بە شیرینیی ماچ لێوەکانمی تەڕ کردۆتەوە؛ ئا ئەمانەو دەیان گوزارشتی دیکە، نوێبەخشیی لە خوێندنەوەی هەر دێڕێکدا منی ئاشنا کردووە لەگەڵ گریانی پیرۆزدا، سروشتی ئەزموونم لەگەڵ شیعردا، دەبێت سوپاسی ئەو خاتوونە بکەم منی بە جوانە شیعر ناساند؛ جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە من شیعر بۆ خۆم دەنووسم، هەر خۆم دەزانم چیم نووسیوه و بۆ کێم نووسیوە، با لە دوا دێڕی ئەم بابەتە ئەوەتان بیربێنمەوە:
بێگومانم
ئەوەی پەلوپۆی لە ئاونگی گوڵدا وەرنەدابێت
کژەباش لێوی ناسکی لەتلەت ناکات
ئەوەی تاڵیی بۆ یەکنەبوونی نەچێژابێت
هەرگیز پیر نابێت